مێژووی هەر نەتەوەیەک تەنیا لە ڕووداوە سیاسی و سەربازییەکاندا کورت نابێتەوە؛ بەڵکوو لە کۆمەڵێک بیرەوەری، خەبات، زمان، کولتوور و ئیرادەیەکی بەردەوامدا ڕەنگ دەداتەوە.
لەم ڕوانگەیەوە، مێژووی کورد مێژووی نەتەوەیەکە کە لە درێژایی سەدەکاندا، سەرەڕای هەموو گۆڕانکارییە سیاسی و جوگرافیاییەکان، توانیویەتی ناسنامەی خۆی بپارێزێت و بەردەوام بێت لە خەبات بۆ ژیان، ئازادی و مافە نەتەوەییەکانی.
لە ناو ئەم مێژووەدا، ورمێ خاوەن پێگەیەکی تایبەت و ناوازەیە؛ خاکێک کە لە قەڵای دمدمەوە تا میکۆنۆس، لە بەرگریی چەکدارییەوە تا خەباتی سیاسی و کولتووری، بەشێکی هەرە گرنگی مێژووی کوردی لە ئامێز گرتووە.
مەبەست لە ورمێ لەم وتارەدا، تەنیا شاری ورمێ یان دەوروبەری دەریاچەکە نییە، بەڵکوو مەبەست تەواوی ئەو جوگرافیایەیە کە ئەمرۆ بە پارێزگای ورمێ دەناسرێت؛ لە ماکۆ و چالدرانەوە تا خۆی، سەڵماس، ورمێ, نەغەدە، شنۆ، پیرانشار، سەردەشت، مەهاباد، بۆکان،سایین قەڵا، تیكاب و ناوچەکانی دیکە. ئەم خاکە لە ڕووی مێژوویی و کولتوورییەوە، یەکێکە لە ناوچە ستراتیژی و گرنگەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
ڕەگ و ڕیشەی مێژوویی؛ لە مانناییەکانەوە تا مادەکان
جوگرافیای دەوروبەری دەریاچەی ورمێ لە دێرینەوە لانکەی ژیان و پێکهاتنی شارستانییەت و قەوارە سیاسییە کۆنەکان بووە. مانناییەکان لە ناوچەکانی دەوروبەری دەریاچەی ورمێدا خاوەن دەسەڵات بوون؛ هەروەها میتانی و هۆرییەکانیش لەو شارستانییەتە دێرینانەن کە لە مێژووی ئەم بەشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا شوێنپەنجەیەکی دیاریان هەیە.
لە نێو بیرەوەریی مێژوویی و نەتەوەیی کورددا، ئەم گەلانە زۆرجار وەک بەشێک لە بنەما و پێکهاتە کۆنەکانی مێژووی کورد تەماشا دەکرێن. لەپاڵ ئەوانەشدا، مادەکان یەکێکن لەو شارستانیەتە دێرینانەی کە پەیوەندییەکی بنەڕەتییان بە مێژووی دروستبوونی گەلی کوردەوە هەیە. کاردوخییەکانیش، کە لە سەرچاوە مێژووییە کۆنەکاندا ناویان هاتووە، لەو ناوانەن کە لە گفتوگۆ مێژوویی و نەتەوەییەکاندا بە پێشینەی کوردەوە دەبەسترێنەوە. ئەگەرچی شوێنی وردی نیشتەجێبوونیان و سنووری جوگرافیاییان هەمیشە جێی لێکۆڵینەوە بووە، بەڵام ناوی لەم باسانەدا قورسایی و گرنگیی خۆی هەیە.
هەروەها لە هەندێک لێکدانەوەی مێژوویی و زمانەوانیدا، ناوی قیرتییەکان بە ڕەچەڵەکی کوردییەوە گرێ دراوە. ئەم پێشینە مێژووییە فرەڕەهەندە، وێنەیەک لە قووڵایی مێژووی ئەم خاکە و پێکهاتنی ناسنامەی کوردی لە درێژایی سەدەکاندا نیشان دەدات.
لە ڕووی کولتووری و ئایینییەوە، ئێزیدییەت و نەریتە یەزدانییەکان بەشێکی گرنگن لە میراتی ڕۆحانی و کولتووریی کوردستان. ئەم نەریتانە هەڵگری توخمە کۆنە خۆجێیی و ئێرانییەکانن (بە واتای مێژوویی نەک بە واتای ئەو وڵاتەی ئێستا ناوی ئێرانە) و لە پاراستنی بیرەوەری و ناسنامەی کوردیدا ڕۆڵێکی بەرچاویان گێڕاوە.
