سلێمان بەگ / نەزهەت بەگ / نزهەت بەگی ڕەواندزی، کوڕی مەجید بەگ، کوڕی سلێمان بەگ، برای میر محەمەدی سۆران ــ ناسراو بە پاشای گەورە ــ بووە.

ناوبراو لە ساڵی [١٨…]ی زایینی لە شارۆچکەی ڕەواندز چاوی بە ژیان هەڵێناوە؛ بەڵام بنەچەی بنەماڵەکەی دەگەڕێتەوە بۆ گوندی باپشتیان.
نەزهەت بەگ لە تەمەنی منداڵییەوە لە مزگەوتەکانی ناوچەی سۆران، لای چەندین مامۆستای ئایینی و مەلا، خوێندوویەتی. دواتر، بۆ پەرەپێدانی زانست و زانیارییەکانی، ڕووی لە ئەستەنبوڵ کردووە. لەوێ توانێویەتی زمانەکانی فارسی، تورکی، عەرەبی و فەرەنسی فێربێت.
ئەو لە گوندی ژوژەڵە، سەر بە ناوچەی برادۆست، خاوەنی زەوی و زارێکی بەپیت و بەرهەمدار بووە. لە ڕێگەی داهاتی ئەو موڵکانەوە ژیانی خۆی لە ڕەواندز بەڕێوە بردووە.
نزهەت بەگ هیچ کاتێک ئامادە نەبووە ببێتە فەرمانبەری دەوڵەتی عوسمانی؛ چونکە پاراستنی پێگە و شکۆی بنەماڵەکەی بۆی پەسەندتر بووە. وەک ئەندامێکی دیاری بنەماڵەی پاشای گەورە، لەلایەن دانیشتووانی ناوچەکەوە ڕێزێکی زۆری لێ گیراوە و بە کەسایەتییەکی خۆشەویست ناسراوە.
کۆچی نزهەت بەگ بۆ نەهری
نزهەت بەگ، لەبەر ئەوەی لەگەڵ سەعید بەگی عەبدوڵا پاشا ــ سەرۆکی ڕەواندزی ئەو سەردەمە ــ تەبا و کۆک نەبووە، ناوچەکەی بەجێهێشتووە و چووەتە لای شێخ محەمەد سدیقی نەهری.
شێخ محەمەد سدیق، بۆ دڵنیابوونەوە لە لێهاتوویی و تواناکانی، بەڕێوەبەرایەتیی دارایی هەموو موڵک و ماڵەکانی خۆی پێ سپاردووە.
پاش جەنگی یەکەمی جیهانی و کۆچی دوایی شێخ محەمەد سدیق، نزهەت بەگ لەگەڵ سەید تەها ئەفەندی ــ کوڕی شێخ محەمەد سدیق ــ بەرەو ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێکەوتووە و بۆ ماوەیەک لە شاری ورمێ نیشتەجێ بووە.
لە ئێستاشدا ژمارەیەک لە نەوەکانی، کە منداڵەکانی تۆفیق بەگ، کوڕی گەورەی نزهەت بەگن، لە شاری ورمێ دەژین.
تۆفیق بەگ
تۆفیق بەگیش، وەک نزهەت بەگی باوکی، بێجگە لە زمانی کوردی، چەند زمانێکی دیکەی بیانی زانیوە. ناوبراو، بەهۆی ئەوەی ماوەیەکی درێژ لە بەندیخانەکانی ڕووسیا زیندانی کراوە، زمانی ڕووسییشی فێربووە.
بەپێی هەندێک گێڕانەوە، ئەو ئەندامی حیزبی هیوا بووە و دواتریش، لەگەڵ شێخ/سەید عەبدوڵڵای زینوێ، لە پێکهێنانی بەرە لەگەڵ کۆمەڵەی ژ.کاف (ژیانەوەی کوردستان) لە داوێنی چیای داڵامپەر بەشداریی کردووە.
