Hoppa till innehåll
Hem » ئێران لە چوارچێوەی پەیمانی ئابراهام چ بە ڕێککەوتن و چ بە شەڕ، ئاسۆ سەییاد

ئێران لە چوارچێوەی پەیمانی ئابراهام چ بە ڕێککەوتن و چ بە شەڕ، ئاسۆ سەییاد

ئەوەی ئەمڕۆ لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕوودەدات ــ ئەو ململانێ و شەڕەی لە نێوان ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیلدایە ــ وەک دەزانین دەرئەنجامی ئەو لێکەوتانەیە کە لە حەوتی ئۆکتۆبەرەوە دەستیان پێکرد.

حەوتی ئۆکتۆبەریش لە ئەنجامی خوێندنەوەیەکی ڕێبەرانی ڕژێمی ئێران و گروپە پاشکۆکانی بوو سەبارەت بە مەترسیی «پەیمانی ئابراهام» بۆ سەر ئێران و بەرەی ناسراو بە «بەرگری» (موقاوەمە).

پەیمانی ئابراهام زنجیرەیەک ڕێککەوتنی مێژوویی بوون بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان و گەشەپێدانی هاوکاریی بازرگانی، ئابووری و ئەمنیی لە نێوان ئیسرائیل و چەند وڵاتێکی عەرەبیدا. ئەم ڕێککەوتنانە لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٠ و لە سەردەمی خولی یەکەمی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترامپدا، بە نێوەندگیری و سەرپەرشتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا واژۆ کران. ڕێککەوتنەکە لە نێوان ئیمارات، بەحرەین، مەغریب و سوودان لەگەڵ ئیسرائیلدا واژۆ کرا. ئەمریکا چ لە سەردەمی بایدن و چ ئێستا لە خولی دووەمی ترامپدا، هەوڵ دەدات ئەم بازنەیە فراوان بکات و هەموو وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەوروبەری بگرێتەوە.

پەیمانی ئابراهام لە بنەڕەتدا کلیلی سەرکەوتن و زامنی پلانێکی ستراتیژیی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیەتی بۆ دروستکردنی ڕێڕەوێکی نوێی گواستنەوەی دەریایی و وشکانی، کە هیچ کۆنترۆڵێکی ئێران، ڕووسیا یان هەر ڕژێمێکی تری نەیاری بەسەرەوە نەبێت و تەنها لە ژێر هەژموونی ئەمریکا و ڕۆژئاوادا بێت. ئەم پڕۆژەیە بە IMEC (ڕێڕەوی ئابووریی هیندستان-ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست-ئەورووپا) دەناسرێت، کە لە ساڵی ٢٠٢٣ لە کۆبوونەوەی لوتکەی (G20) ڕاگەیەندرا.

ئەگەر جیهان وەک چەند ناوچەیەک سەیر بکەین، دەردەکەوێت کە ئەو ناوچانە بە یەک شێواز کارلێک دەکەن و پێکەوە دەبەسترێنەوە، ئەویش لە ڕێگەی هێڵەکانی گواستنەوە و پەیوەندییەکانەوەیە. مێژوو دەریخستووە هەرکەسێک کۆنترۆڵی ڕێڕەوەکانی گواستنەوە بکات، کۆنترۆڵی ئابووریش دەکات؛ ئەوەش کە ئابووری بەدەست بێت، خاوەن هێز و بڕیارە.

زۆرێک لە تیۆریستەکانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و ستراتیژیستەکانی ئەمریکا، چەند ساڵێکە باس لە جیهانی فرەجەمسەری دەکەن؛ ئەوە ڕاستییەکە کە ئەمریکا و بە تایبەتی ترامپ دەرکیان پێکردووە. مێژوو جیهانی دووجەمسەری و دواتر یەکجەمسەریی بینیوە، بەڵام ئێستا بەرەو فرەجەمسەری هەنگاو دەنێت. ئەم فرەجەمسەرییەی ئەم سەردەمە، تەنها بەهۆی فاکتەری ئایدۆلۆژی و سیاسییەوە نییە، بەڵکوو پەیوەندییەکی توندیشی بە فاکتەرێکی سروشتییەوە هەیە کە ئەویش «گۆڕانی ژینگە»یە. گۆڕانی ژینگە دەبێتە هۆی گۆڕانی جوگرافیا، جوگرافیاش ئەو فاکتەرەیە کە سیاسەتی ستراتیژیی نەتەوەکان دیاری دەکات. دووسەد ساڵ لەمەوبەر ناپۆلیۆن دەرکی بەو ڕاستییە کردبوو کاتێک وتی: «سیاسەتی نەتەوەکان لە جوگرافیاکەیانەوە سەرچاوە دەگرێت».

