لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی شوێنی ئاڵۆزیی و شەڕوکێشە و بەریەککەوتنی بەرژەوەندییەکان ولاتانی هەرێمیی و دەرەکی و مانەوەی گەلێک پرسی سیاسیی گرینگ بەچارەسەرنەکراویی دا،

کاتێک ولاتانی دابەشکەری کوردستان بەیەکەوە لەشەڕدا بوون، پێوەندییان بە حیزبە چەکدارەکانی کوردستانی گرتووە و داوای “هاوکاری”یان کردووە. یان ئەوکاتانەی وڵاتێکی دیکە لەگەڵ یەکێک لە وڵاتانی دابەشکەری کوردستان کەوتوتە شەڕەوە، ئەویش وەبیر کورد کەوتۆتەوە و بەمەبەستی وەدیهێنانی ئامانج و پلانەکانی خۆیان، لەگەڵ لایەنە چەکدارەکانی کوردستانی ڕێککەوتوون و لەبەرەیەک دا کەوتوونە شەڕەوە.
بەهۆی ئەوە کە کورد لە ئێران و تورکیە و سوورییە دا لە ماف و ئازادیی بێبەشە و سەرکوت دەکرێ و لە عێڕاقیش بەردەوام هەڕەشەی لەسەرە، شەڕەکە لەو قۆناخە دا بەشێوەی سروشتی و ئوتوماتیک بۆتە شەڕ بەدژی “دوژمنی هاوبەش” و هاوکارییەکە بەڕەوا زانراوە و حیزبە کوردستانیەکان بۆ بەهێزکردنی خەباتەکەیان و پاراستنی خۆیان بەپیر هاوکارییەوە چوون.
لە هەر دوو حاڵەت دا، کورد بە مەودایەکی زۆرەوە لایەنی لاواز و خەسارهەڵگری (آسیبپذیر) پێوەندییەکە بووە.
هەتا ئێستا، نەبیستراوە کە وڵاتێک لەگەڵ یەکێک لە چوارولاتی دابەشکەری کوردستان کەوتبێتە شەڕەوە و تەنانەت یارمەتی نیزامی و ماڵیی بە حیزبەکانیش دابێ، بەڵام پشتیوانیی سیاسیی لە چارەسەرکردنی پرسی کورد کردبێ! ئەو دیاردەیە زۆر مانادارە، دەبێ وەرگرین!!!
ستراتێژی وڵاتی دەرەکی یان هەرێمی پشتیوانیی لە پرسی کورد نەبووە، تەنانەت یارمەتیدان بە حیزبە کوردستانییەکانیش، نیزامیی و کاتیی و گڕیدراو بووە بە ماوەی درێژبوونەوەی شەڕەکە. دوای شەڕ و ڕێککەوتن، سیاسەتی دەوڵەتی یارمەتیدەریش گۆڕاوە و ڕووی لە کورد وەرگێڕاوە وەک ئەوەی قەت کوردی نەناسیبێ!
هیچ ولاتێک عاشقی چاووبرۆی کورد نییە و ەک دەڵەن، پشیلە بۆ ڕەزای خودا مشک ناگرێ! ئەگەر وڵاتێک پێشنیاریی یارمەتیدان بە کورد دەکا، پاڵنەر و ئامانجی خۆی هەیە و ئەوەش بۆ ئەو ڕەوایە! بۆ قۆناخێکی دیاریکراو، هەر دوولایەن بەرژەوەندییان ویستوویەتی بەدژی دوژمنی هاوبەش بەیەکەوە هاوکاری بکەن.
دەوڵەتەکان دوژمنی ئێمەن، دۆستی بەرژەوەندیی خۆیانن. ئەوڕۆ بەرژەوەندییان دەخوازی یارمەتی بە کورد بکەن، سبەینێ بەرژەوەندییان دەخوازی واز لە پشتیوانیکردن لە کورد بێنن. ڕێککەوتنێکی نەنووسراوە!
بۆیە نابێ بەتەمای “تەزمین” بین. سیاسەت دیاردەیەکی لەگۆڕاندابوو و دینامیکە و لەسەر بنەمای هێز و بەرژەوەندیی دادەڕژێ و بەڕێوەدەچێ. بەرژەوەندیی و دەسەڵاتیش لە گۆڕانی بەردەوام دان. بۆیە، “تەزمینێک” لە سروشتی سیاسەت و “زەمانەتێک” بۆ نەگۆرانی سیاسەت نییە. بەهۆی لەگۆڕاندابوونی دەسەڵات و هێز، هەموو کاتێک ئەگەری تێکچوونی پارسەنگی هێز و گۆڕانی بەرژەوەندیی و “پەیمانشکێنی”ی کایەکەران لەئارادایە. کەس نابێ بە “پەیمانشکێنی” لە پێوەندیی نێونەتەوەییەکان دا خافڵگیر بێ.
