قسەکانی فەرامەرز ئەسەدی، کونسولی گشتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر، لە چاوپێکەوتن لەگەڵ هیوا جەماڵ لە تۆڕی میدیایی “ڕووداو”دا

کە ڕۆژی پێنجشەممە، ١٦ی ڕەزبەر (٨ی ئۆکتۆبر) بڵاو بۆوە، جارێکی دیکە جەوهەری دوژمنکارانەی سیاسەتی تاران بەرامبەر بە حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران و هێزە سیاسییەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەرخست؛ سیاسەتێک کە لە دژایەتیی ماف و داواکانی کورد، بەئەمنییەتیکردنی پرسی کورد و هەڕەشەی بەکارهێنانی هێزەوە سەرچاوە دەگرێ، نەک لە داننان بە ڕەواییی خەباتی سیاسی و مافە نەتەوەیی و دیموکراتیکەکانی گەلی کورد لە ئێران.
ئەسەدی بە بانگەشەی ئەوەی بنکەکانی هێزە سیاسییە کوردییەکان شوێنی پلاندانان بۆ هێرش دژ بە ئێرانن، ئەم حیزبانە بە هاوکاری لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل تۆمەتبار دەکا؛ هەروەها هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران بە بەرهەمی فشار و دەستێوەردانی دەرەکی دەزانێ. ئەم تۆمەتانە، درێژەی هەمان سیاسەتی حاشاکردن و بەلاڕێدابردنی پرسی ماف و ئازادییەکانی گەلی کوردە کە لە یەک سەدەی ڕابردوودا هەردوو حکومەتی پاشایەتیی پەهلەوی و کۆماری ئیسلامی بە ئاگر و ئاسن وڵامیان داوەتەوە. پێکهێنانی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانیش بڕیارێکی سیاسییە بۆ هاوکاری و هاوئاهەنگی لەپێناو وەدیهێنانی خواست ڕەواکانی نەتەوەی کورد لەسەر خاک و نیشتمانی خۆی؛ نەک بەڵگەیەک بۆ ئەو تۆمەتانەی تاران دەیانخاتە پاڵیان.
ئەسەدی لەو وتووێژەدا بە ناوبردنی حیزبی دێموکرات بە حیزبێکی تێرۆریست داوا دەکا ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە ڕێگەی ئینترپۆلەوە ڕادەستی ئێران بکرێنەوە. جارێ هەر لەجێدا دیارە کە کێ تێرۆریستە و کام لایەن قوربانیی تێرۆر! تێرۆری ڕێبەرانی سیاسی و دژبەرانی ڕێژیم لە دەرەوەی ئێران، کوشتنی پلانبۆداڕێژراوی دژبەرانی سیاسی لە نێوخۆی وڵات، هێرش و کردەوەی تێرۆریستی دژی حیزبە سیاسییەکانی کورد و پشتیوانی ماڵی و پڕچەککردنی هێزە تێرۆریستییەکان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و زۆر لە وڵاتانی دیکەی دنیا ئەو بابەتانەن زۆربەی وڵاتانی دنیا سەبارەت بەوە کۆماری ئیسلامییان مەحکووم کردووە، لە خۆڕاش نییە کە ئەم ڕێژیمە لە ئاستی دنیادا بە پشتیوانی سەرەکیی تێرۆریزمی دەوڵەتی ناو دەبرێ. بۆ زۆر لەو کردەوە تێرۆریستییانەش پەروەندە لە دادگای وڵاتان کراوەتەوە و لە بڕیارەکانی ئەو دادگایانەدا کۆماری ئیسلامی و ناوەندە نیزامی و ئەمنییەتی و دەزگای بەناو دادی ڕێژیم بە بەرپرسیار زاندراون.
بەڵام لەوەش بترازێ داواکاریی کۆماری ئیسلامی بۆ گەڕاندنەوەی ئەندامانی حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕێگەی ئینتەرپۆلەوە، پێچەوانەی بنەماکانی نێودەوڵەتیی پاراستنی مافی پەنابەران و قەدەغەی گەڕاندنەوەی ناچارەکییە. بەکارهێنانی میکانیزمە نێودەوڵەتییەکان بۆ ڕەوانەکردنەوەی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی، هەوڵێکە بۆ شاردنەوە و سڕینەوەی سەرچاوەی سیاسیی کێشەکە و گۆڕینی داواکارییەکی سیاسی بۆ پرۆسەیەکی ئەمنی و قەزایی.
