لە دابەشکردنی جوگرافیاوە تا گەمارۆدانی ناسنامەی نەتەوەیی

پێشەکی: کوردستان لە نێوان جوگرافیا و چارەنووسدا
کوردستان تەنها ناوچەیەکی جوگرافیایی نییە؛ خاکی نەتەوەیەکە کە لە ماوەی سەدەکاندا ناسنامە، زمان، کولتوور، بیرەوەریی هاوبەش و داواکاریی سیاسیی خۆی پاراستووە. بەڵام ئەم خاکە، لە ئەنجامی پەیماننامە، شەڕ، هاوسەنگیی هێزەکان و بەرژەوەندیی دەوڵەتانی هەرێمی و جیهانی، بەش بەش کراوە و چارەنووسی نەتەوەکەی بە یەکێک لە ئاڵۆزترین پرسیارە نەتەوەییەکانی ناوچەکە گۆڕیوە.
کێشەی کورد تەنها ئەوە نییە کە خاکەکەی دابەش کراوە؛ بەڵکوو ئەوەشە کە لە زۆر قۆناغدا هەوڵ دراوە مافی سیاسیی کورد بە داواکارییەکی ناوخۆیی و سنووردار کورت بکرێتەوە، ناسنامەی نەتەوەیی لە بەرژەوەندیی دەوڵەتانی دەسەڵاتداردا بتوێتەوە، و خەباتی کورد بخرێتە خزمەتی ستراتیژیی هێزگەلێک کە بەرژەوەندییەکانیان لەگەڵ مافی نەتەوەیی کورد هەرگیز یەک ناگرێتەوە.
لەم وتارەدا هەوڵ دەدەم پەیوەندیی نێوان دابەشکردنی کوردستان، سیاسەتی هێزە هەرێمی و جیهانییەکان، گۆڕینی دیمۆگرافیا، کێشەی ناسنامە و ئاراستەی هەندێک لە ڕێکخراو و لایەنە سیاسییە کوردییەکان بخەمەڕوو. مەبەست ئەوە نییە هەموو ڕووداوەکان بە یەک پلان و یەک هۆکارەوە ببەستمەوە؛ بەڵکوو ئەوەیە پرسیاری بنەڕەتی بخەمەڕوو: ئایا ستراتیژیی سیاسیی کورد تا چەندە لە خزمەتی بەدەستهێنانی مافی نەتەوەکەیە، و تا چەندە لەگەڵ گۆڕانی بەرژەوەندیی هێزە دەرەکییەکاندا ئاراستەی خۆی دەگۆڕێت؟
١. دابەشکردنی کوردستان؛ مێژوویەک کە هێشتا کۆتایی نەهاتووە
دابەشبوونی کوردستان تەنها ئەنجامی سنوورکێشانی جوگرافیایی نەبوو؛ بەڵکوو بووە هۆی ئەوەی پرسی نەتەوەیی کورد لە چوارچێوەی چەند دەوڵەتدا بە شێوەی جیاواز و بە شێوەیەکی زۆر جار دژبەیەک مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.
لە بەشەکانی کوردستاندا، سیاسەتەکانی ناوەندگەرایی، ئاسیمیلاسیون، سنووردارکردنی زمانی کوردی، سەرکوتی سیاسی، ئاوارەکردن و لە هەندێک شوێندا گۆڕینی دیمۆگرافیا، کاریگەرییەکی قووڵیان لەسەر ژیانی کۆمەڵایەتی و پەیوەندیی نەتەوەیی داناوە.
کورد لە زۆر قۆناغدا ناچار بووە لە نێوان پاراستنی ناسنامەی خۆی و مامەڵەکردن لەگەڵ دەسەڵاتێکدا هەڵبژێرێت کە مافە نەتەوەییەکانی بە تەواوی قبووڵ نەکردووە. ئەم دۆخە، لەگەڵ نەبوونی دەسەڵاتێکی یەکگرتووی نەتەوەیی، وای کردووە خەباتی کورد زۆرجار لە چوارچێوەی ناوخۆیی دەوڵەتانی داگیرکەر بمێنێتەوە، لە کاتێکدا پرسی سەرەکیی کورد پرسی ماف، ناسنامە و دیاریکردنی چارەنووسی خۆیەتی.
