«چارلز کورزمەن» لە کتێبی «انقلاب تصورناپذیر در ایران»دا باسی ئەو هۆکارانەی کردووە کە بوونە هۆی هەڵگیرسانی شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاویدا.

ساڵی ١٣٥٦ی هەتاوی کە خۆپێشاندان و مانگرتنی ناڕازییان دژی ڕێژیمی پەهلەوی دەستی پێ کرد، دۆخی ڕێژیم لە ڕواڵەتدا سەقامگیر لێک دەدرایەوە. ڕێژیمی پەهلەوی ئەزموونێکی زۆری لە بەڕێوەبەریدا هەبوو و بەتایبەت تا پێش ساڵی ١٣٥٥ بەهۆی فرۆشتنی نەوتەوە داهاتێکی زۆری دەستکەوتبوو (ئەگەرچی هەر لەو ساڵەوە ئابووری ڕووی لە قەیران و هەڵئاوسان کردبوو)؛ هاوکات دەزگایەکی ئەمنییەتیی توند وەک ساواک، ئەرتەشێکی پۆشتە و، پشتیوانییەکی بەرفراوانی نێودەوڵەتیی لەپشت بوو. لە بەرانبەریشدا تا ساڵی ١٣٥٦ی هەتاوی، بەهۆی سەرکوتی بێبەزەییانەی پۆلیسی و بەرتەسککردنەوەی تەواوەتیی فەزای سیاسی لەلایەن دەسەڵاتەوە، مەجالی چالاکیی لە حیزب و هێزە دژبەرەکانی ڕێژیم زەوت کرابوو و لاواز کرابوون. بۆیە بۆ زۆرێک لە چاودێران ئەو پرسیارە دروست دەبێت: چۆن بوو خەڵکی ئێران دژی وەها دەسەڵاتێک شۆڕشیان کرد و شۆڕشەکەش لە ماوەیەکی کەمدا سەرکەوت؟!
چارلز کورزمەن لە کتێبەکەیدا بەمجۆرە وەڵامی ئەو پرسیارەی داوەتەوە:
• یەکەم؛ شۆڕشەکە ڕەگ و ڕیشەی سیاسیی هەبوو. لە ساڵی ١٣٥٦ەوە فەزایەکی تا ڕادەیەک کراوەی سیاسی وای کرد خەڵک بتوانن ناڕەزایەتی دەرببڕن. خومەینیش لە ڕێگەی گەیاندنی پەیامەکانی بە نەواری کاسێت، کەسانی سیاسی، نوخبەی کۆمەڵگە و جەماوەری بۆ ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانەکان هان دەدا. جگە لە خومەینی، زۆر زانای ئایینی و کەسایەتیی سیاسیی وەک داریوش فرووهەر، کەریم سەنجابی و شاپوور بەختیار نامەیان بۆ دەربار و بەتایبەت بۆ محەممەدڕەزاشا نووسیبوو.
• دووهەم؛ هۆکاری سەرهەڵدانی شۆڕشی ١٣٥٧ی هەتاوی، دامەزراوە ئایینی و ئایدیۆلۆژییەکانی ئایینزای شیعە بوون؛ کە کورزمەن ئەمە بە یەکێک لە هۆکارەکانی سەرهەڵدانی شۆڕش دەزانێت. کورزمەن دەڵێت ساڵی ١٣٥٦ی هەتاوی زیاتر لە ٩ هەزار مزگەوت و حوسێنییە لە سەرتاسەری ئێراندا هەبوون. مزگەوتەکان شوێنێکی گونجاو بوون بۆ کۆبوونەوە، ڕێکخستن، ئاراستەکردن و پەرەپێدانی ناڕەزایەتیی خەڵک، بەتایبەتی بۆ خوێندکارانی ئایینی (فەقێکان) و قوتابییانی لاو کە لە سەنگەری مزگەوتەکانەوە لە هاندانی خەڵکی ناڕازی دژی ڕێژیمی پەهلەوی بەردەوام بوون.
• سێیەم؛ هەڵگیرسان و سەرکەوتنی شۆڕشی ١٣٥٧ی هەتاوی ڕەگ و ڕیشەی لە ئابووریی وڵاتدا هەبوو. ئەگەرچی لەو سەردەمدا نرخی نەوت چووبووە سەرەوە و ڕێژیم نەوتی زۆری بە نرخێکی گران فرۆشتبوو، بەڵام سیاسەتەکانی ڕێژیمی پەهلەوی لە بواری گەشەسەندنی ناهاوسەنگی ئابووری و مرۆییدا، کەلێنی چینایەتیی زۆری لە نێوان خەڵکی هەژار و دەوڵەمەنددا دروست کردبوو و هەر ئەوەش سەری ڕێژیمی خوارد.
