Hoppa till innehåll
Hem » هاوینی 1369ی هەتاوی شەهیدبوونی سێ پێشمەرگەی حدکا، پیرانشار، چیا عەبدوڵازادە .

هاوینی 1369ی هەتاوی شەهیدبوونی سێ پێشمەرگەی حدکا، پیرانشار، چیا عەبدوڵازادە .

دوژمن بە تەواوی ئیمکانات و قوەتی خۆی فشاری بۆ هێنابووین، تەواوی ڕێگاکانی لێ گرتبووین. جاسوس و بەکرێگیراوی زۆری تەرخان کردبوون بۆ ئەوەی ڕێگا لە حوزووری ئێمە لە ناو کۆمەڵانی خەڵک بگرێت،


هەتا جاسوسی خەزاندبووە ناو خۆشمان کە لە دواییدا ئاشکرا بوون. هەر لە سنووری دەستکرد شۆڕ نەدەبووینەوە، نەیاران پێیان دەزانی و بۆسەیان بۆ دادەناینەوە.

بە داخی زۆرەوە ئەو ساڵە شەهیدێکی زۆرمان دا؛ چەندین فەرماندەی قارەمان، ئازا و بەجەرگ، کوڕانی ڕۆژی تەنگانە ماڵاواییان لێکردین و تێکەڵ بە کاروانی نەمران بوون. لێرەدا دەمهەوێت ئیشارە بە یەکێک لەم بیرەوەرییە تاڵانە بکەم کە چەند شەهیدمان پێشکەش بە بارەگای کورد و کوردایەتی کرد.

دووهەم مانگی هاوین بوو، هەوا لەو پەڕی گەرمیی خۆیدا بوو. هەرچەند لای ئێمە زۆر تەئسیری نەبوو، چونکە مەقرەکانمان لە مالیخ و هێندێکیشمان لە داوێنی قەندیل بوو، هەردەم شنەبایەکی فێنک بەسەر ئەم مەڵبەندەدا دەهات، تێکەڵ بە قاسپەی کەو و بۆنی مەندۆک و سوێسن و هەڵاڵە و بێزا دەبوو، ماندوێتی لە لەشی مرۆڤ دەردەکرد. بەتایبەت کاتی دەمەو ئێواران کە بە ئاوە کەلە تەزێنەکەی داوێنی قەندیل کەتریی ڕەشمان لێ پڕ دەکرد و بە ئیستیکانی فەرەنسی دوو سێ چامان بە گەرمی فڕ دەکرد و بە دوو سێ کەسان سیگارێکمان بەبا دەکرد.

ئەو ساڵە من لە لکی دووی هێزی قەندیل سازمان درابووم، من کادری دەرمانی بووم. بۆ ئەوەی لە مەنتیقەدا دەرمانم لێ نەبڕێت یا لەسەر کەمی دەرمان کەسمان هیچی بەسەر نەیەت، دوو دانە کۆڵەپشتیم تێک کردبوونەوە کە بە ڕێگادا دەڕۆیشتم لە پشتەوەم هەر تەپوتۆز بوو. فەرماندەی هێزمان کاک ئەحمەد نستانی و بەرپرسی مەڵبەند کاک سەید ڕەزا بوو، هەروەها سەرلکمان کاک محەمەد قەرەخدری و جێگرلک کاک عەلی دیواری بوو، یەکێک لە سەرپەلەکان ڕەحیم سێڵوەیی بوو، یەک دووێکیش چوونەتەوە بۆیە ناویان ناهێنم. خولاسەی کەمەوە، یەک دوو ڕۆژ بوو فەرماندەرانی نیزامی کۆدەبوونەوە، بەتەمای عەمەلیاتێک بوون لە مەنتیقەی بەری مێرگان؛ هەم بۆ ئەوەی تۆڵەی شەهیدەکانمان بکەینەوە و هەم ورەی خەڵک بەرینەوە سەر، بەڵام وادیار بوو یەک دوویەک لە فەرماندەکان لەگەڵ شێوەی حەرەکەتەکە ناڕازی بوون. هەرچی هێز بوو دەیگوت دەبێت عەمەلیات بکەن و بگەڕێنەوە، بەڵام هێندێک موخالیف بوون چونکە بەڕاستی حەرەکەتێکی مەترسیدار بوو تۆ عەمەلیات بکەی و بەپەلە بگەڕێیتەوە بۆ سنوور، چونکە هەر جارێک ئێمە تووشی دەرگیری (شەڕ) دەبووین، دوژمن بنارەکانی دەگرت، دەیگوت برینداریان پێیە حەتمەن بەم ڕێگایەدا دێن. دوای موناقەشەیەکی زۆر ساغ بوونەوە کە بگەڕێنەوە، بەرەو ناوچە وەڕێکەوتین، پاش دوو ڕۆژ سەرمان لە ناوچەی بەری مێرگان وەدەرنا.

