Hoppa till innehåll
Hem » ئەمریکا کلکی کۆماری ئیسلامی گرتووە،  ساڵە نەڵۆسی

ئەمریکا کلکی کۆماری ئیسلامی گرتووە،  ساڵە نەڵۆسی

لەم ماوەیەی دواییدا، کە ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترامپ و ئیسرائیل بە سەرۆکایەتیی بنیامین نەتانیاهۆ هێرشەکانیان بۆ سەر نیزامی ئاخوندی دەست پێکردووە، زەربەی زۆر قورسیان لەم نیزامە داوە؛

ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە ڕژێم بەرەو لاوازی و داڕمان بچێت. کلک و پۆپەکانی ئەم ڕژێمەیان لە غەززە، لوبنان و سووریا تەواو لاواز کردووە، بەتایبەت لە سووریا کە بەتەواوی لەبەینیان بردوون. بەپێی ئەو لیستانەی لە میدیاکاندا بڵاو بوونەتەوە، تا ئێستا خامنەیی و 51 بەرپرسی تری نیزامی ئاخوندی کوژراون، کە ئەمە دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ گەلانی ئێران.

بەڵام ئەگەر پێمان وابێت ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ ئازادیی گەلانی ئێران و دامەزراندنی ئێرانێکی دیموکرات شەڕ دژی کۆماری ئیسلامی دەکەن، ئەوا تەواو لە هەڵەداین؛ بەڵام بێگومان لاوازکردنی ئەم نیزامە، سەرکەوتنی گەلانی ئێران ئاسانتر دەکات. لە لایەکی ترەوە، کۆماری ئاخوندی بۆ مانەوەی خۆی، دەستی بە ئازاردان و کوشتنی خەڵکی بێتاوانی خۆی کردووە و پێی وایە بەم شێوازە دەتوانێت نیزامە چەوسێنەرەکەی لە ڕوخان بپارێزێت.

تا ئێستا ترامپ نزیکەی 40 جار گوتوویەتی: «خەریکین لەگەڵ بەرپرسانی ئێران پەیمانی ئاشتی بەو جۆرەی من دەمهەوێت ئیمزا دەکەین»، کە نزیکترین کاتیشی سبەی ڕۆژی یەکشەممە (2026/06/14)یە. بەڵام هەر لە ئێستاوە ئێران ڕەدی کردووەتەوە کە شتی وا ڕوو بدات. بۆیە دیسان درۆیەکی تریان لەگەڵ ترامپدا کرد، بەم جۆرەش بڕوات، ترامپ وەک خۆیان دەکەن بە درۆزنترین ڕێبەری دونیا.

ترامپ و نەتانیاهۆ لە هەموو ڕێبەرە دەسەڵاتدارەکانی تری دونیا باشتر ئەم نیزامە دەناسن، بۆیە زۆر باش گیریان پێ چنیوە. من پێم وایە وا بە ئاسانی وازیان لێ ناهێنن و تازە گڵۆڵەی ئەم نیزامە کەوتووەتە لێژی. کاتی خۆی گیریان بە سەدام حوسێن و بەشار ئەسەدیش دا و تا لەبەینیان نەبردن وازیان لێ نەهێنان؛ ئێستاش نۆبەی ئاخوندەکان هاتووە و بەرنامەی ئەتۆمیش تەنیا بەهانەیەکە و بەس.

هەرچی پووڵ و ئیمکاناتی ئەم نیزامە هەبوو، لە پرۆکسییەکانی خۆی خەرجی کرد و دەوری ئیسرائیلی پێ گرتبوون تا لەناکاو هێرشی بکاتە سەر، بەڵام هەموو پلانەکانی دوای تێکشکاندنی حەماس، ڕووخانی بەشار ئەسەد و هێرش بۆ سەر حیزبوڵڵا، بوون بە بڵقی سەر ئاو و ئێستا نۆبەی خۆی هاتووە. هەر وەک گوتم؛ خۆشیان بێت و ترشیان بێت، یان دەڕوات یان دەبێت ببێت بە پیاوی ئەمریکا و ئیسرائیل.

نابێت چاوەڕوانیمان هەبێت ترامپ وەک ئەوەی ئێمە دەمانهەوێت بیر بکاتەوە، ئەو کارێک دەکات کە لە قازانجی وڵاتەکەی خۆی و پشتیوانیکردن بێت لە ئیسرائیل. ئەرکی گەلانی ئێرانە کە لەم دەرفەتە کەڵک وەربگرن و نیزامی ئاخوندی بەرەو ڕوخان بەرن.

بەڵام نەتەوەی فارس کێشەی گەورەیان هەیە؛ ئەوان دوو هێزی سەرەکییان هەیە:

  • سەڵتەنەت تەڵەبەکان (پاشایەتیخوازەکان): کە لەناکاو چاک وەخۆ کەوتوون، بەڵام بێجگە لە خۆیان و هێنانەسەرکاری حکومەتێکی دیکتاتۆری تر (کە بۆ ئێمە زۆر ناسراون) هیچی تریان پێ نییە.
  • موجاهیدینی خەڵک: کە بە بۆچوونی من، بیر و بۆچوونی ئەوانیش هەر وەک نیزامی ئاخوندییە و داهاتوویەکی ڕوونیان نییە.
  • نەتەوەی فارس تەنانەت لە دەرەوەی وڵاتیش فێری ئەوە نەبوو کە چۆن وڵاتێکی ئازاد و دیموکرات لە ئێراندا بێننە سەر دەسەڵات.

لەم نێوانەدا، نەتەوەی کورد کە سەدان ساڵە بۆ وڵاتێکی دیموکرات و ئازاد خەبات دەکات، تەنانەت دوای ڕووخانی ئەم ڕژێمەش ناچار دەبێت بۆ ئازادی و دیموکراسی خەباتی خۆی ئیدامە بدات، چونکە وێناچێت ئێرانی داهاتوو لە ئێستا و لە زەمانی شاش باشتر بێت.

ساڵە نەڵۆسی

2026/06/13

وێنە  ژیری دەستکرد

بابەتی پەیوەندی دار، فارسی