سایتی فورات نیوزی پ.ک.ک ڕۆژانە لیستی کۆمەڵێک گەنجی کوردی ڕۆژهەڵات بڵاو دەکاتەوە کە لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٦ تا ٢٠٢٤ بوونەتە قوربانیی سیاسەتی دژە کوردی پ.ک.ک.

لەم لایشەوە هەمان سایت هەواڵی کەوتنە کەمینی جەماعەتی پەژاک و گیانلەدەستدانی کاک پویان کەریمی بڵاو دەکاتەوە کە لە ماوەی کەمتر لە ٤٨ سەعاتدا شەهید بووە، یەعنی دوو مودێلی جیاواز لە ڕاگەیاندن.

سەرەتا و بەر لە هەر شتێک سەرەخۆشی لە بنەماڵەی کاک ئەمجەد دەکەم و شەریکی خەمیانم، چونکە بەڕاستی سەردەمی منداڵی کاک پویانم لە بەرچاوە و بە هەواڵی شەهیدبوونی تاسام و دەزانم شەهیدبوونی کاک پویان بۆ بنەماڵەکەیان زۆر بە ئازارە. بەڵام هاوکات لەگەڵ هەڵگرتنی ئەو خەمە، پرسیار دێتە ئاراوە کە بۆ دوای ٢٠ ساڵ هەواڵی قوربانیکردنی ئەو گەنجانە بڵاو دەکرێتەوە و بیست ساڵ ئازیزانیان لە چاوەڕوانیدا هێشتراونەتەوە؟ سیاسەتی نامرۆڤانەی لەو چەشنە لە کوێی ئەخلاقی شۆڕشگێڕی و ڕێکخراوەییدا قەرار دەگرێت؟ خەڵک باش دەزانن لەبەر ئەوەیە پ.ک.ک ڕێکخراوێکی وڵامدەر نییە و وەک جەریانێکی بێزراو سەیری دەکەن.
کاتێک لە ڕاگەیەندراوی پەژاک لە پێوەند لەگەڵ جووڵەی گەریلاکانیان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و تیاچوونی کاک پویان دەڕوانین، کە لە چوارچێوەی هزر و فەلسەفەی ئۆجەلان نرخاندویانە، ئەوەندە فریودەرانە و دوور لە ڕاستییە کە مرۆڤ ناتوانێت بێدەنگ بێت. هەمان ئۆجەلان لە تەوجیهی تەسلیمبوونی خۆی بە ڕژیمی تورک لە ژێر ناوی ئەنتەگراسیۆندا دەڵێت: «با لەوە زیاتر سەرباز و گەریلا نەکوژرێن و دایکەکانیان نەگریەن»، پەژاکییەکانیش وەک توتی دەیڵێنەوە، بەڵام لە خۆیان ناپرسن کە ئەگەر ئەنتەگراسیۆنی ئۆجەلان بە بنەما وەردەگرن، ئەم هەڵبەز و دابەزە چەکدارییەتان لە چییە؟ ئەگەر شۆڕشی چەکداری دەکەن، بۆ خۆتان بە فەلسەفەی فەشەلی ئۆجەلانەوە هەڵواسیوە؟
گیانبەخشین لە سەر خاکی پیرۆزی کوردستان بەرزترین میداڵیایە و کەم نەبوون ئەو گەنجانەی کە چارەنووسی خۆیان بە جۆرێک وێنا دەکرد کە ڕۆژێک لە ڕۆژان لە سەر خاکی پاکی کوردستان شەهید دەبن و لە ڕادیۆی دەنگی کوردستان یان دەنگی شۆڕشی ئێران هەواڵی گیانبەخشینیان بڵاو ببێتەوە. ئەو وێنایە لە هەست و ویژدانی نەسڵێک دەزرینگایەوە کە بیریان لای ئازادیی کوردستان بوو، بەڵام پ.ک.ک بە بێ ئامانج، گیانی هەزاران منداڵی کوردی هەموو بەشەکانی کوردستانی فیدای بازرگانیی خۆی کرد.
هەواڵی کوژرانی ١١ گەنجی ماکۆ لە ڕۆژێکدا ئاسایی نییە، هەواڵی کوژرانی چەندین گەنجی سنە لە ڕۆژێکدا ئاسایی نییە، هەواڵی کوژرانی ١١ گەنجی سەقز و بانە ئاسایی نییە و دیارە ئەم کاروانە درێژەی هەیە.
پێدەچێت ئەو دەیان کوردە لە ڕۆژئاوای کوردستان شەهید بووبێتن، پ.ک.ک لە بەر شەرمەزارییەک کە لە ڕۆژئاوای کوردستان بە سەر کوردیدا هێنا، لە ڕووی هەڵنایەت باسی بکات، بۆیە لە کات و شوێنی شەهیدبوونی ئەو دەیان گەریלא ڕێگای درۆی گرتووەتە بەر. لەوە دڵنیا بن؛ درۆکردن لە لایەن پ.ک.ک بە خوێنی شەهیدان زۆر ئاساییە و یەکێک لە ڕەفتارە ناپاکەکانی پ.ک.ک درۆکردن بە شەهیدەوە بووە.
لەوانەیە زۆربەتان ئەم قەوانەتان گوێ لێ بوبێت کە بە مەیلی خۆیان شەهیدسازی دەکەن. بۆ نموونە، لە شوێنێک کە باسی ژن بوایە، دەیانگوت یەکەم شەهیدی پەژاک ژن بوو؛ لە شوێنێکی دیکە کە پێویست بوایە، دەیانگوت یەکەم شەهیدی پەژاک فارسێکی شیرازی بوو یا مازەندەرانی بوو؛ لە جێگایەکی دیکەدا و بە پێی بەرژەوەندی دەیانگوت یەکەم شەهیدی پەژاک خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان بوو؛ لە جێگایەکی دیکەشدا دەیانگوت یەکەم شەهیدی پەژاک ئازەری بوو.
نموونەیەکی دیکە بێنمەوە؛ چەند ساڵ پێش ئێستا کەسێک لە ئەوروپا بە هۆی خراپیی باری دەروونییەوە خۆکوژیی کرد، داوایان لە کەسوکاری دەکرد کە بڵێن لە دژی تەجریدی سەر ئۆجەلان ئینتحاری کردووە!
لە ڕۆژئاوای کوردستان پ.ک.ک تیجارەتی زۆرتری بە خوێنی گەنجی ئەو بەشەی کوردستانەوە کردوە، کە بەداخەوە کەم کەس لە ئازاری بنەماڵەی قوربانیانی دەستی پ.ک.ک بەر گوێیان دەگات.
نامرۆڤانەتر لە هەموو شتێک چاوەڕوانهێشتنەوەی کەسوکاری ئەو شەهیدانەیە کە ساڵانێکە لە چاوەڕوانیی هەواڵێکی کوڕەکانیانن. بێگومان کەسوکاری ئەوانە جارێک لە جاران سەردانی قەندیلیان کردووە، بەڵام بە نائومیدی گەڕاونەتەوە. سەرانی پ.ک.ک لە ئەخلاق و ویژدان بێبەهرەن و کاتێک سەیری ڕوخسار و بۆچوونی دوران کاڵکان و مستەفا قەرەسوو دەکەیت، تێدەگەیت گاڵتە بە خوێنی گەنجی کورد دەکەن، بەڵام پەژاک و جەماعەت ئێوە بۆ بەئاگا نایەن؟
بابەت وەرگیراو لە لاپەڕی نووسەر
بۆ ناو و وێنەی شەهیدانی گریلاکانی پ ک ک کە تازە بڵاویان کردۆتەوە