بەڵام نابێت دابەشبوونی کوردستان بە مانای لەناوچوونی یەکەی نەتەوەیی دابندرێت. سنووری سیاسی دەتوانێت خاک دابەش بکات، بەڵام بە تەنها ناتوانێت بیرەوەریی هاوبەش، زمان، کولتوور و هەستی نەتەوەیی بسڕێتەوە.
٢. هێزە هەرێمی و جیهانییەکان؛ هاوپەیمانیی کاتی و بەرژەوەندیی هەمیشەیی
لە سیاسەتی ناوچەکەدا، هاوپەیمانی زۆرجار لەسەر بنەمای بەرژەوەندی دروست دەبێت، نەک لەسەر بنەمای پابەندبوونێکی هەمیشەیی بە ماف و چارەنووسی گەلێک. بۆیە کورد لە هەندێک قۆناغدا بووەتە هاوپەیمانیی پێویست بۆ هێزێکی دەرەکی، بەڵام کاتێک هاوسەنگیی هێزەکان گۆڕاوە، هەمان هاوپەیمانییە دەتوانێت پشتی تێ بکات.
ئەمە وانەیەکی گرنگە بۆ هەر ستراتیژییەکی نەتەوەیی: نابێت مافی گەلێک بەوە ببەسترێتەوە کە هێزێکی دەرەکی لە چ قۆناغێکدا پێویستی پێیەتی. هاوکاریی نێودەوڵەتی دەتوانێت گرنگ بێت، بەڵام نابێت ببێتە جێگرەوەی ستراتیژیی سەربەخۆی نەتەوەیی.
هەر هێزێکی دەرەکی، چ هەرێمی بێت و چ جیهانی، پێویستە لەسەر بنەمای کردەوە و سیاسەتەکانی هەڵبسەنگێنرێت، و نەک تەنها بە دروشم و بەڵێنەکانی. ئەوەی گرنگە ئەوەیە: ئایا ئەو هاوکارییە بەشێکە لە پاراستنی مافی کورد، یان کورد وەک ئامرازێک بۆ بەرژەوەندییەکانی تر بەکاردەهێنرێت؟
بەهەمان شێوە، نابێت هەموو ڕووداوە سیاسییەکان بەبێ بەڵگە بە بەرهەمی پلانێکی یەکگرتووی نهێنی دابنرێن. بەڵام ئەمەش نابێتە هۆی پشتگوێخستنی ئەو ڕاستییەی کە بەرژەوەندیی هێزەکان دەتوانێت لە دۆخی کوردستاندا یەک بگرێتەوە، دژبەیەک بکەوێت یان لە قۆناغێکدا ببێتە هۆی گۆڕانی ئاراستەی هاوپەیمانییەکان.
٣. شنگال و گرێ سپی؛ دوو ڕووداو، بەڵام پرسیارێکی هاوبەش
ڕووداوەکانی شنگال و گرێ سپی لە ڕۆژانی کۆتایی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٦دا، لە ڕووی شوێن، دەسەڵات و بارودۆخی سیاسییەوە جیاوازن. شنگال لە باشوری كوردستانە ”باكوری عێراق” و باسەکەی پەیوەندی بە داهاتووی یەکەکانی YBŞ و پەیوەندییان بە دامەزراوە ئەمنییەکانی عێراقەوە هەیە. گرێ سپی، یان تەل ئەبیەد، لە ڕۆژئاوای كوردستانە ”باكوری سورییە” و ڕاپۆرتەکانی ئەو ڕۆژانە باس لە توندوتیژی و کێشەی گەڕانەوەی خێزانە ئاوارە کوردەکان بۆ ماڵ و زەوی و موڵکەکانیان دەکەن.
ئەم دوو دۆخە نابێت وەک یەک ڕووداو مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت، چونکە یاسا، دەسەڵات و پەیوەندییە سیاسییەکانیان یەکسان نین. بەڵام هەردووکیان پرسیارێکی گرنگ لەبارەی داهاتووی کوردستان و مافی کورد دروست دەکەن: لە کاتی گۆڕانی هاوسەنگیی هێزەکاندا، ئایا مافی نەتەوەیی و سەلامەتیی کۆمەڵگا کوردییەکان دەتوانرێت بە شێوەیەکی بەردەوام بپارێزرێت؟
لە شنگالدا، هەر هەنگاوێک بۆ یەکخستنی یەکەکانی چەکدار لە دامەزراوە ئەمنییەکانی عێراقدا، پێویستە لە ڕووی مافی خەڵکی شنگال، ئاسایش، بەڕێوەبردنی ناوخۆیی و دڵنیایی لە دووبارە نەبوونەوەی کارەساتەکان هەڵبسەنگێنرێت. ڕێککەوتنێکی ئەمنی بە تەنها ناتوانێت چارەسەری هەموو کێشە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی شنگال بێت.