سەرەنجام، لە ساڵانی چلەکاندا، بەهۆی شکانی پشتی و نەبوونی چارەسەری پزیشکی، لە شارەدێی دزە، ناوچەی مەرگەوەڕ، کۆچی دوایی کردووە.
دەستبەسەرکردنی نزهەت بەگ و کۆتایی ژیانی
لە ساڵی ١٩١٥، نزهەت بەگ لەگەڵ کوڕەکەی، مەجید بەگ، و چەند ئەندامێکی دیکەی بنەماڵەکە، لە باڵاوی ورمێ لەلایەن سوپای قەیسەری ڕووس، کە لەو سەردەمەدا داگیرکەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو، دەستبەسەر دەکرێن.
هەر لە هەمان ساڵدا، لە باڵاوی ورمێ، نزهەت بەگ لە سێدارە دەدرێت.
هەر لەو ڕووداوەدا، دیوانی شیعری نزهەت بەگ و چەند بەڵگەی گرنگ و مێژوویی پەیوەندیدار بە میرنشینی سۆران، لەلایەن داگیرکەران، یان هەندێک لە نەیارانی بنەماڵەی پاشاکانی سۆران، ون یان لەناو دەبرێن.
نزهەت بەگ؛ ڕۆشنبیر و شاعیر
نزهەت بەگ لە هەرەتی لاویەتییەوە بە کوردێکی ڕۆشنبیر، هۆشمەند، ئازا و زیرەک ناسراوە و سەری بۆ نەیارانی میرانی سۆران دانەچەماندووە.
لە دوا ڕۆژەکانی ژیانی، وەک پەیڕەوێکی تەریقەت، خەریکی گۆشەگیری و خواپەرستی بووە.
ئەمینە خان، کچی حوسێن بەگ و دوا هاوسەری ژیانی نزهەت بەگ، هەوێن و بەهرەمەندی ئیلهامی هەندێک لە شیعرەکانی بووە.
هاودەمی نزهەت بەگ؛ مامۆستا شێخ مستەفا سافی هیرانی
هاودەمی نزهەت بەگ، خوالێخۆشبوو مامۆستا شێخ مستەفا سافی هیرانی بووە.
وەک هاوڕێ و بنەماڵەی نزیک، پەیوەندییەکی توند و بەهێزیان لەگەڵ یەکتر هەبووە و بە زمانی شیعر یەکتریان دواندووە. زۆربەی شیعرەکانی ئەو کەڵەمێردەش لە بابەتی دڵداری و خۆشەویستیدان.
دواندنی نزهەت و سافی هیرانی
شیعری نزهەت / نزهت:
مەمکوژە چیتر بە هیجران، ئەی جەفاکارم، وەرە
تاب و تاقەتم چوو لە دڵ، بێوەفا یارم، وەرە
نەزهەتی شاعیر ئەزم، بۆت دڵبڕیندار و غەریب
کەس نیە دەردم دەواکا، تۆی دەواکارم، وەرە
وەڵامی سافی هیرانی بۆ نزهەتی شاعیر:
نەزهەتا سا دەردی سافی هەر لە دوولا دێ شفا
یا بە وەصلی ڕووی یارە، یا بە لوتفی باریا
هەندێک شیعری نزهەت بەجێماوە
هەندێک لە شیعرەکانی نزهەت بەگ، بە شێوەی پەراکەندە ولەلای هەندێک لە خەڵکی دەڤەری ڕەواندز ماونەتەوە. لەم بەشەدا چوار پارچە شیعری بەجێماوە دەخەینەڕوو، کە مەزەندە دەکرێت هی نزهەت بەگی ڕەواندزی بن و بە ناوی ئەوەوە دەگێڕدرێنەوە.
