Hoppa till innehåll
Hem » خوێندنەوەیەک بۆ بڕیاری ٦٨٨ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەرێمی کوردستان؛ بەرهەمی بڕیارێکی نێودەوڵەتی و خەباتێکی بێوچان, ئاسۆ سەییاد

خوێندنەوەیەک بۆ بڕیاری ٦٨٨ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەرێمی کوردستان؛ بەرهەمی بڕیارێکی نێودەوڵەتی و خەباتێکی بێوچان, ئاسۆ سەییاد

بڕیاری ژمارە (٦٨٨)ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە لە ٥ی ئاپریلی ١٩٩١دا دەرچوو،

وەک گرنگترین بڕیاری نێودەوڵەتی سەبارەت بە کورد و وەرچەرخانێکی مێژوویی بۆ گەلی کورد لە باشووری کوردستان دادەنرێت. لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە، ئەم بڕیارە تەنیا بەڵگەیەک یان نووسراوێکی سەر کاغەز نەبوو، بەڵکوو کۆتایی بەو سەردەمە هێنا کە وڵاتان تێیدا دەیانگوت: ”ئەوەی لە ناوخۆی وڵاتێکدا دەگوزەرێت، کاروباری ناوخۆیە و پەیوەندیی بە کەسەوە نییە”.
لە ڕووی کردارییەوە، ئەم بڕیارە کۆمەڵێک دەستکەوتی گرنگی لێکەوتەوە؛ بوو بە بنەمایەکی یاسایی بۆ دەستپێکردنی پرۆسەی ”دابینکردنی تەناهی” و دواتر دیاریکردنی بازنەی (٣٦)ی پانی و دروستکردنی ناوچەی دژەفڕین. هەروەها زەمینەی ڕەخساند بۆ کشانەوەی دامودەزگاکانی ڕژێمی بەعس لە ناوچە کوردستانییەکان لە نۆڤەمبەری ١٩٩١دا و ڕێگەی خۆش کرد بۆ هەڵبژاردنی ساڵی ١٩٩٢ و دامەزراندنی پەرلەمان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
هەرێمی کوردستانی عێراق، بەرهەمی بڕیارێکی نێودەوڵەتییە کە ئەو بڕیارەش خۆی لە خەباتی بێوچانی گەلی کورد و پشتیوانیی دۆستانی دۆزە ڕەواکەیەوە سەرچاوەی گرتووە.
بە کورتی، ئەو بڕیارە دەرەنجامی هاوسەنگییەک بوو لەنێوان نەهامەتییەکی مرۆیی گەورە کە لە ئەنجامی خەباتی ڕزگاریخوازییەوە هاتبووە ئاراوە، لەگەڵ ویژدانی زیندووی ”دانیێل میتێران”ی دۆستی کورد، لێهاتوویی ”جۆن مێیجەر”ی سەرۆک‌وەزیرانی ئەوکاتەی بەریتانیا و بەرژەوەندییەکانی ئەوکاتەی ئەمریکا و تورکیا.
زەمینە، هۆکار و هەوڵەکان بۆ دەرچوونی بڕیارەکە: دوای ئەوەی سەددام حوسێن، سەرۆکی ڕژێمی دیکتاتۆری عێراق، وڵاتی کوێتی داگیر کرد، وڵاتانی جیهان لە هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتیدا و بە بڕیاری نەتەوە یەکگرتووەکان، بڕیاریان دا بە زەبری هێز پاشەکشەی پێ بکەن. تەنیا چەند ڕۆژێک دوای کشانەوەی سوپای عێراق لە کوێت و ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە جەنگی کەنداو، گەلی عێراق و خەڵکی باشووری کوردستان بۆ ڕزگاربوون لە چنگی دیکتاتۆری، ڕاپەڕین.
لە ١ی ئازاری ١٩٩١دا، لە شاری بەسرەوە ڕاپەڕینی باشووری عێراق (کە بە ڕاپەڕینی شەعبانییە ناسراوە) دەستی پێ کرد و بە خێرایی شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی گرتەوە. دواتر لە ٥ی ئازاردا، تەنیا چوار ڕۆژ دوای بەسرە، لە شاری ڕانیەوە ”ڕاپەڕینی بەهاری ئازادی” لە کوردستان کڵپەی سەند و سەرجەم شارەکان لەژێر دەستی ڕژێمی بەعس ڕزگار کران. بەڵام دوای ماوەیەکی کورت، ڕژێمی سەددام هێزەکانی کۆکردەوە و بە شێوەیەکی دڕندانە و نامرۆڤانە کەوتە سەرکوتکردنی خەڵکی ڕاپەڕیو.

