قەیرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کێشەی ئاڵۆزی سیاسی و نەتەوەییە پاش دابەشکردنی ئەو ناوچەیە بەسەر چەند وڵاتی ناوەندی و نزیک لە بەرژەوەندییەکانی وڵاتانی وەکوو ئەمریکا و فەڕەنسە و بریتانیا.

ئەگەر بەکورتی سەیری ڕووداوە سیاسی و مێژووییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەکوو خۆی بکەین و هۆکارەکانی زیاتر شرۆڤە بکەین و بخوێنینەوە، دەبینین ئەوەی ئێستا لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا ڕوو دەدات، بێگومان بەتەنیا ململانێی دوو دەوڵەت لەسەر ئاستی ناوچەکەدا نییە، بەڵکوو بابەتەکە زۆر لەوە زیاتر هەڵدەگرێ و بەشێکە لە شەڕێکی گەورەتر بۆ دەستگرتن بەسەر ئاسایش، وزە، ناوچەکە و داهاتووی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕووی سەربازی و ئابوورییەوە و داڕشتنەوەی سەرلەنوێی ئەو ناوچەیە.
ئەمریکا هەوڵ دەدات ئێران لەوە دوور بخاتەوە کە بتوانێ توانای ناووکی و مووشەکیی خۆی بۆ دروستکردنی ڕێگری و بازدارندگی بەکار بهێنێت و هێزی سەربازی و بەرگریی زیاتر پەرە پێ بدات. لە بەرامبەردا ڕێژیمی تاران دەڵێت: ئەو توانایانە بۆ پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی و سەروەریی ئێرانە و لەبەر ئەوەی لە ساڵانی ڕابردوودا چەند جار هەڕەشەی هێرشی لەو جۆرەی لەسەر بووە، پێویستی بەوە هەیە کە بتوانێت خۆی وەکوو وڵاتێک بپارێزێت و سنوورەکانی لە مەترسییەکان بەدوور بگرێت، ئەوەش ئەوکاتە دەکرێت کە توانای سەربازی و بەرگرییەکانی بەتەواوی پەرە پێ بدات.
کێشەی سەرەکی لێرەدا ئەوەیە کە هیچکام لەو دوو لایەنەی کە کەوتوونەتە کێشە و ملکەچپێکردنی ناوچەیی و نێودەوڵەتی، متمانەی تەواویان بەیەکدی نەماوە و بەدڵنیاییەوە کاتێک ئەو کێشەیە کۆتایی پێ دێت کە یەکێکیان براوەی ئەو شەڕە بێت و ئەوەی تریان نەپێنێ.
ئەمریکا لە ڕاستیدا لەوە دەترسێت ئەگەر فشار لەسەر ئێران کەم بکاتەوە، تاران دووبارە توانای خۆی بۆ دروستکردنی توانای ناووکی و مووشەکی زیاد بکات و ئەوکات زیاتر بتوانێت دەست بەسەر ناوچەی ستراتیژیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بگرێت، ئەوەش بە دڵی واشنگتۆن نییە و لەو حاڵەتەدا پێگەی ئەو وڵاتەش بەرەو لاوازیی زیاتر دەچێت. لەلایەکی تریشەوە ئێرانیش وەکوو وڵاتێک کە لە قەیرانی سیاسی، ئابووری و فشاری ناوخۆییدا دەکوڵێت، نیگەرانی ئەوەیە ئەگەر زوو دەست لە کارتەکانی فشار بکێشێتەوە و گوشارەکانی بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا کەم بکاتەوە، ڕەنگە لە دانوستاندنەکاندا باڵادەستیی هێز لەدەست بدا و ئەمریکا و دژبەرانی سواری شانی حکوومەتی ئێران بن و چۆنیان بەوێ بەرێوەی ببات.
هەروەکوو دەزانن لە نێوان ئەم دوو هێزەدا، تەنگەی هورمز بووەتە یەکێک لە گرنگترین کارتەکانی فشار بۆ سەر ئەوەی دیکە و تەنانەت گوشاری سیاسی و ئابووریی زۆریش کەوتووەتە سەر وڵاتانی دیکەی جیهان؛ ناڕوونیی هەڵوێستە سیاسی و سەربازییەکانی سەرۆککۆماری ئەمریکا، جگە لەوەی بەشێک لە وڵاتانی دووچاری نائومێدی کردووە، بەشێک لە سیاسەتی ناڕوونی دیپلۆماسی و پەیوەندییەکانی هێناوەتە ئاراوە.
