ساڵی ١٣٦٨ی هەتاوی، رانیە (باشوور)، بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان “ڕێبەرایەتیی شۆڕشگێڕ”،

پلینۆمی ئەم حیزبەی بە بەشداریی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی بۆ بەشی هەڵسەنگاندنی وەزعی حیزب، هەلومەرجی تێکۆشانی حیزبی و چۆنیەتیی درێژەی خەبات و تێکۆشان بەڕێوە برد.
پاش ئەوە نۆرە بەر سدێق بابایی، نووسەری ئەم کورتە بیرەوەرییە گەیشت؛ لە کۆتاییی ئاخاوتن و شیکاریی تێکۆشانمان پاش دابڕان لە باقی خەباتکارانی حدکا کە ئەو کات بە “فراکسیۆنی قاسملوو – شەرەفکەندی” نێودێر کرابوون، لە ئاکامی وتەکانمدا وتم: “ئێمە نەمانتوانیوە بە گوێرەی بەرنامە سەرەتایییەکانمان هەنگاوی پێویست بەرەو پیشاندان و سەلماندنی جیاوازیی بنەڕەتی و ئەرێنی بۆ سەرخستنی ئامانجە شۆڕشگێڕانەکان هەڵگرین و لە ئاکامدا ئەبێ دان بەوەدا دابنێم؛ نەک هەر سەرکەوتنی ئەوتۆمان دەستەبەر نەکردوە، بەڵکوو بێ ئاکامی دڵخواز سەرمان لە بەرد کەوتوە! واتە پێویستە پێداچوونەوەی بنەڕەتی و شیاو بۆ چارەسەر بکەین.”
سەرنجڕاکێش ئەوە بوو لە بری دەستنیشانکردنی بەڵگەی پێویست کە پێچەوانەی ئەم ڕادەربرینە بسەلمێنن و بەم جۆرە حەولی قەناعەت و بەڵگەییکردنی ڕاو بۆچوونەکان بخرێتە گەڕ، بەڕێزان کاک هاشم کەریمی و کاک جەلیل گادانی رای بەرانبەری خۆیان بێ بەڵگەهێنانەوە تێکەڵ بە جۆرێک تووڕەیی دەرپڕی.
کاک هاشم بێ بەیانکردنی کەمترین بەڵگە بۆ بەرپەرچدانەوەی وتەکانم فەرموویان: “ئەو برادەرە بەزیوە!”
پاشان کاک جەلیل فەرمووی: “ئەم برادەرە هەر مەدرەكمان لێ کۆدەکاتەوە!”
لە وەڵامی ئەو دوو بەڕێزەدا من تەنیا قەناعەتم بەوە کرد کە “من نەبەزیوم، و ئەوەش لە کرداری داهاتودا بە ئێوە دەسەلمێنم، بەڵام ئەم فەرموودەیەی ئێوە نە ڕێگەچارەیە و نە وەڵامی شیاوە بۆ گرفتەکان. “پێویست بە ڕوونکاریی کورت دەکات، کاتی کۆنفرانسی چوار [پاش جیابوونەوە لە باقیی هاوسەنگەرانمان] بەشێک لە دۆستانی خاوەن پلەی پێشوو بە هەڵسەنگاندنی خۆیان وەها لێکیان دابوویەوە، ڕەنگە پێگەی کاک عوسمان ڕەحیمی و سدێق بابایی ببێتە هۆکاری لێژکردنی جێپی ئەوان بۆ هەڵبژێردران وەک ئەندامی دەفتەری سیاسی!
ئەوە بوو لە پلانێکدا کە پاشتر ئاشکرابوو، نە من و نە کاک عوسمان ڕەحیمی وەک ناڕەزایەتیی خۆمان لە وەرگرتنی هەر چەشنە بەرپرسیارەتییەک پاش کۆنفرانس پاراست.
لەگەڵ ئەوەشدا، لەم پلینۆمەدا سەرهەنگ قادری و من وەک مونشی (بۆ تۆماری ڕا و بۆچوون و بڕیارە پەسەندکراوەکان) دەستنیشان کرابووین.
دوابەدوای دەربڕینەکانی من لە پێوەندیی تێکۆشانی حیزب پاش کۆتایی پلینۆم، داوای ڕادەستکردنی هەموو پێشنووسەکانی کۆبوونەوە لە من بوو.
ئەم جۆرە هەڵسووکەوتگەلە نەک هەر نەیتوانی دەوری کاریگەر سەبارەت بە بڕوای من بە درێژەی خەبات تێک بدا یان لاواز بکات، وەک پێشتر ئاماژەم کردبوو لە حەولی نیشاندانی شێلگیریی زیاتری بیروباوەڕی خۆم بە درێژەی خەبات بووم.
پاش ڕاوێژ و هەڵسەنگاندنی ئەرکی پێشمەرگانەی ئێمە لەم کاتوساتەدا، هەم من و هەم کاک عوسمان ڕەحیمی بۆ یەکەم جار ئامادەیی خۆمان بۆ وەرگرتنی بەرپرسیارەتی بە گوێرەی هاودەنگیی پێویست دەربڕی.
