مێژووی سیاسیی ئەورووپا نیشانی دەدات کە بەشێکی زۆر لە گەورەترین گۆڕانکارییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان، نەک لە ناو دامەزراوە دەسەڵاتدارەکانەوە،

بەڵکو لە ناو ئەو بزووتنەوانەوانەدا دەستیان پێکردووە کە نەزمی حاکمیان خستۆتە ژێر پرسیار. لە بزووتنەوە کرێکاری و سۆسیالیستیەکانی سەدەی نۆزدەهەمەوە تا بزووتنەوەکانی مافی دەنگدان، بزووتنەوەکانی دژ بە شەڕ، بزووتنەوە خوێندکارییەکان و خەباتی چین و توێژە بەرینەکانی خەڵک بۆ مافە مەدەنیەکان و عەداڵەتی کۆمەڵایەتی، کۆمەڵگا زۆرجار توانیویەتی دەسەڵات بگۆڕێت. ئەزموونی ئەورووپا هەروەها نیشانی داوە کە گواستنەوەی دەستەڵات تەنیا بە گۆڕینی دەسەڵاتداران بەدی نایەت؛ بەڵکو پێویستی بە پێناسەکردنەوەی پەیوەندیی نێوان دەوڵەت، کۆمەڵگا و هاووڵاتی و دامەزراندنی ئەو دامەزراوانە هەیە کە دەسەڵات دابەش و سنووردار و بەرپرسیار دەکەن. ئەم ئەزموونە مێژووییە بۆ ئێرانی ئەمڕۆش پرسیارێکی بنەڕەتی دەخاتە ڕوو: ئایا دەکرێت بەبێ بنیاتنانەوەی ساختاری دەسەڵات، کێشە مێژووییەکانی سەرکوت، تەبعیز و جیاکاری، ناوەندگەرایی و نایەکسانی و بێ عەداڵەتی تێپەڕێندرێن؟
ئێران لەبەردەم گۆڕانکاریەکی مێژوویی دایە؛ گواستنەوەیەک کە تەنیا بە گۆڕینی حکومەت یان جێگۆڕکێکردنی گرووپێکی سیاسی بە گرووپێکی ترتەواو نابێت. کێشەی سەرەکی، کۆتاییهێنانە بە بازنەیەکی مێژوویی لە کۆکردنەوەی دەسەڵات، دەسەڵاتداریی سیاسی، ستەم وجیاکاریی نەتەوەیی و ڕەگەزی و مەزهەبی، نایەکسانیی و بێ عەداڵەتی ئابووری و دوورخستنەوەی بەشێکی گەورەی کۆمەڵگا لە پرۆسەی بڕیاردان.
ئەزموونی چەند دەیەی ڕابردوو پیشانی داوە کە چاکسازییە ڕواڵەتیەکان، گۆڕینی ڕووخساری سیاسی یان دووبارەبنیاتنانەوەی شێوەکانی تری دەسەڵاتداری ناتوانێت کێشە ساختارییەکانی ئێران چارەسەر بکات.
بۆیە پرسیاری سەرەکیی ئێرانی داهاتوو زیاتر لەوەی ئەوە بێت کە «کێ حکومەت دەکات؟»، ئەوەیە کە: دەسەڵات چۆن دابەش دەکرێت، کێ چاودێریی دەکات و مافەکانی کێ لە ساختاری سیاسیی داهاتوودا مسۆگەر دەکرێت؟
لەو ڕوانگەیەوە، گواستنەوەی دیموکراتیک لە ئێران دا دەبێت لە هەمان کاتدا سێ کێشەی سەرەکی چارەسەر بکات: دێموکراسی وئازادیی سیاسی، دادپەروەری لە دابەشکردنی دەسەڵات و حاکمییەت لەنێوان نەتەوە و ناوچەکان، و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و ئابووری.
