گەلی کورد لە دنیادا ئەگەر یەکەمین نەتەوەی غەدرلێکراو نەبێ، یەکێکە لەوان. ئەگەر بڕوانیە مێژوو، دەکرێ بڵێین بەقەدەر قەوارەی خۆی لە هەموویان زیاتر زەجری کێشاوە و قوربانی داوە.

ئەگەر بە سەرنجەوە بڕوانیە ڕابردوو، بەردەوام خەیانەتی پێکراوە. هەردەم لە ڕێگای وتووێژ بۆ سوڵح و ئاشتی، مەزنترینی ڕێبەرانی تیرۆر کراوە. ئەگەر باسی ئازایەتی و لەخۆبردوویی بکەی لە ڕێگای ڕزگاریی نیشتمان و گەل، زۆرترین قوربانی داوە. ئەگەر وەکوو نەبەز و خۆڕاگری حیساب بکەی، وەکوو قەندیلی سەربەرز بە هیچ هێزێک نەچەماوە. هەموو دەزانن کوردستان لەلایەن چوار دەوڵەتی فاشیستی کۆنەپەرستی داگیرکەری دوور لە هەموو بەهایەکی مرۆڤانە داگیر و دابەش کراوە و زلهێزانی دنیاش تا ئەمڕۆکەش بەخاتری بەرژەوەندیی خۆیان ئاوڕیان لە کورد نەداوەتەوە و ددانی خێریان بە کورددا نەهێناوە.
سەرەڕای ئەو گشتە غەدرە و قەیرانە دروستکراوانە، کوردیان بەچۆکدا نەهێناوە. ئەو گەلە لەخۆبردووانە لە بەرامبەر ئەو هەموو هێرش و پەلامار و تەرفەند و پلانانە، گۆڕەپانی خەباتی چۆل نەکردووە و سەری دانەنواندووە و کۆڵی نەداوە. مێژوو نیشانی داوە هیچ هێزێکی شۆڕشگێڕ لە دنیادا بەقەدەر کورد بۆ ئازادی قوربانی نەداوە. سەربەرزانە و بوێرانە بەرامبەر دوژمنی کۆک و پۆشتە بە چەک و چۆڵی پێشکەوتوو ڕاوەستاوە، وازی لە مافی ڕەوای خۆی نەهێناوە. ئەگەر مێژووی دنیا چاو لێ بکەی، لە داگیرکەرانی کوردستان تاوانبارتر دەسەڵات بوونی نییە و وێنەیان نەدیدراوە.
ئێستا لە دنیادا شەڕەکیی سارد و گەرم لە ئارادایە. زلهێزان و لایەنگرانیان بەرامبەر یەکتری ڕاوەستاون، چەک نەماوە بەکار نەهێنرابێت، گۆڕەپانی شەڕەکە وێرانەیە و بازارەکە وەها شێواوە باب ئاگای لە کوڕی نەماوە! لەو نێوەدا گەلەکانن زەبری گرچوبڕیان وێکەوتووە و زیانی قورسیان لێ دراوە. زلهێزانی دنیا وەکوو ئەمریکا و چین لەو بازارەدا بە قیمەتی وێرانی و گیانی کەسانی تر چەک و چۆڵەکانیان خەرج دەکەنەوە و هەرگیز ئاوڕ لەملاولاوە نادەنەوە بزانن چ قەڵماوە!
! تەنیا گەلێکی بێ دەوڵەت و بێ دۆست و یاریدەدەر لە نێو ئەو گشتە ئاگر و ئاسنەدا سەربەرزانە ڕاوەستاوە و لەسەر وەرگرتنەوەی مافە ڕەواکەی سوورە و بەرەنگاری داگیرکەران ڕاوەستاوە، کوردە.
ئەو کوردستانە دابەشکراوە، سێ نەتەوەی فارس و تورک و عەرەب دەستیان بەسەردا گرتووە و تا ئەمڕۆ مەودای هەڵکێشانی نەفەسێکی ئازادییان پێ نەداوە! بە چەکی ئایدیا و ئایین بەردەوام لێی دراوە. لەلایەک بە کافر و لەدین دەرچووی دەزانن، لەلایەکی تر وەکوو موسوڵمان و دیندار بە ئەفیونی کۆمەڵگەی دەزانن. واتا بە دیندار و بێدینەوە لە زەربەلێدانی کوردان درێغییان نەکردووە! ئەوە لە حالێکدایە کە کورد کێشەیەکی ئایینی نییە و نەشی کردووە. ئەو داگیرکەرانەش بۆ بەلاڕێدابردنی بیروڕای لانیکەم دیندارەکان، ناوی بەرگری لە ئایینیان لێ ناوە!
