به‌رده‌وامبوون له به‌دبکارهێنان گیرۆده‌یی به‌دواوه‌یه ، بەشی دووهەم
له ڵێکۆڵینه‌وه‌کاندا ده‌رکه‌وتووه پزیشکان دوو له سێی ته‌واوی ده‌رمانی له چه‌شنی حه‌بی ئه‌هوه‌نکردنه‌وه، ئێش و ئازار، خه‌وهێنه‌ر و، ته‌نانه‌ت Benzodiazepine ی بۆ ژنانی ده‌نووسن تاکوو بۆ پیاوان. هه‌روه‌ها ژنان خۆشیان زیاتر ده‌ست بۆ ئه‌م چه‌شنه ده‌رمانانه ده‌به‌ن. به‌داخه‌وه به‌شێکی زۆر له‌م ده‌رمانانه که نه‌خۆش له بکارهێنانیدا به‌رده‌وام بێ، ده‌توانێ به‌دبکارهێنان و له کۆتاییدا گیرۆده‌یی به‌دواوه بێ.
کۆمه‌ڵناسان له شیکردنه‌وه‌ی ئه‌م دیارده‌یه‌دا دوو هیپۆتێز پێشکه‌ش ده‌که‌ن: – یه‌که‌م، ژنی ئارام و له‌سه‌رخۆ ئه‌و تاقمه ژنه‌یه که کۆمه‌ڵگا په‌سه‌ندی ده‌کا. دووهه‌م، ئه‌و ئارامیش و له‌سه‌رخۆییه که ژن له ئاکامی خواردنی ئه‌و چه‌شنه ده‌رمانانه پێده‌گا وای لێده‌کا هێزی دژه‌به‌رایه‌تی تێدا لاواز بێ و زیاتر گوێڕایه‌ل بێ. واتا درووست ئه‌و هه‌ڵسووکه‌وته‌ی که کۆمه‌ڵگا چاوه‌ڕوانێتی که ژن هه‌ێبێ، تێدا ده‌خولقێی.
هه‌ر وه‌ک پێشتر باس کرا گیرۆده‌یی له باری نه‌فسییه‌وه، گیرۆده تووشی ناپایه‌داری که‌سایه‌تی، نزمی ئه‌خلاقی و به‌رکه‌وتوویی ده‌کا. ماده‌سڕکه‌ره‌کان چ سروشتی و چ سنعه‌تی وێڕای ئه‌وێکه هه‌ر کام تایبه‌تمه‌ندی خۆیان هه‌یه، کاریگه‌ری جیاوازیشیان له‌سه‌ر شعوور و هه‌ڵسووکه‌وتی به‌کارهێنه‌ر یان گیرۆده هه‌یه. سه‌رخۆشبوون به ماده‌ی سڕکه‌ر به گشتی به شێوه‌یه‌کی کاتی بۆشاییه‌کان پڕده‌بنه‌وه، گرێمانه‌کان ده‌کرێنه‌وه و، هه‌روه‌ها تاک له پرسه گرینگه‌کان و به‌رپرسیارێتی دوور ده‌کاته‌وه.
بێجگه له‌وێکه ئاستی گیرۆده‌یی ژنان به ئاڵکهۆل و حه‌ب مێژووی خۆی هه‌یه و ناسراوه، له‌م چه‌ند ده‌یه‌ی دواییدا تووشبوونی ژن به ماده سڕکه‌ره‌کانی دیکه وه‌ک ئامڤێتامین و هێرۆئین بێ وێنه خۆی له زیادی داوه.
له 1960-70 دا ژنان ده‌ستیان پیکرد ئامڤیتامین وه‌ک ده‌رمانی خۆ کزکردن به‌کاربهینن. به‌کارهێنانی ئامڤێتامین وێرای ئه‌وه‌یکه گرێمانه‌ی شووش و باریکبوونی لای ژنان ده‌کرده‌وه، هه‌ست به جوانی کردن، سه‌ربه‌خۆیی و بوێریش تێدا ده‌خوڵقاندن.
