ئەبووبەکر ئەحمەدی (ناسراو بە ئەبووبەکری مەلا حەسەن) لە ساڵی ١٣٣٧ی هەتاویدا لە گوندی «دەڵاوان»ی سەر بە شارستانی پیرانشار، لە بنەماڵەیەکی وەرزێر و نیشتمانپەروەردا لەدایک بووە.

دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران، حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران، هەروەک سەردەمی کۆماری کوردستان، دیسانەوە درێژەی بەو ڕێچکە پیرۆزە دا بۆ بەدیهێنانی داوا ڕەواکانی گەلەکەی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. لە هەموو ناوچە، شار و گوندەکانی ڕۆژهەڵات، لاوان پۆل پۆل دەهاتنە ڕیزی تێکۆشەرانی حیزبی دێموکراتەوە.
ئەبووبەکر ئەحمەدی، ناسراو بە «ئەبووبەکری مەلا حەسەن»، خەڵکی ئاوایی دەڵاوان، ڕووی لە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزب کرد و لە هێزی ئاوارەی «قەندیل»، لکی ٣، دەستەی شەهید مراد شیرێژ، بۆ پاراستن و بەرگریکردن لە خاکی نیشتمان چەکی شەڕەفی کردە شان. هەرچەندە گوندی دەڵاوان گوندێکی بچووکە، بەڵام لەو گوندە بچووکەدا پێشمەرگەی قارەمانی لێ هەڵکەوتووە؛ وەک شەهیدان: عەلی پیرچیانە، حاسڵ ڕەحمانی (ناسراو بە حاسڵ ریماس) و نەمر ئەبووبەکر مەلا حەسەن.
کاک ئەبووبەکر یەکێک لەو پێشمەرگە تێکۆشەر و قارەمانانە بوو کە لە سەرانسەری ناوچەکانی پیرانشار، بەتایبەت لە شەڕەکانی سەر ڕێگای سەردەشت – پیرانشار و سەردەشت – بانەدا، نموونە بووە و مێژوو شاهیدیی قارەمانێتیی ئەوی دەدات. کاتێک دوژمن لە ١٦ی پوشپەڕی ١٣٦٢ی هەتاویدا (١٦/٤/١٣٦٢)، لە کاتژمێر چواری بەیانی، هێرشێکی گەورەی بۆ سەر بەشێک لە بەرزاییەکانی مەڵبەندی پیرانشار دەستی پێ کرد، لە هەندێک شوێن و بەرزایی، پێشمەرگە و پاسدار تێکەڵ بە یەکتر بوون. زیاتر لە هەشتا پێشمەرگەی حیزب لە لکی ٣، یەکیەتی لاوان و کۆمیتەی ناوچەی بەربنە لە لایەن دوژمنەوە ڕێگایان لێ گیرا.
دوای چەند کاتژمێرێک لە «بستووی شێوران» لە نێوان ئاواییەکانی خەراپە و شێلمجاڕان، پێنج-شەش پێشمەرگە کە لەودیوی گەمارۆکەدا بوون، لە چەند مێتریی دوژمنەوە بەسەر سینگ و بە ئانیشکەوە بۆ نێو دوژمن هاتن. ئەو پۆلە پێشمەرگەیە پێکهاتبوون لە: شەهید مراد کاڕەش، ئەبووبەکر مەلا حەسەن، کاوێس جەباریان، ڕەحمان و دوو پێشمەرگەی دیکە. ئەوان توانیان گەمارۆی دوژمن تێک بشکێنن و ڕێگەیەک بکەنەوە و هەرچی پاسداری لەسەر ڕێگایان بوو لەناوی بەرن. قارەمانە ڕێگالێگیراوەکان تەنانەت شەهید و بریندارەکانیشیان بەجێ نەهێشت؛ بە شێوەیەک کە تەرمی پیرۆزی شەهید ڕەحمان دەوڵەت (لە لکی ٣) و چەند بریندارێک بە کۆڵ و شانی پێشمەرگەکان ڕزگار کران. بەشێکی شانازی و بوێریی ئەو سەرکەوتنە بۆ ئەو قارەمانانە دەگەڕێتەوە کە ئامادە بوون گیانی خۆیان وەپێش گیانی هاوسەنگەرانیان بخەن، کە یەکێک لەوان نەمر ئەبووبەکر مەلا حەسەن بوو.
