خۆگونجاندن پرۆسەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتییە و بە پێی دەستوور و بنەماکانی ڕێزگرتن لە مافە سیاسی، نەتەوەیی و ئایینییەکان، لە کۆمەڵگایەکەوە بۆ کۆمەڵگایەکی دیکە جیاوازیی زۆری هەیە.

هیچ مەنتقێک نییە باس لە ئینتیگراسیۆن لە نێو نیزامی خۆسەپێن و دیکتاتۆری ئێراندا وەک تێفکرینێک بێتە ئاراوە و هزری کوردی پێ بشێوێنین. کاتێک باس لە پرسی ئینتیگراسیۆن دێتەئاراوە و دەبێتە پرسی ڕۆژ، جگە لە خۆتەفرەدان و زەلیلیی بیرکردنەوە لە هەمبەر ستراتیژی سیاسی و نەتەوەیدا، شتێک و بنەمایەک بەدی ناکرێ هیوای تێکۆشانی لەسەر بینا بکرێ.
ئەگەر روونتر لە ناوەڕۆکی چەمکی ئینتیگراسیۆن ڕامێنین، ئەوکات جیاوازییەکان و خاوکردنەوەی خەباتی سیاسی بەو لاوە دەسکەوتێکی نییە لە وڵاتێکی وەک ئێراندا کە بەدرێژایی مێژوو ئینکارییان لە مافی نەتەوەکان و فرەنەتەوەیی کردووە و ئەو سیاسەتە هیچ گۆڕانی بەسەردا نەهاتووە، بەڵکو توندتر بووە بۆ دژایەتی لەگەڵ بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
بەڵام لە وڵاتانی ڕۆژئاوایدا چەمکی ئینتیگراسیۆن واتای تایبەتی و قوڵی خۆی هەیە و مەبەست ئەوەیە کە مرۆڤ ببێتە بەشێک لە کۆمەڵگایەک، بەبێ ئەوەی ناچار بێت کولتوور، ئایین، زمان و نەریتەکانی خۆی لەدەست بدات. وەک تاکێک کە بەهۆکاری سیاسی و کۆمەڵایەتی پەنای بردووەتە بەر وڵاتێکی ڕۆژئاوایی، وەک مرۆڤ ڕێزت لێ دەگیرێت و لە هەمان کاتدا دەرفەتی گەشەکردنی سیاسی و کۆمەڵایەتی بۆ دەڕەخسێت، مەترسیی لەناوبردن و سڕینەوەی نەتەوەیی لەسەر نییە و ڕێز لە ڕادەربڕین و خواستەکانی دەگرن.
بەڵام ئەم چەمکە، لەگەڵ وشیاریی سیاسی و ناسیۆنالیزمی نەتەوەییی کورددا، بە تەواوی نامۆیە و لە بنەڕەتدا لەگەڵ یەک ناکۆکن؛ بە پێچەوانەی خەبات و قوربانیدانی دەیان ساڵەی بزووتنەوەی سیاسی و شۆڕشی کوردستانە. ئەگەر مەبەست لە ئینتیگراسیۆن ئەوە بێت کە زەمینە بۆ دروستکردنی پرۆسەیەکی نەرم و ئارامی ئاسیمیلاسیون ڕێکبخرێ، بەدڵنیاییەوە وەک نەریتێکی لاواز و تەسلیمبوون لە بەرامبەر داگیرکەر تەماشا دەکرێ و گەلی کورد لە ڕۆژهڵاتی کوردستان بە هەموو هێزیانەوە دژایەتیی ئەو بیرۆکە و چەمکە دەکەن، لەبەر ئەوەی بە هەڕەشەیەکی گەورەی لەسەر شوناسی نەتەوەیی و خەباتی مافخوازیی خۆی دەبینێت.
