چەندین ساڵ بوو ناوی مەلا ئەحمەد بانیخێڵانیم بیستبوو، بە تایبەتی کە کتێبی بیرەوەرییەکانیشی چاپ ببوو و لێر و لەوێ چاوم بە بەرگەکەی دەکەوت.

دەمزانی مەلا ئەحمەد بانیخێڵانی یەک لە سەرکردە کوردەکان و سیما دیارەکانی حیزبی شیوعیی عێراقە، بەڵام هیچ کات هەوڵم نەدابوو کتێبی بیرەوەرییەکانی بخوێنمەوە.
حەوتووی ڕابردوو کە لە کاناڵی تێلگرامیی “پەرتووکی دەنگی” بۆ کتێبێکی دڵخواز دەگەڕام تا بۆ گوێلێگرتن هەڵی بژێرم، چاوم بە کتێبی بیرەوەرییەکانی مەلا ئەحمەد بانیخێڵانی کەوت. هەم فایلی پی دی ئێفی کتێبەکە لەوێ هەبوو، هەم فایلە دەنگییەکانی کە ١٥ فایل بوون. بە خۆمم وت هەتا کەنگێ درێژە بە پشتگوێخستنی ئەم کتێبە بدەم، کات بۆ ئاگاداربوون و تێگەیشتن لە نێوەرۆکی ئەم کتێبە لە ئێستا گونجاوتر نابێ.
بەهۆی خوێندنەوەی کتێبی “بیرەوەرییەکانم”ی مەلا ئەحمەد بانیخێڵانی، جگە لەوەی ئاگاداری ژیان و ڕابردووی پڕ لە خەبات و تێکۆشانی نووسەرەکەی بووم و کەسایەتییەکەیم ناسی، زانیاری و بەرچاوڕوونیم لە بارەی کۆمەڵێک پرس و بابەتی گرنگ دەست کەوت. خەباتی جووتیاران لە باشووری کوردستان و ڕۆڵی حیزبی شیوعیی عێراق لە پشتگیری و ڕێکخستنی ئەو خەباتەدا یەک لەوبابەتانە بوو. مەلا ئەحمەدیش یەک لە سیما دیارەکانی ڕێبەریی کردنی ئەو خەباتە لە ناوچەکەیان (دەربەندیخان و وارماوا و …هتد)دا بووە.
بابەتێکی تر کە هەر لە کۆنەوە دەمهەویست زیاتری لەسەر بزانم ململانێی نێوان پارتی دیموکرات و حیزبی شیوعی لە دەیەکانی پەنجا و شێست و حەفتای زایینیدا، هاوپەیمانیی نێوان حیزبی شیوعیی عێراق و حیزبی بەعس بوو. مەلا ئەحمەد لەم بارەیەشەوە بەرچاوڕوونییەکی باش بە خوێنەری بیرەوەرییەکانی دەدا.
من لە ماوەی زیاتر له ٤٥ ساڵ تێکۆشانم لە ڕیزەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستاندا ئەوەی لە سەر پێوەندیی حیزبی شیوعی و حیزبی دیموکرات لە ڕێبەران و سیما دیارەکانی حیزبەکەمم بیستوومە یان لە بیرەوەرییەکانیاندا خوێندوومەوە، نەک هەر ئاماژەیان بە خاڵێکی ڕەش یان ڕووداوێک و هەڵوێستێکی نەخوازراوی دژ بە حیزبی دیموکرات لە مێژووی ئەو پێوەندییەدا نەکردووە، هەموو کات بە ئەرێنی و پێزانیینەوە، لێی دواون. دەتوانم بڵێم حیزبی شیوعی بە بەراورد لەگەڵ حیزبەکانی دیکەی باشووری کوردستان، هەمبەر حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، خاوێنترین مێژووی هەیە. مێژووییەک پڕ لە نیازپاکی، دۆستایەتی و هاوکاری. مەلا ئەحمەد لە ڕەوتی باسکردن لە دیدار و جاوپێکەوتنی ڕێبەران و تێکۆشەرانی حیزبی دیموکرات لە سەردەم و قۆناغە جۆراوجۆرەکاندا، هەر تەنیا ئاماژە بە هەڵوێستی دۆستانە و هاوسۆزانەی خۆی و حیزبەکەی ناکات، بەڵکوو شایەدی بۆ سیاسەت و هەڵوێستی نیشتمانپەروەرانە، پێشکەوتنخوازانە و بەرپرسانەی ڕێبەران و تێکۆشەرانی ئەو حیزبە دەدا. ئەو کاتەی سەرکردایەتیی شۆڕش لە کوردستانی گەرمێن، تەنگ بە شۆڕشگێران و تێکۆشەرانی حیزبی دیموکراتی کوردستان هەڵدەچنێ، ئەوە کادیران و ڕێکخراوەکانی حیزبی شیوعی بوون کە جێگای متمانەیان بوون، بە هاواریانەوە هاتوون، پاراستوویانن و بە نهێنی لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە ڕەتیان کردوون.