جیاکردنەوەی ئەم سێ بوارە لە یەکتر، لە کردەوەدا یان دەگاتە دیموکراسییەک کە نایەکسانییە مێژووییەکان بەبێ دەستکاری بەجێدەهێڵێت، یان دەگاتە لامەرکەزیەکی سنووردار کە پشتگیریی کۆمەڵایەتی و ئابووریی پێویستی نییە، یان دەگاتە جۆرێکی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی کە بەبێ ئازادیی سیاسی دەکرێت جارێکی تر بگۆڕێت بە دەسەڵاتداریەکی تۆتالیتێر .
لەو چوارچێوەیەدا، پەیوەندیی نێوان دیموکراسی، فیدراڵیزم و سۆسیالیزمی دیموکراتیک دەتوانێت وەک پرۆژەیەکی سیاسی بۆ بنیاتنانەوەی ئێران لەبەرچاو بگیرێت؛ پرۆژەیەک کە ئامانجی تێکدانی کۆمەڵگا نییە، بەڵکو پێناسەکردنەوەی شێوازی هاوبەشی، دابەشکردنی دەسەڵات و دابەشکردنی سەرچاوەکانە لە کۆمەڵگایەکی فرە گەل و فرە چەشن دا.
١. دیموکراسی؛ کۆتاییهێنان بە مۆنوپۆڵکردنی دەسەڵات
یەکەم مەرجی هەر گواستنەوەیەکی بەردەوام، گواستنەوەی دەسەڵاتە لە دامەزراوەی سەرەڕۆ و نا وەڵامدەر بەرانبەر بە هاووڵاتیان. دیموکراسی تەنیا ئەنجامدانی هەڵبژاردن نییە؛ بەڵکو کۆمەڵێک دامەزراوە و مافە کە ڕێگە بە کۆمەڵگا دەدەن چاودێریی دەسەڵات بکات.
ئێرانی داهاتوو پێویستی بە سیستەمێک هەیە کە تێیدا هەڵبژاردنی ئازاد، ڕکابەری و بەدیلە سیاسییەکان و هەڵبژاردنی ماوەبەماوە، گۆڕینی دەسەڵات مسۆگەر بکات؛ دەزگای دادوەری لە کاریگەریی سیاسی و ئەمنیەتی سەربەخۆ بێت؛ میدیا و دامەزراوە مەدەنییەکان بتوانن بە ئازادی کار بکەن و هیچ کەس، حیزب، دامەزراوەی سەربازی یان دەستەیەکی ئایدیۆلۆژیک نەکرێت خۆی لەسەرەوەی یاسا دابنێت.
ئازادیی بەیان، بیروباوەڕ، ڕۆژنامەگەری، کۆبوونەوە، مانگرتن و دامەزراندنی حیزب و ڕێکخراو، مافێکی لاوەکی و ڕووکەش نییە. ئەم مافانە ئامرازە سەرەکییەکانی کۆمەڵگان بۆ چاودێریکردنی دەسەڵات. بەبێ ئەوان، تەنانەت هەڵبژاردنێکی پڕ لە ڕکابەریش دەتوانێت ببێتە ئامرازێک بۆ مەشڕوعییەت دان بە نەزمێکی نابەرپرس وناوەڵام دەر.
دیموکراسی هەروەها دەبێت بە بنەمایبەرانبەریی یاساییی هەموو هاووڵاتیانەوە گرێ بدرێت؛ یەکسانییەک کە ژنان، کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکان، کرێکاران و چین و توێژە زەحمەت کێشەکان، لاوان و هەموو گرووپە کۆمەڵایەتییەکان لە بارودۆخی هاووڵاتیی پلە دوو دەربهێنێت.
