تکایە بەبێ دەمارگرژی و تەعەسوبی حیزبایەتی بیخوێنەوە و ڕەخنە و ڕاو بۆچوونی خۆشت بەبێ بێڕێزیکردن بنووسە. پێشەکی سوپاستان دەکەم:

دەڵێن کەشتیی پڕکابان یان سوێر دەبێ یان بێخوێ. بەداخەوە لە نێو کوردیشدا حیزب و کوڵەحیزب و سیاسی و زڕەسیاسی و کوێخا و دەمکوێخا و خەسارناس و شیکەرەوەی جانتاپڕ و مێشکبەتاڵ هێندە زۆرن، هیچ حوشترێک باری گرانی شیکردنەوە و تەفسیرە ناوەڕۆکبەتاڵەکانیان هەڵناگرێت. مامۆستای پلەبەرزی بێبڕوانامە و سەرۆک و سەرکردەی بێڕێبەرایەتی و بێبەدەنه و بێئەندام و بێلایەنگر و بێجەماوەرمان هێندە زۆرن، لە هیچ شارێکدا جێگایان نابێتەوە.
بە لێکدانەوە و قسە سەیر و سەمەرەکانیان، جیهانێکی خەیاڵی و لەشکرێکی بەهێز و خاوەن کەرەستەی پێشکەوتووی سەردەم و بیروباوەڕێکی پۆڵاین و لەشکاننەهاتوو بۆ هێزە شەقوشڕەکانی داگیرکەران و تاوانباران و تاڵانکاران و ئەنفالچییانی فارس و تورک و عەرەب دادەتاشن؛ لە بەرامبەریشدا بێهێزی، بێدەسەڵاتی، بێپشتوپەنایی، بێکەسوکاری، بێدەریایی، بێدەوڵەتی، بێچەکی پێشکەوتوو و کاریگەر، بێجبەخانەیی، بێپشتی بەرەیی و دەیان ترسی تریش دادەتاشن و دێننە بەرچاو و زەینی کورد و ڕۆڵە شۆڕشگێڕەکانی. ئەو میللەتە قارەمان و خۆڕاگرە گەورە دەکەنەوە و هێزی پۆڵاینی نەتەوە و شۆڕشگێڕانی ئەو نەتەوە خۆڕاگر و سەربەرزە پێدادەچۆڕێنن و کاسەی بێهیوایی و شوکرانەبژێری بەو بەشەیان لە پێش دادەنێن و ئاسۆی ڕوونی ڕزگارییان لێ دوور و دوورتر دەکەنەوە، قەرزداریشیان دەکەن و دەڵێن: ”ئەگەر ئێمە ژیرانە نەجووڵاباینەوە، دوژمن هەموو کوردی قەتڵوعام دەکرد!!!!” بەڵێ، ڕێک وەک ئەوە وایە کە ئێستا کوردیان گوڵباران کردبێت!!!!
من زۆر ناگەڕێمەوە بۆ ئەو هەلە زێڕینانەی کە کورد لە هەر چوار پارچەکەیدا بۆ ڕزگاری لە دەستی داون، تەنیا باسی دوو هەلی زێڕین دەکەم کە بەهۆی ناپاکی، ناسادەیی و ترسەنۆکیی هێندێک بەناو سەرکردەی کورد، کورد ئەو دوو هەلە زێڕینەی لە دەست دان.
یەکەم:
ڕاپەڕینە بەردەوام و خوێناوییە سەرانسەرییەکەی شۆڕشی ”ژن، ژیان، ئازادی” بوو، کە بەهۆی شەهیدکردنی کچە کوردی سەربەرز و سەقزی، ژینا ئەمینی، سەراپای ئێرانی گرتەوە و یەکڕیزییەکی کەم وێنەش لە نێوان گەلانی ئێراندا هاتە کایەوە، بەڵام بەهۆی خیانەتی گڵاوی کوڕی شا و عەبدوڵڵای موهتەدییەوە، خەنجەری ژاراوی لەو شۆڕشە و لەو یەکڕیزییە درا و ڕاپەڕینەکان کۆتاییان هات.