من وەک بەرپرسی ناوەندی یەک [پیرانشار، شنۆ، نەغەدە و ناوچەکانی ورمێ] و کاک عوسمان لای خوارووی کوردستان (جنوب) دیاری کراین.
ئەبێت ئەو ڕاستییە بیر بخرێتەوە تا ئەو کات یەکدوو تیمی پێشمەرگەی ڕێبەرایەتی حەولی خۆیان بۆ گەڕانەوە بەرەو ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی وەگەڕ خستبوو. مخابن بەپێی بڕیارێک کە بەشی تری حدکا بە ڕێبەریی نەمر دۆکتور قاسملوو دەریانکردبوو، ڕێگە بۆ تێکۆشانی پێشمەرگەی ژێر فەرمانی ڕێبەرایەتیی شۆڕشگێڕ بەرتەسک و بە توندی دژایەتی دەکرا، تا ئەو ئاستەی بەرهەمی جووڵە سەرەتایییەکان یەکدوو شەهیدی پێشمەرگەی لایەنی ڕێبەرایەتیی لێکەوتەوە. ئەمە پاشتر لە ناوچەی سەقز و مەهاباد (گامێشان، گەورکی یەک و چۆمەڵ) بە فەرمانی کەسانی ناسراوی ئەوکات لە مەهاباد و سەقز سەر بە حدکا بوو کە ژمارەی پێشمەرگە شەهیدکراوەکانی (ڕێبەرایەتیی شۆڕشگێڕـ ی) زۆر زیاتر کرد!
لەسەریەک، پاش ڕاوێژ لەگەڵ چەند پێشمەرگەیەکی خاوەن ئەزموونی زیاتر، بۆ وێنە کاک فەتاحی ڕیحانی کە دواتر ئەرکی بەرپرسیارەتیی پپێشمەرگەکانی لە ئەستۆ گرت، قەراری کۆبوونەوەی پێشمەرگەمان بۆ ڕێکخستنی ئەگەری سەفەرێکی گەڕانەوە بۆ نێوخۆی وڵات خستە ڕوو.
لەم کۆبوونەوەیدا؛ کۆتایی شەڕی ئێران و عێراق، ناڕەزایەتی عێراقییەکان بۆ هەستانی ئێمە بە هەر جووڵەیەکی دژ بە ئێران کە ئەوان بە قازانجی ڕێککەوتنی خۆیانیان نەدەزانی، تووڕەیی لایەنی بەرانبەر و دژبەر وەستانی هەر جووڵەیەکی ڕێبەرایەتی بۆ نێوخۆی وڵات، و ئەوە کە هەر هەنگاوێکی ئەوتۆ واتای بەرانبەروەستان دژی سێ وڵاتی ئێران، عێراق و تورکیە وێرای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لێ دەکەوێتەوە، سەرەڕای ئەوە پێداگری کرا کە ئێمە بەڵێنی درێژەی شۆڕش و داکۆکی لە ماف و ئازادیی وڵاتمان بە خەڵک بەجاران دووپات کردۆتەوە. کەواتە بەڵێنپارێزیی پێشمەرگانە نابێت ڕێگە بدات هیچ گرفتێک بتوانێت ڕێگەمان بۆ پاشگەزبوونەوە پێ لێژ بکات، بە ئاگار بوونی ئەو واقیعە لە هەلومەرجێکی وەک ئێستا کە ڕەنگە نەتوانین بریندارەکانیشمان دەرباز بکەین.
بەختەوەرانە زۆربەی پێشمەرگە ئامادە بووەکان شێلگیرانە و بە شەوق و زەوقەوە بۆ هەرچی زووتر هەستان بە سەفەرێکی شۆڕشگێڕانەی ئەوتۆ ئامادەییان نیشان دا.
لە لایەکی ترەوە، ڕێبەریی حدک رێبەرایەتی شۆڕشگێڕ واتە کاک جەلیل و باقی ئەندامانی دەفتەری سیاسی ئەم هەنگاوەیان بە سەرکەوتنی خۆیان وەک دەسپێکێکی نوێ لە شێلگیری هەمبەر بەربەستەکان و نیشاندانی باوەڕ بە درێژەدان بە تێکۆشانی خۆیان لێک دایەوە. لەبەر ئەوەش بۆ هەر جۆرە ئاسانکارییەک لە بابەتی دابینکردنی پێداویستییەکانی سەفەری ناوبراو درێغییان نەکرد.