بە ڕاشکاوی بڵێین: مەسەلەی ئینتیگراسیۆن مەترسییەکی زۆر گەورە لەسەر پرسی سیاسیی کورد دروست دەکات و گەلی کورد نابێ بچێتە ژێر کاریگەریی بیرۆکەیەکی لەو شێوەیە و خۆی بە نەتەوەی باڵادەست هەڵاوەسێ. ئەوەی بەڕاستی بێت، جێگای پرسیارە و پێویستە لە خەڵکی کوردستان و تێکۆشەرانی ڕێگای ئازادی بپرسین: کێن و بۆچی ئەم باسە لە دۆخێکی هەستیار و گرنگی وەکو ئەمڕۆدا دەخەنە ڕوو؟ مەبەستیان چ سوود و قازانجێکی بۆ بزووتنەوەی سیاسیی کورد و یەکڕیزیی نەتەوەییی کورد هەیە؟
ئایا ئەگەری ئەوەی نییە ببێتە هۆی ناکۆکی و بەگژیەکداچوونی ڕۆڵەکانی گەلەکەمان، لەبری ئەوەی ببێتە هۆی نزیکبوونەوە و یەکگرتووییان؟
کاتی ئەوە هاتووە کە کورد بە ڕاشکاوی و بێ دوودڵییەوە داوای مافی سەروەریی نەتەوەیی بکات و پاشەکشی لەسەر مافە ڕەواکانی خۆی نەکات و لە داواکارییەکانی کەم نەهێنێت.
ئەگەر بابەتی ئینتیگراسیۆن و ئەم دەستەواژەیە وەک خاڵێک بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بخرێتە بەر باس، ئەو بابەتە نەک تەنیا کورد دژایەتیی دەکات، بەڵکوو ئەو بیرکردنەوەیە بە تەواوی و بەگشتی لە کوردستان ڕەت دەکرێتەوە و بە تەسلیمبوونی خەباتی ڕەوای گەلی کورد دادەنرێت پاش فیداکاری و قوربانیدانی زۆری نەتەوەیی.
دیارە ئەوانەی باسی تەسلیمبوون دەکەن، چاک دەزانن کە کورد وەک نەتەوەیەک پەنابەر نەبووە، بەڵکو خاکەکەی داگیر کراوە و مافی سروشتی و نەتەوەییی خۆیەتی کە خۆی بڕیاری سیاسی لەسەر چارەنووسی داهاتووی خۆی بدات و وڵاتی خۆی بەڕێوە ببات. بێگومان ئێستا کاتی ئەوە بەسەرچووە کە خەباتی نەتەوەیی بە ویست و مەیلی چەند کەس و تاقمێک بەرەو دواوە بگەڕێندرێتەوە و بڕیاری هەرزەکارانە لەسەر بەرژەوەندیی کورد بدرێت و بۆ ئەوەش دەلیلی بێبنەما و ناڕوون بەدوای یەکدا ڕیز بکرێن.
بۆ ئەوەی باشتر لە ناوەڕۆکی ئینتیگراسیۆن تێبگەین و خۆمان و گەلی کورد بە هەڵەدا نەچین، بە پێویستی دەزانم لێرەدا نموونەیەک لە وڵاتێکی ئوروپایی بخەمە بەرچاوتان و لێکدانەوە و وردەکارییەکانی ئەو باسە بۆ خۆتان بەجێ بهێڵم. چونکە ئینتیگراسیۆن پرۆسەیەکی تایبەتە بەو وڵاتانەی کە مافی پەناخوازی بە تاک و بنەماڵەکان دەدەن، ئەوانەی بە هۆکاری سیاسی، کۆمەڵایەتی یان هەر هۆکارێکی تر ناچار بوون وڵاتی خۆیان جێ بهێڵن و پەنا بۆ وڵاتانی دەرەوە بەرن.
کاتێک کەسێک وڵاتی خۆی جێ دەهێڵێت و دێتە نۆرویژ، پاش داواکاریی پەنابەری و وەرگرتنی مافی پەنابەری، دەرفەتی ژیان و گوزەرانی بۆ دابین دەکرێت. هەروەها لە ڕووی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە ماف و دەرفەتی ئەوەی بۆ دەڕەخسێت وەک ئەندامێکی کۆمەڵگای ئەو وڵاتە بژیت، بەبێ جیاوازیدانان لە نێوان تاکەکان بەهۆی ئایین، نەتەوە، زمان یان کولتووریانەوە. بەو شێوەیە، ئینتیگراسیۆن تەنیا نیشتەجێکردنی کەسێک لە وڵاتێکی تر نییە، بەڵکو پرۆسەیەکە بۆ بەشداریکردنی ئەو کەسە لە ژیانی کۆمەڵایەتی و دامەزراوەکانی ئەو کۆمەڵگایە، بە بەشداری و چالاکیی سیاسییشەوە.