تەنگەی هورمز بەتەنیا کێشەی نێوان دوو لایەن نییە، بەڵکوو گرنگیی جیۆپۆلیتیکی سیاسی، سەربازی و بازرگانیی گەورەی هەیە و ڕێگەیەکی سەرەکییە بۆ گواستنەوەی نەوت و وزە بۆ بازاڕە گەورە جیهانییەکان، ئەگەر ئەو ناوچەیە بپچڕێت، کاریگەریی گەورەی لەسەر ئابووریی وڵاتان بەگشتی دەبێت. بۆیە هەر ئاڵۆزییەک لەو ناوچەیەدا دەتوانێت کاریگەری لەسەر نرخ و بازرگانیی جیهانیی دەرەوە بەگشتی دابنێت و ڕوخساری پەیوەندییەکان داڕێژێتەوە.
حکوومەتی سەربازیی ئێران بە ڕێگریکردن و داخستن یان سنووردارکردنی هاتوچۆ لە تەنگەی هورمزدا دەتوانێ فشاری زۆر لەسەر ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دروست بکات، لە هەمان کاتدا ئەو کردارەی دەسەڵاتی تاران دەتوانێت کاریگەری لەسەر ئابووریی ناوچەکە و تەنانەت ئابووریی ئێرانیش دروست بکات و زیاتر تووشی کێشەی بکات، هەروەکوو چۆن ئەنجامەکانی کاریگەریی خراپی لەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵکی ئێران داناوە و هەڵئاوسان و گرانیی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە. تیۆرییەکان ئەوەن کە تەنگەی هورمز بۆ ئێران دەتوانێت دوو لایەنی گەورەی لە هاوکێشە سیاسی و ئابوورییەکاندا هەبێت: وەکوو کارتێکی فشار بۆ سەر دژبەرانی، وە لەلایەکی تریشەوە—کە زیاتر لە ڕاستییەوە نزیکە—کارتێکی مەترسیدارە کە ئێران بۆ بەچۆکداهێنانی دژبەرە ناوچەیی و جیهانییەکانی بەکاری دێنێت. لە کاتێکدا هەردوو میتۆدەکە گریان و ناڕەحەتییان بە ڕێژیمی ئاخوندی داوە و بە ئاسانی لێی ڕزگار نابێت و کەوتووەتە نێوان دوو بەرداشی گەورەی سیاسییەوە.
ڕووداوە سیاسییەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتەنیا بەستنەوەیان بە کێشەی تەنگەی هورمز و ئاڵۆزییەکانی نێوان واشنگتۆن و تاران، لە باری ستراتیژیی سیاسی و مێژووییەوە زۆر بەجێ نابێت؛ ئەگەر ئیسرائیل وەکوو دژبەری سەرەکیی ڕێژیمی ئاخوندی و هەڵوێست و کاریگەریی تەلئەبیب لە بەرچاو نەگیرێت، بێگومان کۆتایی بە ئاڵۆزییەکان نایەت. ئیسرائیل لە قووڵایی تەواوی ئەو هاوکێشە سیاسی و سەربازییەدایە و بێ ڕەزامەندیی ئەو وڵاتە کۆتایی بە قەیرانە ناوچەیییەکان نایەت، شەڕی نێوان ئەمریکا و ئێرانیش کۆتایی نایەت ئەگەر ئەنجامی ڕێککەوتنەکان بە مەیلی ئیسرائیل نەبێت.
