"an independent online kurdish website

لێرە و لەوێ دەبینین کە باس لەوە دەکرێ کە ٢٦ی سەرماوەز رۆژی هەڵکردنی ئاڵای کوردستانە لە لایەن کۆماری کوردستان لە مەهاباد. تەنانەت لە لایەن هێندیک رێکخراویشەوە بە بێ بەڵگە و هۆ، لەسەر ماڵپەڕەکانی خۆیان نووسیویانە کە رۆژی ٢٦ی سەرماوەز ئاڵای کوردستان هەڵکراوە!

یەکێکیان نووسیویە: گۆڤاری کوردستان بڵاوکه‌ره‌وه‌ی بیری حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان له‌ ژماره‌ی سێیه‌می خۆیدا، مانگی خاکه‌لێوه‌ی ١٣٢٥ [ مارسی ١٩٤٦] له‌ ژێر سه‌ردێڕی هه‌ڵکردنی ئاڵای موقه‌ده‌سی کوردوستان له‌ مهاباد” ده‌نووسێ : ” ….. ڕۆژی ٢٦ ی سه‌رماوه‌ز [ی 1324ی هه‌تاوی] = ١٧ی دیسامبری 1945،ته‌واوی نوینه‌ره‌کانی ئه‌هالی کوردوستان له‌ شاری, مهاباد کوبونه‌وه‌. له‌ سه‌عات ١٠ی به‌یانی له‌ کانگای حیزب ئاڵای کورد به‌ حوزوری ده‌هه‌زار نه‌فه‌ر هه‌لگیرا و له‌ کاتیک دا ده‌سته‌ی موزیک مارشی میللی لی ده‌دا و له‌ سه‌رتاسه‌ری شه‌قامی وه‌فایی دا صه‌فی نیزام که‌ لوله‌ی تفه‌نگ و موسه‌لسه‌ل وسه‌رنیزه‌یان ده‌دره‌وشا ده‌سته‌ی لاوان و قوتابیانی مه‌کته‌ب،کچ و کور، له‌ لای راستی ئالا له‌ حه‌ره‌که‌ت دا بون گه‌وره‌ وچوکی مهاباد هه‌یئه‌ت و نوینه‌رانی حیزبی دیموکرات له‌ پشت سه‌ری ئالا سه‌ری ته‌عظیمیان بو دانه‌واندبو و، بو ئیحتیرام چه‌پله‌یان لی ده‌دا و هورایان ده‌کیشا و، پیشه‌وای موعه‌ظه‌می کوردستان جه‌نابی قاضی محمد وتاریکی به‌ تینی له‌ بابه‌ت ئالای موقه‌ده‌سی کوردستان ئیراد فه‌رمو.

ئەمەی سەرەوە ئەگەر مەبەست “گۆڤار” بێ، شتێکی دیکەیە بەڵام ئەگەر مەبەست “رۆژنامە”ی کوردستان بێ، لە شتێکی راست ناچێ چوونکە من ئەو ژمارەی کوردستانم بەلاوەیە و لە ژمارە ١ی کوردستاندا کە لە رێکەوتی پێنج شەممە ٢٠ی ١٠ی ١٣٢٤ واتە ١١ی ژانویەی ١٩٤٦ دەرچووە لە لاپەڕەی دووهەمدا باسی هەڵکردنی ئاڵا لە شاری بۆکان دەکا و دەنووسێ: “بە پێی دەستووری هەیئەتی مەرگەزی حیزبی دیموکراتی کورستان و ئەمری جەنابی قازی محەممەد سەدرئەعزەم و پێشەوای کوردستان قەرار درا ئاڵای مەقەدەس و سێ رەنگی کوردستان لە بۆکانیش هەڵکرێ ئاغایان، میرزا موستەفا، عەبدولقادر مودەرسی، حوسێن فروهەر، میرزا محەممەئەمین شەرەفی، عەلی خوسرەوی، مەحموود وەلیزادە، میرزا رەحیم لەشکەری و ئەعزای هەیئەتی حیزبی دیموکراتی کورستان و ئاغای شێخ‌ئەلئوسلامی هێمن شاعیری میللی و نمایندەی هەیئەتی رەئیسەی میللی و ئاغای محەممەد نانەوازادە فەرماندەی ئوردووی میللی بە فەرماندەری کردی ئیحترام و دەستەی موزیک لەگەڵ ئاغای قاسم ئاغای ئیلخانیزادە نمایندەی کومیتەی مەحەلی حیزبی دیموکرات لکی بوکان بە ماموری هەڵگرتنی ئاڵای موقەدەس مەعلووم کران. سەعات ١ی پاش نیوەڕۆیە رۆژی چوارشەموو ٥ی ١٠ی ١٣٢٤ بە ئیفتخاری وەڕێ کەوتنی هەیئەتی هەڵگری ئاڵا لە حەساری کانگای حیزب مارشی مللی کوردستان خوێندراوە و موزیک لێدرا، لەو کاتەدا ئوتومبیلی مەخسوس لە نێوانی هەزاران نەفەر خۆشک و برایانی سابڵاغی گەیشتە بەردەرکی کانگای حیزبی دیموکراتی کوردستان و راوەستا، هەیئەتی هەڵگری ئاڵا لە نێو شریخەی چەپڵەرێزان و نەعرەتەی توند و بڵندی (هوریا و بژی کورد و کوردستان)ی بەێکەرانەوە کە لە دڵێکی گەرم و گوڕەوە بە کوڵەوە دەهات، وەڕێ کەوت سەعات دوونیوی پاش نێوەڕۆ هەیئەت گەیشتە مەیاندووئاو…”