پەنابەر پێویستە زمانی ئەو وڵاتە بە باشی فێر بێت، حکوومەتیش کارئاسانیی بۆ دەکات و یارمەتیی پێویستی بۆ دابین دەکات، بۆ ئەوەی بتوانێت بچێتە قوتابخانە یان دەست بە کار بکات. لە لایەکی دیکەوە، دەرفەتی تەواوی پێ دەدرێت کە چالاکییە کولتووری و نەریتییەکانی وڵاتی خۆی پەرەپێبدات و ناچار ناکرێت خۆی بەتواوەتی بتوێنێتەوە. بۆ نموونە، بۆنە ئایینی و نەتەوەیییەکانی بەڕێوە دەبات و ڕۆژی نیشتمانیی خۆی جێژن دەگرێت و بە شێوەی فەرمی چالاکییەکانیان بەرێوە دەبەن و تەنانەت هاوکاریی ئابووریش دەکرێن.
ڕێز لەو مافە دەگیرێت و هیچ جۆرە بەربەستێک لەبەردەمیاندا دروست ناکرێت، بەڵکو هاوکاری و یارمەتییشیان دەدرێت. بەڵام کاتێک باس لە پرسی ئینتیگراسیۆن لە ئێراندا وەک بابەتێکی سیاسی دێتە ئاراوە، ئەمە نەک تەنیا نیشانەی تێنەگەیشتنە لە سروشتی سیاسیی رێژیمی ئێران و ئاستی پێگەیشتووییی کۆمەڵگای کوردستان، بەڵکو هەنگاوێکە بەرەو دروستکردنی زەمینە بۆ تەسلیمبوون و ڕازیبوون بە ئاسیمیلاسیون (Assimilation)؛ واتە توانەوە لە نێو نەتەوەی فەرمانڕەوا و زۆرینەدا، و هەنگاوێکیشە بەرەو جۆرێک لە ئاشبەتاڵێکی مۆدێرن و بەتەواوی زەلیلانە لە هەمبەر رێژیمی تاراندا.
ئەو وڵاتانەی خاکی کوردستانیان بەبێ ڕەزامەندیی کورد بەسەر خۆیاندا دابەش کردووە، جگە لەوەی ئینکاریی بوونی کورد وەک نەتەوە دەکەن، بەردەوام بە سیاسەتی ڕەق و ستەمکارانە هەوڵیان داوە کورد بتوێننەوە و ناچاری بکەن شوناسی نەتەوەییی خۆی لەبیر بکات. بە خۆشیەوە، کورد لە ئێستادا لە لوتکەی بەرزی وشیاریی سیاسی و نەتەوەییدایە و لە ڕووی ناسیۆنالیزمی مۆدێرنەوە گەشەیەکی بەرچاوی کردووە، ڕاشکاوانە و ڕوونتر داواکارییەکانی دەخاتەڕوو. هیچ کەس و گروپێک ئەو مافەی نییە ئەرکی تەسلیمبوونی خەباتی دەیان ساڵەی ڕۆژهەڵاتی بەسەر شانی گروپگەلێکدا بدات کە بە پێچەوانەی خواستی شەقامی سیاسیی کوردستان بڕیار بدەن و ناکۆکی بخەنە نێو جووڵانەوەی سیاسیی کوردستانەوە. بۆیە هیچ لۆژیک و پێویستییەک بوونی نییە هێزێک یان گرووپێک پرسی ئینتیگراسیۆن بێنێتە بەر باس و بەو بابەتە کات و توانای سیاسیی کورد سەرقاڵ بکات و لە ڕێڕەوی ڕاستەقینەی لای بدات.