١. پاییزم لێ بەسەرچوو
پاییزم لێ بەسەرچوو، زستانی فیراقم هاتە سەر
بەزم و زەوقم لێ بەسەرچوو، سا خودا أین المفر؟
من کە کوژراوی نیگاری چاوەکەی مەستی تۆم
تۆ تەرحوم کە بە ماچێ، گەر نەبێ وەختی سەحەر
چاو گەلاوێژی سەتاران، سوبحی دەم ئینساف بکە
یان بەجارێ بمکوژە، یان لە دەردم بێنە دەر…
نەزهەت / نزهت بەگی ڕەواندزی
٢
تۆ گوڵ و گوڵزارە، شۆخێ بۆچی وەها مەغروری تۆ؟!
چەندە من مایلی تۆم، سەد ئەوەندە دووری تۆ.
من لە داخا سەرنگوون، کەوتوومە باری ڕەحمەتت
هیچ دەوای دەردم نییە، غیرەز دیدەی مەخموری تۆ.
نەزهەت / نزهت بەگی ڕەواندزی
٣
سەروی گوڵزاری حەیاتم، شاهی خوبانم ئە تۆی
دڵبڕینداری هەواتم، دەرد و دەرمانم ئە تۆی
مەحجەری سینەم دەسووتێ، وەک تەنوورێ پڕ لە جۆش
نەشئەیی پڕ سۆز و ئاهم، ئاوی حەیاتم ئە تۆی
نەزهەت / نزهت بەگی ڕەواندزی
٤
حوبی ئەحبابم نەماوە، جانی جانانم ئە تۆی
گەر تۆ تێدا نەبێ، قەت نامەوێ باغی جینان
جەنەت المأوا چ لێ بکەم؟ حوری و غولمانم ئە تۆی
بێ چرای حوسنی جەمالت، تارییە خانەی دەروون
ڕووناکی جانی دڵ و شەمع و شەبوستانم ئە تۆی
کوورەی سینەم دەسووتێ، وەک تەنووری پڕ لە جۆش
تشنەیی پڕ سۆز و ئاهم، ئابی حەیوانم ئە تۆی
سەد هەزاران دڕ و گەوهەر، قەت نییە چاوم
دڕ و گەوهەرم بۆ چمە؟ لەعلی بەدخشانم ئە تۆی
گەر بە زاهیر نەزهەتی بێچارە مەحروم بوو لە تۆ
تا نەفەس ماوە لە قەلبم، یاری پەنهانم ئە تۆی
نەزهەت / نزهت بەگی ڕەواندزی
سپاس و سەرچاوەکان
لەگەڵ ڕێز و سوپاسی بێپایانم بۆ مامۆستا یاسین برایم ڕەواندزی، کە زەحمەتیان كێشا بەشی ٤:ی شیعرەکانی نزهەتیان بۆ من نارد و زانیارییەکانیان لەبارەی سەرچاوەکەیەوە پێشکەش کرد.
مامۆستا گیو موکریانی پێدەچێت یەکەم کەس بووبێت کە لە ساڵانی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا ژیانی نزهەتی تۆمار کردبێت. دواتر، بەڕێز دکتۆر کوردستان موکریانی لە کتێبە دووبەرگییەکەی خۆیدا، بە ناوی ”گوڵچنی گیو”، ئەو زانیارییانەی دووبارە تۆمار کردووەتەوە.
هەندێک سەرچاوە
١. گۆڤاری هەولێر، ژمارەی ٢–٣، حوزەیرانی ساڵی ١٩٧٠.
٢. ”نەزهەتا ـ ئەی نەزهەت”، لە چاپی کوردستان. لە پەراوێزی ئەم شیعرەدا نووسراوە: ”سافی لێرەدا وەڵامی نەزهەتی داوەتەوە، کە بەگێکی ڕواندزییە”.
دیوانی سافی، چاپی کوردستان، ل. ٥٢.
٣. هەفتەنامەی برایەتی ـ ئەدەب و هونەر، ژمارەی ٩٢، ڕۆژی ٤/٩/١٩٩٨، محەمەدی مەلا قادر مستەفا هیرانی.
کۆکردنەوە و ئامادەکردن
ڕەحیم نزهەت زادە