دوووهەم:
شەڕی ٣٩ ڕۆژەی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران بوو (مەبەست هێرشە ئاسمانی و موشەکییەکانە)، کە زۆربەی هەرە زۆری ڕێبەر و سەرکردە و بەرپرسانی تیرۆریستی ئێران کوژران و هیچ کۆنترۆڵ، یەکڕیزی و هەماهەنگییەک لە نێو هێزە تاوانخوڵقێن و بەرپرسە تیرۆریستەکانی تاراندا نەمابوو؛ بەتایبەت لە کوردستان، ئەوەی ناوی هێزی کۆنترۆڵکراوی تیرۆریستانی تاران بوو نەمابوو، چونکە هێڵ و کۆنترۆڵ و ڕێکخستنی هەموویان پچڕابوو. کەچی داخی گرانم، ئەو هەلە زێڕینەش بەهۆی زۆری و بۆریی حیزبەکان، سەرکردەکان، ڕێبەرایەتییەکان و شیکەرەوەکانەوە، ئەوەشیان کردەوە بە بڵقی سەر ئاو و سەهۆڵاوێکی ساردیان بە سەر سەر و بەناو دڵی پڕ لە هیوا، هێز، گڕ و تینی گەلی کورد و شۆڕشگێڕە ڕاستەقینەکانی ئەو نەتەوە قارەمان و ئازادیخوازەدا کرد.
ئەوەیە دەڵێ: ”ئەویشم چوو، ئەمیشم چوو”. خۆ کورد نە بە قسە و هاندان، نە بە هێز و تەقە و پەلاماردان، زیانی هەزار تمەنی ئێرانییان بە هێزە ڕیسوا و تیرۆریستەکانی کۆماری سێدارە نەگەیاند، کەچی کورد و لاوانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و حیزب و لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات لە باشووری کوردستان، بە دڕندانەترین شێوە لە ڕۆژهەڵات کەوتوونەتە بەر شاڵاوی گرتن، سێدارە، تاڵانکردن و دەستبەسەرداگرتنی ماڵ، حاڵ، موڵک و سامانەکانیان. لە باشووری کوردستانیش، ئەوە هەمووتان بە چاوی خۆتان دۆخی خۆیان، ماڵ و منداڵ، بنکە، بارەگا و کەمپەکانیان دەبینن کە چۆن بێدەسەڵاتانە لە لایەن تیرۆریستانی تارانەوە وێران دەکرێن و ڕۆڵەکانیان شەهید دەکرێن.
ئێستا دەکرێ بۆ خۆتان و بۆ خەڵکی کوردستانی ڕوون کەنەوە؛ ئایا لەو هەلە زێڕینە کەڵکتان وەرگرتبا و چووبانەوە مەیدانەکە و لەگەڵ خەڵکی خۆتان و لە ناو خەڵکی خۆتان و لەسەر خاکی پیرۆزی خۆتان شەهید ببا، باشتر نەبوو؟!!!! یان ئاوا بێدەسەڵاتانە و بێ هیچ بەرگری و پەرچەکردارێک شەهید بکرێن؟!!!!
با بۆ مێژوو ئەوەشتان بیر بخەمەوە؛ ئەگەر گەلی کورد و حیزب و ڕێکخراوەکانی باشووری کوردستان و بەرەی کوردستانی لە بەهاری ساڵی ١٩٩١ی زاینییدا لەو هەلە زێڕینەیان کەڵک وەرنەگرتایە و ڕاپەڕینیان دەست پێ نەکردایە و هەزاران ژن، منداڵ و پێشمەرگە گیانی خۆیان پێشکەشی ڕزگاریی کورد و کوردستان نەکردایە، ئەوە ئێستاش باشوور هەر لە دیلی، جینۆساید، ئەنفال و فرۆشتنی کچان و ژنانیدا بەسەری دەبرد. بەڵام ئەوان عەقڵ، هیممەت، غیرەت و کرداریان بەکار هێنا و نەیانگوت ”ئەو شەڕە شەڕی ئێمە نییە”. کەواتە دەبوو ئێمە دەرس لەو زیرەکی، تاکتیک و بوێرییەی ئەوان وەرگرین، بەڵام کە هیممەتمان نەکرد و جۆڵانەوەمان نەکرد، دەبێ ئێستا مەمنوونیان بین لێمان گەڕێن لە ئەشکەوتەکان و چیاکانی ئەواندا بمێنینەوە.
ئاخر کۆنینەکان لەخۆڕا نەیانفەرمووە: ”مریشک بۆ خۆی خۆڵ بەسەر خۆی نەکات، بە کەسی تر بەسەریدا ناکرێت”. هیوادارم ئەو پێشمەرگە قارەمان، فیداکار و سادقانەی نێو هەموو حیزب و ڕێکخراوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە بە دڵێکی پاکەوە چەکی شەرەف، شانازی و بەرگری لە ماف و ئازادییەکانی کورد و کوردستانیان کردووەتە شان، سەلامەت و پارێزراو بن و هیچ پیلانێکی گڵاو لە دژیان بەکار نەهێنرێت. ئامین خوایە گیان.