لە گرتنەوەی جادەی پیرانشار ــ سەردەشت یەکەم هێرشی دوژمن لەرێکەوتی ٢٥/١٠/١٣٥٩ بۆ سەر دێی جەڕان لە ناوچەی پیرانان دەستی پێکرد، لەو یەکەم هێرشەدا پێشمەرگەکانی لکی ١ و لکی ٣ ی هێزی ئاوارە،بە شێوەیەک تێکیان شکاند، کە دەبێ کتێبێکی مێژوویی لەسەربنووسرێ.
ئەو هێرشانە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ، بێوچان درێژەی هەبوو، دوای نزیک بە دوو ساڵ دوژمن توانی ١٠ کیلۆمیتر لە جادەی پیرانشار ــ سەردەشت بە قیمەتێکی لە ژمار نەهاتووی گیانی و مادی، ناوچەی پیرانان بخاتە ژێر ڕکێفی خۆی، لە رێکەوتی ٥/٦/١٣٦١ی هەتاوی، دواین بەشی ناوچەی پیرانان کە چۆمی بادیناوێیە، بە تەواوی داگیر کرا.
دوای گرتنەوەی ناوچەی پیرانان، لە رێکەوتی ٢٤/٦/١٣٦١ی هەتاوی شەڕ کەوتە ناوچەی بەری مێرگانی پیرانشار، لە نزیک ئاوایی ترکەش شەرێکی قارەمانانە لە نێوان پارێزەرانی کوردستان و تاریک پەرستان ڕوویدا، لە هەموو لایەکڕا دوژمن ئاوری بەسەردا دەباری، زەرەرو و زیانێکی زۆر بەر دوژمن کەوت، لەو بەرگرییەدا پێشمەرگەیەک بە نێوی نادر پوورغازی خەڵکی کێلێ لە دەستەی شەهید سولەیمانی حاجی عەوڵای لە لکی٤ی هێزی ئاوارە شەهید و دوو پێشمەرگەی لکی ٣ش بریندار بوون.
لە ناوچەی بەری مێرگان و نەڵێن، بێپسانەوە هێرشی یەک لە دوای یەکی پێشمەرگە بۆ سەر شوێن و مۆڵگەکانی دوژمن درێژەی هەبوو. پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکڕات، بێ ئەوەی لە مەرگ بترسێن لە ترکەش،کەوپەڕ، قەبری وسێنی، گوڵفەت و تازەقەڵا، پێشیان بە هێرشەکانی دوژمن دەگرت و زەربەی قورسیان لە قەبرغەی دوژمن دەدا و بەداخەوە خۆشیان چەندین قوربانیان بۆ دادەنا و بە پۆل دەچوونە ناو کاروانی شەهیدان، لە بەرزایەکانی گۆڕەمەر و بەردە کوڕە و ئاڵا و سۆستان ،،،،،، هتد بەردەوام پێکدادان بوو، زەرەر و زیانی دوژمن بێ ژمار بوو، هێرشەکانی پێشمەرگە، هەموو دەشت و دۆڵی ئەو ناوچەیەیان لە دوژمن بەرتەنگ کردبوو.
لە ڕێکەوتی ٢٨/٦/١٣٦١ی هەتاویدا دوژمن هێرشێکی بەربلاوی لەو ناوچەیە دووبارە دەست پێکردەوە، لەو شەڕەشدا ڕۆڵەکانی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان تێکیان شکاندن و دوژمن نزیک بە ٧٠ کوشتە و٤٠ بریندارێکی دا و پاشەکەشەیان کرد بو ناو مۆڵگەکانیان، لەو بەرگرییەدا چەندین زرێپۆش و ماشێنی ئەرتەشی و چەکی قورس بە دەستی پێشمەرگە سووتان و تێک شکان، بەداخەوە دوو پێشمەرگەی قارەمانی لکی ٣ی هێزی ئاوارە بە ناوەکانی حاسڵ ڕێماس و سەید نەجمە حوسێنی لە دەستەی شەهیدان ساڵح لاجانی و مەلا کەریم شەهید بوون ٤ پێشمەرگەش لە لکی ٣ و لکی ٤ بریندار بوون.