بۆ دەوڵەتی ئیسرائیل و دامەزراوە سیاسی و ئاسایشی نەتەوەیییەکانی ئەو وڵاتە، نیگەرانییان سەبارەت بە تاران بەتەنیا خۆی لە پرسی بەرنامەی ناووکیی ئێراندا کورت نەکردووەتەوە، بەڵکوو نیگەرانییەکان زیاتر لەوەوە سەرچاوەیان گرتووە کە بەڕوونی باس لە توانای مووشەکی، هێزی گەورەی هاوپەیمانەکانی سەربە ئێران لەسەر ئاستی ناوچەکە و ئەو توانایە دەکرێت کە ئێران بتوانێت بە ڕێگەی هاوبەشەکانییەوە مەترسیی زیاتر لەسەر ئاسایشی نیشتمانیی ئیسرائیل دروست بکات.
لە بەرامبەردا تاران ئەو هێزانەی کە لە عێراق، یەمەن و لوبناندا هەن، بە شێوەیەک لە سیستەمی بازدارندگی (ڕێگری)ی خۆیدا دەبینێت و وەکوو هێڵی بەرگریکاری بەرژەوەندییەکانی کەڵکی لەو هێزانە وەرگرتووە، بەدڵنیاییەوە ئەو بابەتە دەتوانێت تا ڕادەیەک ئێران لە هاوکێشەکاندا زیندوانە ڕابگرێت لە پێناوی ئەنجامێکدا کە ڕەنگە کۆڵەکەی دەسەڵاتی تارانی پێ بڕوخێنرێت. کاتێک دەبینین فشار لەسەر ئێران زیاد دەکرێت، نیگەرانیی ئەوەش لە ئارادایە کە قەیرانەکە بەتەواوی لە سنووری ئیسرائیل و ئەمریکا و ئێران دەربچێت و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتەواوی بگرێتەوە و چین و ڕووسیا بێنە نێو بازنەی ئاڵۆزییەکان لە بەرژەوەندیی تاراندا.
ڕووداوە سیاسی و سەربازییەکانی ناوچەکە بێگومان بۆ حکوومەتی عێراقیش پرسی گرنگ و هەستیارن؛ لە کاتێکدا ئەمریکا هێزەکانی لەو وڵاتەدا (بە هەرێمی کوردستانیشەوە) دەکشێنێتەوە، جگە لە لاوازتربوونی پێگە و هەژموونی واشنگتۆن، ناتوانین بەرهەمی مەبەستێکی دیکەی لێ دروێنە بڕن و ناکرێت ئەو بابەتە وەکوو سەرکەوتنی ئیدارەی سیاسی و سەربازیی سەرۆکی بێئامانجی ئەمریکی وەسف بکەین. چونکە عێراق لە نێوان دوو بەرداشی نفووزی واشنگتۆن و تاراندا دەمێنێتەوە کە هەردووکیان لە ناو عێراقدا نفووزی زۆریان هەیە، چوونەدەرەوەی ئەمریکاش بە مانای زاڵبوونی حکوومەتی ئێران دەبێت بەهۆی هاوسێیەتی و سنووری نێوان ئەو دوو وڵاتە. دیارە ئاڵۆزییەکانی نێوان دوو جەمسەری دژبەر لە عێراقدا دەتوانێت ئەو وڵاتە بخاتە ناو کێشە و فشاری گەورەترەوە کە کۆنترۆڵکردنی بەهۆی گرووپە توندئاژۆکانی سەربە ئێران زۆر دژوار دەبێت.
بارودۆخی سیاسی و کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، نیگەرانیی زۆری لە میدیا و ڕاگەیاندنی کوردییدا بەدوای خۆیدا هێناوە و لێکدانەوە و شرۆڤەی جیاجیا لەو بارەیەوە ئەنجام دراون، کۆی سەرنجەکانیش لەسەر دروستبوونی مەترسی لەسەر هەرێمی کوردستان کۆکن. لەبەر ئەوەی هەرێمی کوردستان وەکوو هاوبەش و هاوپەیمانێکی گرنگی ئەمریکا لەسەر ئاستی ناوچەکەدا هەژمار دەکرا کە پەیوەندیی هێزی سیاسی و ئاسایشی لەگەڵ ئەمریکادا هەیە و لە زۆر بواری سەربازییدا هاوکاری و هەماهەنگی لە نێوانیاندا هەبووە؛ حکوومەتی عێراقیش لەسەر ئاستی هەڵکەوتەی جوگرافیایی خۆیدا لەگەڵ ئێراندا سنوورێکی زۆری هەیە و بەو ئاستەش مەترسی لەسەر ئاسایشی ئەو وڵاتە دروست دەبێت پاش کشانەوەی ئەمریکا.