پاش ڕۆژێک حەسانەوە لە جەنگەڵی بەری مێرگان، لە کاتی ئێوارە بەرپرسان کۆبوونەوە کە لەسەر جادەی سەردەشت-پیرانشار عەمەلیاتێک بکەن. بۆ ئەم مەبەستە شەش حەوت کەسی چالاکیان هەڵبژارد چونکە شوێنەکە زۆر حەسساس بوو، نەفەراتی زۆری هەڵنەدەگرت. باقیەکەی دیکە بە ئامادەباشی لە پشت دێی خرەچەوەندەری ماینەوە.

دەستەی دیاریکراو بە نێو زەنگەڵدا بۆ نێو دێ شۆڕ بوونەوە، لە عەینی کاتیشدا تاقمێک لە جاش و پاسدار بۆ ناو گوندی خرەچەوەندەری دەهاتن. دەستەکەی ئێمە بەوەیان زانی، بە عەجەلە خۆیان گەیاندە تەنیشت هۆڵەکانی دێ، لەو کاتیشدا خۆفرۆشان گەیشتنە نزیک هۆڵەکان. لە یەکەم دەستڕێژی شێرەکوڕانی دیموکرات، دوو کەلاک کەوتنە حەرزی و چەند کەسیشیان بریندار بوون. وەک حادەتی هەمیشەیییان تا هێزیان تێدا بوو بەرەو دواوە ڕایانکرد. دوو کوژراوەکە جاش و پاسدارێک بوون، ئێمەش هەموومان ساغ و سەلامەت بووین.

پاش شەڕەکە، دوژمن ناوچەکەی بە خەستی تۆپباران کرد. ئێمەش چەند کەسمان نارد بۆ ناو دێ، هێندێک نان و پێخۆریان هێنا و تەقسیممان کرد و بەرەو سنوور کەوتینە ڕێ. هەرچەند یەکێک لە فەرماندەکان دووبارە تەئکیدی دەکردەوە کە بەرەو قووڵایی بڕۆین، بەڵام ئەوانی دیکە قبووڵیان نەکرد و گوتیان: بڕیاری هێزە دەبێ بگەڕێینەوە. بەڵێ، بە ڕاکەڕاک خۆمان گەیاندە بناری بەری مێرگان، لەوێدا پشوویەکمان دا و دووبارە حەرەکەتمان کرد. شوێنی مەبەستمان دۆڵی خەرپاپی بوو. پێش ئەوەی بگەینە ناو دۆڵەکە، هێندێک کۆنە کاولی لێ بوون، بێخەبەر لەوەی خۆفرۆشانی گەل لەوێدا کەمینیان بۆ داناوین، بەڵام شەهامەتی ئەوەیان نەبوو کە تەقەمان لێ بکەن، بەڵام خەبەریان بە ئاغاکانیان دابوو کە ئێمە بەرەو دۆڵەکە دەڕۆین. ڕەسەدی تۆپخانەیان لەگەڵ دۆلەکە میزان کردبوو. ئێمە زۆرمان نەمابوو کە بگەینە ناو دۆڵەکە کە گرمەی تۆپێک لەو بەری دۆڵەکەی دا، تۆپی دووهەم ئێمە لە ناو دۆڵەکە بووین کە موستەقیم لە سەفی پێشمەرگەی دا. شەو چەندە ڕەش بوو، ئەوەندەی دیکە ڕەش بوو لە بەرچاواماندا. لەبەر تۆز و دوکەڵ چاو چاوی نەدەدیت، ناڵەناڵی برینداران بێدەنگیی شەوی شکاندبوو. پاش وەخۆهاتنەوە کە هەستاینەوە، لە دوای منەوە هەرچی هەبوو یا شەهید بوو یا بریندار. منیش بڕێک دەستم لە خۆم گێڕا، دیار بوو بریندار نەبووم، تەنها بە بای خۆمپارەکە سەرم وەبەرد کەوتبوو و سەرم هەڵتۆقیبوو. پاش وەخۆهاتنەوە کە چاومان لێکرد، سێ شەهید و هەشت بریندارمان هەبوون. هەرچۆنێک بێت بریندارەکانمان ڕاگوێستن و بۆ بن ڕەوەزەشاخێک کە تۆپ و خۆمپارە نەیدەگرتەوە. ئەوەی ڕاستی بێت نەمانتوانی شەهیدەکان ڕاگوێزین، چونکە بریندارەکانمان زۆر بوون و تەنها یازدە کەسی ساغ مابووینەوە. بڕیارمان دا کە بریندارەکان دەرباز کەین، ئەو کات بۆ شەهیدەکان دەچینەوە. بە هەزار چەرمەسەری لە بن ڕەوەزەکان بریندارەکانم دەرمان کرد. ئەلحەق کاک مراد جۆڵا هاوکاریی باشی کردم لە بریندۆزینەوە و بانداژکردندا کە جێگای سپاس و تەقدیرە. بریندارەکان دوو دانەیان وەزعیان زۆر شڕ بوو؛ خوشکە مریەم ڕەحمانی کە زۆر شوێنی تکەی تێدابوو، برینی زۆر بوو، دەبا لە کۆڵمان کردبا، ئەوی دیکەش کە ئێستا تەسلیم بۆتەوە نامهەوێت ناوی بێنم، بەڵام بەڕاستی بەغیرەت بوو، لەسەر برینەکانی خۆی دڵخۆشیی ئەوانی تری دەدایەوە. بریندارەکانی دیکە ناوی هەموویانم لە یادم نیە چەند کەسێکیان نەبێت، وەک سەید سەمەد تاهیری، محەمەد حەسەنەڕەش، یەک دووێکیشیان چوونەتەوە. شەهیدەکانیش پێکهاتبوون لە: ڕەحیم سێڵوەیی (سەرپەل)، فاتمە دلاوەری و قادر وەفایی. سەحنەیەکی زۆر ناخۆشمان دی کاتی شەهیدبوونیان؛ شەهید ڕەحیم و شەهید فاتم لە تەنیشت یەک، دەست لە دەستی یەکدا شەهید ببوون. ئاخر بڕیار بوو کە لە ناوچە بگەڕێنەوە، پێکەوە زەماوەند بکەن، بەڵام بەداخەوە ئێمە شاهیدی زەماوەندی شەهیدبوونیان بووین. لەو کاتەدا هیچ چاوێک نەیدەتوانی خۆ ڕاگرێت و فرمێسکی خوێنینیان بۆ نەڕێژێت.