پێشەکی وەک ئامادەکاری، حەولی دامەزراندنی بنکەیەک لە سنووری ناوچەکە درا و بۆ ئەم مەبەستە (سیدەکان) دەستنیشان کرا. هەرچەند بێگرفت نەبوو، بەڵام سەرەتا سەرکەوتین و لەم شوێنە دیوی شنۆ لە ڕۆژهەڵات بنکە دامەزرا. بەداخەوە بە هۆی هەڵەیەک ئەم بنکەیە لەقیس چوو و عێراقییەکان پێیان کۆکردینەوە. بەڵام لە نێو شاری ڕەواندۆز و شوێنێکی تر بە ناوی دۆڵی شێخان لە بناری شاخی حەسەن بەگ (باشوور) پێشمەرگەی ناوەندی یەک جێگیر کران کە فیلمێکی ئامادەکاریی سەفەرەکە لەو شوێنە بەردەستە.

دۆڵی شێخان. ئامادەکاری بۆ سەفەر بۆ کرداری کردنی سەفەری لای ورمێ و تێکەڵبوونەوە بە چەند هاوڕێ کە هەر لە سەرەتای جیابوونەوە بە هۆی کەڵکوەرگرتن لە خزمانی بەری تورکیە لە گوندەکانیان (سەر سنووری تورکیە) جێگیر ببوون، بڕیارمان بوو بە خاکی باکوور – هەکاریدا سەرەتا خۆ بگەیەنینە لای ئەوان و ناوچەی ورمێ.

گەیشتن بە مەبەستی ئەوتۆ کە پێویستیمان بە چاوساغ و ڕێنوێنی شارەزا هەیە، بە چەشنێک لە چاوی ئەرتەشی عێراق و سپای تورک بەدوور بین؛ واتە بتوانین بە نهێنی خاکی ئەم دوو وڵاتە دەرباز بکەین.
بەختەوەرانە پیاوچاکێکمان دەست کەوت کە خۆی بە شێوازێک هاوکاریی تورکان واتە “کورد وتەنی سەرۆک جاش” بوو. ئەو خەڵکی ئاوایی (بێگژن) پارێزگای شڕناخ ؟ هەکاری لەسەر سنووری لای مێرگەسوور و شیلەدژ لە نێوان عێراق و تورکیە بوو. لە ڕەواندوز هەڤدوومان دیت. لە بری بڕێک پارە قەراری ڕێنوێنیی ئێمەی تا سنووری ورمێ بە خاکی باکووردا دا.
جەنابی ڕەشید بەگ، ئاغای گوند، پیاوێکی خاوەن بڕیار، شاییبەخۆ بە دعایەی کوردپەروەری بوو. زۆر گورجوگۆڵ و لێبڕاو دەهاتە پێش چاو. تەمەنی دەورەی پەنجا ساڵ دەینواند.
بەرەبەرە هەموو ئامادەکارییەکان بە ئەنجامی خۆیان گەیشتن. ڕەشید بەگ لەسەر قەراری خۆی ئامادە بوو. دەبوو سەعاتی ڕێکەوتنمان ئێوارە و بە لەبەر چاوگرتنی لایەنە جۆراوجۆرەکانی دابینکردنی مەبەستی دیاریکراو دوور لە درکاندنی تایبەتمەندییەکان و نهێنێپارێزراو بێت.
دەربازکردنی ڕێگەی دۆڵی شێخان نزیک بە نیو سەعات تا ڕەواندز و بۆ ناوچە چڕو شاخاوییە ئاستەمەکانی مێرگەسوور و چۆمی خابوور مەودایێکی کەم نەبوو. تەنیا لە ڕەواندوز تا مێرگەسوور شتێک زیاتر لە ٤٠ کیلۆمەتر دەبوو. توانرا بڕێک لەم ڕێگەیە بە ماشین تێپەڕ کەین. کاتێک ئاوەدانیمان بەجێ هێشت، ڕۆیشتن بە پێیان بە نێو شاخ و دۆڵ و قەراغ چۆماوە پڕ لە مەترسییەکاندا تەنیا هەڵبژاردەی دڵخواز بوو. هەڵبەت یارمەتیدەری بەنهێنی مانەوەی مەودای سەفەر. ئەم هێڵە زۆر کات ماوەی حەوانەوەی هێزە خەباتکارەکان بووە، لەوانە پارتی و دواتر پ.ک.ک. ناوچەی مێرگەسوور و بارزان ئەوە خۆی مێژوویەکی دوورودرێژی پشتەسەر ناوە. لە ڕاستیدا ڕەشید بەگ بە زانایی و پشتبەستن بە چڕوپڕی و ڕەدی شاخ و کێوەکان ئەم ڕێچکەیەی بۆ دەربازکردنمان لەبەر چاو گرتبوو.
لە کۆتاییی ڕێپێوانی دوورودرێژی پڕ زەحمەتمان بە ڕێنوێنیی ڕەشید بەگ لەسەر شاخێکی بڵند واتە بەرزایی بڕێک دوور لە بێگژن بەرەو قووڵاییی هەکاری جێگیر کراین.
شەو ڕەشید بەگ دوای بەڵێنی ئەوەی بە زووترین کات ڕێنوێنی شارەزامان بۆ درێژەدانی ڕێگە بەرەو سنووری ورمێ پێ بناسێنێ، ئێمەی بەجێ هێشت.