لە گرێ سپی و ناوچەکانی دەوروبەریشدا، مافی گەڕانەوەی ئاوارە کوردەکان بۆ ماڵ، زەوی و موڵکەکانیان پێویستە بە شێوەیەکی ڕوون و کرداری بپارێزرێت. هەر ڕاپۆرتێک لەبارەی هێرش، هەڕەشە، ڕێگرتن لە گەڕانەوە یان دەستبەسەرداگرتنی موڵک، پێویستی بە لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ و بەرپرسیارێتیی یاسایی هەیە.
ئەم ڕووداوانە بە تەنها بەڵگەی سەلماندنی بوونی پلانێکی هاوبەش لە پشت هەموو هێزەکان نین؛ بەڵام هۆکارن بۆ ئەوەی کورد پرسیاری ستراتیژیی بکات: چۆن دەتوانرێت لەگەڵ هەر گۆڕانکارییەکی سیاسی یان ئەمنی، مافی نەتەوەیی و سەلامەتیی خەڵکی کوردستان لە ناوەندی بڕیاردا بمێنێتەوە؟
٤. ئینتگراسیۆن لە خاکی داگیرکراودا؛ خۆگونجاندن یان پشتگوێخستنی پرسی نەتەوەیی؟
لە گفتوگۆی سیاسیی لایەنە کوردییەکانی نزیک لە پەکەکەدا، وشەی ”ئینتگراسیۆن” زۆرجار وەک ڕێگایەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان پێشکەش دەکرێت. بەڵام پێش ئەوەی ئەم چەمکە بەکاربهێنرێت، پێویستە بپرسین: ئینتگراسیۆن لەگەڵ کێ، لە چ سیستەمێکدا، بە چ مەرجێک و لەسەر چ بنەمایەکی یاسایی و سیاسییەوە؟
من لە نێوان خۆگونجاندن لە کۆمەڵگایەکی میوانداردا و ئینتگراسیۆن لەگەڵ دەسەڵاتی داگیرکەر لە خاکی خۆماندا جیاوازییەکی بنەڕەتی دەبینم.
کاتێک من وەک کورد لە سوید دەژیم، خۆگونجاندن لەگەڵ یاسا، زمان، ڕێسا و بنەماکانی کۆمەڵگای سویدی، بەشێکە لە ژیانی هاوبەش و ڕێزگرتن لە کۆمەڵگایەک کە تێیدا دەژیم. بەڵام ئەم دۆخە بە تەواوی جیاوازە لەوەی کورد لە کوردستاندا، کە خاکی خۆیەتی، داوا لێ بکرێت بە ناوی ئینتگراسیۆن، پرسی نەتەوەیی و مافی سیاسیی خۆی پشتگوێ بخات.
کورد لە کوردستاندا میوان نییە. بۆیە ئینتگراسیۆن لەگەڵ دەسەڵاتێک کە مافی نەتەوەیی کورد بە تەواوی قبووڵ ناکات، نابێت وەک چارەسەری کۆتاییی کێشەی کورد پێشکەش بکرێت.
ئەگەر ئینتگراسیۆن بە مانای هاوژیانیی ئازادانە لە سیستەمێکی دیموکراتیکدا بێت، کە تێیدا مافی نەتەوەیی، زمانی، کولتووری و سیاسیی کورد بە یاسا گەرەنتی کراوە، ئەوا دەتوانرێت لەبارەی شێوە و چوارچێوەکەی گفتوگۆ بکرێت. بەڵام ئەگەر بە مانای قبووڵکردنی دەسەڵاتی ناوەند، لەدەستدانی مافی دیاریکردنی چارەنووس و بەردەوامبوونی پەیوەندیی ناعادلانە بێت، ئەوا پرسیارەکە تەنها هەڵبژاردنی وشە نییە؛ پرسیارەکە لەسەر ماف و دەسەڵاتە.