لە بەرامبەر کۆی ئەم تۆمەتانەدا، پێویستە ئەسەدی پرسیارێک لە خۆی و حکومەتەکەی بکا کە ئەگەر کۆماری ئیسلامی بانگەشەی پاراستنی ئاشتی و ئەمنییەتی ناوچەکە دەکا، چۆن هەڕەشەی بەردەوامبوونی هێرشەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان پاساو دەداتەوە؟ بەپێی ئامارە فەرمییەکان لە سەرەتای شەڕی ئەمدواییانە نێوان ئەمریکا و ئێراندا، ڕێژیمەکەی ئەسەدی زیاتر لە ١٢٠٠ جار هێرشی کردووەتە سەر هەرێمی کوردستان و هەر لەو وتووێژەدا کۆنسوولی ڕێژیم لە هەولێر ئەگەری بەردەوامبوونی ئەم هێرشانە ڕەت ناکاتەوە؛ بەڵکوو هەوڵ دەدا بە هێنانەوەی پاساوی ئەمنییەتی، هێرشەکانی تاران لە چوارچێوەی بانگەشەی بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکاندا، بە ڕەوا پیشان بدا. ئەمە لە کاتێکدایە هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی ئێران بۆ سەر خاکی عێراق، سەروەریی ئەو وڵاتە و ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەخەنە مەترسییەوە و ژیانی هاووڵاتیانی مەدەنی دەکەنە ئامانجی مەترسییەکی ڕاستەوخۆ. پاراستنی ئەمنییەت بە هەڕەشە و هێرش مسۆگەر نابێ؛ بەڵکوو بە ڕێزگرتن و دەستەبەرکردنی مافی گەلانی ئێران لە نێوخۆی وڵات، ڕێزگرتن لە سەروەریی وڵاتان و وەستاندنی دەستێوەردان لە کاروباری نێوخۆی ئەوان دەست پێ دەکا.
کونسوولی کۆماری ئیسلامی لە بەشێکیتر لە دیمانەکەی لەگەڵ رووداودا، ئاماژە بە تیرۆری دوکتور قاسملوو دەکا و زۆر بێشەرمانە ڕەتی دەکاتەوە کۆماری ئیسلامی دەستی لەو ڕووداوەدا هەبێ. نکۆڵیکردنی ئەسەدی لە بەرپرسیارێتیی کۆماری ئیسلامی لە تیرۆری د. قاسملوو لە ڤییەن، ناتوانێ ئەو ڕووداوە لە مێژووی سیاسیی کورد و لە بەڵگەنامە و لێکۆڵینەوە دادوەرییەکانی پەیوەست بەو تاوانە بسڕێتەوە. تیرۆری د. قاسملوو لە ساڵی ١٩٨٩ (١٣٦٨) و د. شەرەفکەندی لە ساڵی ١٩٩٢ (١٣٧١) لە بەرلین، دوو ڕووداوی گرنگی مێژووی تێرۆری سیاسی دژ بە ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانن و بڕیاری دادگای میکۆنۆس لە ئەڵمان لە ساڵی ١٩٩٧یش بەڵگەیەکی گرنگی دادوەرییە لە تێرۆریستبوونی ڕێبەرانی باڵای ئەو ڕێژیمە.
ئەوەی لە مێژووی چەند دەیەی ڕابردوودا ڕووی داوە، نیشان دەدا حیزبی دیمۆکرات و ڕێبەرانی قوربانیی سیاسەتی تێرۆری سیاسی و سەرکوت بەهۆی کۆماری ئیسلامییەوە بوون، هەروەها، سەرکوتی خەڵکی کوردستان، کوشتن و زیندانیکردنی چالاکانی سیاسی و مەدەنی و هەوڵدان بۆ بێدەنگکردنی دەنگی ناڕەزایەتی لە کۆمەڵگەی کوردستان، بەشێکن لە مێژووی مامەڵەی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ کوردستان.
ئەوەی کۆماری ئیسلامی دەبێ بیزانێ و دەیزانی ئەمەیە خەباتی مافخوازانەی کورد لە ئێران بە تێرۆر و سەرکوت و مووشەکباران نەک لەبن نایە، بەڵکوو بۆ ساتێکیش ناوەستێ. دواجار ڕێژیم دەبێ لە هەمبەر مێژووی سەرکوت و تیرۆرە سیاسییەکانی دەرحەق بە جووڵانەوەی کورد و دژبەرانی سیاسیی لە ئێران وڵامدەر بێت و بێگومان چارەنووس و داهاتووی ڕێژیمێکیش کە بە سیاسەتی تێرۆر و ناسەقامگیری ئەمنییەتی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جیهانی بەبارمتە گرتووە؛ هەر ڕووخان و هەرەسهێنانە.
حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران
ناوەندی ئیداری
١٧ی ڕەزبەری ١٤٠٥ی هەتاوی
٩ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٦ی زاینی