من ئەو کاتە شەهید ڕەحیمم ناسی کە لە ترسی بۆمباران شاری پیرانشارمان چۆڵ کردبوو، لە ماڵی خاڵم لە سێڵوێ گیرسابووینەوە. ساڵی شەست و شەش لەسەر بڕیاری حیزب گەڕامەوە ناوخۆ تا هاوکاریی بنەماڵەکەم بکەم و لە پەناشیدا کاری حیزبی. ئەو کات شەهید ڕەحیمم ناسی کە ئەندامی ناوخۆ (داخیلی) بوو؛ کوڕێکی چالاک، جێگای متمانەی خەڵک، قسەخۆش، سەنگین و هەتا بڵێی چاونەترس بوو. ڕەئیس پاسگای سێڵوێ فشاری زۆر بۆ خەڵک هێنابوو، شەهید ڕەحیم ساغ بۆوە کە تەقەی لێبکات. ڕۆژێک ئەم دەرفەتە ڕەخسا و تەقەی لە ڕەئیس کرد، بەڵام ڕەئیس دەربازی بوو، بە سووکی بریندار کرا. لەو کاتەدا ژنێک شەهید ڕەحیمی بە تفەنگەوە دیتبوو، دەستخۆشیی لێکردبوو. شەهید ڕەحیم لە ترسی ئاشکرابوون دوای ئەم ڕووداوە، یانی ساڵی شەست و حەوت خۆی گەیاندەوە ناو ڕیزەکانی پێشمەرگە لە کوێستانەکانی بەربنە. هەر زوو ئازایەتی و قارەمانیی ڕەحیم سێڵوەیی بۆ هەمووان دەرکەوت و لە ماوەیەکی کەمدا کرا بە جێگرپەل و دوایە بە سەرپەل. کاتێک ساڵی شەست و هەشت یەکترمان دیتەوە، سەرپەل بوو. بەڕاستی حیزب فەرماندەیەکی بەوەج و کارامەی لەدەست دا.

شەهید فاتمە دلاوەری خەڵکی کانی باغ، لە بنەماڵەیەکی ئاینی و نیشتمانپەروەر چاوی بە دنیا هەڵێنابوو. شەهید فاتم ساڵی شەست و هەشت لەگەڵ پۆلێک لە کچانی تر تێکەڵ بە ڕیزی حیزبی دیموکرات بوون، بەڵام بە داخەوە شەهید فاتم زۆر نەژیا کە خزمەتی زیاتر بکات. دەیان ئاوات و خۆزگە لە ناو دەروونی فاتمدا خۆیان مەڵاس دابوو، بەڵام شەمشەمەکوێرەکانی تاریکی نەیانهێشت ئەم خۆزگانە چەکەرە بکەن.