ئەدەب و عیرفان؛ قەڵای پاراستنی ناسنامە
مێژووی ورمێ و ڕۆژهەڵاتی کوردستان تەنیا بە قەڵا، شەڕ و ڕاپەڕینەکانەوە نەنووسراوەتەوە؛ بەڵکوو بە هۆکاری بوونی شاعیران، نووسەران و ڕۆشنبیرانی ئەم خاکەش بە زیندوویی ماوەتەوە. لەم مەیدانەدا، ناوی مامۆستا وەفایی، مامۆستا هەژار و مامۆستا هێمن، لەگەڵ شاعیرانی دیکەی ئەم دەڤەرە وەک عەباس حەقیقی، سەید کامیل ئیمامی و شێخ ئەحمەدی کوێر، بە پیتێکی زێڕین لە مێژووی ئەدەبی کوردیدا تۆمار کراوە.
شێخ ئەحمەدی کوێر، عارف و شاعیرێکی ناوداری سەردەمی خۆی بووە؛ لە ساڵی ١٧٧١ لە دەڤەری شنۆ لەدایک بووە و لە ساڵی ١٨٥٦ لە دەڤەری بۆکان کۆچی دوایی کردووە. کەسایەتیی ڕۆحانی و بیر و بەرهەمە ئەدەبییەکانی، بەشێکن لەو میراتە فکری و کولتوورییەی کە ئەم خاکە لە سەدەکانی ڕابردووەوە بۆ نەوەکانی داهاتوو بەجێی هێشتووە.
هەروەها عەباس حەقیقی لە ساڵی ١٩٠٢ لە گوندی قەرەباغی بۆکان لەدایک بووە و لە ساڵی ١٩٩٦ کۆچی دوایی کردووە. سەید کامیل ئیمامیش لە ساڵی ١٩٠٣ لە گوندی زەنبیلی بۆکان چاوی بە دونیا گەش کردووە و لە ساڵی ١٩٩٩ کۆچی دوایی کردووە. ئەم ناوانە، لەگەڵ هەژار، هێمن، وەفایی و شاعیرانی دیکە، زنجیرەیەکی پێکەوەبەستراوی ڕۆشنبیری و ئەدەبی کوردین کە ڕەگ و ڕیشەیان لە قووڵایی مێژووی ئەم خاکەدا داکوتاوە.
ئەوان بە شیعر، نووسین و بەرهەمە ئەدەبییەکانیان، زمانی کوردییان پاراستووە، گەشەیان پێداوە و هەستی نەتەوەییان لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی دیکە گواستووەتەوە. بەرهەمەکانی ئەوان تەنیا میراتێکی ئەدەبی ڕووت نین؛ بەڵکوو بەشێکی زیندوون لە بیرەوەریی مێژوویی و خەباتی کولتووری و نەتەوەیی کورد.
ئەگەر قەڵای دمدم هێمای بەرگریی چەکداری بێت، ئەوا ئەدەب و بەرهەمەکانی ئەم شاعیرانەش قەڵای پاراستنی زمان و ناسنامە بوون؛ چونکە نەتەوە تەنیا بە شمشێر خۆی ناپارێزێت، بەڵکوو بە زمان، بە وشە، بە بیر و بە ئەدەبیش خۆی دەناسێنێت و بوونی خۆی بۆ نەوەکانی داهاتوو مسۆگەر دەکات.
دمدم؛ هێمای بەرگری و سەربەخۆیی
لە نێو ڕووداوە مێژووییەکاندا، داستانی قەڵای دمدم و بەرگریی ئەمیرخان لەپزێڕین (کە بە ئەمیرخانی برادۆستیش دەناسرێت) خاوەن پێگەیەکی ناوازەیە. ئەو بەرگرییە قارەمانانەیەی کە لە سەرەتای سەدەی حەڤدەهەمدا لە بەرامبەر دەسەڵاتی سەفەوییەکاندا کرا، تەنیا ڕووداوێکی سەربازی نەبوو؛ بەڵکوو بوو بە هێمای ئیرادەیەکی مەزنی نەتەوەیی بۆ پاراستنی دەسەڵات، سەربەخۆیی و شکۆی خۆجێیی.
