Hoppa till innehåll
Hem » چوار دەیە لە دەنگی ڕاستی: مێژوویەکی پڕ لە سەروەریی ڕادیۆ دەنگی کوردستان، برایم قەزاق

چوار دەیە لە دەنگی ڕاستی: مێژوویەکی پڕ لە سەروەریی ڕادیۆ دەنگی کوردستان، برایم قەزاق

بە بۆنەی تێپەڕبوونی زیاتر لە ٤ دەیە بەسەر تەمەنی ڕادیۆ دەنگی کوردستاندا، گەرمترین پیرۆزبایی ئاڕاستەی هەموو ئەو تێکۆشەرە ماندوونەناسانە دەکەم کە شەو و ڕۆژ،

لە هاوین و زستان، لە ژێر بەفر و باران و لە ناوەڕاستی تۆپباران و کاتیۆشاباراندا، تەنانەت کاتێک دڵۆپەی باران لە سەقفی ژووری تۆمارکردنەکەوە دەهاتە خوارێ، ڕێگەیان نەدا دوژمن دڵشاد بێت و ڕادیۆکە بۆ چرکەیەکیش لە کار بکەوێت.

بۆ وێڕێخستنی ڕادیۆی دەنگی کوردستان، بە دەیان تێکۆشەر و زەحمەتکێش بێوچان کاریان کرد و بناغەی ژووری ڕادیۆکەیان داڕشت؛ سەرەنجام لە ٢٧ی جۆزەردانی ١٣٥٩دا، ڕادیۆکە بە پەیامی هەمیشە زیندووی کاک دکتۆر قاسملو دەستی بە کارەکانی کرد.

ڕادیۆی دەنگی کوردستان سەرەتا بە دوو زمانی کوردی (سۆرانى) و فارسی دەستی پێکرد، بەڵام دوای ماوەیەک، تێکۆشەرانی ئازەری‌زمان نیو کاتژمێر بەرنامەی ئازەریشیان بۆ زیاد کرد. گوێگرانی ڕادیۆ بە تامەزرۆییەوە چاوەڕوانی هەواڵەکانی ڕادیۆی دەنگی کوردستان و حەماسەی پێشمەرگە قارەمانەکان بوون. ڕادیۆی کوردستان لەبەر ئەوە خۆشەویست بوو چونکە ڕاستگۆ و حەقوێژ بوو؛ هەواڵەکانی دڵخۆشکەر و ورەبەخش بوون، لە هەمان کاتدا بۆ دوژمنان مایەی سەرشۆڕی و شکست بوون. لەو ڕادیۆیەوە ناوی پاسدار، جاش و بەسیجە کوژراوەکان دەخوێندرانەوە، هەروەها جاروبار چاوپێکەوتن لەگەڵ دیلەکاندا دەکرا و پەیامیان بۆ کەسوکاریان دەناردەوە.

ڕادیۆکە چەندین بەرنامەی هەمەجۆر و چەندین تێکۆشەری ناوداری هەبوو کە خۆشبەختانە هێشتاش هندێکیان لە ژیاندا ماون و بوونەتە خۆشەویستی کۆڕ و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان؛ لەوانە خوشکە خەجیج، مامۆستا بێبەش، نەمر کاک تەها عەتیقی و دەیانی دیکە.

یەکەم وێنە کە دایم ناوە دەگەڕێتەوە بۆ ٣ی خەرمانانی ١٣٥٩، واتە ڕێک دوو مانگ و حەوت ڕۆژ پاش دامەزراندنی ڕادیۆکە. هەواڵەکان بەو شێوەیە چاپ دەکران و بۆ کۆمیتەی شارستانەکان و هێزەکانی پێشمەرگە دەنێردران. لەو ڕۆژەدا یەکەم هەواڵ، شەهیدبوونی سەرگورد عەباسی، سەروان چەڵەبی و مەحموود ساڵحی بوو.

لێرەدا پێم خۆشە تیشک بخەمە سەر دوو بابەتی گرنگ:

١. ڕۆڵی ڕۆژنامەی کوردستان: ڕۆژنامەی کوردستان چۆن ڕیکلامی بۆ ڕادیۆکە کردووە و لە لاپەڕەی یەکەمیدا ناوونیشانی ڕادیۆکەی چاپ کردووە. دیارە قۆناغ بە قۆناغ بەرەو باشتربوون چووە، منیش هەوڵم داوە لە ڕۆژنامەی مانگی گەلاوێژی ١٣٥٩ەوە یەکەم لاپەڕەی ڕۆژنامەکەتان بۆ بخەمە ڕوو تا گۆڕانکارییەکان ببینن.

٢. گەیاندنی دەنگەکە بە جیهان: ئەو هەواڵانەی لە ڕادیۆ کوردستانەوە بڵاودەبوونەوە، بۆ بەیانییەکەی بە تەلەفۆن دەگەیەنرانە دەفتەری حیزب لە پاریس و لەوێ دەکران بە (خەبەرنامە) و بۆ تەواوی ئەوروپا، ئەمریکا و ڕووسیا پۆست دەکران. ئەو هەواڵانە زۆر گرنگ بوون؛ زۆرجار پێشمەرگە هێشتا لە سەنگەردا بوو کە هەواڵەکە بەپەلە دەگەیشتە پاریس و دەبووە هەواڵێکی بەپەلەی جیهانی، هەر لەو ڕۆژەدا لە ڕادیۆکانی وەک (BBC)، دەنگی ئەمریکا (VOA) و ڕادیۆ ئیسرائیل بڵاودەکرانەوە. ئەمەش لە کاتی شەڕەکاندا دەبووە جێگەی دڵخۆشی و بەرزبوونەوەی ورەی حەماسەخوڵقێنەران.

لە کۆتا وێنەکاندا، دوو نموونەی خەبەرنامەی ڕادیۆ کوردستانم داناوە کە موخلیسی خۆتان لە دەفتەری حیزب لە پاریس تایپم کردووە و بووەتە ئەو بوڵتەنە.

لەکۆتاییدا دەڵێم، منیش بەپێی توانای خۆم ببوومە یاریدەدەرێکی ڕادیۆی دەنگی کوردستان؛ چ لە ناوخۆی کوردستان و چ لە دەرەوە، زۆرجار هەواڵەکانم بە زووترین کات پێدەگەیاندن و لە دەرەوەش چاپ و بڵاوم دەکردنەوە.

یادی هەموو ئەو تێکۆشەرانەی لە بەشی ڕادیۆی دەنگی کوردستاندا چالاک بوون و شەهید بوون، یان بە نەخۆشی کۆچی دواییان کردووە بەخێر بێت؛ یاد و ناویان هەمیشە بە زیندوویی دەمێنێتەوە. ئەوانەشی کە ئێستا لە ژیاندا ماون، هەمیشە تەندروست و بێبەڵا بن.

بابەتی پەیوەندی دار

لیستی ئەو تێکۆشەرانەی کە لە ڕادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران دا کاریان کردووە . کاووس عەزیزی