بیرەوەرییەکانی مەلا ئەحمەد لە بارەی ڕووداوەکانی دوای سەرکەوتنی شۆرشی ١٩٧٩ی ئێرانیش بۆ منێکی ڕۆژهەڵاتی و ئەندامانی حیزبی دیموکراتی کوردستان جێگای هەڵوێستە لەسەر کردنن. بانیخێڵانی لە هیچ کوێ دانی خێر بە سیاسەت و هەڵوێستی حیزبی توودە هەمبەر جوولانەوەی نەتەوەیی کورد لە ئێران دوای هاتنەسەرکاری ڕێژیمی خومەینی دانانێت. کیانووریی باش ناسیوە و وەک کەسێک دەیناسێنێ کە ڕۆڵێکی خراپی لە داڕشتنی ئەو سیاسەت و هەڵوێستانەدا هەبووە. لەدوای دەرهاتنەوەی تەرمی مەلا مستەفا بارزانی لە شنۆ کە سەرکردایەتیی کاتی(قیادەی مووەققەت)ی پارتی دیموکراتی کوردستان کردی بە بیانووی شەڕ لەگەڵ حیزبی دیموکرات، مەلا ئەحمەد و حیزبەکەی هەوڵی نێوبژیوانی لە نێوان ئەو دوو لایەنەیان داوە. مەلا ئەحمەد هەر ئەو کاتیش پێی وابووە کە ئەم کارە، کاری حیزبی دیموکرات نییە و ئەمە پیلانێکی ڕیژیمی ئێران بووە بۆ ئەوەی پارتی دیموکرات تووشی شەڕ لەگەڵ حیزبی دیموکرات و خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکا.
لە کتێبی بیرەوەرییەکانی مەلا ئەحمەد بانیخێڵانیدا شەڕی ئێران و عێراق و هەڵوێستی ئەم حیزبە لە سەر ئەو شەڕە، چاوەڕوانیی ڕێژیمی ئێران لە حیزب و ڕێکخراوەکانی عێراق و باشووری کوردستان و نەبوونی پێوەندیی نێوان حیزبی شیوعی و ئەو ڕێژیمە سەبارەت بە نەچوونە ژێرباری ئەو چاوەڕوانییانە، پێکهاتنی بەرەکانی جود و جوقد، کێشە و ململانێی نێوان هێزە سیاسییەکانی باشووری کوردستان و پشکی حیزبی شیوعی لەواندا، بە تایبەتی تێکهەڵچوونەکانی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ئەم حیزبە، شەڕی پشتئاشان و بە دیلگیرانی خودی مەلا ئەحمەد و کەریم ئەحمەد لە لایەن یەکێتیی نیشتمانییەوە لەو شەڕەدا، ناکۆکییە نێوخۆییەکانی حیزبی شیوعی و جۆری کەسایەتیی ژمارەیەک لە ڕێبەرانی ئەو حیزبە بە تایبەتی بەهائەدین نووری، تیشکیان خراوەتە سەر و خوێنەر سوود لە خوێندنەوەیان دەبینێ.
داوەریی من لە بارەی بیرەوەرییەکانی مەلا ئەحمەد بانیخێڵانی بە پارێزەوەیە. چونکە زانیاریی تەواوم لەسەر زۆربەی ئەو ڕووداو و بابەتانە نییە کە ئەو لێیان دواوە. کەسانی شارەزا لەو مێژووە و ئاگادار لە پەنا و پەسیو و گۆشە و کەلێنە ناڕوونەکانی زۆر باشتر لە من دەتوانن هەڵسەنگاندنی بۆ بکەن، بەڵام بە هەڵسەنگاندنی خۆم بانیخێڵانی هەوڵی داوە لەسەر کەسەکان و ڕووداوەکان ڕاستگۆیانە بدوێ و بە ئەمانەتەوە باسیان بکا. لەسەر شەخسی خۆشی، بە هۆی بیرەوەرییەکانی بۆم دەرکەوت کە مرۆڤێکی تێکۆشەر و سەرکردەیەکی لێهاتووە بووە کە هەر لە سەرەتای لاوەتییەوە ژیانی خۆی بەکردەوە بۆ تێکۆشان و خەبات لە پێناوی دادپەروەری و نەهێشتنی ستەم و چەوسانەوە لە کۆمەڵدا تەرخان کردووە و هیچ کێشە ومەترسییەک، هەر لە بەندیخانە و دوورخراوەیی تا گیان لەدەستدانی هاوسەر و کوڕەکەی لە کۆڕی تێکۆشاندا، لە خەبات ساردیان نەکردووەتەوە. ئەو نموونەی ڕاستگۆیی و پابەندی بە ئامانج و بایەخەکانی خۆی و حیزبەکەی بووە. بۆیە لەمەودوا پشت ئەستوور بەم ناسیاوییەم بە ڕێزەوە یادی دەکەمەوە و خوێندنەوە و گوێلێگرتنی بیرەوەرییەکانی، بە دۆستان و ناسیاوانم پێشنیاز دەکەم.