پرسیار لێرەدا ئەوە نییە بڵێین ئێران گەمە سیاسییەکە دەباتەوە یان ئەمریکا، پرسیارە دروستەکە ئەوەیە بڵێین داهاتووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو کوێ دەچێت و ئەو وڵاتانەی زیاتر لە چەند نەتەوەیەکیان تێدا دەژێت، چۆن هەژموون و قەوارەی سیاسی و جیۆپۆلیتیکییان بۆ ڕێک دەخرێتەوە لە ئەگەری هەڵوەشانەوەی دەسەڵاتە بەتەواوی دیکتاتۆر و ملهۆڕەکاندا. وەختێک بریتانیا ئەو نەخشەڕێگەیەی وەکوو پاراستنی بەرژەوەندییەکانی لە نێوەڕاستی شەڕی یەکەمی جیهانی و پاش شەڕ داڕشت کە قوڕی گەورەی کردە سەر کورد، بەدڵنیاییەوە دەبێت ئەو هەڵەیە ڕاست بکرێتەوە تا ئاسایشی ناوچەیی و بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوورییەکان بەتەواوی بپارێزرێن و کۆتایی بە دەسەڵاتی ناوەندگەرایی لە تاران و وڵاتانی هاوشێوەی تاران بێت.
چونکە ئەگەر بێت و ئەو قەیرانە بە ڕێگەی دیپلۆماسیی سیاسی کۆتایی پێ بێت، شتێکی باشە، بەڵام لە هەمان کاتدا وەکوو دیاردەیەکی مەحاڵ دەبینرێت. دەکرێت بگوترێت ناوچەکە بەرەو هاوسەنگییەکی نوێی سیاسی و سەربازی دەچێت ئەگەر ئەوە ڕوو بدات. بەڵام ئەگەر شەڕ و هەڕەشە بەردەوام بن و کەس لایەکەی دیکەی قبووڵ نەبێت و هەرکەس بەلای خۆیدا ڕابکێشێت، ئەوکات مەترسیی ئەوە دەبێت کە ئاگری ناکۆکییەکان بەتەنیا ئێران و ئیسرائیل نەگرێتەوە، بەڵکوو عێراق، سوریا، لوبنان، یەمەن و تەنانەت بەگشتی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگرێتەوە.
لە ڕاستیدا، ئەوەی ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕوو دەدات، تاقیکردنەوەیەکە بۆ هەموو لایەنەکان و جیهان بەگشتی؛ بۆ ئێران، بۆ ئەمریکا، بۆ ئیسرائیل و بۆ دەوڵەتەکانی ناوچەکە بەتایبەتی. بەڵام ئەوەی گرنگترە ئەوەیە کە خەڵکی ناوچەکە نەبنە قوربانیی ئەو ململانێیە سیاسی و سەربازییە، کورد وەکوو پێکهاتەیەکی سەرەکی و ستەملێکراوی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پلان و بەرنامەی سیاسی و دیپلۆماسی لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە سیاسی و نەتەوەییەکانی خۆی دابنێت و لە هاوکێشەکاندا وەکوو خێرپێکراوێک خۆی تەماشا نەکات و وەکوو خاوەن ماف خۆی دەربخات.
پاشان ئەگەر ڕووتر لە بابەتەکە بڕوانین، دەتوانین بڵێین ئەگەر دانوستاندن لە نێوان وڵاتانی ناکۆکدا بتوانێت جێگەی مووشەک بگرێتەوە، ڕەنگە هەموو لایەنەکان بتوانن هەندێک دەستکەوت بەدەست بێنن و هەناسەیەک لە ئارامی هەڵبکێشن؛ بەڵام ئەگەر مووشەک و هەڕەشە جێگەی دانوستاندن بگرنەوە، بێگومان گەلانی ناوچەکە دەبنە قوربانیی خواستی شەڕانگێزی و باجخوازیی/زیادەڕۆییی دەسەڵاتی سیاسی و سەربازیی ئێران.
محەممەد سلێمانی
