ئیسرائیل ئەمریکا و حکومەتی ترامپی هێنایە نێو شەڕ لەگەڵ ئێران و بەشداری هێرشی بۆ سەر خاکی ئەو وڵاتە پێکرد و لە ئاکامدا ژمارەیەک بەرپرسی سیاسی و سەربازیی باڵایان لە نێواندا،

ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامی بە ئامانج گیران و کوژران. وەختێک ئەو شەڕە کۆتایی پێ دێت کە تەلئەبیب ڕەزامەندی نیشان بدا و کاتێکیش ئەوە بەدی دێ کە ڕژێمی تاران لەناو بچێت، ئەگینا بەردەوام هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل و وڵاتانی ناوچەیی، ئەو بابەتەش بە لای حکومەتی ئیسرائیلەوە جێگای سازش لەسەر کردن نییە و بە پێچەوانەی کۆشکی سپییەوە تەماشای ڕووداوە پێوەندیدارەکانی تاران دەکەن.
ئەمریکا و بە دیاریکراوی سیاسەتی ناڕوونی ترامپ لە هەمبەر دۆست و نەیارەکانیدا بۆ کەس جێگای متمانە نەماوە و بێگومان ئەو بابەتەش ئەمریکای وەک وڵاتێکی باڵادەستی جیهان بە تەواوی هێناوەتە ژێر پرسیار؛ ئەگەر پێنتاگۆن و وەزارەتی دەرەوە بە ستراتیژییە سیاسی و سەربازییەکانیاندا نەچنەوە، پێگەی ئەو وڵاتە هێندەی دیکە لاواز دەبێ و ئێران حیساب بۆ ئەو وڵاتە ناکات و زیاتر شاخی لێ هەڵدەکێشن و دەبنە چاوسووری ناوچەیی.
دیارە قسەی خۆمان بێ، ئەمریکا لە هێرش بۆ سەر ڕژێمی ئێران دەستکەوتێکی ئەوتۆی نەبووە کە خۆیان کیسەیان بۆ هەڵدروو بوو، پاش ئەوەی ترامپ بەو سیاسەت و لێدوانە سەیر و سەمەرانەی ویستی ئەو شکستە بخاتە گەردنی هێزە کوردییەکان و بە بوختانی دزینی چەکەکانیان شکستەکەی بشارێتەوە و لە کۆتایی هێنان بە هێرشەکان خۆی بدزێتەوە.
پاشان چۆن دەکرێ وڵاتێکی گەورەی وەک ئەمریکا بێتە ناو شەڕێکەوە و چاوی لە دەستی خەڵکی ئاسایی و هێزە کوردییەکان بێ کە وەک پێویست چەک و ئیمکاناتی نیزامییان لەبەردەستدا نەبووە؟ ئەو هێزانەش بە دڵنیاییەوە خاوەن بڕیار و قەراری سیاسی و چەکداریی خۆیانن و ناکرێ بە قسەی کەسێک کە بە چرکەیەک بڕیار و تێڕوانینەکانی دەگۆڕێ، بێتە ناو شەڕێکەوە کە ئاکامەکەی دیار نەبێ چۆن دەبێت! ئەگەر ئەمریکا ڕاست دەکات، کەی بە فەرمی لەگەڵ کوردەکاندا کۆبووەتەوە و لەسەر ڕووخاندنی ڕژێم، ڕێککەوتن لەگەڵ کورد ئەنجام دراوە؟ دیمان ترامپ پرۆسەی گۆڕانکارییە خێراکانی ڕووخاندنی تارانی کە پێشتر بڕیاری لەسەر درابوو، بێ هۆکار و دەلیل پەشیمان بووەوە و بابەتی ڕووخاندنی تارانی بە هێرشی ئاسمانی کۆتایی پێ هێنا؛ کاتێکیش دیتنی ڕێگای هاتووچۆی نەوت گیراوە، دووچاری دڵەڕاوکێ و خۆبەدەستەوەدان هات.
ئێران وەک هێزێکی تۆتالیتر و کۆنەپەرست کە خاوەن سەرچاوەی دارایی بەهێز و هەروەها پەیوەندیی چڕی لەگەڵ گرووپە توندڕەوەکاندا هەیە، کەی تاران بیهەوێت، ئەو گرووپە تیرۆریستییانە دەست بە هێرش و جووڵەی چەکداری بە دژی نەیارەکانی ئێران دەکەن و ئیسرائیل و ئەمریکا بە ئامانج دەگرن.
تەنانەت ئەمریکا نەیتوانی وەک پێویست گرووپە توندڕەوەکانی عێراق کە بەردەوام هێرشیان دەکردە سەر کورد و ئەمریکا، بێدەنگ بکات. باشە کەی ئەوە ستراتیژیی سەربازییە کاتێکدا وڵاتێکی بەهێز و خاوەن بڕیاری سیاسیی جیهان بە دەستی کۆمەڵێک فەرماندەی سوپای پاسداران گیر دەخوات و ڕژێمی ئێرانی نەک بۆ تەسلیم و دەستەمۆکردن، بەڵکوو کەوتە گفتوگۆی ڕاستەوخۆ تا کۆتایی بە ناکۆکییەکان بێنێت؟
وەختێک وڵاتێکی وەک ئەمریکا لە هەموو ئاراستەکانەوە دەکرێتە ئامانجی هێرشی موشەکی و درۆنەکانی تاران و زیانی گەورەی ماددی و مەعنەویی پێ گەیشت، لە کاتێکدا واشنتۆن نەیتوانی هێڵی تێکشکاندنی بەهێز بنێت و وەک ترامپ بانگەشەی دەکرد دۆزەخیان بۆ دروست بکات، کەواتە لەو دۆخەدا شتێک بە ناوی ئاشتی و سەقامگیریی سیاسی بەدی نایەت. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەگەر بەو ڕێککەوتنەی لەگەڵ ئێران دەیکەن ڕازی بن، ئەوا کڵاو دەکەنە سەری خۆیان و لە کێشەکان دەدزنەوە، ئەمەش خۆبەدەستەوەدانی ئەمریکای سەلماند.