گەنەدارێی مەنگوڕان و میشەدێ
دوای هێرشە یەک لە دوای یەکەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ ناوچەی نەڵێن ـ گەدە، دوژمن جارێکی دیکەش لە ٢٦ی گەلاوێژی ١٣٦٢ی هەتاویدا هێرشی هێنایەوە بۆ دۆڵی میشەدێ، پشتی هەنگەوێ و کێوەکانی نێوان میشەدێ و تووژەڵێ. لەو کاتەدا بنکەکانی لکی ٣ لە ئاوایی گەنەدارێی مەنگوڕان بوون که دەکەوتە نووکی هێرشی دوژمنەوە. لە هەموو لایەکەوە ڕووبەڕووی قارەمانانی دێموکرات بوونەوە. ئەو هێرشە ڕۆژێک دوای گرتنی جەژنی ٢٥ی گەلاوێژ بوو. لە ٢٦ی گەلاوێژدا، لە نێوان ئاواییەکانی گەنەدارێی مەنگوڕان و میشەدێ، لە لایەن پێشمەرگەکانی لکی ٣وە پێشیان پێ گیرا و لەو بەرگرییەشدا ئەبووبەکر مەلا حەسەن بریندار بوو.
کاک ئەبووبەکر دوای ساڵانێکی زۆر لە تێکۆشان و پێشمەرگایەتی، ڕووی لە هەندەران کرد و لە وڵاتی نۆروێژ جێگیر بوو. ناوبراو دوای بەرەنگاربوونەوەیەکی درێژخایەن لەگەڵ نەخۆشی، لە ڕۆژی ٥ی خەزەڵوەری ١٤٠٥ی هەتاویدا (٢٧/١٠/٢٠٢٦) بەهۆی نەخۆشییەوە لە وڵاتی نۆروێژ کۆچی دوایی کرد و ماڵئاوایی یەکجارەکی لە بنەماڵە و هاوسەنگەرانی کرد.
بەداخەوە که بەشێک لە تێکۆشەرانی ڕێگای ئازادی، ڕزگاریی کوردستان و گەڕانەوەیان بۆ باوەشی نیشتمانەکەیان بە چاوی خۆیان نەدی، بەڵام دڵنیاین کە میراتگرانی ئەو ڕێبازە پیرۆزە، کاروانی خەبات دەگەیەننە لوتکەی ڕزگاری و ئازادی.
سڵاو لە گیانی پاکی نەمر ئەبووبەکر مەلا حەسەن و هەموو ئازادیخوازانی ڕێگای ڕزگاری.
سەید عەلی هاشمی
٢٨/١٠/٢٠٢٦
****
کوردستان مێدیا: کۆچی دوایی کاک ئەبووبەکر ئەحمەدی ئەندامی دێرینی حیزبی دێموکرات لە نۆروێژ
بەرەبەری ڕۆژی سێشەم، ٥ی خەزەڵوەری ١٤٠٥، کاک ئەبووبەکر ئەحمەدی، ئەندام و تێکۆشەری دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە نۆروێژ ماڵاوایی لە ژیان کرد .
کاک ئەبووبەکر ڕۆژی ٤ی جۆزەردانی ١٣٣٧، لە گوندی دەڵاوانی سەر بە شاری پیرانشار، لە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەر لەدایک بوو. دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران و ئاشکرابوونی تێکۆشانی حیزبی دێموکرات، پێوەندیی بە ڕێکخراوەکانی حیزبەوە گرت و دواتر چووە ناو ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان.
ناوبراو لە چالاکییە پێشمەرگانەکاندا بە ئازایەتی، دڵسۆزی و فیداکاری ناسرابوو و چەندین جار لە شەڕەکاندا بریندار بوو.