بکه و مه‌که و، نه‌بوونی بنه‌ماڵه‌ی گه‌رموگووڕ و به سۆز، بێ مێهری که‌سوکار، گووشار و گرفتی کۆمه‌ڵایه‌تی، هه‌ستی ناخۆشی له خۆ نامۆبوون و نائه‌منی لای تاک ده‌بزوێنێ که ده‌توانێ تاک به‌ره‌وه دڵه‌ڕاوکی و خه‌مۆکی و بێ ڕێزیکردن به خۆی به‌رێ و، ببێته ئه‌نگیزه‌یه‌ک بۆ ده‌ستبردن بۆ کرده‌وه‌ی نه‌خوازیار.
دۆخی ژنانی گیرۆده
له ته‌واوی جیهاندا ژنانی گیرۆده وه‌ک تاقمی هه‌ره به‌رکه‌وتووی کۆمه‌ڵگا باسیان ده‌کرێ. کۆمه‌ڵگا پشتیوانی که‌متریان لێده‌کا و به پیی پێویست ئاوڕیان لێی ناداته‌وه. ئه‌وان له به‌راورد له‌ته‌ک پیاوی گیرۆده‌دا بارودۆخی سڵامه‌تی نفسی و جه‌سته‌ییان خراپتره. ژنی گیرۆده له پیاوی گیرۆده زیاتر تووشی تووند‌و تیژی و خۆفرۆشی ده‌بێته‌وه (94% له ژنانی گیرۆده له گه‌وره‌ساڵێدا تووشی تووندوتیژی بوونه‌وته‌وه و 40% تووشی ده‌ستدرێژی سیکسی). بیری خۆکوژی له زۆربه‌یاندا به هێزه. رووبه‌ڕووبوونه به تووندوتیژی چ وه‌ک تاوانبار و چ وه‌ک قووربانی بووته به‌شێک له ژیانیان.
به داخه‌وه کۆمه‌ڵگا زیاتر نه‌باشه‌کانی تاقمی به‌رکه‌وتوو زه‌قتر ده‌کاته‌وه و که‌متر یارمه‌تیان ده‌دا بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن هه‌ستنه‌وه سه‌ر پێی خۆیان. با بزابین بۆ کۆمه‌ڵگا له ئاست ژنی گیرۆده دڵڕه‌قتر و بۆ گیرۆده‌یی بۆ ژن گرانتر له پیاو ته‌واو ده‌بێ؛ بۆوێنه:
له ڕوانگه‌ی زانستییه‌وه جیاوازی خواردنه‌وه‌ی ئاڵکهۆڵ له نێوان ژن و پیاوه‌وه
زانستی بایۆلۆژی ده‌ڵێ به‌م هۆیانه ژن ده‌بێ زیاتر له پیاو وریای خۆی بێ له خوارده‌نه‌وی ئاڵکهۆڵدا
– ژن و پیاوێکی هاوکێش و هاوقه‌د کاتێک به یه‌ک ئه‌ندازه ئاڵکهۆل بخۆنه‌وه، پرۆمیلی ئاڵکهۆڵ له خوێنی ژنه‌که‌دا زیاتره له‌هی پیاوه‌که. پزیشکان به‌م ئاکامه گه‌یشتون ژنێکه به‌رگه‌ی 75 له سه‌دی ئه‌و ئاڵکهۆڵه ده‌گرێ که پیاوه هاوکێش و هاوقه‌ده‌که‌ی خواردوویه‌ته‌وه.
– ئاڵکهۆڵ له ئاوادا هاسانتر حه‌ڵ ده‌بێ تاکوو له چه‌وریدا. به گشتی جه‌سته‌ی ژن چه‌وری زیاتره تاکوو ئاو. جه‌سته‌ی پیاو به پێچه‌وانه جه‌سته‌ی ژن ئاوی زیاتره تاکوو چه‌وری. به‌م هۆیه‌وه ئاڵکهۆڵ له جه‌سته‌ی ژن‌دا کاتی زیاتر ده‌گرێ تاکوو شلبێته‌و و حه‌ڵ بێ.