دەسپێکی کارەساتی پێشبینی نەکراو بۆ ئێمە ئەوە بوو گەڕانەوەی ناوبراو پێچەوانەی قەرار سێ ڕۆژی خایاند. دەیان کەس لەو ماوەدا بێ هیچ چەشنە کەرەسەی درێژەی ژیان وەک خواردن و هیتر لەو شاخە قەتیس مابووین. ڕێگەی پێش و پاش نەدەبوو کوێرانە هەڵبژێردرێت.
بە ناچار بۆ خۆدەرباز کردنەوە لەو وەزعە پەنامان بۆ کۆمەڵێک کوێستانچیی، مەڕداری خەڵکی باکوور لەو دەوروبەرە برد. توانیمان بڕێک ئارد، ڕۆن و قاپ و قاچاخ لەوان بە پارە دەست بخەین. وەک لەم وێنەیەدا دیارە کولیچە بە ڕۆن لەسەر ئاور ساز کرا. لە برسیەتی نەجاتیمان بوو، لەگەڵ ئەوەی ئەم پێوەندییە دزەکردنی هەواڵی هەبوونمان و ئاگادارکردنەوەی ئەرتەشی تورک لە شوێنی مانەوەمانی لە شین ببۆوە.

بەرزایییەکانی پشتی بێگژن.وەک ڕەشید بەگ دوای گەڕانەوەی ڕایگەیاند، تورکیە بە گومانی ئەوەی ئێمە سەر بە یەکینەکانی پ.ک.ک بین، هێزێکی زۆری بۆ پەلاماردانمان تەرخان کردبوو.
ڕای ڕەشید خان ئەوە بوو ئێمە ئەبێت هەرچی زووتر خۆمان دەربازی نێو خاکی باشوور ـ عێراق بکەینەوە، دەنا تووشی زیانی لەقەرەبوونەهاتوو دەبین.
لە کۆتاییدا ڕاوێژمان هاتە سەر ئەوە پێشمەرگەکان بە بەرپرسایەتی کاک فەتاح بگەڕێنینەوە ئەو بەری سنووری تورکیە و لە شوێنێکی چڕ کە ڕەشید بەگ پێی ناساندین بمێننەوە. من و کاک عەلی کاشفپوور وەک داواکاریی فەرمی، ڕەشید بەگمان ڕاسپارد بچێتە پاسگەی (ئەرتەشی تورک لە بێگژن) و داوای دیداری فەرمی لەگەڵیان بە مەبەستی ڕێگەپێدان و دەربازبوون بە خاکی باکوری کوردستانی ژێر دەسەڵاتی تورکاندا بەرەو ورمێ ڕابگەیێنێت.
ئەوە بوو پێشەکی من و کاک عەلی چەکی خۆمان تەحویلی پێشمەرگەکان دا و خۆمان بە نهێنی لە ماڵی ڕەشید بەگ چاوەڕێی وەڵام بووین، بەڵام من دەمانچەیەکم لای خۆم ڕاگرت.
تێبینی؛
کاک عەلی و ڕەشید بەگ منیان وەک بەرپرسی پێشمەرگەکان ناساندبوو، لەبەر ئەوە ئەو وەک هاوڕێ و وەرگێڕ دەوری دەنواند و دەبوو من وەڵامی پرسیارەکان بدەمەوە. بۆیە خوازیارم خوێنەر وەها بیر نەکاتەوە کە من لێرەدا بە شێوازێک ئەگەری خۆهەڵکێشان و فەرزکردن بەسەر کاک عەلی دا لەم کێشەماکێشە لەگەڵ تورکاندا هەبووە. هیوادارم ئەو ڕاستییە لە من وەرگیردرێت کە من لە وەڵامەکاندا زۆر جار هاودەنگیی بێ ئەملاو ئەولای کاک عەلی پاڵپشتم بووە. با ئەوەش بڵێم بەتەمای ڕزگاری لە چنگ تورکان نەبووم، تەنیا خەمی مەزنترم وەزعی پێشمەرگەکان و چۆنیەتیی بەسەرهاتیان بوو، گونجاوم نەدەزانی بەرپرسیارەتیی گیانی ئەوان لە بیر خۆم بەرم.
کورتەی دیداری بەرپرس و هێزی چەکداری تورکان
پاش ماوەیەک ڕەشید بەگ لە پاسگەی تورکان گەڕایەوە ماڵ. فەرماندەری تورک کەیفخۆشیی خۆی بۆ ئەوەی کە ئێمە سەر بە پ.ک.ک نین دەربڕی بوو، بەڵام بۆ وەڵامی داخوازییەکەمان وتبووی: “ئەبێت چاوەڕوانی وەڵامی فەرماندەری گشتی دوای پێوەندی پێکردنی لە هەر ئەگەرێک لە ماڵی ڕەشید بەگ بمێنین.”