• چوارەم؛ لاوازی و بێتوانایی هێزی نیزامیی ڕێژیمی پەهلەوی بوو لەوەدا کە نەیانتوانی خەڵکی ناڕازی لەسەر شەقام سەرکوت بکەن و پێش بە مانگرتنی بازاڕییان، کارمەندان و کرێکارانی پیشەسازی—بەتایبەت لە پیشەسازیی نەوتدا—بگرن.
• پێنجەم؛ ئەو هۆکارەی کورزمەن باسی دەکات، هەڵبژاردنی جیمی کارتێر بوو بە سەرکۆماری ئەمریکا. جیمی کارتێر لە کێبەرکێی هەڵبژاردنەکاندا بۆ سەرکۆماریی ئەمریکا ڕایگەیاندبوو کە: «ئەرکی پیرۆزی من، پارێزگاری لە مافی مرۆڤە لە سەرتاسەری دونیادا». ئەو دروشمەی کارتێر محەممەدڕەزاشای پەهلەوی زۆر تووڕە کردبوو و، تەنانەت کاتێک کارتێر لە ساڵی ١٣٥٦ی هەتاویدا بوو بە سەرکۆماری ئەمریکا، محەممەدڕەزاشا ڕایگەیاند کە جووەکان ئەمریکا بەڕێوە دەبەن و حوکمی ئەو وڵاتە دەکەن؛ بەڵام هاوکات دژبەرانی ڕێژیمی پەهلەوی بە قسە و ڕوانگەکانی کارتێر زۆر دڵخۆش بوون.
چارلز کورزمەن لە کتێبەکەیدا زۆر هۆکاری لاوەکی و جۆراوجۆری دیکەشی بۆ وەڕێکەوتنی شۆڕشی ١٣٥٧ی هەتاوی لە ئێراندا باس کردووە، بەڵام بە بڕوای من ئەو پێنج هۆکارە دەتوانن هۆکاری ڕیشەیی بن بۆ سەرهەڵدانی ناڕەزایەتیی خەڵکی ئێران و سەرئەنجام ڕووخانی ڕێژیمی پەهلەوی و سەرکەوتنی شۆڕشی ١٣٥٧ی هەتاوی.
ڕوون و ئاشکرایە شۆڕشی گەلانی ئێران بە ڕۆژێک دەستی پێ نەکرد و زووش بە ئاکام نەگەیشت. جیا لە پاشخانێکی دوورودرێژ دژی سیستەم، لە ساڵی ١٣٥٦ی هەتاویدا بڵاوکراوەیەک لە زانکۆی پیشەیی ئیسفەهان (صنعت اصفهان) بڵاو بووەوە؛ پرسیار کرا کێ ئەوەی بڵاو کردووەتەوە؟ گوتیان مونتەزیری؛ پاشان پرسییان بە بڕیاری کێ؟ وەڵام وەرگیرایەوە: «خومەینی». دوای ئەو ڕووداوە، ڕۆژی ١٧ی بەفرانباری ١٣٥٦ لە ڕۆژنامەی «اطلاعات»دا بابەتێک بڵاو کرایەوە بە ناوی «ئێران و داگیرکاریی ڕەش و سوور» (ایران و استعمار سرخ و سیاه)، کە تێیدا باس لە هاوکاریی کۆمۆنیستەکان و مەزهەبییەکان بۆ دژایەتیکردنی شا و شۆڕشی سپیی شا کرابوو و دواجاریش بە توندی هێرش کرابووە سەر خومەینی.
کاردانەوە بەرانبەر بە نووسینی ئەو بابەتە لە شاری قوم، بەتایبەت لەلایەن مەلا گەنجەکانەوە دەستی پێ کرد و لەگەڵ وەڕێکەوتنی خۆپێشاندانەکان دروشم دژی شا و ڕێژیمی پەهلەوی بەرز کرایەوە. خۆپێشاندانەکان هەر لە جێدا سەرکوت کران و چەند کەس لە خۆپێشاندەران کوژران؛ بەڵام خۆپێشاندانەکان لە چلەی ئەو کوژراوانەدا سەری هەڵدایەوە و ئەمجارەشیان کۆمەڵێک کەسی دی کەوتنە بەر دەستڕێژی هێزە چەکدارەکانی دەوڵەت و، ئەم زنجیرەیە لە خۆپێشاندان و سەرکوتی توندوتیژ هەتا ١٦ی خەرمانانی ١٣٥٧ی هەتاوی درێژەی کێشا.
