ماوەیەکە لە دنیای مەجازیدا باسێک لەسەر چەمکی «ئەنتێگراسیۆنی دێموکراتیک» وەک چارەسەری پرسی کورد

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هاتووەتە بەر باس و لەنێوان موافیق و موخالیفدا باسێکی زۆری دروست کردووە.
لێرەدا شیکردنەوەی ئەو چەمکە لەبەر دوو هۆکار بە پێویست نازانم: یەکەم، پرسی نەتەوایەتی لەگەڵ چەمکی «ئەنتێگراسیۆن» بە تەواوی لێک جیاوازە؛ دووهەم، کەسانی شارەزای ئەو بابەتانە بە ڕادەی پێویست لەسەر نێوەڕۆکی ئەو چەمکە دواون. لە هەمان کاتدا هەموو کەس و لایەنێک ئازادە بیروڕای خۆی لەسەر تەواوی پرسەکانی تایبەت بە کۆمەڵگە دەرببڕێ و دیفاع لە ڕوانگەی خۆی بکات. بەڵام کاتێک هێنانە ئارای بابەتێک و هەوڵدان بۆ چەسپاندنی، زیان بە کۆمەڵگە بگەیەنێت، ئەوکات دەربڕینی ئەو ڕوانگەیە ناچێتە خانەی ئازادیی دەربڕینەوە.
لە بارودۆخی ئێستادا کە دنیا و بەتایبەتی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست وەک مەنجەڵی سەر ئاگر هاتووەتە جۆش و ئاڵوگۆڕی گەورە لە ناوچەکە و نێوخۆی ئێراندا بەڕێوەیە، خستنەبەرباسی بابەتێکی وەک «ئەنتێگراسیۆن» بە پاشگری دێموکراتیکەوە بە مەبەستی چارەسەری پرسی کورد، نەک یارمەتیدەر نابێ بۆ بەرەوپێشچوونی ئەو پرسە و چارەسەرەکەی، بەڵکوو بە دەیان هەنگاو بەرەو دواوەی دەگەڕێنێتەوە.
بێجگە لەوانە، ئەوەی لێرەدا پێویستە ڕوونکردنەوەی لەسەر بدرێ ئەوەیە کە لایەنگرانی «ئەنتێگراسیۆن» بۆ دیفاع لە بۆچوون و ڕوانگەی خۆیان، هەوڵ دەدەن بە هێنانەوەی فاکت و بەڵگەی جۆراوجۆر لە قسەی ڕێبەرانی شەهید، ڕابردوو و سیاسەتەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بخەنە ژێر پرسیار و «ئەنتێگراسیۆن» دەرخواردی خوێنەر و بیسەری کوردی بدەن و بڵێن: ئەوەتا لە ڕابردوودا مەبەستی حیزبی دێموکراتیش بۆ چارەسەری پرسی کورد هەمان «ئەنتێگراسیۆنی دێموکراتیک» لە نێوخۆی ئێراندا بووە! دیارە ئەو کەس و لایەنانەی کە ئەو باسانە دەکەن، یا مێژوو، بەرنامە و هەڵوێستە سیاسییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان نەخوێندووەتەوە، یا لە ڕاستیدا ئەو هەوڵەیان بۆ داپۆشینی شکستی خۆیانە لە مەیدانی خەبات بۆ وەدەستهێنانی مافە نەتەوایەتییەکانی نەتەوەی کورد.
بە واتایەکی دیکە، دەتوانین بڵێین نموونەهێنانەوە بە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەلایەن لایەنگرانی «ئەنتێگراسیۆنی دێموکراتیک»ەوە لەوە سەرچاوە دەگرێ کە ئەوان پێگەی ڕاستەقینەی جەماوەریی حیزبی دێموکرات لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەزانن، هاوکات ئاگادارن کە حیزبی دێموکرات وەک بەتەمەنترین حیزبی کوردی کە هەتا ئێستا لە ڕێچکە و ڕێبازی نەتەوایەتیی خۆی لای نەداوە و لە هەر چوار پارچەی کوردستان جێگای ڕێز و هێمای خەبات و بەرخۆدانە، بۆیە هەوڵ دەدەن بە کەڵکوەرگرتن لە پێگەی ڕێبەرانی حیزب، شەرعییەت بدەن بە پڕۆژەیەک کە ناتوانێ پرسی نەتەوایەتی نەک لە ئێران، بەڵکوو لە بەشەکانی دیکەی کوردستانیش چارەسەر بکات.