شەهید قادر وەفایی خەڵکی لگ بن، شەهید قادر کوڕێکی بەتەمەن بوو. دیار بوو سارد و گەرمی ڕۆژگاری زۆر چەشتبوو، ئەویش ماوەیەکی کەم بوو کە هاتبوو بۆ پێشمەرگایەتی. ئەندامی ناوخۆ (هەستەی داخیلی) بوو، ئاشکرا ببوو. شەهید قادر سەختیی زۆری چەشتبوو، لە مەجلیس دادەنیشت باسی نەهامەتییەکانی خۆی دەکرد سەرت لێ ئەستوور دەبوو، یانی ئەوەی دەستی بۆ بردبوو شکستی هێنابوو، بۆ یەک جاریش شانس لە دەرگای قادری نەدابوو. لە کاتی چوون بۆ ئەم جەولەیەش گوتی: من شانسم نییە، شتێکم هەر بەسەر دێت، کە بە داخەوە ڕاست بوو، گیانی پاکی بەختی ڕێگای خاک و نەتەوەکەی کرد.

بگەڕێمەوە بۆ شوێنی ڕووداوەکە؛ پاش تیمارکردنی بریندارەکان حەرەکەتمان کرد، بەڵام نەمانتوانی زۆر بڕۆین لەبەر بریندارەکان، لە بن دارە گوێزەکانی خەرپاپ ماینەوە. بەیانی زوو دەستەیەک لە پێشمەرگەکان گردەکانیان گرت نەوەکا دوژمن گەمارۆمان بدات، سێ کەسیشمان لە لای بریندارەکان ماینەوە. هەرچۆن بێت تەماس لەگەڵ هێز گیرا و داوای ئەسپ و ئێسترمان کرد بۆ بریندارەکان. پاشنیوەڕۆ کە هیچ باس نەبوو، بڕیارمان دا وردە وردە بڕۆینە سەر تا هێزی کۆمەگی دەگاتێ. هەرچۆنێک بێ خۆمان گەیاندە بناری کوترەڵ، لەوێ ماینەوە تا هێزی کۆمەگی گەییشتە جێ. پەیتا پەیتایش کۆپتەرەکانی ڕژێم دەهاتن و ناوچەیان دەپشکنی، لە شوێنپێی ئێمە دەگەڕان کە بە خۆشحاڵییەوە نەیاندیتین.

پاش ئەوەی بریندارەکانمان بەڕێ کرد، بڕیارمان دا بۆ شەهیدەکان بگەڕێینەوە. من و محەمەد قەرەخدری و عەلی دیواری و حەسەن جەناغی گەڕاینەوە، لە نوێژی شێوان خۆمان گەیاندە دەوروبەری شەهیدەکان، بەڵام کە چاومان لێکرد تەواوی دەوروبەریان مینڕێژ (مینگوزاری) کرابوو، هەروەها لەسەرەوەش کەمینیان گرتبوو، چونکە ئاگری سیگارمان دیتن؛ دەیانزانی کە بۆ شەهیدەکان دەگەڕێینەوە. بە داخەوە نەمانتوانی کە شەهیدەکان بێنینەوە. پاش چەند ڕۆژ داگیرکەران لە تەنیشت پایگای سەری گۆمێ بە بوڵدۆزەر وەبن گڵیان دابوون.

لە کۆتاییدا دەمهەوێت بڵێم: هەزاران سڵاو لە گۆڕی بێ نیشانی شەهید ڕەحیم خزرنژاد (ناسراو بە ڕەحیم سێڵوەیی)، فاتمە دلاوەری و قادر وەفایی. ئێوە نامرن، ناوتان و بیرەوەرییەکانتان لە دڵی مندا هەڵکەندراوە. مردن و نەمان بۆ خۆفرۆشان و داگیرکەرانی کوردستان.

(چیا عەبدوڵڵازادە)

ئەم بیرەوەریە تاڵە بە بۆنەی 35ی ساڵەی شەهید بوونیان بڵاو کراوەتەوە

پێشمەرگەکان: وێنەی 2 شەهید و چەند هاوڕێیەک کە لە نووسینەکەدا ناویان هاتووە، بەداخەوە وێنەی هەمانمان دەست نەکەوت.

*