لە دیدگای مندا، پێش ئەوەی ئینتگراسیۆن لەگەڵ دەوڵەتانی داگیرکەر وەک چارەسەری پرسی کورد پێشکەش بکرێت، دەبێت کورد پێگەیەکی ڕەوای سیاسی و توانای ڕاستەقینەی دیاریکردنی چارەنووسی خۆی هەبێت. بێ ئەم بنەمایە، ئەوەی بە ناوی ئینتگراسیۆن پێشکەش دەکرێت، دەتوانێت لە کرداردا ببێتە قبووڵکردنی دۆخێک کە کورد خۆی دروستی نەکردووە.
ئەگەر ئەم پاشەکشەیە بە ناوی کوردایەتی پاساو بدرێت، پێویستە ڕەخنەیەکی جدی لێ بگیرێت؛ چونکە کوردایەتی بە دروشم و ناوی ڕێکخراو ناپێورێت، بەڵکوو بەوە دەپێورێت کە تا چەندە ماف و ئازادیی نەتەوەکە دەپارێزێت و ڕێگای دیاریکردنی چارەنووسی خۆی بۆ دەکاتەوە.
٥. گۆڕینی دیمۆگرافیا و چارەسەری ئەمری واقیع؛ ماف لە کوێوە دەست پێ دەکات؟
لە هەندێک ناوچەی کوردستاندا، سیاسەت و پرۆسەکانی گۆڕینی دیمۆگرافیا هەوڵیان داوە هاوسەنگیی نەتەوەیی بگۆڕن، پەیوەندیی خەڵک بە خاکی خۆیان لاواز بکەن و گەڕانەوەی ئاوارەکان ئاڵۆزتر بکەن. لەو دۆخانەدا، ئەوەی پێویستە لێک بدرێتەوە تەنها ئەوە نییە کە ئێستا کێ لەو ناوچەیەدا دەژیت؛ بەڵکوو ئەوەشە کە ئەم دۆخە چۆن دروست بووە و مافەکانی کام لایەن پێشێل کراون.
ئەگەر دەوڵەتێک بە سیاسەتی ڕێکخراو هەوڵ بدات دانیشتووان بگوازێتەوە، کوردەکان ئاوارە بکات یان بەشێک لە ناسنامەی نەتەوەیی ناوچەیەک بگۆڕێت، بەرپرسیارێتی سیاسی و یاسایی ئەو کردارە نابێت بەبێ لێکۆڵینەوە لەسەر تاکەکانی دانیشتووانی ئێستادا بخرێتەوە. لە هەمان کاتدا، نابێت ئەو سیاسەتەش بەهۆی ئەوەی چەندین ساڵ تێپەڕیوە، وەک دۆخێکی سروشتی و بێ کێشە قبووڵ بکرێت.
لە دیدگای مندا، چارەسەرکردنی ئەم دۆخە پێویستی بە دوو بنەمای سەرەکی هەیە: یەکەم، گەڕاندنەوەی مافە نەتەوەیی و مەدەنییە زەوتکراوەکانی کورد؛ دووەم، دانانی بنەمایەکی ڕوون بۆ هاوژیانیی دادپەروەرانە، دوای ئەوەی کورد پێگەیەکی ڕەوای سیاسی و دەسەڵاتی بڕیاردانی ڕاستەقینەی بەدەست هێنا.
لە چوارچێوەی ئەو پێگەیەدا، دەتوانرێت مانەوەی ئەو دانیشتووانەی ئێستا لەو ناوچانە دەژین و ئامادەن بە ڕێزگرتن لە یاسا، زمان، ناسنامە، کولتوور و نەریتی کۆمەڵگای کوردی، وەک بەشێک لە چارەسەرێکی ئاشتییانە و دادپەروەرانە هەڵبسەنگێنرێت. بەڵام ئەم هاوژیانییە نابێت ببێتە هۆی لەدەستدانی مافی گەڕانەوە، مافی موڵک و ماڵ یان مافی ناسنامەی ئەو کوردانەی بە زۆر ئاوارە کراون.
بەڵام ئەگەر کەسانێک مەرجە یاسایی و کۆمەڵایەتییە ڕوونەکانی هاوژیانی ڕەت بکەنەوە و بە ئەنقەست پێداگری لەسەر بەردەوامبوونی دەسەڵاتی ناعادلانە، سەپاندنی خۆیان یان پشتگوێخستنی مافی نەتەوەیی کورد بکەن، نابێت کۆمەڵگای کورد ناچار بکرێت ئەو ڕەتکردنەوەیە وەک دۆخێکی هەمیشەیی قبووڵ بکات.