– جه‌رگ ئه‌و ئورگانه له جه‌سته‌یه که زۆرترین به‌شی ئاڵکهۆڵ تێدا هه‌زم ده‌بێ، زۆر هه‌ڵده‌که‌وێ که جه‌رگی ژنان له جه‌رگی پیاوان بچووکتربێ.
– گۆڕانکاری هۆرمۆنی به‌ر له مانگانه بوون وه‌ها ده‌کا که ژن ئاڵکهۆڵ به خێرایی وه‌ر‌گرێ.
– نیشانده‌راوه که ژن له پیاو خێراتر گیرۆده‌ی ئاڵکوڵ ده‌بێ، نزیکه‌ی نیوه‌ی ئه‌و کاته ده‌خاینێ که پیاو گیرۆده ده‌بێ. ئه‌م ماوه بۆ گه‌نجان خێراتریشه.
– هه‌روه‌ها ژن له پیاو خێراتر تووشی زیان و ناته‌ندرووستی جه‌رگ و مێشک ده‌بێ.
له ڕوانگه‌ی کۆمه‌ڵگاوه
ژێنده‌ر شیده‌کاته‌وه که چۆن کۆمه‌ڵگا له ڕێگای که‌ڵکئاوه‌ژوو وه‌رگرتن له جیاوازییه‌کانی سروشتی نێوان پیاو و ژن، سیسته‌می بالاده‌ستی و ژێرده‌ستی سازکردووه. ئه‌م سیسته‌مه وه‌ک کونتراکتی نه‌نووسراوی بڕیارده‌ره پێوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی نێوان ژن و پیاوی داڕشتووه و، کردوویه‌تی ناوئاخنی ژنێتی و پیاوێتی. به گۆی ڕێساکانی ژێنده‌ر ده‌بێ ژن له ژێر مه‌رجه‌کانی پیاودا بژی. له‌سه‌ر ئه‌م بناخه‌یه‌وه پیاو به نوێنه‌ری سه‌ربه‌خۆیی و فه‌رمانڕه‌وایی و ژن به نوێنه‌ری پێوه‌ندی نزیکایه‌تی، به‌وه‌فایی و فه‌رمانبه‌ری داده‌ندرێ. هه‌ڵسوکه‌وتی پێچه‌وانه‌ی نۆرم و ڕێساکانی ژێنده‌ر وێڕای ئه‌وه‌ێکه ژن تووشی قه‌یرانی جیددی و سزادان ده‌کاته‌وه، تووشی هه‌ستی ناخۆش وه‌ک شه‌رمه‌زاری و قه‌رزداریش ده‌کا. ژنێک باش و په‌سه‌نده که موڕاڵێکی کۆمه‌ڵایه‌تی، هه‌ستی دایکێتی تێدا به‌رز و به‌ڕچاو بێ، کابان بێ، ئاگادار و به‌رپرسی ڕیکوپێکی بنه‌ماڵه بێ و، ئه‌رکی جنسی مێرده‌که‌ی بێ ئه‌ملاو و ئه‌ولا به‌جێی بگه‌ینێ و، نابێ ڕه‌فتاری دژی ژنایه‌تی خۆی ئه‌نجام بدا.
هه‌رچه‌ند ژنان له جاران زیاتر و خۆشخۆشتر ئاڵکهۆڵ ده‌خۆنه‌وه – له وڵاتی سوئێد 90% ژنان ئاڵکهۆڵ ده‌خوێنه‌وه – به‌ڵام هه‌ر دیسان کۆمه‌ڵگا خواردنه‌وه‌ی ژنان به کرده‌وه‌یه‌کی ئاسایی دانانێی و، هه‌روه‌ک سه‌رده‌می یۆنانی کۆن به سووکی ته‌مه‌شای ژنی سه‌رخۆش ده‌کرێ.