قەڵای دمدم لە بیرەوەریی کوردیدا تەنیا مۆڵگەیەکی شەڕ نییە؛ بەڵکوو ڕەمزی ئەو چرکەساتەیە کە مرۆڤی کورد لە بەرامبەر هێزی زۆردار و داگیرکەردا، بڕیاری دا مان و نەمانی خۆی و خاکەکەی بپارێزێت. ناوی ئەمیرخان لەپزێڕین و قەڵای دمدم لە مێژووی نەتەوەیی کورددا بە یەکەوە گرێ دراون و تا ئەمڕۆش وەک سیمبۆلی بەرگری و خۆڕاگری دەمێننەوە.
سمکۆی شکاک؛ خەباتی سیاسی و نەتەوەیی
لە سەردەمی نوێدا، سمکۆی شکاک یەکێک بوو لەو کەسایەتییە دیارانەی کە ناوی بەشێکی گرنگ لە مێژووی سیاسیی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێوە بەستراوەتەوە. خەبات و هەوڵەکانی ئەو بۆ بەدەستهێنانی قەوارەیەکی سیاسی و پاراستنی ماف و بەرژەوەندییەکانی کورد، قۆناغێکە کە تێیدا داخوازیی نەتەوەیی کورد ڕوویەکی سیاسی و ڕێکخراوتری بە خۆوە بینی.
لە ٣٠ی حوزەیرانی ١٩٣٠دا، سمکۆی شکاک بە پلانێکی خائینانە و بە پێشێلکردنی هەموو عورفێکی گفتوگۆ و میوانداری، لە نزیک شاری شنۆ لەلایەن دەسەڵاتی ڕەزاخان پەهلەوییەوە تیرۆر کرا. ئەو ڕووداوە تەنیا کۆتاییهاتن بە ژیانی سەرکردەیەکی سیاسی نەبوو، بەڵکوو سەلمێنەری ئەو ڕاستییە بوو کە دەسەڵاتە ناوەندییەکان بۆ کپکردنەوەی هەر دەنگێکی سەربەخۆییخوازی، پەنا بۆ چڵکنترین شێواز دەبەن.
لە سەردەمی سمکۆدا، ڕۆژنامەی ”ڕۆژی کورد” لە شاری ورمێ بڵاو دەکرایەوە؛ ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە خەباتی ئەو قۆناغە تەنیا لە مەیدانی جەنگدا قەتیس نەمابوو، بەڵکوو لە ڕێگەی ڕۆژنامەنووسی و بڵاوکردنەوەی بیر و هۆشیاریی نەتەوەییەوە لە لوتکەدا بوو.
کۆماری کوردستان؛ لە خەباتەوە بۆ دامەزراندنی دەوڵەت
یەکێک لە وەرچەرخانە هەرە گرنگ و مێژووییەکانی خەباتی سیاسیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دامەزراندنی کۆماری کوردستان بوو لە ٢٢ی کانوونی دووەمی ١٩٤٦ (٢ی ڕێبەندانی ١٣٢٤ی هەتاوی) لە شاری مەهاباد و بە سەرۆکایەتیی پێشەوا قازی محەممەد.
کۆماری کوردستان، سەرەڕای تەمەنە سیاسییە کورتەکەی، خاوەن ئەو توانستە ستراتیژییە بوو کە توانی داخوازیی نەتەوەیی کورد لە ئاستی خەباتی چەکداری و بەرگریی خۆڕسکانەوە، بەرەو قۆناغی قەوارەسازی و سیستەمێکی سیاسیی مۆدێرن بەرز بکاتەوە. ئەو کۆمارە پێشەنگە، هەوڵێکی بێوچانی دا بۆ فەرمیکردن و پەرەپێدانی زمانی کوردی، سیستەمی پەروەردە، ڕۆژنامەنووسی، داڕشتنی دامەزراوەکانی حکومەت و ڕەخساندنی دەرفەت بۆ بەشداریی چالاکانەی ژنان لە ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسیدا.
پێشەوا قازی محەممەد و هاوڕێیانی، لە ماوەی ئەو تەمەنە کورتەی کۆماردا، کۆڵەکەی قەوارەیەکی سیاسی و نەتەوەییان داکوتا کە تێیدا تاکی کورد بتوانێت بە زمانی دایکی خۆی بخوێنێت، بنووسێت و بڕیار لەسەر دیاریکردنی مافی چارەی خۆنووسینی بدات. بەڵام مخابن، لە ٣١ی ئاداری ١٩٤٧دا، پێشەوا قازی محەممەد و هاوڕێیانی لە مەیدانی چوارچرا لە مەهاباد لە سێدارە دران.
کۆتاییهاتنی تەمەنی کۆمار، هەرگیز بە واتای کۆتاییهاتنی خەونی نەتەوەیی نەبوو؛ بەڵکوو ئەو خەونە مەزنە وەک مەشخەڵێک لە بیرەوەریی نەوەکانی داهاتوودا بە زیندوویی مایەوە و بوو بە بەشێکی دانەبڕاو لە مێژووی سەروەریی خەباتی کورد.