لەو دۆخەدا، پێویستە ڕێگایەکی یاسایی و ئاشتییانە بۆ هەڵبژاردنی شوێنێکی دیکەی نیشتەجێبوون بۆ ئەو کەسانە بەردەست بێت؛ لەوانەش، ئەگەر خۆیان بیانهەوێت، گەڕانەوە بۆ ئەو شوێنەی کە پێشترەوە پەیوەندیی نیشتەجێبوون و مێژووییان پێوە هەبووە. ئەم ڕێگایە دەبێت لەسەر بنەمای هەڵبژاردنی ئازادانە، ڕێکارە یاساییەکان و پاراستنی مافی مرۆڤ بێت، نەک دەرکردنی ناچاری یان سزادانی کۆمەڵیی بەهۆی ڕەچەڵەک و ناسنامە.
ئەمە جیاوازیی نێوان دادپەروەری و تۆڵەسەندنەوەیە. کورد نابێت بە ناوی هاوژیانی ناچار بکرێت مافی خۆی لەسەر خاکی خۆی لەدەست بدات؛ هەروەها، چارەسەری ناعادلانەش نابێت بە شێوەیەکی نوێ بۆ تاکەکان دروست بکرێت.
بە کورتی، هاوژیانیی دادپەروەرانە دەتوانێت بەشێک بێت لە چارەسەر، بەڵام نابێت جێگرەوەی مافی کورد بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆی بێت. ئەم مافەش نابێت بەهۆی ئەمری واقیعێکەوە لەناو ببرێت کە بە سیاسەتی گۆڕینی دیمۆگرافیا و زەوتکردنی مافەکان دروست بووە.
٦. ناسنامەی نەتەوەیی؛ لە ناوەندی خەباتەوە بۆ پەراوێزی سیاسی
ناسنامەی نەتەوەیی تەنها زمان، جلوبەرگ و نەریت نییە؛ بەڵکوو هەستی پەیوەندی بە خاک، مێژوو، بیرەوەریی هاوبەش و مافی بڕیاردان لەسەر چارەنووسی خۆشە. بۆیە هەر سیاسەتێک کە ناسنامەی کوردی لە پرسی ماف و دەسەڵاتی سیاسی جیا بکاتەوە، دەتوانێت بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ پرسی نەتەوەیی لاواز بکات.
لە هەندێک ڕێباز و گفتوگۆی سیاسیی کوردیدا، هەوڵ دەدرێت خەباتی نەتەوەیی بە پرسیارە ئایدیۆلۆژییەکان یان بە پێناسەیەکی گشتیی کۆمەڵایەتی جێگۆڕکێ بکرێت. بەڵام هیچ ئایدیۆلۆژیایەک، چەپ بێت یان ڕاست، نەتەوەگەرایی بێت یان لیبرال و سۆسیالیست، نابێت ببێتە هۆی پشتگوێخستنی مافی کورد بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆی.
هەروەها، نابێت ناسنامەی کوردی بە یەک حزب، یەک ڕێکخراو یان یەک شێوازی بیرکردنەوە سنووردار بکرێت. کوردایەتی دەتوانێت چەندین ڕەنگ و ئاراستەی سیاسی لەخۆ بگرێت، بەڵام ئەم فرەڕەنگییە پێویستە لەسەر بنەمای هاوبەشیی لە پاراستنی مافە نەتەوەییەکان بێت.
پاراستنی ناسنامە بە مانای ڕەتکردنەوەی مافی کەسانی تر نییە؛ بەڵکوو بە مانای ئەوەیە کە هیچ نەتەوەیەک ناچار نەکرێت بۆ بەدەستهێنانی مافی بنەڕەتیی خۆی، ناسنامەی خۆی لەدەست بدات.