کەوایە، ئەگەر قەرارە “تەزمینێک” هەبێ، ئەو تەزمینە ئەو دەوڵەتە نایدا کە لە قۆناخێکدا بەشێوەی کاتیی یارمەتی بە حیزبە کوردستانییەکان دەکا، ئەو “تەزمینە” لەلای کورد خۆیەتی و بەخۆیەتی، بە سێ شێوە:
• بڕوای بەکردەوە و پشتبەستن بە هێزی یەکگرتوویی کورد، بە پلان و ستراتێژیی و گوتاری هاوبەشی حیزبەکان و بە پشتیوانیی خەڵک. هیچ ولاتێک، ناوچەیی و دەرەناوچەیی، بەرژەوەندی خۆی بە کوردی یەکنەگرتوو و بێستراتێژیی، ناگۆڕێتەوە.
لایەنی کوردی دەبێ ڕیسک بکا و بۆ ئەوەی ڕیسکهەڵگر بێ و بەرگە بگرێ، دەبێ خەباتەکەی قایم و سەقامگیر بێ: کە کەوت بتوانێ هەستێتەوە و لە بارودۆخی دژوار دا لەسەر پێی خۆی بوەستێ. ئەوە تەنیا بە یەکگرتوویی و هاوهەڵویستیی دابین دەبێت. کاتێک جووڵانەوە بە هاوهەڵوێستیی و بە هێزی یەکگرتوو دەرکەوت، دەبێت بە فاکتورێکی شوێندانەر و دەتوانێ پارسەنگی هێز و هاوکێشەکان بەلای خۆی دا بگۆڕێ و دەتوانێ مەرج دابنێی، بۆوێنە، داوای دامەزراندنی ناوچەی دژەفڕین بکات. دەرکەوتن بە یەکگرتوویی و گوتاری هاوبەشەوە، مەشڕووعییەت و پڕستیژ بە جووڵانەوە دەبەخشی و دۆست و پشتیوانی بۆ پەیدا دەبێ.
“ڕیچارد هاس” دیپلوماتی ئەمریکایی: “هێز لەنێو خۆت دا پێکدێ و لەدەرەوەی خۆت دا ڕەنگ دەداتەوە”!
دەنا ئاخر چ وڵاتێک ئەوەندە گێژ و ساویلکەیە کە بەرژەوەندیی سیاسی و ئابووری و ئەمنییەتی خۆی لەگەڵ چوار ولاتی ناوچە بخاتە مەترسییەوە و بۆ کوردی پەڕتەوازە و ناتەبا دوژمنایەتیان بکات؟! ئێمە بین، دەیکەین؟!
تەنیا “زەمانەت”ی واقعی لە پێوەندیی سیاسیی دا، پارسەنگی هێزە، هێزە و دەسەڵاتە کە دەتوانێ تێچووی پەیمانشکێنیی بۆ لایەنی بەرانبەر بباتە سەرێ.
هەر حیزبێک بەتەنیا بەمەبەستی وەرگرتنی یارمەتی پێوەندیی بە وڵاتێکەوە بگرێ، دەبێ زۆری بۆ تێبشکێ و بەرژەوەندیی ستراتێژیکی خەبات لەپیناو هێندێک وردەقازانجی حیزبی دەکاتە قوربانی و خۆی، بزووتنەوە و نەتەوەکەش سووک دەکات. حیزبەکان تووشی “وەهمی دەسەڵات” بن، تووشی کارەسات دەبن!
پێوەندیگرتن بە لایەنە فارسەکانەوە چەندیی خەسار بە حیزبەکان گەیاندووە، لێرە خراپتریان لێ بەسەردێ!
• سیاسەتی مودێڕن و سەردەمیانە دەخوازێ کە لایەنێکی سیاسی بەر لە دامەزراندنی پیوەندیی لەگەڵ هەر وڵاتێک، چەند پرسیار لە خۆی بکا و بەوردی بەدوای ولامەکانیان دا بگەڕێ.
یەک: هەر وڵات و لایەنێک بیهەوێ یارمەتی بە کورد بکات، پێویست و ڕەوایە لسەر پاڵنەر و ئامانجی دەوڵەتی یاردەدەر پرسیار بکرێ؟ من چ نرخێک دەدەم و چیم دەسدەکەوێت؟ پێوەندیی و هاوکاریی دوو لایەن لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی و ئەسڵی دەسکەوت – تێچوو، دادەمەزرێ.