لە نێوان سەعاتی یازدە و دوازدەی شەو گرمەوهۆڕ و ڕمبەرەمب لە بەر هەیوانی ژوورەکەمان و بەردەرگا هەستا. لەپڕ سەرگوردێک بە جلی سەربازییەوە بێ ئەوەی کەوشەکانی داکەنێت بۆ لای سەرەوەی ژوور سەرکەوت. تا ئەوکات ڕەشید بەگ لەسەر دۆشەکێک پاڵ کەوتبوو. هەرکات دەستی بۆ سیگارەکەی درێژ دەکرد، یەک لە پیاوەکانی کە لە بەردەرگای ژوورەکە دەستبەسینگ ڕاوەستابوو، بەپەلە دەهات و جگارەکەی بۆ هەڵدەکرد و دەگەڕایەوە سەر جێی خۆی، یەکیش بە چەکەوە لە دەرێ وەستابوو.
بە وەژوورکەوتنی سەرگورد، ڕەشید بەگ چووە جێگەی خزمەتکارەکەی خۆی و سەرگوردی تورک لە جێگەکەی ئەو پاڵ کەوت. ئەوە من و کاک عەلی لە پەنای دانیشتووین. ئازا چای گەیشتە خزمەتی فەرماندەر. لە چۆنیەتیی هاتنی ئێمە و نیاز و داواکاریمانی کۆڵیەوە و ئەوەی نیازمان بوو ڕامانگەیاند. زوو بۆمان دەرکەوت فەرماندەر سەری سازگاری لەگەڵ داخوازیی ئێمە نیە. باشم لە بیرە من کە کولەباڵم لە بەر بوو و ئاغەبانووەکەم لە ملم هاڵاندبوو، هەرچی چاوم لە فەرماندەر دەکرد پێم وابوو ئەوەندە ڕقی لێمە ئەگەر بۆی بکرێت لەجێدا دەست بە تێهەڵدانم دەکات.
هەڵبەت وەرگێڕی قسەکانمان کاک عەلی بوو کە تورکیی ئیستامبوولی باش دەزانی. پاش بێنە وبەرەیەکی کەمێک درێژ و نەبیستنی وەڵامی پێویست و ئەرێنیی فەرماندەر، وتی: “ئەبێت ئێمە لەگەڵی بچین بۆ پاسگا تا بتوانێ لەوێندەرێ پێوەندی بە لایەنی سەرووی خۆیەوە بکات و دوا بڕیارمان پێ ڕابگەیەنێت.”
ئێمەی بێچارە و لە ڕاستیدا لەداوکەوتوو، چارەیەکمان جیا لە هاودەنگی بۆ نەما. کە هاتینە دەرەوە سەیرمان کرد ماشین لە پێش ماڵەکە بە ئامادەبوونی کۆمەڵێ سەربازی چەکدارەوە وەستاوە. من و کاک عەلی بۆ سەندەڵی پشتەوەی ماشین پاڵ پێوەنراین. لە لای هەر کامەمان سەربازێک خۆی تەنگی لە نێو ماشینەکەدا بە ئێمە هەڵچنی.
جۆری هەڵسوکەوتەکەیان نیشانی دەدا کە ئێمە دەستبەسەر کراوین.
بەرەو پاسگا لێیا خوڕی. لەسەر بەرزاییەک بەرانبەر بە دێ، مەیدانێکی بەربڵاو پاسگای تێدا هەڵکەوتبوو. لەبەردەرکەی ژوورێک دایان بەزاندین. کە دەرکە کرایەوە، دیتمان دوو ڕیز سەرباز چەک بەدەست ئامادە بۆ هێرش لە ئەمبەر و ئەو بەری ساڵۆنی ژوورەکە وەستاون. کاتێک ئێمە بەنێویاندا تێدەپەڕین هەرکام سووکە قۆنداغێکیان تێدەگرتین. لە نێو ژوورەکە هەرچی لە باخەڵ و گیرفانماندا هەبوو لێیان ئەستاندین و بۆ ژوورێکی تریان بردین.
لە نێوەڕاستی ئەم ژوورە کە دیار بوو بەتایبەت چۆڵ کراوە، دەلاقەکانی بە پەتوو داپۆشرابوون. دوو سەندەڵی لە نێوەڕاستی ژوورە بەتاڵەکەدا دانرابوون، هەردووکمانیان بە دەستبەند لەسەر کورسییەکان بەستەوە.
سەربازێکی چەکدار کە چەکەکەی بەرە و ئێمە ڕاگرتبوو، لە نێو ژوورەکەدا ئێمەی لە ژێر چاودێری گرتبوو.