لە کاتی مۆرکردنی ڕێککەوتننامەی ”سەفوان” بۆ ڕاگرتنی شەڕ، ژەنەڕاڵ ”نۆرمان شوارسکۆف” (فەرماندەی هێزەکانی ئەمریکا) ڕێگەی بە ڕژێمی عێراق دا هێلیکۆپتەر بۆ گواستنەوەی بەرپرسان بەکار بهێنێت، بەڵام سەددام ئەم دەرفەتەی قۆستەوە و هێلیکۆپتەرە جەنگییەکانی بۆ بۆردومانکردنی خەڵکی ڕاپەڕیو بەکار هێنا. هاوکات پاشماوەی هێزە دەستەبژێرەکانی (گاردی کۆماری) ڕەوانەی شارەکان کرد؛ تانک و تۆپەکان کەوتنە وێزەی هاووڵاتییان و بێبەزەییانە پەلاماری پیر و منداڵیان دا. ئەم هێرشە خوێناوییە بووە هۆی سەرهەڵدانی ”کۆچڕەوە ملیۆنییەکە” بەرەو سنوورەکانی ئێران و تورکیا.
دیمەنی سەدان هەزار کوردی برسی و تینوو لەنێو بەفر و چیا سەرکەشەکاندا، ویژدانی جیهانی هەژاند. تورکیا سنوورەکانی داخست و ئەمەش تەنگژەیەکی مرۆیی گەورەی خوڵقاند. گەلی کورد کە پێشتریش چەندین جار ڕووبەڕووی قڕکردن و پاکتاوی ڕەگەزی ببووەوە و جیهان لە ئاستیدا بێدەنگ بوو، ئەمجارە سەرنجی مرۆڤدۆستانی جیهانی بۆ لای خۆی کێش کرد. وڵاتانی ئەورووپا و ئەمریکا بۆ ڕێگریکردن لە کارەساتی مرۆیی و پێشگرتن لە کۆچی بەکۆمەڵ بەرەو وڵاتەکانیان – کە وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیییان دەیانبینی – بڕیاریان دا هەڵوێستێکی توند دژ بە ڕژێمی عێراق وەربگرن.
کاراکتەرە سەرەکییەکانی پشت بڕیارەکە: فەرەنسا و بەلجیکا، بە فشاری ”دانیێل میتێران” و دکتۆر ”بێرنار کۆشنەر”، پڕۆژەبڕیارێکیان پێشکەشی ئەنجوومەنی ئاسایش کرد. لە بەریتانیاش ”جۆن مێیجەر” فشاری خستە سەر وڵاتانی ڕۆژئاوا کە تەنیا بە ناردنی خۆراک کۆتایی بە پرسەکە نەهێنن، بەڵکوو دەبێت ”ناوچەی ئارام” بۆ کوردەکان دابین بکرێت. ”جەیمس بێیکەر”، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، خۆی چووە سەر سنووری تورکیا و لە نزیکەوە کارەساتەکەی بینی؛ کاتێک گەڕایەوە بۆ لای ”جۆرج بوشی باوک”، پێی ڕاگەیاند کە نابێت چیتر مۆڵەت بەم دۆخە بدرێت و دەبێت دەستبەجێ هەنگاو بنرێت. لە هەمان کاتدا ”تۆرگۆت ئۆزال”، سەرۆک‌کۆماری ئەوکاتەی تورکیا، فشاری بۆ ئەمریکا و ئەورووپا هێنا کە لەناو خاکی عێراقدا هاوکاریی کوردەکان بکەن، بۆ ئەوەی شاڵاوی کۆچەکە نەچێتە ناو خاکی تورکیاوە.
گەیشتن بەم بڕیارە هەوراز و نشێوی زۆری بڕی. چەندین کەسایەتیی گرنگ لە پشتی پەردەوە ڕۆڵی کاریگەرییان هەبوو. فەرەنسا لەم بوارەدا پشکی شێری بەرکەوت. ”دانیێل میتێران”، هاوسەری فرانسوا میتێرانی سەرۆکی ئەوکاتەی فەرەنسا، کە دواتر بە ”دایکی کوردان” ناسرا، ڕۆڵێکی مێژوویی گێڕا. ئەو نەک هەر سەردانی کوردستانی کرد، بەڵکوو لە ڕێگەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانیەوە حکوومەتی فەرەنسا و ڕێکخراوە مەدەنییەکانی ڕازی کرد کە چیتر بەرامبەر جینۆسایدی کورد بێدەنگ نەبن.