ئەوە بابەتێکی سەلمێنراوە کە پرسی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان پرسێکی نەتەوایەتییە و بە تەواوی جیایە لە پرسی تێکەڵبوون بە کۆمەڵگەیەکی دیکە یا هەمان «ئەنتێگراسیۆن». چونکە نەتەوەی کورد بە درێژایی مێژوو لەسەر ئەو خاکە ژیاوە کە کوردستانە. بەپێی پێناسە باوە نێودەوڵەتییەکان، کورد نەتەوەیە چونکە لەسەر خاکی خۆی دەژی و خاوەنی زمان، مێژوو و کولتووری سەربەخۆی خۆیەتی. بۆیە دەبێ وەبیر خۆمان بێنینەوە کە خەباتی نەتەوەی کورد لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا بۆ ئەوە نەبووە لە نێو نەتەوە و کۆمەڵگەیەکی دیکەدا «ئەنتێگرە» بکرێ، بەڵکوو بۆ ئەوە بووە کە ببێتە خاوەنی سەروەریی خۆی و بتوانێ بڕیار لە چارەنووسی سیاسیی خۆی بدات و وەک نەتەوەیەکی جیاواز پێناسەی بۆ بکرێ.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەسەر دەستی پێشەوا قازی محەممەد دامەزرا و بە ڕێبەریی د. قاسملوو بوو بە خاوەنی پێکهاتەی حیزبێکی مۆدێرن و سەردەمیانە کە هەشتا و یەک ساڵە ئاڵاهەڵگری خەباتێکی خوێناوییە بۆ بەدەستهێنانەوەی مافە نەتەوایەتییەکانی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. بەڵام هەر لە سەرەتای دامەزراندنی حیزبی دێموکراتەوە، ڕێبەرانی ئەو حیزبە لەو ئەسڵە پەیڕەوییان کردووە کە لە سیاسەتکردندا واقیعبین بن و ئەوە میراتێکە لە پێشەوا قازی محەممەدەوە ماوەتەوە.
واقیعبینی بەو مانایەیە کە ڕێبەرانی سیاسیی حیزبێک ئاشنا بن بە توانای سەربازی، ماڵی و پشتیوانیی جەماوەریی دۆست و دوژمنیان، لە هەمان کاتدا تواناکانی حیزب و نەتەوەکەی خۆشیان لە هەموو بوارەکاندا بزانن؛ ئەوکات ئەو ڕێبەرایەتییە دەتوانێ ببێتە خاوەنی سیاسەتێکی سەرکەوتوو. کاتێک حیزبی دێموکراتی کوردستان دامەزرا، کوردستان ماوەیەک بوو لە نێوان چوار دەوڵەتی «عێراق، تورکیە، سووریە و ئێران»دا دابەش ببوو و کورد لەسەر خاکی خۆی لە مافە نەتەوایەتییەکانی بێبەش کرابوو، تەنانەت بە دروستبوونی دەوڵەت-نەتەوەکان لەو وڵاتانە، هەوڵی دەسەڵاتداران ئەوە بوو کە زمان، مێژوو و کولتووری نەتەوەی کورد لە نێو نەتەوەی باڵادەستدا بتوێننەوە. بەڵام بە دامەزراندنی حیزبی دێموکرات، ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان و دروستبوونی هێما نەتەوایەتییەکان، پێش بە ڕەوتی تواندنەوەی نەتەوەی کورد لە نەتەوەی باڵادەستدا گیرا.
دەتوانین بڵێین دامەزراندنی حیزبی دێموکرات پشتیوانییەکی گەورە بوو بۆ گەشەکردنی زیاتری هەستی نەتەوایەتی لە نێو کۆمەڵگەی کوردەواریدا و ئاشنابوونی زیاتری تاکی کورد بە مافەکانی خۆی. بۆیە ئەگەر چاو لە مێژووی حیزبی دێموکرات بکەین، ڕووبەڕووی ئەو ڕاستییە دەبینەوە کە ڕێبەرانی ئەو حیزبە لە سەرەتاوە هەوڵیان داوە ڕاستییەکانی دنیای سیاسەتی نێودەوڵەتی و ناوچەیی لەبەرچاو بگرن و بەگوێرەی ئەوە داواکانیان فۆرموولە بکەن.