لە ژێر هەمان بابەتدا مامۆستا هەژار شاعیری میللی کورد ئەو رۆژە هۆنراوەیەکی خوێندووەتەوە کە بەم جۆرە بووە:

بێ ببینێ ئەو کەسەی پێی وابوو کـــــــورد سەرناکەوێ

کێ بوو پێی وابوو تەمی نەگبەت لــــــەسەرمان ناڕەوێ

داری ئـــــــــــــــــــــاڵاکەم وەکوو چقڵێکە بۆ چاوی عەدوو

هەر دڵێ خۆشی نەوێ رەبی وەبەر خەنجەر کــــــــــەوێ

داری ئــــــــــــــــاڵام داری کرد بۆ خوێن مژی کوردی هەژار

پێی بڵێن با داکەوێ لـــــــــــــــەو خاک و خۆڵە چی دەوێ

داری ئــــــــــــــــــــــــــــــــــاڵاکەم برا، سێدارەیە بۆ دوژمنان

هەر لە ئاسۆ سەرکەوێ پێویستە ژینی خۆی نـــــــــــــــەوێ

پارچەکەی سێ رەنگی خۆی دەنوێنێ و رەنگی سوور دەڵێ

تا تنۆکێ خوێنی کورد مابێ قەدی من نانــــــــــــــــــــــــەوێ

یان دەڵێ تا لەشکری سوور بەر قەرار و زنـــــــــــــــــــدووە

قەومی کورد رەزگارە (لێرەدا نووسینەکە سڕاوەتەوە)

