Hoppa till innehåll
Hem » کۆچی نابەوختی هاوڕێ مەسعوود دیماسی، سەید عەلی هاشمی

کۆچی نابەوختی هاوڕێ مەسعوود دیماسی، سەید عەلی هاشمی

لە ڕێکەوتی ٢٠٢٦/٦/٤ی زاینیدا، تەرمی هاوڕێی بەئەمەگ و تێکۆشەری دێرینمان، نەمر کاک مەسعوود دیماسی، لە نێو شەپۆلێک لە خەم و پژارەی بنەماڵە، هاوڕێیان و دۆستانی، لە گۆڕستانی شاری ڤێستەرۆسی وڵاتی سوید بە خاک ئەسپێردرا.

کۆچی دوایی کاک مەسعوود، سەرەڕای ئەوەی خەمێکی قورسی خستە سەر دڵی بنەماڵە و هاوڕێیانی، کەلێنێکی گەورەشی لە ڕاپەڕاندنی کارە ئیدارییەکان و چالاکییە کۆمەڵایەتی و کوردییەکاندا دروست کرد؛ کەلێنێک کە بە دڵنیاییەوە بە ئاسانی پڕ نابێتەوە. کاک مەسعوود لە شاری ڤێستەرۆس، بێ ئەوەی چاوەڕوانی سوپاس و پێزانین بێت، شانی دەدایە بەر قورسترین کارە کۆمەڵایەتییەکان و بەبێ جیاوازی، هاوکارێکی ڕاستەقینەی یەکێتیی لاوان، یەکێتیی ژنان و سەرجەم ڕێکخراو و لایەنەکان بوو.

دڵسۆزی و ڕوانگە نەتەوەییەکەی کاک مەسعوود لە بەڕێوەبردنی بۆنە مێژووییەکاندا بە ڕوونی ڕەنگی دەدایەوە. ئەو بۆ یادەکانی وەک ١٦ی سەرماوەز (ڕۆژی کەمئەندامان) و ٢٦ی سەرماوەز (ڕۆژی پێشمەرگە و ئاڵای کوردستان)، بەوپەڕی دڵسۆزی و خەمخۆرییەوە لە پارێزگای ڤێستمانلاند، شەو_ئاهەنگی شایستە بە مێژووی حیزبی ڕێکدەخستن. لەو یادانەدا، پەیامی حیزب، یەکێتیی ژنان، لاوان و کەمئەندامان پێشکەش دەکران؛ سازکردنی ئەم بۆنانە مەرهەمێک بوو بۆ ساڕێژکردنی برینی کەمئەندامان و تێکۆشەرانی دێرینی حیزب لەو پارێزگایەدا. ئەو هەوڵ و مشوورخۆرییەی ئەو، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە لە نێو ڕیزەکانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلەکەماندا، هەمیشە کەسانی پسپۆڕ و دڵسۆز هەن کە مێژووی پڕ لە سەروەری بۆ نەوەکانی داهاتووی خۆیان زیندوو ڕادەگرن.

بەهۆی ئەوەی ئێمە لەو شارەدا مێژوویەکی دوورودرێژ لە هاوکاریی هاوبەشمان لە یەکێتیی کوردان و کۆمیتەی حیزبیدا پێکەوە هەبوو، لە نزیکەوە ئاگاداری ئاواتە گەورەکانی بووم کە هەمیشە بەهێزی، یەکگرتوویی و یەکڕیزیی بۆ حیزبەکەی دەخواست. زۆر جار دەیگوت: «بۆچی کارەکان لە پێناو بەرژەوەندیی گشتیدا، بە یەکگرتوویی ڕانەپەڕێنین؟» هەمیشە بە ڕوانگەیەکی دڵسۆزانە و بیرێکی سەردەمیانە بۆ داهاتووی نەتەوەکەی تێدەکۆشا.

کاک مەسعوود لە کاتی بەرپرسیارێتیی حیزبیدا و لە سەروبەندی ڕۆژی شەهیداندا، بە پەرۆشەوە وێنەی ئەو شەهیدانەی کۆ دەکردەوە کە بنەماڵەکانیان نیشتەجێی ئەو پارێزگایە بوون و دەیهێنانە لای من؛ پاشان بە فۆرمێکی جوان کە شایستەی پێگەی بەرزی شەهیدان بێت، دەیکردن بە لەوحێکی زێڕین. دواتریش لەگەڵ هاوکارانی لە کۆمیتەی حیزبدا، سەردانی بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدانیان دەکرد و لەوحی ڕێزلێنان و چەپکە گوڵی وەفادارییان پێشکەش دەکردن.

ئەو ئاکارە بەرز و نیشتمانپەروەرییەی ئەو بەرامبەر بە بنەماڵەی شەهیدان، کەمئەندامان و پێشمەرگە دێرینەکان، جێگای ڕێز و شانازییەکی گەورە بوو. کاک مەسعوود لە ڕاپەڕاندنی کارە ئیدارییەکان، چالاکییە سەندیکاییەکان و کۆمەڵە کوردییەکاندا هەمیشە پێشەنگ و داهێنەر بوو. سەرەڕای نالەباریی باری تەندروستی و چاندنی ئامێری یارمەتیدەری پزیشکی لە ناو جەستەیدا، ماندوویی نەدەناسی و هەتا دواهەمین ساتەکانی تەمەنی بەردەوام بوو لە ڕاپەڕاندنی کارە ئیداری، کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان.

بەو بۆنە خەمناکەوە، لە ناخی دڵمانەوە سەرەخۆشی و هاوخەمیی قووڵی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی بەڕێزیان، کەسوکار، هاوڕێیان و سەرجەم دۆست و ئازیزانی کاک مەسعوود دەکەین. خۆمان بە هاوبەشی ڕاستەقینەی ئەم خەمە گەورەیە دەزانین.

سڵاو و دروود لە گیانی پاکی نەمر کاک مەسعوود دیماسی و هەموو خەمخۆرانی ڕێگای ڕزگاری و ئازادی.

سەید عەلی هاشمی
٢٠٢٦/٦/٤

کۆچی دوایی مەسعود دەیماسی ئەندامێکی چالاکی حیزبی دێمۆکڕات لە سوئێد