٢. فیدراڵیزم؛ پێناسەکردنەوەی پەیوەندیی نێوان ناوەند و پەراوێز
ئێران کۆمەڵگایەکی یەکدەست نییە لە ڕووی نەتەوە و زمان، کولتوور، مێژوو و ئەزموونی سیاسییەوە. کورد، بلوچ، عەرەب، تورک، تورکمان، فارس و کۆمەڵە گرووپی نەتەوەیی و کولتوورییەکانی تر، بەشێکن لە ڕاستیی مێژوویی و کۆمەڵایەتیی ئێران. پشتگوێخستنی ئەم فرەچەشنییە نە دەتوانێت بیسڕێتەوە و نە کۆتایی بەو پرسە بهێنێت؛ بەڵکو دەبێتە هۆی بەردەوامبوونی ناکۆکی و بێمتمانەیی و شەڕو کێشە.
کۆکردنەوەی مێژووییی دەسەڵاتی سیاسی و ئابووری لە ناوەندا، ئاکامەکەی لە زۆر ناوچەی وڵاتدا بووە بەهۆی جیاکاری لە گەشەپێداندا، تەبعیز لە دابەشکردنی سەرچاوەکاندا، ستەم و سەرکوت و ئینکارلە بەشداریکردنی سیاسی و ناسینی مافە کولتوورییەکان.
لەبەر ئەوە، چارەسەرکردنی پرسی نەتەوەیی لە ئێران تەنیا بە ڕاگەیاندنی یەکسانیی ڕووکەشیی هاووڵاتیان ناکرێت؛ ئەم یەکسانییە دەبێت لە ساختاری دابەشکردنی دەسەڵاتیشدا ڕەنگ بداتەوە.
فیدراڵیزم لەم واتایەدا، پرۆژەیەک بۆ لاوازکردنی ئێران نییە؛ بەڵکو پرۆژەیەکە بۆ گۆڕینی پەیوەندیی زۆرەملێ و نادادپەروەرانەی نێوان ناوەند و هەرێمە پەراوێزخراوەکان و گۆڕینی بە پەیوەندییەکی دامەزراو لەسەر بنەمای بەشداریکردن و ڕەزامەندی.
لە سیستەمێکی فیدراڵی و دیموکراتیکدا، یەکە فیدراڵییەکان دەبێت دەسەڵاتی ڕاستەقینەیان لە بوارەکانی کارگێڕی، کولتووری، پەروەردەیی، ئابووری و گەشەپێدانی ناوخۆدا هەبێت؛ لە هەمان کاتدا مافە بنەڕەتییەکانی هەموو هاووڵاتیان لە سەرانسەری وڵاتدا مسۆگەر بکرێت.
بەفەرمی ناساندنی زمانە دایکییەکان لە پەروەردە و ژیانی گشتی، مسۆگەرکردنی بەشداریکردنی سیاسیی نەتەوەکان و ناوچەکان، و دابەشکردنی دادپەروەرانەی سەرچاوە گشتییەکان، بەشێکی جیا نەکراوە لەو ساختارەیە.
یەکێتیی سیاسیی بەردەوام بە تەنیا بە کۆکردنەوەی دەسەڵات لە ناوەنددا ناپارێزرێت. یەکێتی کاتێک بەردەوام دەبێت کە هاووڵاتیان و کۆمەڵگا جیاوازەکان هەست بکەن کە ئەو یەکێتییە ئارەزوومەندانەو دادپەروەرانەیە.
٣. سۆسیالیزمی دیموکراتیک؛ قوڵبوونەوەی دیموکراسی بۆ ژیانی ڕۆژانە
دیموکراسیی سیاسی ئەگەر لەگەڵ دادپەروەریی کۆمەڵایەتی نەبێت، بۆ ملیۆنان مرۆڤ دەتوانێت ببێتە ئازادییەکی تەنیا تیۆری کە کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی لە ژیانی ڕۆژانەیاندا نییە.