لەو ماوەیەدا خەڵک زۆر و بەربڵاو بەشداریی خۆپێشاندان و مانگرتنەکانی دژی ڕێژیمی پەهلەوییان نەدەکرد؛ بەڵام پاش کرانەوەیەکی ڕێژەیی لە ڕۆژی ١٦ی خەرمانانی ١٣٥٧ی هەتاویدا، خەڵک بە لێشاو و بە هەراوی بەشدارییان لە خۆپێشاندانەکان دژی ڕێژیمی پاشایەتیی پەهلەوی کرد و لەو ڕۆژەدا سەرکوتی خوێناوی و کوشتنی خۆپێشاندەران ڕووی نەدا. بۆ سبەینێی ئەو ڕۆژە (١٧ی خەرمانان) خەڵکێکی زۆرتر لە مەیدانی ژاڵەی تاران کۆ بوونەوە؛ پۆلیس و هێزە چەکدارەکانی ڕێژیم تەقەیان لە خۆپێشاندەران کرد و خەڵکێکی زۆر کوژران. ئیدی لەو ڕۆژەوە دروشمی خەڵکی ناڕازی گۆڕانی بەسەردا هات؛ ئەگەر هەتا ئەوکات دروشمەکان زۆرتر داخوازیی سەندیکایی، پیشەیی و بۆ باشترکردنی دۆخی ژیان بوون، بۆ دروشمی ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی گۆڕدران و، دواتریش ڕۆژ بە ڕۆژ خەڵکی زۆرتر بەشدارییان لە خۆپێشاندانەکاندا دەکرد.
خۆپێشاندانەکان بوونە چەند سەد هەزار کەسی و مانگرتنەکان بڕستیان لە حکوومەت بڕی. بازاڕ لە شارەکاندا دادەخرا و کار و جووڵەی ئابووری و تەنانەت کارگێڕیش—بەتایبەتی لە پیشەسازیی نەوتدا—پەک خران. بەو جۆرە بە کەمتر لە ساڵێک خەبات و خۆڕاگری، شۆڕشی ١٣٥٧ی گەلانی ئێران دژی ڕێژیمی پاشایەتی سەرکەوت. بەپێی ئامارەکان زیاتر لە لە سەدا دە (%١٠)ی خەڵکی ئێران بەشدارییان لەو شۆڕشەدا کردبوو؛ لە حاڵێکدا لە شۆڕشی بەناوبانگی فەڕانسەدا کەمتر لە سەدا دوو (%٢)ی خەڵک و لە شۆڕشی یەکێتیی سۆڤیەتدا کەمتر لە سەدا یەک (%١)ی خەڵک بەشدارییان کردبوو.
پرسی جەوهەری ئێستا ئەوەیە کە ئەگەر نزیک بە پەنجا ساڵ پێش ئێستا، خەڵکی ئێران بەو هۆکارانەی باس کران شۆڕشێکی بێوێنەیان لە دژی ڕێژیمی پەهلەوی وەڕێ خست و بە کەمتر لە ساڵێک سەرکەوتوو بوون؛ ئەی بۆ دەبێت ئێستا خەڵکی ئەو وڵاتە کاولکراوە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە، ئەو شانازییە بۆ دەستەبەرکردنی ژیانێکی شایەن بە خۆیان دووپات نەکەنەوە؟! خۆ ڕێژیمی ئێستا زۆر لە ڕێژیمی پەهلەوی خوێنمژتر و پاوانخوازترە.
• ئەگەر ئەو کات بەهۆی پارەی زۆر و بەڕێوەبەرایەتیی خراپ، ئابووریی ئێران تووشی ئاوسانی ئابووری ببوو و کەلێنی چینایەتی لە پەرەسەندندا بوو، لە ئێستادا ئەو دۆخە سەد قات زیادی کردووە؛ زیاتر لە نیوەی خەڵکی ئێران لە هەژاریی موتڵەقدا دەژین، دزی و گەندەڵی لە هەموو جومگەکانی حوکمڕانیدا ڕەگی داکوتاوە، تمەن ئەوەی بەها و بایەخە نەیماوە و ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ زیاتریش دادەبەزێت؛ قەیرانەکان یەک و دوو نین و نەک هەر گەرووی ڕێژیم، بەڵکوو داهاتووی وڵاتیشیان بەرەو کارەسات بردووە؛ بارودۆخ بۆ ڕاپەڕین و شۆڕش لەوە لەبارتر نابێت!
• ئەگەر ئەو کات باوەڕمەندان بە تێکەڵاوی و ئاوێتەیی ئایین و دەسەڵات (ئاخوند) نەناسرابوون، لە ئێستادا خەڵک بە تەواوی ئاخوندیان ناسیون و نموونەی دەسەڵاتداریی ئیسلامییان ئەزموون کردووە.
