کۆماری ئیسلامیی ئێران مێژوویەکی درێژی لە تیرۆرکردنی ڕێبەران، ئەندامان و چالاکوانانی ئۆپۆزیسیۆن لە دەرەوەی وڵات (بەتایبەت لە وڵاتانی دراوسێ و ئەورووپا) هەیە.

کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی چەندین دەیەی ڕابردوودا بەردەوام هێڵێکی سووری توندی بەرانبەر بە هەر چەشنە دەنگێکی ناڕازی و ئۆپۆزیسیۆن هەبووە. ئەم دەسەڵاتە نە تەنیا لە ناوخۆی وڵاتدا ژینگەیەکی ئەمنی و سەرکوتگەری پێک هێناوە، بەڵکوو سنووری وڵاتانی تێ پەڕاندووە و هەڕەشەی بۆ سەر ژیان و ئازادیی ئەو هاووڵاتی و چالاکوانە سیاسییانەش دروست کردووە کە ناچار بە پەنابەری و نیشتەجێبوون لە دەرەوەی وڵات بوون.
لە سیستەمی دادوەریی ئێراندا، هیچ پێناسەیەکی سەربەخۆ بۆ “مافی سیاسی” یان “ئۆپۆزیسیۆن” بوونی نییە؛ بەڵکوو هەموو جۆرە رەخنەیەک، چالاکییەکی مافی مرۆڤ، یان تێکۆشانێکی نەتەوەیی و دێموکراتیک وەک “جەنگ دژی خودا (محاربة)” یان “کردەوە دژی ئاسایشی نەتەوەیی” هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت.
غوڵامحسەین موحسنیی ئیژەیی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی کۆماری ئیسلامی لە نوێترین لێدوانی بە شێوازێکی سیستماتیک داوای خێراکردنی ڕەوتی دادگاییکردن و پێکهێنانی دۆسیە بۆ ئەو ئێرانییانە دەکات کە لە دەرەوەی وڵات دژی سیستەم چالاکی دەکەن. ئەم هەنگاوە نیشانەی ئەوەیە که:
دەسەڵاتی دادوەری لە ئێراندا نەک هەر سەربەخۆ نییە، بەڵکوو بووەتە ئامرازێک بۆ سزادان و سەرکوتکردنی نەیارە سیاسییەکان.
بە خێراکردنی دۆسیەی کەسانی دەرەوەی وڵات، ڕژێم دەیەوێت ترس و دڵەڕاوکێ لەناو کۆمەڵگەی ئۆپۆزیسیۆن و پەنابەراندا بڵاو بکاتەوە.
حکوومەتی ئێران تەنیا بەوە ڕازی نابێت کە دۆسیە بۆ کەسانی دەرەوەی وڵات بکاتەوە، بەڵکوو زۆر جار گوشاری دەروونی و ئەمنیی توند دەخاتە سەر دایک، باوک، برا و خوشک و کەسوکاری ئەو کەسانە کە لە دەرەوە چالاکن، بە مەبەستی ئەوەی ناچاریان بکەن دەست لە چالاکیی سیاسی هەڵگرن.
لەم چوارچێوەیەدا، گەلی کورد لە ئێران و بەتایبەت ئەندام و لایەنگرانی حیزبە ئۆپۆزیسیۆنەکان وەک حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، قوربانیی سەرەکیی ئەم سیاسەتە دڕندانەیەن. کۆماری ئیسلامی هەرگیز چاوی لەسەر تێکۆشان و داواکارییە مافخوازەکانی نەتەوەی کورد نەبووە، بەڵکوو بە شێوازی جۆراوجۆر هەوڵی لەناوبردن، تیرۆرکردن و لەسێدارەدانی لاوان و ڕۆشنبیرانی کوردی داوە.
ئەم هەڕەشانەی ئێستا کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی تارانەوە دەکرێن، جەختکردنەوەیە لەسەر ئەو ڕاستییەی کە کۆماری ئیسلامی هیچ کات ڕەحم بە هاووڵاتییانی خۆی و بەتایبەت ئەو کەسانە ناکات کە داوای مافی مرۆڤ، ئازادی و دیموکراسی دەکەن.
دەرەنجام
سەرکوتکردنی دەنگە ئازادەکان لە دەرەوە و ناوەوەی سنوورەکان، نیشانەی لاوازی و ترسی سیستەمە لە ویست و ئیرادەی گەلان بۆ گۆڕانکاری. پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ چاو لەم هەڕەشە مەترسیدارانەی کۆماری ئیسلامی بکەن و بەرگریی لە ژیان و سەلامەتیی ئۆپۆزیسیۆن و پەنابەرانی ئێرانی و بەتایبەت کوردی دەرەوەی وڵات بکەن.

ئیدریس هاشمی/ 01-11-2026 – Swed
