30ی ئاب رۆژی بێسەروشوێنكراوانە لە جیهان, كوردستانیش هەرێمێكە لە وڵاتێك چ خۆی و چ عێراق یەكێكە لەو 80 وڵاتەی جیهان كە هاووڵاتیانی تێدایە بێسەروشوێنكراون بەهۆكاری سیاسی.
لە جیهاندا ژمارەی بێسەروشوێنكراوان بە 52250 كەس دیاریكراوە, ئەوانەن تۆماركراون لە ناوەندە جیهانیەكان بە تایبەت نەتەوە یەكگرتووەكان و خاچی سوری جیهانی و هاوپەیمانی جیهانی دژ بە بێسەرو شوێنكردن و …. لە كاتێكدا تەنها ژمارەی بێسەرو شوێنكراوانی ئەنفال و بارزانی و فەیلی و ئێزیدی و …چەندین بەرابەری ئەو ژمارەیەیە, تا ئێستا ژمارەیەكی زۆر كەمی نەبێت چارەنووسیان دیارینەكراوە, تەنانەت ئەو روفاتانەی دۆزراوینەتیشەوە بەهۆی نەناسینەوەیان بە بێسەروشوێنكراو هەژمار دەكرێن, بە شێوەی گشتی ژمارەی بێسەروشوێنكراوان لە جیهان خۆی دەدات لە زیاتر لە 50 ملیۆن كەس, هەروەها لە 30 وڵات زیندانی نهێنی بوونی هەیە, لە ناویاندا لە عێراق.
بێسەروشوێنكردن تاوانێكی زەقی مافی مرۆڤ و یاسای نێو دەوڵەتی و جاڕنامەی گەردونی مافی مرۆڤە, بە پێی پەیمانامەی رۆما دەچێتە چوارچێوەی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتییەوە, كات و شوێن تاوانەكە بە زیندویی دەیهێڵێتەوە, بنەماڵەی قوربانی مافی قەرەبوو و زانینی راستییەكانیان هەیە, هیچ دەسەڵات و گروپێك مافی بێسەروشوێنكردنی هاووڵاتیانیان نییە, كە تاوانكار بە پێی یاسای نێودەوڵەتی نابێت لە سزا رزگاری بێت.
بێسەرو شوێنكردن پێشێلی مافی یاسایی تاك,مافی ئازادی و ئاسایش, مافی ئەشكەنجە نەدان , مافی ژیان, مافی ناسنامە, مافی دادگاییكردنی دادپەروەرانە, مافی قەرەبوكردنەوە, مافی وتنی راستییەكان, مافی ئابووری, كۆمەڵایەتی, رۆشنبیری, مافی ئاستی ژیان, مافی تەندروستی و فێربوون, مافی كەرامەت و داوالێبوردنكردنی قوربانی ..ە.
لەم بۆنەیەدا وێڕای ئیدانەكردنی بوونی سەدان دیاردەی بێسەروشوێنكردن بەهۆی عەقیدەی سیاسیەوە لە باشووری كوردستان و دەیان هەزار لە پارچەكانی دیكەی كوردستان لە لایەن رژێمە دكتاتۆرییەكانی ناوچەكەوە, داواكارین :
- پێویستە لیستی ناوی بێسەروشوێنكراوان, هۆكاری بێسەروشوێنكردن و هۆكاری مردن, شوێنی مردنیان بڵاو بكاتەوە, ئەوانەشی ماون ئازاد بكرێن.
- شوێنی كۆكردنەوەی بێسەروشوێنكراوان بپارێزرێت و بۆ یاداوەری بێسەرو شوێنكراوان و دروست كردنی مۆنمێنتی یاداوەرییان.
- بە یاسا بێسەروشوێنكردن لە كوردستان و وڵاتانی ناوچەكە قەدەغە بكرێت.
- داوای لێبوردن لە بنەماڵەكانیان بكرێت و پەیمانی دوبارە نەكردنەوەی تاوانی لەو جۆرە بدرێت.
- روفاتی قوربانییەكان بگەڕێنرێتەوە بۆ كەسوكاریان.
- قەرەبووی ئابووری كەسوكاریان بكرێتەوە بۆ ماوەی رابردوو, ژیانێكی شەرافەتمەندانەیان بۆ دابین بكرێت لە روی دارایی و خوێندن و چارەسەری تەندروستی.
- مافی كەسوكاری بێسەروشوێنكراوانە هەموو راستییەكان لە سەر بێسەروشوێنكردنی رۆلەكانیان بزانن, تەواوی زانیارییەكانیان لە بەرواری بێسەروشێوێنكردنەوە بۆ ئاشكرا بكرێت.
- بە یاسا پارێز بەندی بۆ كەسوكاری قوربانیان, پارێزەرەكانیان, رێكخراوەكانیان دیاریبكرێت بۆ وتنی راستییەكان و داكۆكیكردن لە مافەكانیان.
- پێویستە زیندانەكان سجلی هاتووان و دەرچوانی هەبێت, هیچ كەسێك لە دەرەوەی زیندانە فەرمییەكان زیندانی نەكرێن و بوونی زیندانی نهێنی وەك تاوان سەیر بكرێت.
رێكخراوی كوردستان بێ جینۆساید
تۆڕی KONCICC
هەڵمەتی دادپەروەری
30-8-2024
009647503714620