کەسایەتیی دووەمی کاریگەر، ”بێرنار کۆشنەر” بوو، کە ئەوکات وەزیری دەوڵەت بوو بۆ کاروباری مرۆیی. کۆشنەر یەکێک بوو لە داڕێژەرانی چەمکی ”مافی دەستێوەردانی مرۆیی”؛ واتە کاتێک دەوڵەتێک نەتەوەکەی خۆی کۆمەڵکوژ دەکات، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی مافی ئەوەی هەیە سەروەریی ئەو دەوڵەتە ببەزێنێت بۆ پاراستنی خەڵکی مەدەنی. کۆشنەر دۆستێکی دێرینی کورد و شەهید دکتۆر قاسملوو بوو.
هەروەها ”ڕۆڵاند دوما”، وەزیری دەرەوەی ئەوکاتەی فەرەنسا، لەپاڵ دیپلۆماتکارانی وەک ”کڵۆد شێسۆن”، ڕۆڵێکی باڵایان لە لۆبیکردن و ڕازیکردنی وڵاتانی دیکەدا هەبوو. سەرەڕای بەربەستە یاساییەکان و ئەو ڕەخنانەی دەیانگوت ئەمە دەستێوەردانە لە کاروباری ناوخۆ، دواجار بڕیاری ٦٨٨ بووە چەترێکی پارێزەری نێودەوڵەتی بۆ گەلی کورد و زەمینەی بۆ دروستبوونی قەوارەی هەرێمی کوردستان خۆش کرد.
بۆ یەکەمجار لە مێژووی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، سەرکوتکردنی گەلێک لە ناوخۆی وڵاتێکدا وەک ”هەڕەشە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی” پێناسە کرا. بەریتانیاش ڕۆڵێکی مێژوویی گێڕا، چونکە بیرۆکەی ”ناوچەی ئارام” لە بنەڕەتدا پێشنیازی سەرۆک‌وەزیرانی ئەو وڵاتە بوو. ”دۆگلاس هێرد”، وەزیری دەرەوەی ئەوکاتەی بەریتانیا، لە ڕووی دیپلۆماسییەوە کاری کرد تا بڕیاری ٦٨٨ تێپەڕێت.
بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و تورکیا: لە ئەمریکاش ”جەیمس بێیکەر” کاریگەرییەکی زۆری هەبوو و ”جۆرج بوش”ی قایل کرد کە نابێت ئەمریکا بێدەنگ بێت. جۆرج بوشی باوک لە کۆتاییدا بڕیاری دەستپێکردنی پرۆسەی ”دابینکردنی تەناهی” دا. لە تورکیاش، تۆرگۆت ئۆزال ئاوارەبوونی سەدان هەزار کوردی بۆ ناو وڵاتەکەی بە مەترسییەکی گەورە دەبینی. ئۆزال ئەمریکییەکان و ئەورووپاییەکانی ڕازی کرد کە باشترین ڕێگەچارە ئەوەیە ناوچەیەکی پارێزراو لە ناو خاکی عێراقدا بۆ پەنابەران پێک بهێنرێت، ئەگینا دەرەنجامەکەی دەبێتە هۆی ئەوەی بە کۆمەڵ ڕوو لە تورکیا و دواتر ئەورووپا بکەن و قەیرانێکی کۆچی نێودەوڵەتی بخوڵقێنن.

ڕۆڵی میدیا جیهانییەکان بەتایبەتی CNN: ئەمە یەکەمجار بوو کە ئاکامەکانی جەنگ بەو شێوەیە ڕاستەوخۆ لە شاشەی تەلەڤزیۆنەکانەوە بگوازرێنەوە. وێنەی کارەساتەکان ڕای گشتیی جیهانی هەژاند و زەمینەی بۆ بڕیارە سیاسییەکان خۆش کرد.
هەڵوێستی حکوومەتی عێراق: بەغدا بڕیارەکەی بە ”دەستێوەردانی نایاسایی و پێشێلکردنی سەروەری” عێراق ناو برد. دوای هاتنی هێزە نێودەوڵەتییەکان، سەددام حوسێن لە تشرینی دووەمی ١٩٩١دا هەموو دامودەزگا کارگێڕییەکان و خزمەتگوزارییەکانی لە کوردستان کشاندەوە، بەو ئومێدەی ئیدارەی کوردی تووشی هەرەس بێت. سوپای عێراق لەسەر هێڵەکانی بەرکەوتن (وەک کەرکووک و هەولێر) ناوەناوە ناوچە سنوورییەکانی تۆپباران دەکرد.
ناوەڕۆکی بڕیارەکە: ناوەڕۆکی سەرەکیی بڕیارەکە کە لە کۆبوونەوەی رۆژی ٥ی نیسانی ١٩٩١ی ئەنجوومەنی ئاسایش، بە دەنگی بەڵێی ١٠ وڵات (لەوانە بەریتانیا، ئەمریکا، فەرەنسا و سۆڤیەتی پێشوو)، دەنگی نەخێری سێ وڵات و بێلایەنیی دوو وڵات پەسەند کرا، ئەم خاڵانە لەخۆ دەگرێت:
١. مەحکوومکردنی سەرکوتکاری: بڕیارەکە بە توندی ئیدانەی سەرکوتکردنی خەڵکی مەدەنیی عێراقی کرد و بە دیاریکراوی باسی خەڵکی لە ناوچە کوردییەکاندا کرد. ٢. هەڕەشە بۆ ئاشتیی جیهانی: بۆ یەکەمجار ئەنجوومەنی ئاسایش ڕایگەیاند کە لێکەوتەکانی سەرکوتکردنی خەڵکی ناوخۆی وڵاتێک (وەک ئاوارەبوون و پەنابەریی بەلێشاو بەرەو وڵاتانی دراوسێ)، دەبێتە هۆی هەڕەشە بۆ سەر ”ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی”. ٣. داواکاریی ڕاگرتنی هێرش: داوای لە حکوومەتی عێراق کرد کە دەستبەجێ کۆتایی بە سەرکوتکردنی خەڵک بهێنێت و ڕێز لە مافە مرۆیی و سیاسییەکانی هاووڵاتییان بگرێت. ٤. هاوکاریی مرۆیی: جەختی کردەوە کە دەبێت عێراق ڕێگە بە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و ئاژانسە مرۆییەکان بدات بەبێ بەربەست بگەنە هەموو ناوچەکان بۆ گەیاندنی هاوکاری بە لێقەوماوان. ٥. گفتوگۆی سیاسی: داوای کرد کە دەبێت دیالۆگێکی کراوە هەبێت بۆ دەستەبەرکردنی مافە مرۆیی و سیاسییەکانی هەموو هاووڵاتییانی عێراق.