٧. کێشەی ناوخۆیی و پێویستیی ستراتیژییەکی نەتەوەیی
یەکێک لە ئاڵۆزترین کێشەکانی خەباتی کورد ئەوەیە کە جیاوازییە حزبی و ناوچەییەکان زۆرجار دەبنە هۆی لاوازبوونی ستراتیژیی هاوبەش. لە دۆخێکدا کە کوردستان بەش بەش کراوە و دەوڵەتانی دەوروبەر بەرژەوەندییە جیاوازەکانیان هەیە، ناڕێکی ناوخۆیی دەتوانێت دەرفەتی زیاتر بۆ دەستێوەردانی دەرەکی دروست بکات.
ڕەخنەگرتن لە حزب و ڕێکخراوە کوردییەکان پێویستە، بەڵام ئەم ڕەخنەیە دەبێت لەسەر بنەمای کردەوە، بڕیار و ئەنجامە سیاسییەکان بێت، نەک تەنها لەسەر بنەمای گومان لە مەبەست و پاڵنەرەکانیان یان تۆمەتبارکردنیان بەبێ بەڵگە. پێویستە بپرسین: ئایا بڕیارێک مافی نەتەوەیی کورد بەهێز دەکات؟ ئایا توانای سیاسی و دیپلۆماسیی کورد زیاد دەکات؟ ئایا مافی خەڵک و ئاسایشی کۆمەڵگا دەپارێزێت؟ یان تەنها بەرژەوەندیی کاتیی لایەنێک دەپارێزێت؟
سترایتژیی نەتەوەیی پێویستی بە چەند بنەمایەکی ڕوون هەیە:
١. پاراستنی مافی دیاریکردنی چارەنووسی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان.
٢. دانانی مافە نەتەوەییەکان لە ناوەندی هەر ڕێککەوتن و هاوپەیمانییەکی سیاسی.
٣. ڕێزگرتن لە فرەڕەنگیی ناوخۆیی، ڕەتکردنەوەی توندوتیژیی ناوخۆیی و سەرکوتی سیاسی.
٤. دروستکردنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی درێژخایەنی کورد، نەک تەنها پێویستییە کاتییەکان.
٥. پاراستنی مافی ئاوارەکان، مافی موڵک و ماڵ، و مافی گەڕانەوەی ئەو کوردانەی بە زۆر لە شوێنی نیشتەجێبوونیان دوورخراونەتەوە.
٦. جیاکردنەوەی بەرپرسیارێتی دەوڵەت و دەسەڵاتە سیاسییەکان لە مافی مرۆیی تاکەکان، بۆ ئەوەی چارەسەرکردنی ناعادالەتییەکی کۆن نەبێتە هۆی دروستکردنی ناعادالەتییەکی نوێ.
ئەم بنەمایانە دەتوانن ببنە دەستپێکی گفتوگۆیەکی جدی لەبارەی ئەوەی کورد چۆن لە نێوان فشارە دەرەکییەکان و جیاوازییە ناوخۆییەکاندا ستراتیژییەکی نەتەوەییی سەربەخۆ و پایەدار دروست دەکات.
٨. لە ڕەخنەوە بۆ ستراتیژی؛ کورد چۆن دەتوانێت لە تۆڕی هێزەکان دەربچێت؟
ڕەخنەگرتن لە هێزە دەرەکییەکان و لایەنە سیاسییەکان بە تەنها بەس نییە. پێویستە لەو ڕەخنەیەوە بگەینە ستراتیژییەکی کرداری کە مافی کورد لە ناوەندی بڕیاردا دابنێت.
یەکەم، پێویستە بنەمایەکی هاوبەش بۆ مافی نەتەوەیی دروست بکرێت؛ بنەمایەک کە بە گۆڕانی حزب و هاوپەیمانی نەگۆڕێت.
دووەم، پێویستە دیپلۆماسیی کورد لەسەر بنەمای ڕاستییەکانی کۆمەڵگا و بەرژەوەندیی درێژخایەن بونیاد بنرێت. هاوکاری لەگەڵ هێزە دەرەکییەکان دەتوانێت بەسوود بێت، بەڵام دەبێت سنوور و مەرجەکانی ڕوون بێت، هیچ هاوپەیمانییەک نابێت مافی بنەڕەتیی کورد بکاتە بەشێک لە مامەڵەی سیاسی.
سێیەم، پێویستە مافی گەڕانەوەی ئاوارەکان و چارەسەرکردنی کێشەی موڵک و ماڵ بەشێکی ناچاریی هەر پلانێکی سیاسی بێت. چارەسەرێک کە تەنها دەسەڵات و سنوورەکان ڕێکبخات، بەڵام مافی ئەو خەڵکە پشتگوێ بخات کە لە ماڵ و خاکی خۆیان دوورخراونەتەوە، ناتوانێت بە تەواوی دادپەروەرانە بێت.