٢. توانەوە (Assimilering)
لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەهۆی نەبوونی ئازادیی سیاسی و نەتەوەیی، لاوازی و کرچوکاڵیی بنەماکانی مافی نەتەوەکان، نەبوونی سیستەمی سیاسی و دیموکراتیک، هەروەها زاڵبوونی گرووپێک یان بنەماڵەیەک بەسەر کاروباری دەوڵەتدا و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان بە ڕێگای هێزی سەربازییەوە، کەمتر بیر لە ئازادی و یەکسانی لە نێوان نەتەوەکان دەکرێتەوە و، بەڵکو بە هێز و سەربازی هەڕەشەی لەنێوبردن لە دژبەرانیان کردووە. ئەگەر سیاسەتی خۆگونجاندن لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کوردستانیان داگیر کردووە بگیرێتەبەر، ئەوان نەک تەنیا مافە کولتووری و نەریتییەکانی کورد ڕەچاو ناکەن و وەک نەتەوە قبووڵمان ناکەن، بەڵکو نەتەوەی باڵادەست و زۆرینە دەرفەتی زیاتری بۆ دەڕەخسێت تا بە تەواوی کورد لە نێو خۆیدا بتوێنێتەوە و شوناسی نەتەوەییی لەناو بەرێت. دیارە ئەم بیرۆکەیە ڕەنگە زیاتر لەلایەن ئەو گرووپ و کەسانەوە سەرچاوەی گرتبێت کە لە تاراوگە دەژین و بە خوێندنەوەیەکی هەڵە و تێکەڵکردنی دوو چەمکی تەواو جیاواز و دژبەیەک، خۆگونجاندن و توانەوەیان وەک یەک لێک داوەتەوە و وڵاتێکی وەک ئێرانیان لەگەڵ دەسەڵاتێکی سیاسیی ڕۆژئاوایی بە تەواوی لێ تێک چووە.
بۆ نموونە، لە ئێراندا کورد بەهۆی چالاکییەکانی پەیوەندیدار بە زمان، جلوبەرگ و هێما نەتەوەیییەکانی خۆی دەخرێتە بەندیخانە و تەنانەت لەسێدارەش دەدرێت. مافی هەڵبژاردنی نوێنەرانی ڕاستەقینە و دەنگدانێکی ئازاد و دادپەروەرانەی نییە. ئەگەر بە پێچەوانەی ویست و سیاسەتی دەسەڵات بجووڵێتەوە، بە یاخی و دژەدەوڵەت لەقەڵەم دراوە و سزای قورس و تەنانەت سزای مەرگی بەسەردا دەسەپێنرێت. باشە، لە لایەنگرانی ئینتیگراسیۆن دەپرسین: چۆن دەتوانن لە ئێراندا دڵنیایی بە گەلی کورد بدەن کە شوناسی کوردی و کوردایەتی دەپارێزرێت، لە کاتێکدا شۆڕش و خەباتی ڕەوا و نەتەوەییی کورد ئامادەن ڕادەستی دوژمن بکەن؟
بەڕاستی، پێشخستنی سیاسەتی خۆگونجاندن و هێنانی ئەم بابەتە بۆ نێو بزووتنەوەی سیاسی و شۆڕشگێڕیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە واتای لاوازکردن و لێدانی بنەماکانی خەباتی ئەو بەشەی کوردستانە و هیچ نموونەیەکی لە جیهانی ڕۆژئاوادا نییە. سیاسەتی توانەوە واتە مرۆڤ بە شێوەیەکی گشتی خۆی لەگەڵ کولتووری نەتەوەی زۆرینەی کۆمەڵگادا بگونجێنێت و هەوڵ بدات زیاتر وەک ئەوان خۆی پیشان بدات؛ بۆ نموونە بڵێت: “من لە فارسەکانیش فارسیترم”، بۆ ئەوەی متمانەی دەسەڵاتداران بەدەست بێنێت، لێی دوور نەکەونەوە و دژایەتیی نەکەن، لە کاتێکدا کورد ناچار دەبێت بەشێک لە کولتوور و نەریتەکانی خۆی فیدا بکات و بە هێواشی لە شوناسی نەتەوەییی خۆی دوور بکەوێتەوە و تەسلیمی نەتەوەی حوکمڕان ببێت.
نموونەیەکی سادەتر لێرەدا ئەوەیە: کەسێک دوای وەرگرتنی مافی پەنابەری لە نۆرویژ، فێری زمانی نۆرویژی دەبێت، بەڵام هیچ گوشارێکی ئەوتۆی لەسەر نییە کە ناچار بکرێت واز لە بەکارهێنانی زمانی دایکی و نەریتەکانی وڵاتی خۆی بێنێت، یان شوناسی نەتەوەییی خۆی لەبیر بکات.