ئه‌م ڕوانگه‌یه ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر ئه‌و باوڕه که ده‌گووترێ ژن نابی له هیچ شوێن و له هیچ کاتێکدا کۆنتڕۆڵی خۆی له‌ده‌ستبدا. کۆمه‌ڵگا خواردنه‌وه و گیرۆده‌یی ژن به حیسابی بێ ئه‌خلاقی و بوونی گرفتی ده‌روونی داده‌نێ، به‌ڵام هی پیاو به حیسابی گرفتی ڕۆژگار و قورسایی ژیان داده‌نێ.
له ڕاستیدا ژنی گیرۆده‌ش هه‌ر وه‌ک پیاوی گیرۆده به هۆی نه‌خۆشی گیرۆده‌یی له به‌جێی گه‌یاندنی ئه‌رکه‌کانیاندا ناته‌وانه. به‌ڵام چوونکو پیاو وه‌ک ژن به نۆرم و رێساکانی کۆمه‌ڵگاوه نه‌بستراوه‌ته‌وه، هه‌ربۆیه‌ش ژنی گیرۆده زۆرتر وه‌ک ئه‌ندامێکی سه‌رنه‌که‌تووی چاوی لێده‌کرێ و، کۆمه‌ڵگا له‌گه‌ڵی بێ ره‌حمتره.
منداڵی ژنی گیرۆده زیاتر دڵی له دایکی ده‌شکێ و به خائنی داده‌نێ، تاکوو له بابی. زۆر که‌م له ژنانی گیرۆده ده‌سته‌خوشک و هاوڕی نزیکیان هه‌یه. بنه‌ماڵه‌کانیان بۆ ئه‌وه خۆیان له قسه و باسی کۆمه‌ڵگا دوور بکه‌نه‌وه به‌جێگای ئه‌وه که یارمه‌تی بکه‌ن، حاشایان لێده‌که‌ن و یان گرفته‌که‌ی ده‌شارنه‌وه.
لای ژنی گیرۆده هه‌ست به شه‌رمه‌زاری و تاوانباری چه‌ند قاته، له به‌ر ئه‌وه‌ێکه ناتوانێ ئه‌رکی ماڵ و منداڵ به‌رێوه‌به‌رێ، له به‌ر ئه‌وه‌یکه جوانی و جه‌وانی خۆی تێکداوه، له به‌ر ئه‌وه‌یکه خۆێ بێ قیمه‌ت کردووه، له به‌ر ئه‌وه‌ێکه ته‌نیا ماوه‌ته‌وه.
زانستی ده‌روونناسی شه‌رمه‌زاربوون وه‌ک هه‌ستێکی زۆر به‌هێز ناخۆش پیناسه‌کراوه که نه ته‌نیا کاریگه‌ری له‌سه‌ر هاوگه‌مه‌یی نێوان تاک و ئه‌وانی دیکه ده‌کا، به‌ڵکوو کاریگه‌ری نه‌رێنی ڕاسته‌وخۆی له‌سه‌ر هه‌ستی خودی تاک به‌رامبه‌ر به خۆی هه‌یه. ده‌روونناسان ده‌ڵێن؛ هه‌ستی شه‌رمه‌زاربوون لای گیرۆده هه‌ستێکی ناخۆشه که گرێدراوی چه‌ندی هه‌ستی ناخۆشی دیکه وه‌ک، شه‌رمێونی، خۆ به‌که‌مزانین، خۆ له گۆشه‌خستن ، سه‌رباری، چاونزێری، خۆ خۆشنه‌ویستی، ڕک و قین له خۆبوونی لێده‌که‌وێته‌وه.
ژنی گیرۆده له‌به‌ر ئه‌وه که ڕووبه‌ڕووی لۆمه و سه‌رزنیشت نه‌بێته‌وه، تاکوو ماوه‌یه‌کی زۆر ده‌توانێ گیرده‌یی خۆی بشارێته‌وه. ئه‌و به‌م ڕه‌فتاره‌ی هه‌م خۆی زیاتر فریو ده‌ده‌ا و، هه‌م ده‌توانێ زۆر له ڕاستییه‌کان له به‌ر چاوی کۆمه‌ڵگا بشارێته‌وه.