چوارەم، پێویستە هاوژیانی لەگەڵ دانیشتووانی جیاواز لەسەر بنەمای یاسا، ڕێزگرتن و مافە هاوبەشەکان بێت، نەک بەس لەسەر بنەمای قبووڵکردنی دۆخێکی بەزۆر سەپێنراو. پاراستنی مافی کورد و پاراستنی مافی مرۆیی تاکەکان دوو بنەمای دژبەیەک نین؛ چارەسەری بەردەوام دەبێت هەردووکیان لەبەرچاو بگرێت.
پێنجەم، پێویستە ڕەخنەی ناوخۆیی بەشێک بێت لە چاکسازیی سیاسی، نەک هۆکاری دابەشبوونی زیاتر. ئەو لایەنەی داوای کوردایەتی دەکات، دەبێت ئامادە بێت بڕیارەکانی بخاتە بەردەم پرسیار و هەڵسەنگاندن: ئایا ئەم بڕیارە مافی کورد بەهێز دەکات، یان تەنها دەرفەتێک بۆ بەردەوامبوونی دەسەڵات و بەرژەوەندییە حزبییەکان دابین دەکات؟
لە کۆتاییدا، ستراتیژیی نەتەوەیی پێویستی بە هەستی نەتەوەیی هەیە، بەڵام تەنها بە هەست دروست نابێت. پێویستی بە دامەزراوە، بەرنامە، دیپلۆماسی، هاوکاریی ناوخۆیی، پاراستنی ماف و توانای هەڵسەنگاندنی بەرژەوەندییەکان هەیە.
کۆتایی: کوردستان نابێت ببێتە بەشێک لە مامەڵەی هێزەکان
پرسی کوردستان تەنها پرسی سنوور و دەسەڵات نییە؛ پرسی مافی نەتەوەیەکە بۆ پاراستنی ناسنامە، بەڕێوەبردنی ژیانی سیاسی و دیاریکردنی چارەنووسی خۆی. مێژووی دابەشکردنی کوردستان و ئەزموونی هاوپەیمانییە سیاسییەکان نیشان دەدەن، کە نابێت مافی نەتەوەیی بە بەرژەوەندیی کاتیی هێزەکانەوە ببەسترێتەوە.
هەروەها، ئەزموونی گۆڕینی دیمۆگرافیا و ئاوارەکردنی خەڵک ئەوەمان پێ دەڵێت کە ئەمری واقیع، ئەگەر بە زەوتکردنی ماف دروست بووبێت، نابێت بە تەنها بەهۆی تێپەڕبوونی کات ببێتە بنەمایەکی دادپەروەرانە. مافی گەڕانەوە، مافی موڵک و ماڵ و مافی پاراستنی ناسنامە دەبێت لە ناوەندی هەر چارەسەرێکدا بمێننەوە.
لە هەمان کاتدا، چارەسەری کێشەی نەتەوەیی نابێت لەسەر بنەمای تاوانبارکردنی کۆمەڵی یان پێشێلکردنی مافی تاکەکان بونیاد بنرێت. پێویستە بەرپرسیارێتی سیاسەتەکانی داگیرکاری و گۆڕینی دیمۆگرافیا دیاری بکرێت و هاوژیانی داهاتوو لەسەر بنەمای ماف، یاسا، ڕێزگرتن و دادپەروەری دابمەزرێت.
لە دیدگای مندا، کورد لە کوردستاندا میوان نییە و نابێت بە ناوی ئینتگراسیۆن ناچار بکرێت مافی خۆی لەسەر خاک و چارەنووسی خۆی پشتگوێ بخات. هاوژیانیی ئاشتییانە دەتوانێت بەشێک بێت لە چارەسەر، بەڵام پێویستە لەسەر بنەمای مافی نەتەوەیی و دەسەڵاتی ڕەوای سیاسی بێت، نەک لەسەر بنەمای سەپاندنی ئەمری واقیع.
