لە وڵامی پرسیارەکەت کە نووسی بووت دەبێ چ بکەین دەڵێم: بەهۆی یەکبونی ڕێبازی سیاسیمان کە ڕێگای قازی و قاسملوو شەڕەفکەندی و شەهیدانە، ئـێـمە هـاوڕێی ڕۆژە سەختەکانی خەبـاتەکەمـان بـوویـن،
مەڵـبەندی کار و تێکۆشانمـان لـێـک نـیـزیک و بـگرە بـە یـەکەوە بـووین. نـاسیـاوی و تێکەڵاوی و هاوکاریمان زۆر بوو. ئەگەر تەعاروف نەبێ جگە لە بەشە حیزبـیەکەی، ڕەنگە وەک یەک بیرمان نەدەکرد بێتەوە. (دەزانی تەعاروف یانی پێهەڵا کوتن) بۆیە من پێت هەڵناڵـێـم، بـەڵام بە سەداقەتەوە دەڵێم: تـۆ یـەکێک لەو دێمۆکڕاتە بویرانە بووی کە نەخشی خۆت بە زیادەوە دەگێڕا. با درێژی نەکەمەوە و ولامی دەبێ چ بکەینت بدەمەوە. گریـنگتـرین و کاریگەرتـریـن کاری ئێمە ئەوەیە، ناوماڵی خۆمان وەک پێویست ئەوڕۆیی ڕێک بخەین چونکە هەر ماڵێک لەناو خۆیدا ڕێک و پێک نەکرا بێ ویرانە و نـاتوانێ بگاتە مەبەست. عەیبێکی گەورەی ئێمە بە ڕێبەرانیشمانەوە ئەوەیە: هەر چەند بە قسە پەسنی ڕێبەرە شەهـیـدەکانمان دەدەین، بـەڵام لـە کردەوەدا کەمتر ڕەچاویان دەکەین. دیارە بار و دۆخی دنیا گۆڕاوە، بەڵام نەمانتوانیوە وەک پێویست دەگەڵی بـڕۆیـن. وەک خـۆشت دەزانـی لـە نـاو ڕێـبـەران و پێشمەرگە و کادر و ئەندامانی حیزبی بیروبـاوەڕی جـیاواز هـەیە. هەمـانـە لە پـلـەی سەرەوەشـدا پـتـر بــۆ بـاوەڕە تاکـیـەکەی خـۆیـان هـەوڵ دەدەن، ئـەوەی ئامانجی هەمومانی بە یەکەوە گرێداوە کە ڕزگاری نیشتمان و گەلە. ئەوەش کە ئی هەموو گەلی کوردستانە، یان پشت گوێی دەخەین یان کەمـتر سرنجی دەدەین! با باسی خۆم وەک نمـونە بکەم کە بـاوەڕی ئایینیم هەیە، ئەگەر هێز و توانای خۆم هەمووی بۆ ئەو، دەکار بێنم کە بڕوام پێـیەتی لـە زۆر حاڵەتاندا لە ئامانجە ئەسڵیەکەم دور کەوتوومەتەوە و جاری وایە وەک دژیش دەردەکەوم! بـەڵام مـن کە ئـامـانـجی سەرەکیـم بەگشتی ڕزگاری کوردستان و کوردە، نــابێ لە ئایینێک یان ئیدەیەک دا کورتی کەمەوە.
من ئازادی و ڕزگاری زێدم دەوێ، نابێ بۆ هـیچ مـەبەستێکی پشت گوێێ بخەم. ئەگەر ئێستاشی دەگەڵ بێ مـن هـیـچ ئــیـدە و ئایـنـێکم بـەبـێ ئـازادی قبوڵ نیە. چونکە دەبێتە زۆری و ئیجباری و لە لایەکیتر بەرەنگاری زوڵم و زۆرداری و داگیرکاری بە ئەرکی ئایینیش دەزانـم کە لـە پـێشەوەی ئەرکی عیبادیە. بڕوانە هێندێک ئەرکی ئایینی هەن پێوەندەی بە خۆتەوە هەیە و قازانج و زیانەکەشی هەر بۆ خۆتە، بەڵام زۆر ئەرکمان هـەن ئایینین، پێوەندیان بەکۆمەڵگاوە هەیە زیانی پێدەگەیەنین وەک: خەیانەت، دزی، درۆ، نەفامی، سیخوڕی و هیتر کە ئیسلام قەدەغەی کردون و سەزای گەورەی بۆ بکەرەکانیان دیاریکراوە. بـۆ دیـاریـ کردنی ئـەو چاک و خـراپـانـە خـوا کورتــ و پــوخت دەفەرموێی: { وتعاونواعلی ألبروألتقوی،ولا تعاونـواعلی ألأثم وألعدوان} واتە لە چاکە و پارێز کردن لـە خـراپـە، هـاوکاری یـەک بـن، لە شەڕ و خراپەدا یاریدەی یەکتر مەدەن. ئێمە گەلێکین مێژویەکی دورودرێژی پڕ لە کەوتن و هەستانەوە، شکان و سـەرکەوتنـمـان هەیە، حیزبەکەی ئێمەش یەکەمین حیزبی ڕۆژهەلاتی کوردستانە کە بە پێوەری زانستی و سەردەمیانە بـۆ وەدەست هـێـنـانـەوەی مـافـە داگیـرکراوەکانی تێکۆشاوە، قـوربـانـی زۆر و گەورەو بە نـرخی داوە، زۆر کـەنـدو کۆسپی گەورەی هاتونە سەر ڕێی، تەنانەت خەیانەتیشی پێکراوە، دەگەڵ هەموی ئەوانە ملی بۆ زۆرداران ڕانەکێشاوە، لە هەمـوی ئەوانەدا ڕۆڵەی ژیر و بوێری وەک تۆو سەدانیتر هەم خەباتیان کردوە هـەم قـوربانـیشـیـان داوە. مـن پـێـمـوایـە لـە بـواری خەبـات و خزمـەت بەگەڵ، بەکەس قەرزدار نین، زۆریشمان نەک بە قەرز بەڵکو بە پیاوەتی بـە ئـەحزابی تر داوە. لـە دوایـیـدا هـیوادارم بە سینەیەکی فراوان و ڕوحـێکی شـۆڕشگێڕانـە دەگەڵ ڕوداو و پێشهاتەکان بەرە و ڕو بین، هـەمـو شـتـێک بە قوربانی گەل بکەین، نەک گەل بە قوربانی ئامانجی حیزبێک و تاکێک بکەین.
براتان مەلا ئیبڕاهیمی مەجید پور٢ رەزبەری ٢٧٢٤ کوردی
٢٣ / ٩ / ٢٠٢٤ زایینی