لە قازی محەممەدەوە تا قاسملوو؛ خەبات بۆ دیموکراسی و مافە نەتەوەییەکان

دوای ڕووخانی کۆماری کوردستان، شەمەندەفەری خەباتی سیاسیی کورد لە ڕۆژهەڵات نەوەستا و بە شێواز و لە قۆناغی جیاوازدا بەردەوام بوو. لەم کاروانە پڕ لە هەوراز و نشێوەدا، ناوی سەرکردە و کەسایەتییە سیاسی و ڕۆشنبیرییەکانی وەک ئەحمەد تۆفیق و دواتریش دکتۆر عەبدولڕەحمان قاسملوو، پێگەیەکی درەوشاوە و گرنگیان لە مێژووی هاوچەرخی کورددا داگیر کردووە.
دکتۆر عەبدولڕەحمان قاسملوو، لە ڕێگەی بیرە پێشکەوتوخوازەکەی و خەباتە ناوازە سیاسییەکەیەوە، هەوڵی دا داخوازیی نەتەوەیی کورد لەگەڵ چەمکە جیهانییەکانی وەک دیموکراسی, مافی مرۆڤ، پلورالیزم (فرەیی) و چارەسەریی ئاشتییانەی کێشەکاندا ئاوێتە بکات. ئەو باوەڕێکی نەگۆڕی بەوە هەبوو کە دەبێت دۆزی ڕەوای کورد لە ڕێگەی گفتوگۆ، ڕێککەوتن و بە فەرمی ناسینی مافە نەتەوەییەکانەوە بگاتە کەناری ئارامی.

بەڵام لە ١٣ی تەممووزی ١٩٨٩دا، لە شاری ڤیەننای پایتەختی نەمسا، لە کاتی گفتوگۆدا لەگەڵ نوێنەرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، دکتۆر عەبدولڕەحمان قاسملوو و هاوڕێیانی (عەبدوڵڵا قادری ئازەر و فازڵ ڕەسووڵ) بە شێوازێکی دڕندانە تیرۆر کران. ئەو خەنجەرە ژەهراوییەی کە لە پشتی مێزی گفتوگۆوە لە جەستەی سەرکردایەتیی کورد درا، لاپەڕەیەکی تاڵ و خوێناوی لە مێژووی خەباتی سیاسیی کورددا تۆمار کرد و سەلماندی کە تەنانەت ڕێگای ئاشتی و دیپلۆماسیش لەبەردەم کورددا بە توندوتیژی و فێڵ و تەڵەکە وەڵام دەدرێتەوە.
قاسملوو بە تیرۆرکردنی لەناو نەچوو؛ بیروباوەڕ و پەیامە سیاسییە دەوڵەمەندەکەی، بە تایبەتی داخوازیی ڕەسەنی بۆ دیموکراسی و چارەسەریی ئاشتییانە، لە هۆش و ویژدانی نەتەوەیەکدا بوو بە ڕێچکەیەکی هەمیشەیی.
میكۆنۆسی بەرلین؛ تیرۆری بیر و ڕێگای ئازادی

لە درێژەی زنجیرە تیرۆرە دەوڵەتییەکاندا، لە ١٧ی ئەیلوولی ١٩٩٢دا، لە ڕێستورانی میکۆنۆسی بەرلین لە شاری بەرلینی ئەڵمانیا، دکتۆر سادق شەرەفكەندی، سکرتێری گشتیی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، لەگەڵ هاوڕێیانی (فەتاح عەبدوڵی، هەمایون ئەردەلان و نووری دێهكوردی) کرانە ئامانجی دەستڕێژی گوللە و شەهید کران.
ئەم تاوانە نێودەوڵەتییە، کە دواتر لە دادگایەکی مێژووییدا لە ئەڵمانیا (دادگای میکۆنۆس) بە وردی لێکۆڵینەوەی لەسەر کرا، بوو بە یەکێک لە ڕوونترین و فەرمیترین بەڵگەکانی مێژووی تیرۆری سیاسی دژ بە ئۆپۆزسیۆنی کوردی لە دەرەوەی وڵات. بڕیاری کۆتایی دادگای میکۆنۆس لە ساڵی ١٩٩٧دا، بە شێوەیەکی یاسایی پەنجەی تۆمەتی ئاڕاستەی باڵاترین بەرپرسانی دەسەڵاتی تاران کرد و دەستی ڕەشی کۆماری ئیسلامیی لەم تاوانەدا ئاشکرا کرد.