بابەتی ژینگە لە ماوەی سی ساڵی ڕابردوودا بووەتە پرسێکی جیهانیی چارەنووسساز. لە سەرەتاکانی دوو هەزارەکاندا «ئاڵ گۆر» (Al Gore) لە ڕێگەی فیلمێکی بەڵگەنامەییەوە ویستی جیهان لە مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا ئاگادار بکاتەوە. بەڵام ئەم گۆڕانە تەنها کاریگەریی لەسەر گەرمبوونی زەوی نییە، بەڵکوو نەخشەی هێز و جوگرافیاش دەگۆڕێت. ئەوەی ترامپ و ئەمریکا دەرکیان پێکردووە ئەوەیە کە بەهۆی گۆڕانی ژینگەوە، بەستەڵەکەکانی جەمسەری باکوور (ئارکتیک) بە خێرایی دەتوێنەوە و ڕێڕەوێکی نوێی دەریایی بازرگانی دروست دەبێت کە زەریای ئارام بە زەریای ئەتڵەسییەوە دەبەستێتەوە. ئەمە ماوەی گەشتە دەریاییەکان بە ڕێژەی ١٠ بۆ ١٥ ڕۆژ کەم دەکاتەوە و ملیارەها دۆلار پاشکەوت دەکات.

ئەم گۆڕانکارییە دەرفەتێکی گەورە بۆ ڕووسیا دەڕەخسێنێت تا ببێتە یەکێک لەو جەمسەرانەی کۆنترۆڵی ڕێڕەوە نوێیەکانی گواستنەوە دەکات، کە تا ئێستا لە ژێر دەستی ئەمریکا و پێشتریش ئینگلتەرا بووە. کاتێک سەیری نەخشە دەکەین، دەبینین ڕووسیا درێژترین کەناراوی لە جەمسەری باکووردا هەیە و ئەمریکا کورتترین؛ لێرەدایە کە تێدەگەین بۆچی ترامپ داوای کڕینی «گرینلاند»ی دەکرد و توانای بینینی ستراتیژیی ئەو دەردەکەوێت.

وەک باسمان کرد، «پەیمانی ئابراهام» لە ڕاستیدا شاکلیلی سەرکەوتنی پڕۆژەی IMECـە؛ واتە دروستکردنی ئەو ڕێڕەوە دەریایی و وشکانییە تازەیەی کە ڕووسیا و ئێران هیچ کۆنترۆڵێکیان بەسەریدا نەبێت. نەتانیاهوو لە کۆبوونەوەیەکی ساڵانەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، نەخشەیەکی نیشاندا کە ناوی نا «نەخشەی بەرەکەت» (The Blessing Map). لەو نەخشەیەدا وڵاتانی وەک سعودیە، میسر، سوودان، ئوردن و ئیسرائیلی بە ڕەنگی سەوز نیشان دەدا، وەک هێمایەک بۆ ئاشتی و گەشەکردنی ڕێڕەوی بازرگانیی نێوان ئاسیا و ئەورووپا. لە بەرامبەردا، وڵاتانی ئێران، عێراق، یەمەن، لوبنان و سووریای بە ڕەنگی ڕەش نیشان دەدا، وەک وڵاتانی بەربەست لە بەردەم گەشەکردن و پێشکەوتنی ئابووریی ناوچەکە.

خامنەیی بە وردی هەستی بە مەترسیی پەیمانی ئابراهام کردبوو، چونکە بە کردەوە بە مانای لەناوچوونی هەژموونی ئیمپراتۆریەتە ناوچەییەکەی دەهات لە ناوچەکەدا، ئەویش بەبێ ئەنجامدانی هیچ شەڕێک. بۆیە خوێندنەوەیەکی ستراتیژی بۆ ئەم کێشمەکێشەی ترامپ لەگەڵ ئێران ئەوەیە کە ترامپ وەک دەوڵەتێک سەیری ئێران دەکات کە دەبێت بکەوێتە ناو چوارچێوەی پەیمانی ئابراهامەوە. ئەمەش بەو مانایەیە کە ترامپ بەدوای ئەوەدا دەگەڕێت ئایا پۆتانسیەلی قبووڵکردنی ئەم پەیمانە لەم ڕژێمەی ئێستادا هەیە یان نا. ئەگەر ڕژێمی ئێستا ناچار بە قبووڵکردنی بکات، ڕێگەیەکی درێژی بۆ کورت دەبێتەوە؛ ئەگەر نا، هەر ڕژێمێکی دیکەش لە داهاتوودا بێتە سەر کار، دەبێت پەیمانی ئابراهام قبووڵ بکات.

چەند ڕۆژێک لەمەوبەر، ترامپ بە ڕاشکاوی ئاماژەی بەوە کرد کە ڕژێمی ئێران دەبێت پەیمانی ئابراهام پەسەند بکات. بۆیە هەر ڕێککەوتنێکی ئەگەری لەگەڵ ڕژێمی ئێراندا، وێڕای لابردنی هەڕەشە ئەمنییەکان و دەستوپێوەندەکانی بۆ سەر ئیسرائیل، دەبێت بە شێوەیەک بێت کە جێبەجێکردنی پەیمانی ئابراهام و پڕۆژەی IMECـیش لەخۆ بگرێت.