دەوڵەت ئەو ئازادییەی پێ دەدات و هیچ جۆرە بەربەستێک لەبەردەمیدا دروست ناکات. هەروەها حکوومەتی نۆرویژ گوشاری لەسەر دروست ناکات بۆ ئەوەی بە نرخی لەبیرکردنی پاشخان و شوناسی نەتەوەییی خۆی، زیاتر ئاوێتەی کۆمەڵگای ئەو وڵاتە ببێت. بۆ نموونە، کاتێک ڕۆژی لەدایکبوونی منداڵێک لە قوتابخانەدا یان ناوەندێکی پەروەردەییدا جێژن دەگیرێت، ڕەنگە ئاڵای وڵاتی خۆی لەسەر مێزی دانیشتنەکەی دابنرێت و ڕێز لە شوناس و بنەما مرۆڤایەتییەکانی دەگیرێت. لەوێدا سیاسەتی هەڵاوەردن و جیاکاری بەرامبەر بە شوناسی نەتەوەییی کەسەکان بنەمای کار نییە.
کاتێک ئازادی و دەرفەت بە ئاشکرا بە پەناخواز دەدرێت و لە هەمان کاتدا وەک تاکێکی نێو کۆمەڵگای نۆرویژ مافی ژیانی ئازادی پێ دەبەخشرێت، هیچ جۆرە مەترسییەک بەدی ناکرێت کە ڕێگری لە چالاکیی سیاسی و کۆمەڵایەتیی بکات. بەشی زۆرینەی پەنابەرانی دانیشتووی نۆرویژ بە دڵخۆشییەوە هەوڵ دەدەن ڕێز لە یاسا و دەستووری ئەو وڵاتە بگرن، چونکە هەست بە بوونی خۆی دەکات و دەبینێت وەک مرۆڤ ڕێز لە بوون و شوناسی دەگیرێت.
جیاوازییەکە چییە؟ جیاوازییەکە لەوەدایە کە لە نۆرویژدا خۆگونجاندن بە واتای فێربوونی زمان، ڕێزگرتن لە یاسا، بەشداریکردن لە کۆمەڵگا و بەدەستهێنانی مافی ژیان و کارکردنە، بەبێ ئەوەی ناچار بکرێ شوناسی نەتەوەیی، زمان و کولتووری خۆت لەدەست بدەیت و بەرنامەی توانەوەت بەرامبەر بەڕێوە بچێت. بەڵام لە ئێراندا، کاتێک باس لە ئینتیگراسیۆن دەکرێت لە دۆخێکدا کە مافە نەتەوەیی و کولتوورییەکان بە فەرمی و بە کردەوە پارێزراو نین و هەوڵ بۆ پاراستنی شوناسی کوردی بە سەرکوت و زیندان و لەسێدارەدان وەڵام دەدرێتەوە (لەبەر ئەوەی پێکهاتەی فەلسەفەی کۆماری ئیسلامی لەسەر سڕینەوە و لەناوبردنی نەتەوەکانی پێکهێنەری جوگرافیای ئێران دامەزراوە)، واتای ڕوونی ئەم چەمکە لە ئێراندا ڕوونە و پێویستی بە هێنانی دەلیلی بێبنەما نییە؛ بابەتی ئینتیگراسیۆن لێرەدا تەنیا ئامرازێکە بۆ ئاسیمیلاسیون و توانەوەی کورد لە نێو نەتەوەی باڵادەستدا.
خۆگونجاندن لە ژیانی تاراوگەدا بەبێ لەدەستدانی شوناس، مافێکی مرۆڤایەتییە، بەڵام توانەوە بە زۆر و لەناوبردنی شوناسی نەتەوەیی، سەرپێچییە لە مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ و نەتەوەکان بەگوێرەی جارنامەی مافەکانی مرۆڤ.
یەکخستن و توانەوە دوو چەمکی جیاوازن لە بواری زانستە کۆمەڵایەتییەکان، بەتایبەتی لە بواری کۆمەڵناسی، زانستی سیاسی و پەیوەندییە نەتەوەییەکاندا. ئەم دوو چەمکە لە ڕووی پاراستنی شوناسی کولتووری و نەتەوەیی، ئاستی بەشداریکردن لە کۆمەڵگا و چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ جیاوازییەکاندا جیاوازیی بنەڕەتییان هەیە و لە وڵاتێکی وەک ئێراندا، جگە لە توانەوەی نەتەوەییی کورد، ناتوانێت واتایەکی دیکەی هەبێت.
محەممەد سلێمانی
11.11.2026