” خوێنەری بەڕێز، ئامانجی من لەو کورتە نووسینە ئەوەیە کە یەکێک لەو شەهیدانە (حاسڵ) نەگەڕایەوە ناومان و بێسەرو شوێن بوو”.
شەهید سەید نەجمەدین حوسینی خەڵکی قەڵاتی موتاوێ، دووهەمین شەهیدی بنەماڵە لە هێرشی ئەو ڕۆژەی دوژمن لە گردی نۆکان دوای شەڕێکی قارەمانانەی پێشمەرگانە چووە ناو کاروانی شەهیدانی کوردستان و ماڵئاوایی لە حیزبی پێشەوا و خەڵکی کوردستان و هاومەتەرێزانی کرد.
شەهید حاسڵ رەحمانی ناسراو بە حاسڵ ریماس خەڵکی ئاوایی دەڵاوان ئەویش هەر ئەو ڕۆژە لە گۆڵفەت، لە نزیک دۆلی خەرپاپی شەهید بوو، چەند پێشمەرگەیەک بە ماوەیەکی زۆر لە سەر تەرمی پیرۆزی حاسڵ شەر دەکەن بۆ ئەوەی نەکەوێتە دەست دوژمن، بەڵام بەهۆی تۆپبارانی خەست و بریندار بوونی چەند پێشمەرگەی دیکە مەجبوور بوون لە شوێنی تەرمی شەهید دوور بکەونەوە، تەرمی پیرۆزی شەهید حاسڵ بێسەر و شوێن بوو، حیزبی دێموکڕات بە هۆی ئەندامان و دۆستانی نێو خۆیی بە دوای پێی و شوێنی شەهید حاسڵ لە نەخۆشخانەکانی پیرانشار و نەغەدە کەوت، بەڵام بە داخەوە بێ ئاکام بوو. شەهید حاسڵ بوو بە شەهیدی پێشمەرگەی بێسەر وشوێن، کە هەرگیز تەرمی بێ گیانی حاسڵ نەگەڕایەوە ناو هاوسەنگەرانی.
” هاوڕێیانی شەهید، هەرچەندە خەمەکانی ئیوە لە ناو کۆڵەوپشتی پێشمەرگەدا جێگای نەدەبوو، هەر بۆیەش هاوسەنگەرانتان یاد و ناوی ئێوەیان لە ناو دڵیان و لە لاپەڕکانی مێژووی پڕ لە شانازی حدکا دا هەڵگرتووە و دوای ساڵانێکی زۆر وەبیر چینی داهاتووی نەتەوەکەتان دێننەوە و یادتان دەکەنەوە، بۆ ئەوەی نەسلی داهاتووی ئەو گەلە بزانن کە ڕۆڵەکانیان چۆن گیانی خۆیان لەسەر بەری دەستی داناوە بۆ ئازادی نیشتمان و داهاتوویەکی خۆش بۆ خەڵکی کوردستان.
هاوڕێی پێشمەرگە، کە شەهید دەبێ و یان تەرمەکەی بێسەر و شوێن دەبێ، دڵنیابە ناوت لە ناو قەفەزی دڵی هەموو نیشتمان پەروەرێکی کورد بە زیندوویی دەمێنیتەوە و بە پێنووسی زێڕین لە دەفتەری بیرەوەری و لاپەڕەکانی بایەگانی حدکا دەنووسرێ و هەڵدەگیرێن و لەبیر ناکرێن.”
سڵاو لە گیانی پاکی ئەو سێ شەهیدە و هەموو شەهیدانی کوردستان.
سەید عەلی هاشمی ٢٦ی خەزەڵوەری ١٤٠٣ی هەتاوی (١٦/١١/٢٠٢٤)