شەوی یەکەم بە ئەم شێوە تێپەڕی. لە فەرماندەری گۆڕین خەبەرێک نەبوو، تەنیا فەرماندەی پاسگا و چەند کەسی تر هەر جارە حەولی زانیاریی زیاتریان لەسەر ئێمە و ئامانج و تێکۆشانمان دەدا. جارێک لە سەربازی نێو ژوورەکەمان پرسی: کوردە؟ دەستی بە دمیەوە بە عەلامەتی بێدەنگ بن وەک ئەوە بڵێ “هۆس بن!” گرت! دوو ڕۆژ وەها تێپەڕی، لەو نێوەدا من بە بۆچوونی خۆم دژ بە هەڵسوکەوت و جووڵەی نارەوای بەرانبەرمان مانم لە خواردن گرت، تەنیا چاییم دەخوارد. ئەوکاتە جگەرەم دەکێشا، داوای جگەرەم کرد، پاکەتێکیان بۆ هێنام لە سەری نووسرابوو “ماڵتەپە”، لە قەراغێک دامنا و پاکەتەکەم هەڵنەپچڕی. لەو ماوەدا دوو جار منیان بردە نێو حەوشەی پاسگا و هەر جارە داوای فەرماندەکەیان ئەوە بوو جێگەی پێشمەرگەکان دەستنیشان بکەم. هەروەک پێشتریش وتبووی، خوازیار بوو ئەوان بانگهێشت بۆ خۆبەدەستەوەدان و بە وتەی خۆیان داوای پەنابەریکردن بکەن تا ئێمە بۆ هەر وڵاتێک پێمان خۆشە بەڕێی کەن.
قسەی ئێمەش ئەوە بوو ئێوە ڕێگە بە ئێمە نادەن بگەڕێینەوە وڵاتی خۆمان، هەنووکە دەڵێن بۆ دەرەوەمان بەڕێ دەکەن!؟
ئاخرەکەی ئەوەندە زەختیان خستە سەر من بۆ نیشاندانی شوێنی پێشمەرگەکان، هەرچەند من وتبووم ئێمە بەشەو گەیشتووین و ناوچەکە بەڵەد نین، وازیان نەدەهێنا. تا ئەو کاتە بە تووڕەیی وتم ئەڵڵەهو ئەکبەر دەڵێم نازانم! ئەو جار ئیتر کابرای فەرماندە نازانم چۆن بوو وازی هێنا و منی بردەوە ژوور. لەو ماوەدا پەیتاپەیتا دەنگی هێلیکۆپتەر لەسەر پاسگا و کاتی نیشتنەوەی دەبیسرا.
وەک دواتر زانیمان، لەو ماوەدا کە چوار ڕۆژی خایاند، گۆیا ڕەشید بەگ لە ترسی ئەوەی نەبادا ئێمە هەموو شتێک ئاشکرا بکەین یان بەڕاست خۆی نەخۆش ڕاگەیاندبوو و ئێمە نەماندیتەوە.
ڕۆژی سێهەم، دیسان دەنگی نیشتنەوەی هێلیکۆپتەرێک بیسترا. فرەی پێ نەچوو سێ نەفەر هاتن بۆ نێو ژوورەکەمان، پێشتر ئەوانەمان نەدیتبوو، جلی مەدەنییان لە بەر بوو، شکمان برد ڕەنگە سەر بە میتی تورک بن لە دیاربەکرەوە هاتبن.
هەمتر بەشێک لە پرسیارەکان دووپات کرانەوە، بەشی نوێی پرسیارەکان لەسەر پ.ک.ک و داخوازیی کوشتنی ئەندامەکانیان لە ئێمە بوو کە بە ئەمانەتەوە بڵێم ئێمەی تووڕە کرد. لەبیرم نەچووە من پێم وتن: ئێوە لەسەر کام بنەمای هەڵسووکەوتتان لەگەڵ ئێمە کە بە فەرمی و لەبەرچاوگرتنی یاسای سنوور پارێزیتان داوایەکی مرۆڤیمان هەیە، ئەوها لەگەڵمان جووڵاونەتەوە، چاوەڕوانیی ئەوتۆتان لێمان هەیە؟! مەگەر ئێمە پیاوی ئێوەین، بۆ دەبێت ئێمە هاوڕەگەز و هاووڵاتیی خۆمان بۆ ئێوە بکوژین؟. دیار بوو لە دەموچاویان قەڵسی بەرانبەر ئەم وتانە دەردەکەوت، بەڵام زیرەکانە خۆڕاگر بوون. یەکیان پرسیاری کاک مەحموودی دەشتی، یەک لە بەرپرسانی پێشمەرگەی حیزبی دێمۆکراتی، بە پێداگری دەکرد؛ لە کوێیە؟ چ دەکات و چی لەو دەزانین. وابزانم جارێکیش باسی کاک شاپوور، کادێری ڕێبەریی شۆڕشگێڕ کە لە سنووری لای ورمێ نیشتەجێ بوو، کرا، بەڵام نەک بە پێداگری.