بەڕاشکاوی دەڵێم: دوژمنایەتیی ئەوان لەگەڵ کورد نە لەبەر دینە و نە بۆ پاراستنی وڵاتە و هیچی تر! بەڵکوو تەنیا ئاواتیان ئەوەیە کورد یا نابی هەبێت، یان ئەگەر هەبوو دەبێ نۆکەر بێت! هەبوونی کورد مێژووی زۆر کۆن باسی لێوە کردووە و نەوە لە دوای نەوە خەباتی بۆ کردووە و خوێنی بۆ داوە. ئێمە کوردین، نه فارس و تورک و عەرەبین. وەکوو وان زمان و فەرهەنگ و کولتوور و جلوبەرگی تایبەت بە خۆمان هەیە. نیشتمانەکەمان لەژێر دەسەڵاتی ئەو فاشیستانەشدا بێت هەر کوردستانە، ئێمە داوای ماف لە کەس ناکەین تا بە خێری خۆیان شتێکمان بدەنێ. ئێمە نە عەرەبستانی و نە تورکستانی و نە ئێرانیین، کوردین و کوردستانی. ئەو مرۆڤبوونەش وەکوو هەموو نەتەوەکانی تر مافەکەمان دەسەلمێنێ.
ئێمە بۆ ڕزگاریی کوردستان و کورد و ئەستاندنەوەی مافە خوراوەکانمان ژمارەیەکی گەلێک زۆر ڕێبەر و فەرماندە و پێشمەرگە و کادر و ئەندامی ئاسایی و گەلەکەمان پێشکەش بە بارەگای بەرز و پیرۆزی کوردستان کردووە. لەگەڵ حیزبەکانی دیکەش فەرق و جیاوازیمان هەیە، چونکە خەباتی ئەوان بۆ دەستەوەگرتنی دەسەڵاتی ئایدیا یان ئایینێکە، بەڵام دیموکرات خەباتەکەی بۆ دابینکردنی مافی نەتەوەیە بە هەموو جیاوازییەکانیانەوە.
بەداخەوە شەڕەکەی ئێستا سەرەڕای هەموو قورسی و مەترسیدارییەکەی، خەریکە لەوەش مەترسیدارتر دەکرێت، وردە وردە دەبێتە شەڕی شیعه و سوننە. ئەوەی من لێی تێگەیشتووم (کە هیوادارم هەڵە بێت)، شەڕی مەزهەبی واتا شەڕی مان و نەمانە. شەڕی دینیش نییە، چونکە نە سوننە و نە شیعه هیچیان دین نین! مەزهەبن. چونکە دین بە دەقی قورئانی یەکە، خواکەی، کتێبەکەی، پەیامبەرەکەی، ئەرکە واجبەکانی هەموویان یەکن. کفرە هەرکامیان لەوانە کەم و زیاد بکەی و یەکێکیان بە واجب بزانی و یەکێکیان قبووڵ نەکەی، لە دین لایت داوە!
ئەوەی کۆماری ئیسلامی هەوڵی بۆ داوە و لەسەریشی دەڕوات، دروستکردنی ئیمپراتۆرییەتیی مەزهەبیی شیعهیه کە دەیەوێت جێگەی ئیمپراتۆرییەکەی ئێرانی کۆن بگرێتەوە. ئەوەی بۆ ئێمە ئەسڵێکی نەگۆڕە ڕزگاریی نیشتمان و گەلە، داگیرکەرانی ئەو مافە هەرکەس بن دوژمنمانن و مێژووشمان نیشانی داوە لە هیچ هەلومەرجێکدا وازمان لێ نەهێناوە و ناهێنین. ئێمە بە شێوەی مەعقوول و گونجاو بەرەنگاری مافخورەکانمان دەبینەوە هەرکەس بن. هیچ شەرع و یاسا و قانونێک نییە لەو داوا ڕەوایە پاشەکشەمان پێ بکات.
لەو کاتە ئاڵۆز و هەستیارەدا چاوەڕوانی ڕەخساندنی هەڵێکی لەبارین بۆ ئەوەی گەلەکەمان چیتر چاوەڕوان نەبێت. چونکە چاوەڕوانی لە کوشتن ناخۆشترە!! من تەنیا هیوام گەلە، ئەگینا چاوەڕوانی لە زلهێزانی دنیا ئاخریەکەی نائومێدی و پەشیمانییە.
براتان مەلا برایمی مەجیدپوور
١٦ی ڕەزبەری ٢٧٢٦ی کوردی
٨ / ١٠ / ٢٠٢٦ی زایینی