به داخه‌وه نه‌ک هه‌ر له وڵاتی ئێمه که به گشتی پرسی ژن گرینگی خۆی پێنادرێ و ژنی گیرۆده به تایبه‌تی به‌ر که‌وتوویه به‌ڵکوو له وڵاتێکی وه‌ک سوئێدیش که پرسی ژن به ئاستێکی باش گه‌یشتووه هه‌ر دیسان ژنی گیرۆده به‌رکه‌وتوویه. سووکایه‌تی پێکردن و تووشی تووندووتیژی بوونه ڕوحی، جه‌سته‌یی و، ده‌ستدرێژی جنسی ، نه‌خۆشی نه‌فسی و جه‌سته‌یی، هه‌ژاری و فه‌قیری و ئیحتیاج، بێ داڵده‌یی و بێ په‌نایی، چاو له ده‌ستبوون، ترس و نیگه‌رانی، دڵه‌ڕاوه‌که، خه‌مۆکی، هه‌ست به نائه‌منی کردن، که‌ڵکئاوه‌ژوو لێوه‌رگرتن، ئه‌نجامدانی کرده‌وه‌ی نایاسایی هیچکامیان بۆ ژنی گیرۆده نامۆ نییه. له بیمارستان، سوسیال (بنکه یارمه‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی)، پولیس، زیندان و چاکسازییه‌کان به حورمه‌ته‌وه وه‌ریان ناگرن، به چاوی سووکه‌وه ته‌مشایان ده‌که‌ن، لۆمه‌یان ده‌که‌ن و نه‌خۆشییه‌که‌یان یه‌کراست گرێده‌ده‌نه‌وه به بی ئابڕوویی و سێکسوالیتێت. ته‌نانه‌ت بنکه‌کانی داڵده‌ی ژنانی تووندوتیژی لێکراو وه‌ک ماڵه ئه‌منه‌کان، ژنانی گیرۆده‌ی تووندوتیژی لێکراو وه‌خۆ ناگرن. ڕووبه‌رووبوونه له‌ته‌ک ئه‌م چه‌شنه پێشداوه‌ری و هه‌ڵسووکه‌وته ناڕه‌وایانه ئه‌ونده‌ی دیکه دڕ‌دۆنگی و ناباوه‌ڕی له لایان به‌هێزترده‌کا.
تجاره‌ت، بازاری کرین و فرۆشتنی ماده‌سڕکه‌ره‌کان به گشتی له ژێر ده‌سه‌ڵاتی پیاودایه. جا هه‌ر بۆیه چ ئه‌و ژنانه‌ی که وه‌ک ژنی نێوماڵ ماده‌ی سڕکه‌ر وه‌ک خۆی ده‌رمانی به‌کار ده‌هێنن و یان چ ئه‌و ژنانه‌ی که گیرۆده‌ن و خۆفرۆشن، هه‌ردووک بۆ وه‌ده‌ستهێنانی ماده‌که‌یان چاو له ده‌ستی پیاون. ئه‌مه باوه که ده‌گووترێ؛ به دڵنیایی ته‌واوه له پشت هه‌ر ژنێکی گیرۆده به لانی که‌م پیاوه‌کی گیرده‌ه‌یه ڕاوه‌ستاوه.
چاکسازی
به‌ر له هه‌موو شتێک نابێ ئه‌مه له بیر بکه‌ین که هیچ به‌رنامه‌یه‌کی چاکسازی و هیچ تراپێفتێک ناتوانێ سه‌رکه‌تووبی له مداواکردن گیرۆده‌یه‌کدا، تاکوو ئه‌وه وه‌خته‌ی که گیرۆده خۆی داواکار و داخواز نه‌بێ بۆ پاکبوونه‌وه‌ی خۆی.