ئێمە لە درێژەی ناڕەزایەتی دەربڕین بۆ شێوازی جموجۆڵی ئەوان و وەڵامی داخوازەکانمان ڕامانگەیاند: هاوڕێکانمان کەرەسەی پێوەندیی باشیان بۆ بە ئاگارکردنی ئەندامانی حیزبمان لە ئۆروپا پێیە و ڕەنگە باسکردن لە بێسەروشوێن و دەستبەسەرکرانی ئێمە ببێتە هۆی ڕێپێوان و دەربڕینی ناڕەزایەتی لەبەردەرگای کونسوڵخانەکانی تورکیە لە ئوروپا و لەقاودانی هەڵسووکەوتی نادێمۆکراتیی ئێوە. ئەوەشمان وت: “ئێمە وەک وڵاتێکی دێمۆکرات حسابمان لەسەر ئێدعاکانی ئێوە کردوە، نەمانزانی وەها لەگەڵمان دەجووڵێنەوە!” بەم وتانە یەک لە مەعموورەکان بە تووڕەیی وتی: “هەی! تۆ ئێمە دەترسێنێ؟!”
دواتر ئێمەیان بردە دەرەوەی ژوورەکە، لە بەرانبەرمان لە بەرزایی ڕووبەڕووی بێگژن لە خاکی باشوور پاسگایەکی عێراق دیار بوو، وتیان تەحویلی ئەوێتان دەدەین. منیش بە یارمەتیی کاک عەلی وتم: دەی بۆ مەعتەلن، خۆ ئێمە ناترسێن، ئەوان نەک هەر دژمان نین یارمەتیشمان دەکەن.
دیسان داوای خۆڕادەستکردن و تەحویلدانی چەکەکانمانیان خستە ڕوو تا بتوانن بەرەو ورمێ بمانگوێزنەوە. هەڵبەت داواکەیان بێوەڵام مایەوە.
پاش دوو تا سێ سەعات تیمی تازە هاتوو پاسگایان بەجێ هێشت. ڕۆژی چوارەم ئێمەیان لای پاشنیوەڕۆ بانگهێشت کرد و هەموو ئەو شتومەکەی لێیان وەرگرتبووین وێمان درایەوە. دیارە منیش پاکەتە سیگارەکەی سەرەتا داوام کردبوو، بە بێ کەڵکلێوەرگرتن بە زیادکردنی ئەم وتەیە: “ئەوە سیگارەکانتان، من سیگاری تورکیم بە دڵ نەبوو.” تەحویل دانەوە. فەرماندەری بەرپرس وەهای نیشان دا کە قسەکانی منی نەبیستووە! ڕایانگەیاند ئەوە بەڕێتان دەکەین بۆ ئەوبەری چۆم واتە عێراق، ڕێگەکە بەنێو گوندی بێگژن دا تێدەپەڕێت، ڕێگەپێدراو نین لەگەڵ خەڵکی گوند قسە بکەن.
لای دەوروبەری سەعاتی چواری ئێوارە بوو کە لە ژوورەکە بەرەو دێ و سەرچۆم وەڕێکەوتین، تەماشامان کرد ژمارەیەکی یەکجار زۆر سەربازی چەکدار بەروپشت و ئەملاو ئەولای ئێمەیان کاتی داگەڕان بە ڕیز تەنیوە. بۆ من وەک دیمەنی بەشێک لە فیلمێکی “یۆڵ”ـی یەڵماز گونەی دەهاتە بەرچاو.
خەڵکی گوند بە دیتنی ئەم حەشیمەتە بەجارێک لە کۆڵانان، بەردەرکە و سەربان وەک ئەوەی تەماشای زەماوەند یا هەڵگرتنی فیلمێکی سینەمایی بکەن، بەڵام بە حاڵەتێکی خەماوی چاویان لێ دەکردین. ژنەکان دەسڕۆکەیان بە بەردەمی خۆیاندا گرتبوو.
گەیشتنمان بە یەکەم کۆڵان کە چەند ژن وەستابوون، من کە پێشتر بیرم لە وەزعی پڕ لە مەترسیی پێشمەرگەکان و بەبێ نانوپێخۆر مانەوەیان کردبووەوە، بەمێشکمدا داهات و داوای نانم لە ژنەکان کرد و وتم: “کەرەما خۆ، نان دەخوازین.” خودا هەڵناگرێ یەکیان ئازا وابزانم ئەوەی لە ماڵ هەیان بوو هێنای و بە سەر دەستی منیدا دا.
پێشمەرگەکانی خۆمان کە لەوبەرەوە بە دیتنی ئێمە هاتبوونە سەر چۆمەکە نزیک کەوتبووین و وەستاین. من مەلەم بە باشی نەدەزانی، ئاوی چۆمەکە بڕێک زۆر بوو، لەو بەر کاک بایز عەوڵاسوور، پێشمەرگەی لاوی ئازا کە بەداخەوە چەند ساڵ دواتر شەهید بوو، بە مەلەکردن بە پیرمەوە هات و یارمەتیی پەڕینەوەی دام.
بەر لە هەموو چاک و چۆنییەک من بە بایز کە کەمێک عەرەبی دەزانی و یەک دوو کەسی تری ترەم وت: ئازا خۆ بگەیێننە سەر ئەم شاخە پایگای عێراقییەکانی لێیە، پێیان بڵێن ئێمە جەماعەتی مەعارزەی ئێرانین، ئەوە لە ورمێڕا گەڕاوینەوە پێمان وتراوە خۆ ڕادەستی ئێوە بکەین.