ترامپ کۆتایی هێنانی ئەو شەڕەی گرێداوە بە کردنەوەی گەرووی هورمز، بەڵام کاتێک شەڕ دەستی پێکرد، ئەو شوێنە وەک ڕێڕەوێکی گرنگی ئابووری و بازرگانی کراوە بوو! کەواتە ئەگەر بکرێتەوە، ئەمریکا و کابینەی ترامپ دەستکەوتێکیان نەبووە، تەنیا شەڕ وەستاوە و ئەمریکا پاشەکشەی کردووە.
هەروەک لە پێشتردا ئاماژەم پێکردووە، ئیسرائیل دەمێکە لە شەڕدایە لەگەڵ تاران و ئیدی هەر ئەوانیش بوون ئەمریکایان کردە هاوبەشی هێرشەکانیان بۆ سەر تاران. کەواتە ئەو شەڕە کاتێک بە تەواوی کۆتایی دێ کە تەلئەبیب هەست بە ئاسایشی سیاسی و نەتەوەیی وڵاتەکەی بکات لە ژێر هەڕەشەکانی ڕژێمی تاراندا. هەر وەک دیمان، تاران نەک هەر پاشەکشەی نەکردووە، بەڵکوو سوورە لەسەر بەهێزکردنی توانای سەربازی و بەرگری و موشەکیی خۆی، تەنیا شتێکیش کە بە شاراوی ماوەتەوە ئەو بڕە ”یوانیۆمەیە” کە دژوارە بزانرێ لەکوێ قایم کراوە و تا کەی بە نهێنی دەمێنێتەوە. کاتێک ئەو ماددە ئامادەکراوە خاوە لە دەستی ڕژێمی تاران و بە دیاریکراویش لەژێر دەستی باڵی سەربازیی دەسەڵاتدا بێت، دژوارە ئیسرائیل هێرشەکانی بوەستێنێ و هەست بە ئارامی و ئاسایشی نەتەوەیی بکات.
ئیسرائیل وەک نەیاری سەرسەختی تاران، حیساب بۆ واژۆی ترامپ لەسەر ڕێککەوتنەکە ناکات و هەڕەشەی هێرشی گەورە بۆ سەر ئێران دەکات و ئەو شوێنانەی گرتوونی لێیان ناکشێتەوە. ترامپ خۆی دەڵێت هەرجارێک لێدوان و قسەیەک دەکات، وادەزانێ بەو کردارەی جیهانی سەرسام کردووە، بەڵام لە ڕاستیدا متمانە و پرستیژی سیاسیی خۆی و وڵاتەکەی خستووەتە ژێر پرسیارەوە.
ڕێککەوتنی نێوان ئەمریکا و ئێران جگە لە کات بەفێڕۆدان و کایەکردن بە هەستی گەلانی ناوچەکە و دروستکردنی ئاڵۆزی و ناسەقامگیری، دەستکەوتێکی دیکەی نابێت و ئەو شەڕە زیاتر تەشەنە دەکات.
کاتێک ئاشتی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستەبەر دەکرێت کە دەسەڵاتی تاران بە تەواوی لە سەر حوکم لابدرێ و حکومەتێکی دیموکراتیک و فرەچەشنی شوێن بگرێتەوە، ئەگینا ئەو ڕێککەوتنەی باسی دەکرێ، تەنیا لێکتێگەیشتنی دوو لایەنی دژبەیەک دەگەیەنێت کە هەر لایەک بەدوای باڵادەستی و دەستکەوتی فرەتری سیاسی، ئابووری و بازرگانیی خۆیدایە.
ترامپ وەک سەرۆکێکی بازرگان و خاوەن سەرچاوەی بەهێزی دارایی، لایەنی ئابووری زیاتر بە لایەوە گرنگە. حکومەتی تارانیش هەوڵ دەدات بە هەر نرخێک بێت خۆی لە شەڕ ڕزگار بکات و ئەگەر بە نیوە ئاشتییەکی کرچوکاڵیش بێت، بە لایەنگرانی خۆیان بڵێن کە ئەوان براوەی ئەو شەڕەن.
بەڵام ئەو لایەنە بەهێز و کاریگەرەی کە بە تەواوی چارەنووسی ئەو ئاشتییە کاتییەی نێوان ئەمریکا و ئێران یەکلا دەکاتەوە، بڕیار و سیاسەتی ئیسرائیلە وەک نەیار و دژبەری سەرەکیی حکومەتی ئاخوندی؛ تەلئەبیب بە هیچ جۆرێک دانووی لەگەڵ حکومەتی تاراندا ناکوڵێت و تا ئەو ڕوانینەش بەردەوام بێت، ئیدی شتێک بە ناوی ڕێککەوتن بوونی نابێت. جووەکان بە تەواوی بەسەر سیاسەت و بڕیارەکانی پێنتاگۆن و سیاسەتی دەرەوەدا زاڵ و دەستڕۆیشتوون، کاتێکیش تاران دەتوانێت بە خەیاڵی ئاسوودە بخەوێت کە ئیسرائیل ئەو ڕێککەوتنە واژوو بکات.
محەممەد سلێمانی
18.06.2026