یان دەڵێ لێم سوورە دیموکراسی لە عالەم سەرکــەوێ

موستەبید و مورتەجیع کەوتوونە گێژی گـــــــــــــێژەوێ

سپیەکەی موژدەی بەیانی بەختی کوردی کرد بــەیان

رۆژی بەختی کوردی پەیدا بوو نەما پەردەی شــــــەوێ

دوو گوڵی گەنمی دەڵێ ئاگات لە رزقی خۆت ببـــــــێ

خۆت کە برسی، بۆچی دوژمن پێی بژی لێرە و لــــەوێ

پێو دەڵێ نووکی قەڵەم گەر ژینی خۆشت پــــــێ‌دەوێ

غەیری من دەس ناکەوێ بۆ رێی تەرەقی پێــــــشرەوێ

رەنگی سەوزی یانی دایکی (نیشتمان) لەورۆکـــــــەوە

جوان و سەر سەوزە وەگیری کەوتووە عومری نــــــوێ

لاوەکان نامووسی نۆ ملیۆنە ئەو ئاڵایـــــــــــــــــــەمان

گیان بدەن بۆ حیفزی ئەو نامووسەتان لەمنوکـــەوێ

رێی نەجاتمانە پەنا بۆ ئیتحادی شــــــــــــــــــــۆرەوی

سوورمەیە بۆ چاوی ئیمە خاک و خۆڵی مــەسکـەوێ

رەبی (ئیستالین) بژی بۆ لاگری مەزڵوومەکــــــــــــان

تا زەمانە خول دەدا و تا رۆژ دەبەخشێ پورتـــــەوێ

رەبی هەرکەس دوژمنی ئەو میللەتە دڵپاکـــــــــەیە

ژێرکەوێ کۆستی کەوێ رەبی سەعاتێک نـــــەسرەوێ

ئەم هۆنراوەی مامۆستا هەژار چەندین شتمان بۆ روون دەکاتەوە، یەکەم ئەوەی کە ئەو ئاڵایەی کۆماری کوردستان هەڵی کردووە، ئەو ئاڵا سێ رەنگەی ئێستا نەبووە. لەسەر ئەمەش شەهید دوکتور قاسملوو دەنووسێ: “ئاڵای کوردستان سێ رەنگ بوو. رەنگی سوور لە سەرەوە، رەنگی سپی لە نێوەڕاست و رەنگی کەسک لە خوارەوە. ئارمی کوردستان لە نێوەڕاستی ئاڵاکەدا بوو کە بریتی بوو لە قەڵەمێک لە نێوان دوو گوڵە گەنمدا. قەڵەم بایەخدانی حیزبی دێموکرات و کۆماری کوردستان بە فەرهەنگ و زانستی دەنواند و گوڵە گەنمیش نیشانەی بەرهەم و کار بوو. هەتاویش لە لای سەرەوەی ئارمەکە هەڵاتبوو کە سەمبوڵی ئازادی بوو.” دووهەم ئەوەی کە ئەو کات کۆماری کوردستان و ئەو ئازادییەی لەو ناوچانەدا پێکهاتبوو، بە پاڵپشتی ئەرتەشی سوور و ستالین دەستەبەر ببوو، ئیتر ئەوەی کە دواتر کوردیان بۆ نەوت بە حکومەتی ناوەندی فرۆشت و پشتیان بەردا شتێکیترە، ئێمە دەبێ راستیەکان وەک خۆیان بگوازینەوە کە راستی نووسین و راستی گوتنیش ئەرگی هەموو پێشمەرگەیەکە. لە هێندیك شوێندا کە ئەم هۆنراوە بڵاو کراوەتەوە کە چەندین بەیت لەوانەی کە بە دڵی ئێمەی کورد نیە دەهاویژراون کە ئەمە بە بڕوای من کارێکی ناڕەوایە، چوونکە ئەوە بیری ئەو کاتەی مامۆستا هەژار و خەڵکی ئەو سەردەمەمان پیشان دەدا و ئەگەر خۆی نەیویستایە ئەوا بە دڵنیایەوە لە ئێمە باشتر دیتوانی ئەو نیو بەیتانەی تێدا لابەرێ یان بە شێوەیەکی تر بیانهۆنێتەوە.

دەبێ لێرەدا ئەوە بە بیر بێنەوە کە یەکێک لەو کەسانە کە شاهیدی عەیینی ئەو رۆژە بووە و ئێستا لە ژیاندایە خاڵە موتەلیب حەرێقی یە کە ئەو کات لاوێکی ١٠ تا ١٢ ساڵان بووە و بۆ خۆی لە بەرنامەیەکدا کە پێکەوە تۆمارمان کردووە دەڵێ بە ماشێن و دەهۆڵ و زوڕناوە لە بۆکانەوە چووین بە پێرایی ئاڵای کوردستانەوە و لە خەڵکانێک کە ئاڵاکەیان لە شارەکانیترەوە هێنابوو، وەرگرت و گەڕاینەوە بۆ بۆکان…

کەوابوو ئەگەر رۆژنامە ١ی کوردستان لە رێکەوتی پێنج شەممە ٢٠ی ١٠ی ١٣٢٤ واتە ١١ی ژانویەی ١٩٤٦ دەرچووبێ، ناکرێ ژمارەی سێهەم لەو رێکەوتەی ئەوان نووسیویانە دەرچووبێ!

ئەوەش کە ئەو کەس و رێکخراوانە نووسیوەیانە: “ ژماره‌ی سێیه‌می خۆیدا، مانگی خاکه‌لێوه‌ی ١٣٢٥ [ مارسی ١٩٤٦] له‌ ژێر سه‌ردێڕی هه‌ڵکردنی ئاڵای موقه‌ده‌سی کوردوستان له‌ مهاباد ” (کە لێرەدا مەبەست رۆژنامە کوردستانە) لە راست ناچێ، چونکە ژمارە سێهەمی رۆژنامە کوردستان لە رێکەوتی دووشەممە ٢٤ی بەفرانباری ١٣٢٤ دەرچوو کە خۆیان لەسەریان نووسیوە ١٥ی ژانویەی ١٩٤٦ و باسێکی لەسەر هەڵکردنی ئاڵای کوردستان تێدا نیە.