دروستکردنی ناوچەی ئارام و بازنەکانی ٣٦ و ٣٢: خاڵێکی گرنگ ئەوەیە کە هیچ دەقێکی ڕاستەوخۆی نەتەوە یەکگرتووەکان نەیگوتووە ”ناوچەی ئارام دروست بکرێت”، بەڵکوو هاوپەیمانان بڕیاری ٦٨٨یان وەک ”پاساوی یاسایی” بەکار هێنا بۆ ئەوەی بە زەبری هێز ئاسمانی کوردستان بپارێزن. لە ٢٦ی ئابی ١٩٩٢دا، ناوچەی دژەفڕین لە باشووریش ڕاگەیەندرا بۆ پاراستنی شیعەکان لە هێرشی ئاسمانیی ڕژێم. ئەمە سەرەتا لە هێڵی ٣٢ی پانییەوە دەستی پێ کرد، بەڵام لە ساڵی ١٩٩٦دا دوای هێرشی سوپای عێراق بۆ سەر هەولێر، ئەمریکا وەک سزا، ناوچەکەی تا بازنەی ٣٣ی پانی (نزیک بەغدا) فراوان کرد.
جیاوازیی نێوان باکوور و باشووری عێراق لەوەدا بوو: لە کوردستان، هێزی زەمینیی هاوپەیمانانی لێ بوو و ئیدارەیەکی کوردیی سەربەخۆ دروست بوو، بەڵام لە باشوور تەنیا پاراستنی ئاسمانی هەبوو و هێزە زەمینییەکانی سەددام هەر لە ناو شارەکاندا مابوونەوە. ئەم دۆخە تا ساڵی ٢٠٠٣ و ڕووخانی ڕژێمی بەعس بەردەوام بوو.

کۆتایی: لە کۆتاییدا، بڕیاری ٦٨٨ بووە بەردی بناغەی دامەزراندنی هەرێمی کوردستان و دواتر گۆڕینی سیستمی سیاسیی عێراق بۆ فیدراڵی. ئەمە دەرەنجامی زوڵم و زۆری ڕژێمە سەرکوتکەرەکانی عێراق و خەباتی ڕەوای گەلی کورد بوو لە باشووری کوردستان، لە سەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقەوە تا ساتەوەختی ڕاپەڕین. ئەگەر ڕاپەڕین نەبوایە، کۆچڕەویش ڕووی نەدەدا و ئەگەر ئەو کۆچڕەوە مەزنەش نەبوایە، جیهان لە مەترسیی کۆمەڵکوژی و ئاوارەیی وەخەبەر نەدەهات؛ لە ئاکامیشدا بڕیارێکی نێودەوڵەتی بۆ پارێزگاری لە مافی خەڵکی مەدەنی و چەسپاندنی قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان دەرنەدەچوو.

– ئەم وتارە لە ٥ ی ئاپریلی ٢٠٢٦ بە بۆنەی ساڵیادی دەرچوونی بڕیاڕنامەی ٦٨٨ ی ئەنجوومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکانەوە. نووسراوە.