با ئەوەش زیاد بکەم شوێنی حەشارگەی پێشمەرگەکان دوور و لە بنەوەی پایگای عێراقییەکە بە شێوازێک هەڵکەوتبوو هەم چڕ و هەم نەبینراو لە سەرەوە بوو، دیار بوو عێراقییەکان هەستیان بە بوونی ئەوان لەو شوێنە نەکردبوو.
خولاسە چوو بووین بۆ سمێڵ خەریک بوو ڕدێنیشی لەسەر دانێن! لە چەنگ نەیارێک ڕزگاریمان بوو، ئەوە جار بەناچار کەوتینە بەر دەست نەیارێکی تر کە وێرای پێوەندیی پێشوو باشتر لە تورکان لەگەڵمان نەجووڵانەوە. ئەمەش داستانی تایبەتی خۆی هەیە.
دەبێ ئەوەش زیاد بکەم دواتر ڕەشید بەگ دەمانچەکەی منی بەڕێگەی کاک شاپوور، کادێری ناوەندی یەکدا بۆ من ناردەوە.
سدێق بابایی
٣/١١/٢٠٢٦
***
تێبینی کاک فەتاح ڕیحانی فەرماندەی پێشمەرگەکان لە سەفەری بێگژن.
لە گەڵ سپاس بۆ بەڕێزیان.
سلاو ڕیزی تایبەت دوبارە. لە پیش هەمو باس و خواسێک دەست خوش زور بە وەردی ئاماژەت پێکردوە، کە جەنابت ئەکتەری سەرەکی بووی، منیش لیرە دا هیندیک سەرنجی خوم دەخەمە سەر
1. پیم وایە دەبوو تا گەڕانەوە بو بنکەکانی حیزب باست کردبا بە تایبەتی هەلسوکەوتی سوپای ئیراقی لە سپیلک٢
2. پیم وایە باسیکی کورتت لە سەر وەزعی پ م کان لە ئەو بەری گوندی بیگەژنە لە ماوەی ئەو چەند روژە کە ئیوە لە تورکیە بوون کردبا ، بە تایبەتی نەبوونی خواردەمەنی و پەنا بردن بە خواردنی ڕیشەی دار و بوق و کیسەل و تەنات بیر کردنەوە لە خواردنی گۆشتی ئەسبی مام خالیس
3. پیم وایە ئاماژەیەکی کورت کردبا کە کاتیک ئێوە لە پاسگای تورکیە بوون، چەندین جار ئەفسەرەکانی تورک مەرجی ئازاد کردنی ئیوەی بە خۆبەدەستەوەدان بە ئیمە دا و هەر وەها لە ماوەی ئەو چەند رۆژە بە تەواوی سنوری تورکیان میلیتاریزە کردبوو و بە هۆی جموجۆڵی سوپای تورکیە و سوپای ئێراقیش کەوتبوو ئامادە باشی تەواوا.
4. کورتەیەک باسی ڕوحیەی پ م و بە پەروشێ ئەوانت کردبا.
5. شوینی دیوی شنۆ لە ڕۆژهەڵات، بنکە پێموایە هیندیک نامفهومە، دەکرێ بنوسری هاوسنوری شاری شنۆی ڕوژهەڵات.
6. پیم وایە شاری سوران دروستر بێ لە ڕواندز.
7. هەر چەند جەنابت زیاتر هەڵسوکەوت دەگەل نابراو (ڕەشید بەگ)هەبوو بەڵام پێم وایە ئەگر ناوی خەیانەت لێنەنێن کە ناوبراو درحەق بە ئێمەی کرد پێم وایە لە هاوکاری پەشیمان بۆوە هەر ئەویش ژاندارمەری ئاگادار کردەوە ، لام وایە هۆکاری سەرەکی رشید بەگ بوو.
8. بە هاتنەوەی ئێوە پ م زۆر زۆر خۆشحاڵ بوون لە دایک بونێکی دەیکەیان تاقی کردەوە، بە گشتی هەمویان زور فیداکار و دڵسوز بوون.
ئەوانەی تەنیا وەک ڕوانگە و تێگەیشتنی خوم باسم کردوە زور سەرنج راکێش بوو کە بە سێ زاراوەی کرمانجی، هەورامی و سۆرانی نوسیوتە، جارێکی دەیکەش دەست خوش و ژیانێکی ئاسودە و ئارام دەگەڵ بنەماڵەی بەرێزت تیپەر بکەی.
شیاوی پێداگریە کە کاک سمایل ئەقدەم وەک بەرپرسی دەستەیەک لە پێشمەرگەکان سەرجەمی نووسینەکەی لا پەسەند و خۆی بەشی سێهەم واتە هەڵبژاردنی ڕێگەی قەندیلی دواتر بۆ درێژەی سەفەرەکە بە تەفسیر نووسیوە.