لە ژمارەی ٥دا ئەویش لە ژێر سەردێڕی وتارێکدا بە ناوی “بە مناسەبەتی هەڵکردنی آلا لە نەغەدە”دا باس لەسەر هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لەو شارە کراوە و رێکەوتی دەرچوونی ئەو ژمارەیەش ٢٩ی بەفرانباری ساڵی ١٣٢٤ە.

لە ژمارە حەوتی رۆژنامە کوردستاندا کە رۆژی شەممە ٦ی رێبەندان دەرچووە، لە لاپەڕەی ٤دا دیسان بە ناوی “بە مناسەبەتی هەڵکردنی آلا لە نەغەدە”دا وتارەکەی ئەو رۆژەی شاری نەغەدەیان بڵاو کردووەتەوە کە بەم جۆرە دەست پێ دەکا: “ئەی … و جوانان و لاوانی کورد، ئەی خانم و ئاغایانی کورد، ئەی سەرباز و سوارانی کورد، ئەی هێزی ئازادیی، ئەی پاڵەوان و دلاوەرانی کورد، ئەی جوتیاران و رەنجبەران و سەپانان و هەژارانی کورد، زۆر بە پرۆشەوە بە دڵێکی خۆشەوە جێژنە پیرۆزەی هەمووتان ئەکەم. ئێمڕۆ ئاڵای سوور رەنگی کورد هەڵکرا بەسەر ئەرزی کوردستاندا و بوو بە یەکەمین جەژنی راستەقینەی کوردستان…”

لە ژمارە هەشتی رۆژنامەی کوردستاندا کە لە رێکەوتی دووشەممە ٨ی رێبەندانی ساڵی ١٣٢٤‌دا دەرچووە، لە لاپەڕەی یەکەمدا خەلیلزاد وتارێکی لە ژێر ناوی “سڵاو لە ئاڵای کوردستان و میوانەکانی خۆشەویست!” نووسیوە کە هەست و سۆزێکی تێدا بە دی دەکرێ کە من لێرەدا بەشێکی دێنمەوە: ” سڵاو لە تۆ ئاڵای سورز و جوان، سپی و بە رێو شوێن، سووری جەنگاوەر، ئێمە رۆڵەی پیاوە شێت و دەربەدەر کراو و کوژراوەکانی ئەشقی تۆ، لە رۆژهەڵات و رۆژئاوا، لە شەمال و زریان بە گیانێکی پاک و رۆحێکی یەکیەتی هاتووینە ژێر سێبەری سارد و فێنکەکەت هەتا بحەسێنەوە. هەتا پێت بڵێین: قوربانی کە ساڵێ جارێکە؛ ئێمە هەموو ساتێک قوربان و باڵا گەردانی تۆین…”

ئێستا کە بە پێی ئەو بەڵگانە بۆمان دەکەوت کە لە رۆژنامەی کوردستان زمان حاڵی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانە و ئەویش پێکهێنەری کۆماری کوردستانە، بۆمان دەرکەوت رۆژی ٢٦ی سەرماوەز رۆژی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان نیە. با بزانین بۆ رۆژی ٢٦ی سەرماوەز وەک رۆژی پێشمەرگە دیاری کراوە.