به‌رنامه و پرۆگرامه‌کانی چاکسازی له بناخه‌وه بۆ مداواکردنی پیاوانی گیرۆده دارێشتڕاون و بۆ ئه‌وان گونجێندراوه. هه‌روه‌ها زانست و لێکۆڵینه‌وه‌کانی تایبه‌ت به گیرۆده‌یی ژن زۆر که‌من، ئه‌وانه‌ش وه‌ک که‌ماسیی له به‌رنامه‌کانی چاکسازیدا ده‌بیندرێ.
بنکه‌کانی چاکسازی ناتوانن له مداواکردنی که‌سانی گیرۆده‌دا سه‌رکه‌وتووبن، ئه‌گه‌ر بێتوو به تایبه‌ت له سه‌ر پرسه تاکه‌که‌سییه‌کان چ بابه‌تی مه‌عنه‌وی یان مادی کار نه‌که‌ن. دیتنه‌وه‌ی هۆ یان هۆیه‌کانی گیرۆده‌بوون لای تاکی گیرۆده یارمه‌تیده‌ره بۆ ڕزگاربوون له گیرۆده‌یی و گه‌رانه‌وه بۆ نێو ژیانی ئاسایی بێ گرێمانه. له مداواکردندا چ به شێوه‌ی گروپی و چ به شێوه‌ی تاکی پێویسته وێڕای شیکردنه‌وه‌ی گرفته‌که، له سه‌ر پێویستییه‌کان و تواناییه‌کان کار بکرێ بۆ ئه‌وه‌ێ ئه‌م که‌سانه بتوانن باوه‌ر به ئه‌مه بهینن که ده‌سه‌ڵاتی ژیانی خۆیان به ده‌ست خۆیانه نه‌ک به ده‌ست ئه‌و ماده یان کرده‌وه‌یه که به‌م ڕۆژه‌ی گه‌یاندوون.
که‌سێک که بزانێ کێیه و کێی نییه، به‌م خاڵه‌ش ده‌گا که چی له ژیانیدا ده‌وێ و چۆن ده‌ێهه‌وێ بژی.
کۆتایی:
نه‌بوونی زانیاری درووست و به‌ربڵاو له کۆمه‌ڵگادا، بوونی حووکمی ناڕه‌وا و پێشداوه‌رییه‌کان سه‌باره‌ت به به‌دبکارهێنان و نه‌خۆشی گیرۆده‌یی و هه‌روه‌ها ده‌سه‌ڵاتی نامروڤانه‌ی تجاره‌تی ماده‌سڕکه‌ره‌کان بووته به نیگه‌رانییه‌کی سامناکی جیهانی. ته‌منی ده‌ستپێکی به‌کارهێنانی ماده‌سرکه‌ره‌کان به‌رده‌وام به‌ره‌و خواره‌وه ده‌چێ و، ژماره مردننه‌کان به‌ره‌و سه‌ره‌و ده‌ڕوا. ژماره‌ی کچان و ژنانی گیرۆده له زۆر شوێنی جیهاندا شان له شانی ژماره پیاوانی گیرۆده ده‌دا. مه‌ترسی زگپڕبوونی نه‌خوازیار، خواردنه‌وه‌ی ئاڵکهۆڵ یان ماده‌ی سڕکه‌ر له کاتی دووگیانی‌دا و بوونی منداڵی سه‌قه‌ت، گه‌وره‌بوون و ژیانکردنی ئه‌م منداڵانه لای دایکوبابی گیرۆده گرفتێکی گه‌وره و جیددی که کۆمه‌ڵگا ناتوانێ له به‌رامبه‌ریدا خۆ ڕاگرێ.
مه‌رزه جه‌وانمه‌رد: ئاڵکهۆڵ و دراگ تراپێڤت/ راهێنه‌ری 12 هه‌نگاو
2014-01-17
- Den mörka kontinenten, kvinnan, medicinen och fin-de-siècle, Karin Johannisson, 2004. Norssteds
- Dricker hon? Karin Thunberg
- Vem blir Drog missbrukare Artur Solarz