کاتێک بەشێکی زۆری کۆمەڵگا لە خوێندنی پڕ کوالێتی، تەندروستی، نیشتەجێبوون، ئاسایشی پیشەیی و داهاتی پێویست بێبەش بێت، تەنیا هەبوونی مافی دەنگدان ناتوانێت کێشەی ئازادی چارەسەر بکات. ئازادیی سیاسی دەبێت بتوانێت بگۆڕێت بە توانای ڕاستەقینە بۆ ژیانێکی شایستەی مرۆڤی ئەو سەردەمە .
سۆسیالیزمی دیموکراتیک لەم چوارچێوەیەدا بە مانای لابردنی ئازادیی ئابووری یان سڕینەوەی خاوەندارێتیی تایبەت نییە؛ بەڵکو بە مانای کۆنترۆڵکردنی کۆبوونەوەی ناعادڵانەی سامان و دەسەڵاتی ئابووری، دابینکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان، پاراستنی مافەکانی کرێکاران و چین و توێژە زەحمەتکێشەکان و و دروستکردنی سیستەمێکی دادپەروەرانە بۆ دابەشکردنی دەرفەت و سەرچاوەکانە.
ئێرانی داهاتوو پێویستی بە سیستەمێکی هەمەلایەنەی ڕەفاهی کۆمەڵایەتی هەیە کە خوێندن و تەندروستیی گشتیی پڕ کوالێتی دابین بکات، مافی کرێکاران و و چین و توێژەکانی دیکە و مافی ڕێکخراوبوونیان بەڕەسمی بناسێت و سەرچاوە گشتییەکان نەک لەسەر بنەمای پەیوەندییە رانتی و سیاسییەکان، بەڵکو لەسەر بنەمای پێویستییە ڕاستەقینەکانی کۆمەڵگا دابەش بکات.
هەروەها سامانێک کە لە ناوچە جیاوازەکاندا بەرهەم دێت، نابێت بە شێوەیەکی یەکلایەنە بۆ ناوەند بگوازرێتەوە. گەشەپێدانی هاوسەنگی ناوچەیی، بەڕێوەبردنی دادپەروەرانەی سەرچاوە سروشتییەکان و بەشداریکردنی کۆمەڵگا بوومی و ناوخۆییەکان لە بڕیاردانی ئابووری دا، بەشێکی گرنگی دادپەروەریی ساختاری لە ئێرانی داهاتوودا دەبێت.
لە گۆڕینی حکومەتەوە بۆ گۆڕینی پەیوەندییەکانی دەسەڵات
بزووتنەوە ناڕەزایەتی و کۆمەڵایەتییەکانی ساڵانی ڕابردوو پیشانیان داوە کە کۆمەڵگای ئێران تەنیا مەوزوعی سیاسەت نییە؛ بەڵکو خۆی بووەتە یەکێک لە گرنگترین پاڕامیترەکانی سیاسەت. ژنان، کرێکاران، خوێندکاران، مامۆستایان، گەنجان نەتەوە وخەڵکە بوومیەکان و کەمایەتیەکان، هەر یەکەیان بە شێوەیەکی جیاواز، خوازیاری کۆتاییهێنان بە شێوە جۆراوجۆرەکانی دەسەڵات و تەبعیز و جیاکاری بوون.
ئەم گۆڕانکارییانە پیشان دەدەن کە پرسی گواستنەوە نابێت تەنیا بۆ ملمێلانێی نێوان ئێلیتە سیاسییەکان یان جێگرتنەوەی حکومەتێک بە حکومەتێکی تر کەم بکرێتەوە.
گواستنەوەی ڕاستەقینە ئەو کاتە ڕوودەدات کە مەنتقی مۆنوپۆڵکردنی دەسەڵات جێگای خۆی بدات بە مەنتقی بەشداریکردن، بەرپرسیارێتی و دابەشکردنی دەسەڵات.