کاک دوکتور قاسملوو کە ئەو سەردەمە ١١ ساڵان بووە و زۆر لەو رووداوانەی لە بیرمابوو، لەسەر ٢٦ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٢٤ لە “چل ساڵ خەبات”دا دەنووسێ کە دوایین نیشانەی دەسەڵاتی حکومەتی مەرگەزی کە بریتی بوو لە شارەوانی مەهاباد لە نێوچوو و چەکدارەکانی شارەوانی چەک کران و دەسەڵات بە تەواوی کەوتە دەستی خەڵک کە هەرچی دەچوو زیاتر خۆی چەکدار دەکردن. سەرەڕای ئەوەی کە کاک نوشیروانیش لە کتێبەی خۆیدا ئەمە پشت راست دەکاتەوە و دەنووسێ:” رۆژی ٢٦ی سەرماوەز خەڵک بە هاندانی هەندێ لە سەرکردەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان هەڵیان کوتایە سەر شارەوانی مەهاباد کە دوایین نیشانەی دەسەڵاتی تاران بووە، پاش تەقوتۆقێکی کەم گرتیان.” بەڵام کەسانی وەک کاک کەریم حیسامی دژی ئەم بۆچوونەن و لە کتێبەکەی خۆیدا بە ناوی “پێداچوونەوە” لە جلدی یەکەمدا دەنووسێ: “شارەوانی مەهاباد مانگی مای سالەی ١٩٤٣ دوای وتاری عەزیز خانی کرمانج لە لایەن خەڵکەوە پەلامار درا و ٧ پاسەوان کوژران و هێندیکیش خۆیان شاردەوە و عەوڵای مینە خاڵندیش شەهید بوو. ٢٦ی سەرماوەز شارەوانی مەهاباد دەمێک بوو لە ژێر دەسەڵاتی خەڵکدا بوو، ئاغا سەید پیرەی رەحمەتیش سەرۆکی شارەوانی بوو…”

دەبێ ئەوەش بڵێم کە هەر لە سەرەتای دیاری کردنی ئەم رۆژەوە لە لایەن حیزبەوە، هێندیک رێکخراو کە لەوە دەچوو زۆرتر لەوە قەڵس بن کە بۆچی ئەوان بیرۆکەی دانانی ئەم رۆژەیان بە مێشکا نەهاتووە کەوتنە هات و هاوار و تەنانەت لەسەر رادیۆش وتاریان لەسەر بڵاو کردەوە کە نابێ ئەو رۆژە بکرێ بە رۆژی پێشمەرگە!

ئەوانەی ئەو کات پێشمەرگە بووین و لە بیرمانە، حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران لە ساڵی ١٣٦٣ی هەتاویدا بڕیاری دا کە رۆژێک بۆ پێشمەرگە دیاری بکرێ و هەموو ساڵێک خەڵکی کوردستان لەو رۆژەدا رێز لە رۆڵەکانی خۆیان بگرن کە ئامادەن گیانیان فیدای خاک و ئاوی نیشتمانەکەیان بکەن. هەربۆیە رۆژی ٢٦ی سەرماوەز دیاری کرا و گۆڤارێکیش بە ناوی ٢٦ی سەرماوەز دەرچوو کە من دوو ژمارەی سەرەتام بەلاوەیە و لە ژمارەی دووهەم لە لاپەڕەی ٣٤دا چوارقوژبنێکی من (حامید) بە دەستکارییەوە چاپ کراوە. ئەوەش زۆر روونە کە ئەم رۆژە بە بۆنەی ٢٦ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٢٤ی هەتاوییەوە دیاری کراوە کە دوایین بنکەی رێژیمی شا لە شاری مەهاباد بە دەستی بەهێزی رۆڵەکانی گەلەکەمان گیراوە و ئیتر دوای ئەوە ئاسەوارێک لەو رژیمە لەو ناوچەیە نەماوە. ئەو چەکدارانەش کە هێرشیان کردە سەر دوایین بنکەی رژیم، سەر بە حیزبی دیمۆکراتی کوردستان بوون و بە داخەوە یەکێکیان بە ناوی عەوڵای مینە خاڵندی لەو هێرشەدا گیانی خۆی پێشکەشی بارەگای ئازادی کرد کە دەبێتە یەکەم شەهیدی ئەم حیزبە و هەر بۆیەش بۆ ئێمە ئەندامان و پێشمەرگە و لایەنگرانی حیزبی دیمۆکراتی کوردستان بە رۆژێکی پیرۆز دێتە ئەژمار و لە ساڵی ١٣٦٤ی هەتاوییەوە هەموو ساڵێک بە دڵێکی شادەوە بەرەو پیریەوە دەچین و جێژن دەگێڕین و شادی و هەڵپەڕین و رەشبەڵەک دەکەینە چقڵی چاوی دوژمنانی گەلەکەمان.

پیرۆز بێ ٢٦ی سەرماوە رۆژی پێشمەرگەی کوردستان

 

 ٢٥ی سەرماوەزی ١٣٩٢

تێبینی: ئەم بابەتەی کاک حامید لە 2013 بڵاومان کردۆتەوە و جارێکی تر دای دەنێینەوە.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی