جگەر خوێن ووتوویەتی:
ئاڵا سێ ڕەنگی تە
بناڤ و دەنگی تە
ئەی خورتێن كوردستان
سڵاڤ بێ لێتان
پێش ئەوەی بێمە سەر باسی ئاڵاكە. ئەوە دەڵێم كە جگەر خوێن (ئاڵا)و (سڵاڤ)ی ووتووە. بەدەنگی خۆیشی بەسروود لێم بیستووە. دێمەوە سەر ئەم باسەو وەڵامی كەسێك دەدەمەوە.
ئێستا دەڵێم: ئەم ئاڵایەی ئێستا بەسەر خاكی (هەرێمی كوردستان)دا دەشەكێتەوە، ئەوە هەر ئەو ئاڵایەی پارتی (خۆیبوون)ە كەئیحسان نووری لەساڵانی (1927-1930)دا بەسەر ئاراراتەوە هەڵیكرد.
نەمر قەدری بەگی جەمیل پاشا (زەننار سلووپی) ساڵی 1957 لەشام بۆیگێڕامەوە فەرمووی:
لەڕۆژانی جمهوریەتی كوردستاندا كەچوومە مەهاباد دەچوومە خزمەت پێشەوا ئاڵایەكی كوردستانم پێبوو كە لە بەیرووت بەو جۆرە دروستكرابوو كەدەكرێ بەسنگەوە. باسی مێژووی ئاڵاكەم بۆ كرد. فەرموووی: بەڕاستی ئاڵایەكی جوانەو نرخی مێژوویی خۆی هەیە. بەڵام خۆزگە لەپاڵ ئەو رۆژەی لەناوەڕاستیدایە. گوڵە گەنمێك و قەڵەمێكی تێدا دەبوو.
جا با ئەمە بۆ مێژوو و بۆ یادگاری ئەو جمهوریەت (كۆمار)ە شەهیدەو یادی پێشەوا مەزنە (شەهید)ە هەر بەو جۆرە بمێنێ و بچینەوە سەر ئاڵاكەی خۆیبوون و ئارارات-كە ئاڵای ئەمڕۆی هەرێمی كوردستانە.
كەس نەڵێ كورد مردووە، كورد زیندووە
زیندووە قەت نانەوێ ئاڵاكەمان
هەرچی رەنگەكانە ئەوە لەمەوپێش لەسەریان نووسراوە كەهەریەكەی نیشانەو رەمزی كەی و چی-یە.
ئەوەی دەیزانم یا لەبیرمە-زەرد ئاڵای سەلاحەدین بووە. سەوز دەڵێن رەمزی میدیایە و وەك بیستبێتم لەوە دووا سمایل خانی سمكۆش كردوویەتی بەڕەنگی ئاڵای خۆی. سپیش-لای موسوڵمان رەنگی دڵ و دەروون پاكییە. خۆ رۆژ-ئەوە هەر لە ئایینی میتراوە تا ئەمڕۆی لای كاكەییەكان و لای كورد پیرۆزە.
كەواتە ئەم ئاڵای هەرێمە. كەئەمجارە بەشانازییەوە لە(ئامەد) هەڵكرابوو با هەر بمێنێ و دڵنیام كە دەبێ بە ئاڵای دەوڵەتی یەكگرتووی كورد.
بێكەس بەچیای گوێژەی كورد دەڵێ: وەك بەئاڵای كوردستان بڵێت:
شاخی رەنگاو رەنگی گوێژە
باعیسی كەیف و سروور
هەردەمەی رەنگێ دەپۆشێ
گا سپی، گا سەوزو سوور
وەسفی قەومی كورد نەكەی
بەم هەموو رەنگانەوە
رەنگی سوورت شاهیدە بۆ
كوردن قەومێكن جەسوور
بەرگی بێگەرد و سپیشت
دیارە وا هاوار ئەكا
قەومی كورد دڵ ساف و پاكن
میللەتێكن بێ قوسوور
بەرگی سەوزیشت ئەڵێ
ئەم خاكە هەر شیناییە
پڕ لەدەغڵ و دان و كانی،
سەر بەڕزق و پڕ لەنوور
سڵاو بۆ كوردستان-بۆ ئاڵاكەی كەجارێك بەسەر ئاگری داغ (ئارارات) ەوە هەڵكراو لەمەهاباد شەكایەوە ئێستا بەسەر هەرێمی كوردستاندا دەشەكێتەوەو دڵنیاشین كەئەو رۆژە نزیكە كە ئەو (ئاڵایەی قەت نانەوێ) بەسەر هەموو كوردستانداو بەسەر باڵیۆزخانەكانی كوردستانیشدا دەشەكێتەوە.
15/1/2014
سەرچاوە: کوردستانی نوێ
بابەتی پەیوەندی دار