لەو ڕوانگەیەوە، دیموکراسی، فیدراڵیزم و سۆسیالیزمی دیموکراتیک سێ پرۆژەی جیاواز نین. دیموکراسی میکانیزمی سنووردارکردن و بەرپرسیارکردنی دەسەڵاتی سیاسییە؛ فیدراڵیزم میکانیزمی دابەشکردنی دەسەڵاتە لە کۆمەڵگایەکی فرەگەل وفرەچەشندا؛ و سۆسیالیزمی دیموکراتیک سازوکارێکە بۆ ئەوەی دادپەروەریی ئابووری و کۆمەڵایەتی ببێتە بەشێک لە مانای ڕاستەقینەی هاووڵاتیبوون.
ئێرانی داهاتوو پێویستی بە گرێبەستی کۆمەڵایەتییەکی نوێ هەیە
ئێرانی داهاتوو ناتوانێت تەنیا ڤێرژنی دەستکاریکراوی ئێرانی ڕابردوو بێت. مەسەلەکە بریتیە لە دروستکردنی گرێبەستێکی کۆمەڵایەتیی نوێ؛ گرێبەستێک کە تێیدا هیچ دەستەو تاقم وناوەندێکی سیاسی، نەتەوەیەک، ڕەگەزێک، چینێک یان دامەزراوەیەکی دەسەڵات مافی ئەوەی نەبێت مافەکانی گەلان و خەڵکانی تر بە ناوی پاراستنی یەکێتی، ئاسایش یان ئایدیۆلۆژیایەکی تایبەتی سنووردار بکات.
لەو دیدگایەدا، سیاسەتی ستراتیژیی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بۆ لێکگرێدانی دیموکراسی، فیدراڵیزم و سۆسیالیزمی دیموکراتیک دەتوانرێت وەک هەوڵێک بۆ وەڵامدانەوەی سێ قەیرانی بنەڕەتیی ئێران تێبگەین: قەیرانی ئازادی و دێموکراسی، قەیرانی دابەشکردنی دەسەڵات و حەقی حاکمییەت و قەیرانی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی.
دیموکراسی بەبێ دابینکردنی مافەنەتەوەییەکانی گەلانی ئێران دەتوانێت ببێتە هۆی بەردەوامبوونی زاڵبوونی ناوەند ؛ فیدراڵیزم بەبێ دیموکراسی دەتوانێت بگاتە دووبارەبنیاتنانەوەی دەسەڵاتداری سەرەڕۆیانە ؛ و دادپەروەریی ئابووری بەبێ ئازادیی سیاسی دەتوانێت جارێکی تر ببێتەوە کۆکردنەوەی دەسەڵات و سەرکوت و تۆتالیتاریسم.
لەبەر ئەوە، پرسەکە هەڵبژاردن نییە لەنێوان ئەم سێ بنەمایەدا؛ مەسەلەکە چۆنیەتی پەیوەستکردنی دیموکراتیکی ئەوان لە ناو نەزمێکی سیاسیی نوێدایە.
ئێرانی داهاتوو تەنیا ئەو کاتە دەتوانێت یەکگرتوو، ئازاد و بەردەوام بێت کە یەکێتییەکەی لەسەر زۆروێژی و سیاسەتێکی زۆرەملێ بنیات نەنرابێت، بەڵکو لەسەر ڕەزامەندی؛ دادپەروەرییەکەی تەنیا لەسەر یەکسانیی ڕووکەش نەوەستێت، بەڵکو بگاتە دابەشکردنی ڕاستەقینەی دەرفەت و دەسەڵات؛ و دیموکراسییەکەی تەنیا لە سندوقی دەنگداندا نەبینرێت، بەڵکو لە شوێنی کار، قوتابخانە، زانکۆ، میدیا، کۆمەڵگای مەدەنی و دامەزراوە ناوخۆییەکانیشدا بوونی هەبێت.
ئەمە واتای ڕاستەقینەی گواستنەوەیە: نەک تەنیا گۆڕینی دەسەڵاتداران، بەڵکو گۆڕینی هەندەسەو و پەیوەندییەکانی دەسەڵات.