سەبارەت بە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، خوێندنەوەی سیاسیی هێزە کوردییەکان دەبێت لەسەر ئەو بنەمایە بێت کە ئایندەی جیۆپۆلەتیکی ئێران لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتیی پەیمانی ئابراهامدا پێناسە دەکرێت. خۆگونجاندنی لایەنە کوردییەکان لەگەڵ ئەم ئاراستە نێودەوڵەتییەدا، دەبێتە هۆی پێشخستنی خەباتی ڕەوای کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە کاتێکدا نەبوونی هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەم سیاسەتە گشتییەدا، دەبێتە هۆی گۆشەگیربوونی بزووتنەوەکە؛ ڕێک وەک ئەو پاشەکشەیەی کە لە دەرئەنجامەکانی شۆڕشی ١٩٧٩ی ئێراندا بەدی کرا. خۆ گونجاندن بە مانای پەسەندکردن نییە بەڵکوو بەمانای ئەوەی کە ئەو دیاردە و ئاڵۆگۆڕە وەک فاکتۆرێکی بەهێزی سیاسەتی رۆژ و دوور ماوە ببیندرێ.

لە پێشهاتەکانی شۆڕشی ١٩٧٩دا، خوێندنەوەی هێزە سیاسییەکان بۆ پێگەی جیۆستراتیژیی ئێران لاواز بوو؛ بەو پێیەی ئێران لە دوای شەڕی جیهانیی دووەمەوە وەک بەشێک لە بەرەی ڕۆژئاوا سەیر دەکرا و ڕێگە نەدەدرا سیستمێکی کۆمۆنیستی تێدا جێگیر ببێت. بەهۆی زاڵبوونی ئایدۆلۆژیای چەپ و مۆرکی کۆمۆنیستی بەسەر ڕێکخراوە کوردییەکانی ئەو سەردەمەدا، نەتوانرا خوێندنەوەیەکی دروست بۆ گۆڕانکاری و بەرژەوەندییەکانی ڕۆژئاوا و ئەمریکا بکرێت. لە ئەنجامدا، ئەم ڕێکخراوانە وەک مەترسییەک بۆ ڕێگەخۆشکردن لەبەردەم هەژموونی یەکێتیی سۆڤیەت یان دامەزراندنی حکومەتێکی نزیک لە بلۆکی ڕۆژهەڵات سەیر دەکران. لەبەر ئەوە، سەرەڕای قوربانیدان و فیداکاریی بەردەوامی گەلی کورد بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی، هەوڵەکان لە ڕووی دەستکەوتی سیاسییەوە بێئەنجام مانەوە؛ چونکە ستراتیژی گشتیی ئەمریکا و ڕۆژئاوا ڕێگریکردن بوو لە نزیکبوونەوەی ئێران لە یەکێتیی سۆڤیەت.

لە دۆخی ئێستادا، پێویستە لایەنە سیاسییەکانی کورد لە چوارچێوەی ستراتیژی هاوچەرخی ئەمریکادا خوێندنەوە بۆ هەنگاو و نەخشەڕێگاکانی خۆیان بکەن. لەم ڕوانگەیەشەوە، پێویستە ئەو ڕاستییە سیاسییە ڕەچاو بکرێت کە ئەرکی سەرەکیی گۆڕینی سیستمی سیاسی لە ئێراندا، لە پلەی یەکەمدا لە ئەستۆی بزووتنەوەی ناوخۆیی و سەرجەم پێکهاتەکانی خەڵکی ئێراندایە.

سەرچاوەکان

 

U.S. Department of State. The Abraham Accords. https://www.state.gov/the-abraham-accords/

[٢] Foti, F. (2025, June 25). The Geopolitics of the Abraham Accords. Atlas Institute. https://atlasinstitute.org/the-geopolitics-of-the-abraham-accords/

[٣] Duss, M., & Linetsky, Z. (2026, May 7). How the Abraham Accords Fueled a New Era of Conflict. Foreign Policy. https://foreignpolicy.com/2026/05/07/trump-iran-israel-saudi-arabia-uae-abraham-accords-conflict-palestine/

[٤] Hussain, A., & Shafer, N. (2025, August 27). The India-Middle East-Europe Economic Corridor: Connectivity in an era of geopolitical uncertainty. Atlantic Council. https://www.atlanticcouncil.org/in-depth-research-reports/report/the-india-middle-east-europe-economic-corridor-connectivity-in-an-era-of-geopolitical-uncertainty/

[٥] The Arctic Institute. Climate Change and Arctic Shipping Routes. https://www.thearcticinstitute.org/arctic-shipping-routes-climate-change/