لە کاری تەشکیلاتیشدا، بە پابەندبوون بە ئەرکەکانی و هەستی بەرپرسیارێتی، نموونەی تێکۆشەرێکی دڵسۆز و خۆبەخش بوو.
کاک ئەبووبەکر دواتر ڕووی لە دەرەوەی وڵات کرد و لە نۆروێژ گیرسایەوە، بەڵام دووری لە نیشتمان کۆتایی بە تێکۆشانی نەهێنا. بۆیە شانبەشانی بنەماڵەکەی، ماڵ و تواناکانی خۆی بۆ پێشبردنی کاری حیزبی و یارمەتیدانی خەڵکی ئاوارە تەرخان کردبوو و ماڵەکەی ببـووە پێگەی کار و مەکۆی کۆبوونەوەکانی حیزب.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکار و هەروەها هاوڕێیانو هاوسەنگەرانی ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.
***
محەممەد حەسەنە رەش : ئەوڕۆژەیی کاک: ئەبووبەکری مەلا حەسەن.م ناسی!!
ڕۆژێک دوای ٢٥ی گەلەلاوێژی ١٣٦٢ی هەتاوی” ٢٦ی گەلاوێژ” ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ناوچەکانی پیرانشار هێرشێکی بەربڵاویی کردە سەر تەواوی ئەو شوێن و گوندانەی بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێمووکراتی کوردستانی ئێرانی تێدا بوو!
جێژنی ٢٥ی گەلاوێژ لە زۆربەی بنکەکانی حیزب بە بەشداری کادر و پێشمەرگە و خەڵکی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حیزب بەڕێوە چوو.
لەیادمە چەند ڕۆژ پێشتر چەند بنەماڵەیەکی “ئاوایی شێلم جاڕان ” بۆ بەشداری لە جێژن بەشەو خویان گەیاندبوە ئاوایی تووژەڵێ. لەو گوندەی بنکەی لکی ٤ و کۆمیتەی ناوچەی لاجانی لێ نشتەجێ بوو.
ڕۆژەکانی پێشتر بەردەوام دوژمن شایعەی هێرشی بڵاو دەکردەوە، ڕۆژ نەبوو خەری هێرش نەیەت، ئەوەندە خەبەری هێرشمان بیستبوو، ئەوڕۆژەیی ئەوەیی بەلامانەوە گرینگ نەبوو خەبەری هێرش بوو. ئێمە پێمان وابوو دوژمن پێش ٢٥ی گەلاوێژ هێرش دەکات. بەڵام وا دەرنەچوو! جێژنمان گرت! ئەوڕۆژەیی زۆر ماندوو هیلاک بوین، شەوانی پێشتر کەمینمان بۆ سەر گردی عەوڵا ڕەمەزانی و گردەکانی پێش ئاوایی دەردەکرد. بەڵام شەوی ٢٥ لەسەر ٢٦ی گەلاوێژ کەسمان دەرنەچوو بۆ کەمین، ئەو شەوەی تیمک لە پێشمەرگەکانی دەستەیی “شەهید: سولەیمانی حاجی عەوڵای” بە سەرپەرەستی کاک: جهانگیر ئەفراسیاب شەو لەگەڵ ئەو چەند بنەماڵەی بۆ بەشداری لە جێژن هاتبوون شەوەکەی بردبویانەوە ئاوایی شێلم جاڕان. هەر ئەو شەوەی سەعات سێ و چواری بەیانی کاتێک پێشمەرگەکان لە “ئاوایی شێلم جاڕان” گەڕابوونەوە، لە ڕێگادا گوێیان لە دەنگی پاچ و کوڵینگ دەبێ! کاتێک هاتنەوە باسێان لەوە کرد کە شتێکی لەوبابەتەمان گوێ لێبووە، بەڵام کەس گوێی پێ نەدا!!