تیرۆری دوكتۆر سادق شەرەفكەندی و هاوڕێیانی تەنیا هێرشێک نەبوو بۆ سەر ژیانی چەند سەرکردەیەکی سیاسی؛ بەڵکوو هەوڵدانێک بوو بۆ خنکاندنی دەنگی ڕەسەنی نەتەوەیەک کە داوای ماف، ئازادی و سەروەریی خۆی دەکرد. ئەوان لە پێناو خەباتی سیاسی و پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیەکدا گیانی خۆیان بەخت کرد و ناویان بۆ هەمیشە لە ڕیزی نەمرانی مێژووی کوردستاندا تۆمار کرا.
ورمێ؛ جوگرافیای بیرەوەری و ئیرادە
کاتێک لەم ڕەوتە مێژووییە ورد دەبینەوە، تێدەگەین کە ورمێ تەنیا پارچە زەوییەک یان ناوچەیەکی جوگرافیایی ڕووت نییە؛ بەڵکوو جوگرافیایەکی زیندووە، لێوانلێو لە بیرەوەری و سەروەری. لە بەرگریی قارەمانانەی قەڵای دمدمەوە تا ڕاپەڕینی سمکۆی شکاک، و لە کۆماری کوردستانەوە تا ئەڵقەکانی زنجیرە تیرۆری ناسۆری قاسملوو و شەرەفکەندی لە ڤیەننا و میکۆنۆس؛ تەواوی ئەم ڕووداوانە بە داوێکی پۆڵایین پێکەوە گرێ دراون و نەخشەی ناسنامەی نەتەوەیی کورد پێکدەهێنن.
ئەم مێژووە، تەنیا لاپەڕەیەک نییە بۆ گێڕانەوەی خوێن و قوربانی، بەڵکوو مانیفێستی ئیرادە، خۆڕاگری و بەردەوامیی ناسنامەیە. مێژووی نەتەوەیەکە کە سەرەڕای هەموو سڕینەوە، چەوساندنەوە و گوشارە هەمەلایەنەکان، توانیویەتی زمان، کولتوور و هۆشیاریی مێژوویی خۆی بپارێزێت؛ ئەمەش بە فەزڵی شاعیران، عارفان، خەباتکاران، ڕۆشنبیران و سەرکردە سیاسییەکانی.
ورمێ لە مێژووی نەتەوەیی کورددا، تەنیا بە سنگ قەڵا و مەیدانی جەنگەکانی ناناسرێتەوە، بەڵکوو بە بزووتنەوەی فیکریی شاعیرەکانی، عیرفانی عاریفەکانی، قوتابخانە، ڕۆژنامە، بڵاوکراوەکان، هەوڵە بێوچانەکانی بۆ گەشەی پەروەردە و هۆشیاری، و بە خەباتی بەردەوامی نەوەکانی دەناسرێتەوە.
لە دمدمەوە تا میكۆنۆسی بەرلین، کێش دابڕانێکی مێژوویی درێژخایەنە؛ کاروانێکە کە تێیدا ئەگەرچی قەڵاکان ڕووخاون، دەسەڵات و هاوکێشەکان گۆڕاون و ڕێبەرە مەزنەکان تیرۆر کراون، بەڵام ئەو ناسنامەیەی کە ڕەگ و ڕیشەی لە قووڵایی مێژووی ئەم خاکەدا داکوتاوە، وەک خۆی بە پێوە و بە شکۆوە ماوەتەوە.
چونکە هێز و مانەوەی نەتەوەکان، تەنیا بە ژیان و کۆچی دوایی ڕێبەرەکانیان ناپێورێت، بەڵکوو پێوەرەکە ئەوەیە کە دوای گشت گەردەلوول و کارەساتەکان، ئەو نەتەوەیە تا چەند دەتوانێت زمان، فکر، مێژوو و ناسنامەی خۆی بپارێزێت و ئیرادەی خۆی بۆ بونیاتنانی داهاتوو بە زیندوویی بهێڵێتەوە.
ورمێ، لە دمدمەوە تا میكۆنۆسی بەرلین، حیکایەتی ناسنامەیەکە؛ ناسنامەیەک کە لە ناو کوورەی خوێن و گێژاوی بیرەوەریدا تاقی کراوەتەوە، بەڵام بە هێزی ئیرادە، پاراستنی زمان و دەوڵەمەندیی کولتوورەکەی، بە نەمری ماوەتەوە.
