لە تاریکیی بێدەنگیی شەودا، خەونێک بووە میوانی. خەو نەبوو، بەئاگاهاتنەوەی ڕۆح بوو؛ گەشتێکی بێدەنگ بۆ ناخی خۆی.

پیرەپیاوێک لە خەونیدا دەرکەوت، بە ڕووخسارێکی درەوشاوە و نیگایەکی ئەبەدییەوە. هێندە ئارام و لەسەرخۆ بوو، وەک ئەوەی لە دڵی مێژووەوە هاتبێت. ئەو بە سەرسوڕمانەوە لێی پرسی:
”تۆ کێیت ئەی ناسیاوی نەبینراو؟“
پیرەپیاوەکە بە زەردەخەنەیەکی میهرەبانەوە وتی:
”من ئەو کەسەم کە هەرچەندە لە یاداشتەکانی بە باشی تێناگەیت، بەڵام خۆشت دەوێت. من مەلای جەزیریم؛ دەنگدانەوەی شیعر و عیرفان لە گیانی کوردستاندا.“
لە خەودا لە کەیفخۆشییان باڵی گرتبوو؛ دڵی نائارام، زمانی بێدەنگ و چاوەکانی پڕ بوون لە فرمێسکی سوپاسگوزاری.
جەزیری بە نیگایەکی قووڵترەوە لێی پرسی:
”بەم پەرۆشییەوە بۆ شیعر و بەم حەزە بۆ نووسین، گەیشتوویتە کوێی ئەم کارە، کوڕم؟“
ئەویش وتی:
”تا پێم بکرێت دەنووسم؛ هەرچەندە خاو و ناتەواو بێت، بەڵام ڕاستگۆیانە.“
ئوستادی دانا وتی:
”وەرگێڕان دەکەیت، کارێکی باشە؛ بەڵام بەر لەوە، ڕەگ و ڕیشەکانی خۆت بناسە. ستایلی فارسی و زمانەکانی تریشت خۆش بوێت، بەڵام سەرەتا هەناسەی نووسین و فێربوون بە شێوازە کوردییەکان هەڵبمژە. بەرهەمەکانی بابا تاهیری هەمەدانی، هەریری، فەقێی تەیران و ئەوانەی دواتریش بخوێنەرەوە؛ گوێبیستی ناڵە و ئاوازیان بە، تاوەکو وەرگێڕانەکانت تێکەڵ بە گیانی خۆت ببن، نەک تەنیا ڕەنگدانەوەی وشەی بیانی بن.“
لەو ساتەدا، وەکوو ئەوە وابوو گیانی لەگەڵ گەلەئەستێرەی وشەکاندا بووبێت بە یەک. پاشان، تەڕ لە ئارەقە، زۆر ئارام بەڵام بە هزرێکی قورسەوە لە خەو ڕاچڵەکی.
تا ئێستاش دەنگی جەزیری لە گوێیدا دەزرنگێتەوە؛ نەک وەک دەنگێکی ناو خەون، بەڵکو وەک بانگەوازێکی ئەبەدی، لە قووڵایی ئەرکی قەڵەمەوە.
ڕەحیم نزهتزادە
وێنە: پ م ، ئای ئی