ئەگەر کورد نەیەوێت ببێتە ئامرازێک لە نێو تۆڕی جاڵجاڵۆکەی هێزە هەرێمی و جیهانییەکاندا، پێویستە ستراتیژیی خۆی لەسەر مافی نەتەوەیی، یەکڕیزیی سیاسی، دیپلۆماسیی سەربەخۆ و دادپەروەری بونیاد بنێت.
چونکە چارەنووسی کوردستان نابێت بە بەرژەوەندیی هێزەکان دیاری بکرێت؛ دەبێت بە مافی خەڵکی کوردستان و بە ئیرادەی نەتەوەکەی دیاری بکرێت.
تێبینییەکی ڕێبازناسانە
لەم بابەتەدا، ڕاپۆرتە میدیاییەکان و سەرچاوە توێژینەوەییەکان بۆ پشتڕاستکردنەوەی ڕووداوە دیاریکراوەکان بەکارهاتوون؛ بەڵام لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنی سیاسی، لەو شوێنانەی کە بە ڕوونی ئاماژەیان پێ کراوە، هەڵوێست و خوێندنەوەی نووسەرن. ئەو سەرچاوانە بە تەنها بەڵگەی سەلماندنی هەموو گومانە سیاسییەکان یان بوونی پلانێکی هاوبەش لە پشت هەموو ڕووداوەکان نین.
سەرچاوەکان
١. Radpey, Loqman. “Kurdistan on the Sèvres Centenary: How a Distinct People Became the World’s Largest Stateless Nation.” Nationalities Papers, Cambridge University Press, 2022.
https://doi.org/10.1017/nps.2021.32
٢. UNAMI. “UNAMI Welcomes Agreement on Sinjar: A First and Important Step in the Right Direction.” 9 October 2020.
https://iraq.un.org/en/123973-unami-welcomes-agreement-sinjar-first-and-important-step-right-direction
٣. Anadolu Agency. “PKK-linked Group in Iraq’s Sinjar to Disarm, Join Iraqi Army.” 26 October 2026.
https://www.aa.com.tr/en/middle-east/pkk-linked-group-in-iraq-s-sinjar-to-disarm-join-iraqi-army/4100864
٤. Anadolu Agency. “4,000 PKK-linked YBŞ Members in Iraq’s Sinjar to Join Interior Ministry, Hashd al-Shaabi.” October 2026.
https://m.aa.com.tr/en/middle-east/4-000-pkk-linked-ybs-members-in-iraq-s-sinjar-to-join-interior-ministry-hashd-al-shaabi/4101285
٥. Channel8. “Channel8 Enters YBŞ Tunnels on Mount Sinjar.” October 2026.
https://www.channel8.com/english/news/14fe84c4-d73f-4832-a03f-abdfc3860427
٦. Rudaw English. “Kurdish Returnees Attacked in Northern Syria, 100 Families ‘Besieged’ in Building: IDP Committee.” 26 October 2026.
https://www.rudaw.net/english/categories/syria/1079897
٧. Syrian Observatory for Human Rights (SOHR). “Kurdish Displaced People Attacked in Tal Abyad While Seeking to Reclaim Homes and Land.” 26 October 2026.
https://www.syriahr.com/en/387282/
٨. Syrian Observatory for Human Rights (SOHR). “Around 100 Kurdish Displaced People Surrounded in Tal Abyad as Security Forces Head to City.” 26 October 2026.
https://www.syriahr.com/en/387283/
٩. Syrian Observatory for Human Rights (SOHR). “Internal Security Responds to Unrest in Al-Hasakah and Al-Raqqah as Tensions Threaten Integration Process.” 27 October 2026.
https://www.syriahr.com/en/387293/
١٠. Syrian Observatory for Human Rights (SOHR). “Tal Abyad (Gire Sipi) | Violence Against Kurdish Returnees Raises Wider Concerns Over Property Rights.” 27 October 2026.
https://www.syriahr.com/en/387320/
١١. Rudaw English. “’Serious Threat’ to Dignified Return: Kurdish National Council Demands Probe into Gri Spi Attacks.” 26 October 2026.
https://rudaw.net/english/categories/syria/1079902
١٢. UNHCR. “International Protection Considerations with Regard to People Fleeing the Republic of Iraq – Update I.”
https://www.refworld.org/sites/default/files/2024-01/international_protection_considerations_with_regard_to_people_fleeing_the_republic_of_iraq_update_i.pdf
نووسینی: ڕەحیم نزهتزادە