بە خیاڵی ڕاحەت لێی خەوتین. بەیانی کە هەستاین دیتمان قەلماوە! بەردی زەرد و کێلەکەڕەش هەتا دەگاتە بستووی میشەدێی هەموو گیراوە! بێ خەبەر لەوەیی گردی “عەوڵا ڕەمەزانیشێان” گرتوە کە وەک قەڵات وایەو بەسەر ئاواییدا دەڕوانێ!
خۆمان پێچایەوە و بە “سروودی ئەی ڕەقیب ” ڕاست بەدۆڵێدا هەڵکشاین، هێشتا چەند میترێک لە ئاوایی دوور نەکەوتبووینەوە، لەسەر گردی ڕا کەوتینە بەر تیری دوژمن، جاوەرە بە قوونە شەڕ خۆت دەربازکە!
هەر چونێک بوو لە ئاوای بەرەو “گڵەسپی و دۆڵە ڕەشێ” هەڵکشاین، دوژمن بە هەموو چەکێک ناوچەکەی دەکوتا، لە پایگایی پشتی قەرەخدری و دوایی لە داوێنێ ئاوایی ڕا بە تۆپی ١٠٦ بە ئارەزوویی خویی شاخ و کێوەکانی تۆپباران دەکرد. لە دیویی میشەدێش دوژمن لە هەنگەوێ ڕا وەسەرکەتبوونە باسکەکانی میشەدێ و دۆڵێ گوێزان!
ئێمە کاتێک گەیشتینە “بستووی گڵەسپی” تیمک لە پێشمەرگەکانی لکی ٣ کە لە ئاوایی میشەدێی خوارێ بوون، بەرەو بەرزایەکانی بەینی تووژەڵێ و میشەدێی هاتبوون، وابزانم ئەوان نەیانزانیبوو کە دوژمن ئەوێشی گرتووە، لەوێ بەسەر نیرووی دوژمندا دەکەون و زۆر قارەمانانە بەرەنگاری دوژمن دەبنەوە! لەو رووبەروو بوونەوەیەدا کاک: ئەبووبکر ئەحمەدی (مەلا حەسەنی) بە برینداری لە هاوڕێکانی دادەبڕێ و بەرەوو ئەو شوینانەیی ئێمە لێی جێگیر ببووین هاتبوو. ئێمەش “پێشمەرگەکانی لکی ٤ کە پێک هاتبوون لە دەستەکانی شەهید: سولەیمانی حاجی عەوڵای، شەهید: سەدیقی کوهی و شەهید: حەوتەوانە، لەگەڵ تیمک لە کادرەکانی کۆمیتەی ناوچەیی لاجان” پێکەوە لەو شوێنانە بووین.
من ئەوکات بێسیم چی لک بووم، کاتێک سەرکەوتین دیتمان کەسێک بەرووپیرمان دێت، کە نیزێک بووە دەرکەوت کاک: ئەبووبەکرە، دیاربوو بریندار ببوو و گولەیەک وە یەکێک لە پەنچەکانی دەستی کەوتبوو، برینەکەشی زۆر بوو و خۆێنێکی زۆریشی لەبەر ڕۆیشتبوو، لەگەڵ ئەوەی دا زۆر ماندووش بوو، ئەگەر هەڵە نەبم شەهید: کاک: حەمە فیرووزمەند کادری دەرمانی بوو و برینەکە بۆ دەرمان کردو هەر لەوێ گەڕایەوە لایی لکی ٣ کە تیمێکێان لە دۆڵەڕەشێ بوو.
لەوڕۆژەیی. دا کاک:ئەبووبکرم زۆر جەسوورانە هاتە بەرچاو، هەروەک بریندارش نەبێ. دوایش زۆر لە هاوڕێکانی کاک ئەبووبەکر لە لکەکەی خویی باسی قارەمانەتی ناوبراویان دەکرد.
زۆر بەداخم بۆ کۆچت!
شەریکی خەمی بنەماڵە و خزم و کەس و کارتم. خوا سەبووری هەموو لایەکێان بدات. هاورێ و هاوسەنگەرانت خۆش بن
روحت شاد و مالئاوا