دوو: مەبەست لە “کورد”، کام “کوردە”؟ کوردی باکوور، ڕۆژهەلات، باشوور یان ڕۆژاوا؟
سێ: دوای ڕووخانی کۆماری ئیسلامی، ١. کێ دەسەڵات بەدەستەوە دەگرێ؟ ٢. پرسی کورد چی لێدێتەوە و دەسکەوتی سیاسیی کورد چ دەبێت؟ ئەگەر بەدڵی ئیسرایل سەڵتەنەتخوازەکان دەسەڵاتیان بەدەستەوە گرت (کە ئێستا بە ئاشکرا و بەنهێنی پشتیوانیی سیاسی-دیپلوماتی و ماڵییان لێ دەکا) و پێوەندییەکانی ئێران لەگەڵ ئیسرایل و ئەمریکا ئاسایی کردەوە، وەک وێنزوئێلا، چی؟ ئەگەر ئەمریکا و ڕێژیم ڕێککەوتن، پرسەکە چی لێدێتەوە؟ ڕەنگە وڵامی ئەو پرسیارانە ڕوون بن، بەڵام هێنانەگۆڕێیان پێویستە.
ئەگەر حیزبە کوردستانییەکان ئەو پرسیارانە لە خۆیان نەکەن و مل پێوەنێن، سیاسیبوون و خەباتگێڕبوونی خۆیان دەخەنە ژێر پرسیار. بەرچاوڕوونیی و دڵنیایی نیسبی، لە گەڕان بەدوای وڵامی ئەوپرسیارانە دا دێتە دی و حیزبەکان بە چاوی کراوەوە دەچنە نێو گەمەکەوە. تەنیا ئەوکاتەیە کە تووشی تەوەهوم نابین و لە دواڕۆژ دا ئەگەر دیسان “خەیانەتمان” پێکرا، ناکڕووزیینەوە و گلەیی لەم و لەو ناکەین.
جاروبار بیستراوە کە “شۆڕش نابێ قووڵی لێ بخوێنییەوە”. بەڵام ئەوەی لە سیاسەت و خەبات دا “قووڵی لێ نەخوێنیەوە” و ڕەمەکی مل پێوەنێی، لە ئاخریی دا “قوڵ” دەردەچێ.
• گوترا کە هیچ وڵاتێک ئاشقی چاوبرۆی کورد نییە، ئێمەش ئاشقی چاووبرۆی هیچ دەوڵەت و ولاتێک نابین. پێمانوانەبێ ئەم یان ئەو وڵات لەبەر خۆشەویستیی کورد یارمەتیمان دەدا و پشتگیرییەکەی هەتا سەر دەبێ. مەسەلەکە وەکخۆی ببینین: کاتیی و ئامانجدار و ناسەقامگیر! بەپێی ئەزموون، لایەنی کورد دەبێ چاوەڕوان بی سبەینێ کە لە خەو هەستا، ڕەنگە پشتیوانیی و یارمەتییەکە بڕابێ و پێوەندییەکان پسابن.
کاتێک مرۆڤ، کەسێک یان ولاتێک ئیدئالیزە دەکا، واتە لە خەیاڵی خۆیدا وێنەیەکی بێخەوشی لێ وێنا دەکا، دوایە کە وێنەکە درزی هەڵگرت و لەگەڵ واقیع دا ناتەبا دەرچوو، مرۆڤ دەڕووخێ و هەرچی دەکا وەکخۆی لێنایەتەوە!
باسی “ئاشقبوون” کرا! ئێمە لە سیاسەت و خەباتی ڕابردوومان دا، جارێک ئاشق بووین، ئاشقبوونەکە “یەکلایەنە” بوو و بێجگە لە خەسار و تەمابڕاویی، هیچمان پێنەبڕا: حیزبێک وڵاتانی سوسیالیستیی پێشووی بە “دۆستی ستراتێژیک”ی خۆی دەزانی، ئەوی دیکە “چین” یان “ئالبانی” بە ئیدئال و قیبلەی خۆی دادەنا. لەهەمووی کارەساتبارتر، وەک دەروێش پێماندا هەڵدەکوتن، ململانەی ئەوانمان کردبوو بە شەڕی کورد و بەنیابەتی ئەوان، بێڕێزیی دنیامان بەیەکتر دەکرد و زگی یەکترمان دەدڕی!! ئەوانیش هەر ئاگایان لە سووتانی ئاشقەکان نەبوو! سیاسەتی “من بۆ تۆ مردوو و تۆ من بەهیچ نەگرتوو”!
بەڵێ! ڕاست لەبەرئەوەی لە سیاسەت دا “تەزمین” نییە، ئاشقبوونیش نییە! دوکتور قاسملوو جوانی دەگوت: “لە سیاسەت دا هاوکاریی، لە خۆشویستن دا متمانە”!
کە ئەو سێ خاڵە ڕەچاو کران، مرۆڤ خافڵگیر نابێ، ناڕووخێ و ناکڕووزێیەوە، پلان “ب” و پلان بۆ سناریوگەلی جیاواز دادەڕێژێ. بەرچاوڕوونیی و نەبوونی تەوەهوم، لەجێدا “تەزمین”ن.