• ئەگەر ئەو کات دەرفەتی چالاکیی هێزە سیاسییەکان لەژێر زەبری ساواکدا تەواو بەرتەسک کرابووەوە، لە ئێستادا پۆتانسێلی گەورەی سیاسی لە وڵاتدا هەیە؛ بەتایبەت لە کوردستاندا کە بە بوونی حیزبی بەئەزموون و شوێندانەر، بزووتنەوەیەکی سیاسیی بەهێز لە ئارادایە کە بۆ خەڵکی هەموو بەشەکانی دیکەی ئێران بۆ ئیلهاموەرگرتن لە جۆر و شێوازەکانی خەبات و تێکۆشان دەبێتە سەرمەشق.
• ئەگەر لە کاتی ڕێژیمی پاشایەتیی پەهلەویدا وا دەهاتە بەرچاو کە ئەرتەشی ئێران بەهێز و لەشکاننەهاتووە و تەنانەت ناوی «ژاندارمی ناوچە»ی لەسەر داندرابوو؛ خۆ هەر ئەو کات بینیمان ئەو سوپا زەبەلاحە لە بەرانبەر هێز و ویستی گەلانی ئێراندا داماو و دەستەوەستان مایەوە و خۆی ڕادەستی شۆڕش کرد. بێگومان ڕەنگە سەرکوت بتوانێت ڕەوتی شۆڕشەکان کەمێک دوا بخات، بەڵام ئەوەی سەردەکەوێت هەر ئیرادەی خەڵک و شۆڕشگێڕانە.
• ئەگەر ئەو کات کەرەسەی پڕوپاگەندە و تەبلیغاتی دژی ڕێژیمی پەهلەوی تەنیا لە چوارچێوەی قسە و باسی خوێندکاران لە زانکۆ، قوتابییان و فەقێیەکان لە حوسێنییە و مزگەوتەکان، کۆڕ و کۆبوونەوەی سیاسیی بچووک و، ئاڵوگۆڕکردنی نامە و بڵاوکردنەوەی نەواری کاسێتدا سنووردار بوو؛ لە ئێستادا دەزگای ڕاگەیاندن زۆر و بەربڵاوە و، بوونی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە بە ئاسانیش لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی ڕێژیمەوە کۆنترۆڵ ناکرێن، دۆخەکەی گەلێک لەبارتر کردووە.
• ئەگەر لەو سەردەمدا تەنیا پەیامی جیمی کارتێر لە ئەمریکا و لە پڕوپاگەندەی هەڵبژاردندا، کۆشکی کریستاڵیی محەممەدڕەزاشای پەهلەوی خستبووە لەرزین؛ لە ئێستادا چەمکی پارێزگاری لە مافی مرۆڤ گشتگیرتر بووە و بووەتە ڕۆژەڤی هەر کۆڕ و کۆمەڵێکی سیاسی و مرۆڤدۆست لە جیهاندا.
• ئەگەر ئەو کات شەرعییەتی سیاسیی ڕێژیمی پەهلەوی لە دنیای دەرەوەدا کەمتر قسەی لەسەر بوو، خۆ ئێستا ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هیچ شەرعییەتێکی سیاسیی نییە و تەنانەت بە هۆکاری سەرەکیی هەموو ناسەقامگیرییەکان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جیهاندا دادەنرێت.
• لەوەش گرنگتر؛ ئەگەر لە ساڵەکانی ١٣٥٦ و ١٣٥٧ی هەتاویدا خەڵکی ئێران بە بەرزکردنەوەی دروشمی ڕووخانی ڕێژیمی پەهلەوی دەیانزانی چییان ناوێت بەڵام لە ڕاستیدا نەیاندەزانی چییان دەوێت (یان لانیکەم هاواریان نەدەکرد چییان دەوێت)؛ بەڵام لە ئێستادا هەم دەزانین چیمان ناوێت (کۆماری ئیسلامی)، و هەم دەزانین چیمان دەوێت کە دێموکراسی، ئازادی و یەکسانیی ماف و داواکانە.
ئەگەر دوو ڕێژیمی دیکتاتۆر و جینایەتکاری پەهلەوی و کۆماری ئیسلامی لە دوو کات و زەمانی جیاوازدا لە تەنیشت یەکتر دابنرێن—کە یەکیان نزیک بە پەنجا ساڵ پێش ئێستا بە ئیرادە و ڕابوونی گەلانی ئێران و لە شۆڕشێکی بێوێنەدا تۆماری تەمەنی پێچرایەوە—بێگومان هیچ بەربەستێک نابێتە هۆکار بۆ ئەوەی ئەو شۆڕشە بەلاڕێداچووەی ساڵی ١٣٥٧ جارێکی دیکە قەقنەسئاسا نەبووژێتەوە؛ و، بە ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی و وەدیهێنانی ماف و داوا ڕەواکانی هەموو پێکهاتەکانی ئێران، بگاتە دوایین وێستگەی خۆی.
سەرچاوە: کوردستان مێدیا