لەگەڵ ئەو جۆرە سیاسەتکردنەشدا، حیزبی دێموکرات قەت لە ئاستی بەرپرسایەتیی ئەو ئەسڵە پاشەکشەی نەکردووە کە پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست پرسی یەک نەتەوەیە. بۆ سەلماندنی ئەو ڕاستییەش دەتوانین ئاماژە بە بەرنامەی حیزب بکەین کە لە فەسڵی شەشەم، ماددەی بیستەم، خاڵی یەکدا دەڵێ: «گەلی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان و کورد لە هەر شوێنێک بێ، بە ئەندامی یەک نەتەوە دەناسێ.» لەگەڵ ئەوەشدا، هەروەک باس کرا، حیزبی دێموکرات لە دنیای واقیعی سیاسەتدا ئەو واقیعەی قبووڵ کردووە کە لە سەردەمی ئێستادا، لە هەر پارچەیەکی کوردستان بەپێی هەلومەرجی نێوخۆیی و ئامادەیی نەتەوەی کورد لە بواری سیاسی، ئابووری و گەشەی نەتەوایەتیدا، پێویستە لەلایەن حیزبە سیاسییەکانی ئەو بەشەوە شێوازی خەبات و ڕێگەچارەی گونجاو دیاری و ڕەچاو بکرێ.
فەلسەفەی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەسەر بنەماکانی کۆمەڵەی ژ.کاف، تێکۆشان و خەباتە بۆ وەدەستهێنانەوەی مافە نەتەوایەتییەکانی نەتەوەی کورد. هەر لە ڕۆژی یەکەمەوە ئەسڵی مافی دیاریکردنی چارەنووس بۆ حیزبی دێموکرات یەکێک لەو پرەنسیپانە بووە کە هەمیشە وەک بنەمایەکی نەگۆڕ لە بەرنامەی خۆیدا داکۆکیی لێ کردووە. بەڵام مافی دیاریکردنی چارەنووس چەمکێکی فراوانە و شێوازی جۆراوجۆر لەخۆ دەگرێ وەک: «خودموختاری، فیدراڵیزم، کۆنفیدراڵیزم و سەربەخۆیی». حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وەک حیزبێکی بەرپرس لە بەرانبەر بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان و وەک حیزبێکی واقیعبین، بە لەبەرچاوگرتنی هەلومەرجی سیاسی و جوغرافیایی ئێران و ناوچەکە لە قۆناغی جیاوازدا هەوڵی داوە ڕێکاری نوێ بگرێتە بەر.
سەردەمانێک کە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی لە نێو نەتەوەکانی ئێراندا هێشتا پەرەی نەسەندبوو، حیزبی دێموکرات شێوازی خودموختاریی پێشنیاز کردبوو؛ بەڵام کاتێک بلۆکی سۆسیالیستی لەبەریەک هەڵوەشا و هەستی نەتەوایەتیی نەتەوەکانی پێکهێنەری ئەو بلۆکە سەرلەنوێ سەری هەڵدایەوە و دەیان دەوڵەت لەسەر بنەمای نەتەوەیی پێناسە کرانەوە، هاوکات لە نێوخۆی ئێرانیشدا هێدی هێدی دەنگی ناڕەزایەتیی نەتەوەکان دژی کۆماری ئیسلامی بەرز بووەوە و ڕێکخراو و لایەنەکانی نەتەوەکانی ئێران بە نهێنی و ئاشکرا دەستیان بە خەبات کرد، حیزبی دێموکرات گەیشتە ئەو باوەڕەی کە فیدراڵیزم گونجاوترین سیستمی حوکمڕانییە بۆ ئێرانی داهاتوو و کردی بە دروشمی ستراتیژیی خۆی.
بەو پێیە، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دوای ئەو هەموو خوێن و قوربانیدانە نەک لە ئامانجە نەتەوایەتییەکان پاشەکشەی نەکردووە، بەڵکوو بەپێی گۆڕانکارییەکانی نێوخۆی ئێران هەنگاوێکیش چووەتە پێش. ئەوەش بەو مانایەیە کە بارودۆخ و قۆناغی خەبات لە هەر سەردەمێکدا هەڵوێست و سیاسەتی گونجاوی خۆی دەخوازێ، بێ ئەوەی دەستبەرداری ئامانجە سەرەکییەکە ببێت.
لە کۆتاییدا پێویستە وەبیر بهێنینەوە کە لە ئێراندا بەبێ جێگیربوونی سیستمێکی دێموکراتیک و فیدراڵ، مافی نەتەوەی کورد و نەتەوە پێکهێنەرەکانی دیکە دابین نابێت؛ بە هەمان شێوەش، بەبێ دەستەبەرکردنی مافە نەتەوایەتییەکانی کورد و نەتەوەکانی تر، هیچ سیستمێکی دێموکراتیک لە ئێراندا سەر ناگرێت و پێک نایەت.
بابەتی پەیوەندی دار
***
