Hoppa till innehåll
Hem » نوێبەرەی پڕۆژەیەک لە بارەی مێژوونووسیی ئەدەبی کوردییەوە، قادر وریا

نوێبەرەی پڕۆژەیەک لە بارەی مێژوونووسیی ئەدەبی کوردییەوە، قادر وریا

کتێبی بەرگی یەکەمی ”مێژووی ئەدەبی کوردیی، قۆناغ و قوتابخانەکانی” کە تایبەتە بە قوتابخانەی ئەدەبی پەهلەوی، لەم دوایانەدا لە ژێر چاپ هاتەدەر.

ئەم کتێبە، یەکەم بەرهەمی پڕۆژەیەکی تایبەت بە نووسینەوەی مێژووی ئەدەبی کوردی بە سەرپەرستیی پڕۆفیسۆر د.عوسمان دەشتی و بە هاوبەشیی بەڕێزان: د.فەرهاد عەزیز خۆشناو، ئەندازیار ڕزگار جەباری، د.ئارمان حوسێنیی ئابباریکی و د.پەروین مەحموود وەیسییە کە بەخۆشییەوە ئێستا لە بەردەستی خوێنەراندایە. ئەم کتێبە کە زیادتر لە ٥٠٠ لاپەڕەیە لەسەر ئەرکی کەسایەتیی ڕووناکبیر و نیشتمانپەروەری کورد فاروق مەلا مستەفا چاپ کراوە.


بەرگی یەکەمی کتێبی ”مێژووی ئەدەبی کوردیی، قۆناغ و قوتابخانەکانی” لە دەروازەیەک و پێنج بەش پێک هاتووە. بەشەکان بریتین لە:
دەروازە لە نووسینی د.عوسمان دەشتی.
بەشی یەکەم، مێژووی زمان و ئەدەبی کوردی لە ڕۆژگاری پێش ئیسلامدا لە نووسینی د.فەرهاد عەزیز خۆشناو؛
بەشی دووهەم، شێعری فەهلەویات- قۆناغێک لە مێژووی ئەدەبیاتی کوردیی، لەنووسینی ئەندازیار: ڕزگار جەباری؛
بەشی سێهەم، بابا تاهیر هەمەدانی، پیری شاعیرانی کورد، لە نووسینی دکتۆر ئارمان حوسینیی ئابباریکی؛
بەشی چوارەم، کاریگەریی بابا تاهیر لەسەر ئەدەبیاتی گۆران و بیروڕای یارسان، لە نووسینی د.پەروین مەحموود وەیسی؛
بەشی کۆتایی، بابەتاهیرناسیی کوردی لە نووسینی د.عوسمان دەشتی.

هۆ و پێویستیی پڕۆژەی نووسینەوەی مێژووی ئەدەبی کوردی
لە پێشەکیی بەرگی یەکەمی ”مێژووی ئەدەبی کوردیی، قۆناغ و قوتابخانەکانی” دا هاتووە:
ئەو کتێبانەی بە ناونیشانی (مێژووی ئەدەبی کوردیی)تا وەکو ئەمڕۆ چاپ و بڵاو بوونەتەوە، لە بارەی پەیڕەوکردن لە میتۆدێکی تایبەتی زانستییەوە، هەر هەموویان لە ژێر هەژموونی ڕێباز و میتۆدە نەریتییەکانی مێژوونووسیی ئەدەبیاتی گەلانی دراوسێ لە(عەرەب و تورک و عەجەم) تۆمار کراون، بەڵام ئەوەی ئاشکرایە ئەوەیە کە (مێژووی ئەدەب) وەک لقە زانستێک لە بواری ئەدەبیاتناسیدا بوارێکی تایبەتە و گشتی نییە، بە واتای ئەوەی هەر گەل و نەتەوەیەک مێژوویەکی ئەدەبیی تایبەت و سەربەخۆی هەیە، کە زادەی باری مێژوویی و کۆمەڵایەتیی و شارستانیی ئەو گەل و نەتەوەیە خۆیەتی. لێرەوە هەبوونی ڕێباز و مێتۆدۆلۆژییەکی تایبەت و نەتەوەیی بۆ مێژوونووسیی ئەدەبیاتی کوردیی کارێکی پێویست و حەتمییە، تا وەکو کورد بۆ خۆی پەیڕەویی لێبکات لەبریی ئەوەی بچێت شوێنپێی مێژوونووسانی ئەدەبی عەرەب و عەجەم هەڵبگرێت، چونکە ئەوان مێژووی ئەدەبیاتی نەتەوەکانی خۆیانیان نووسیوەتەوە، کە تایبەتە بە خۆیان و نەوەک بە خەڵکانی دیکە….مێژوونووسانی ئەدەبی کوردیمان لە پۆلێن و قۆناغبەندیی مێژووی ئەدەبی کوردییدا، لەبریی ئەوەی قۆناغی یەکەمی مێژووی ئەدەبییمان بەرنەوە بۆ لای (بابەتاهیری هەمەدانیی. سەدەی یازدەهەم) و(ئەدەبی فەهلەویات)ی ئەو سەردەمە، کە هێما و سومبولەکەی هەر بابەتاهیر خۆیەتی، بکەن بە قۆناغ و قوتابخانەی یەکەمی مێژووی ئەدەبی کوردیی، هاتوون بابەتاهیریان هێناوەتە چوارچێوەی قۆناغی ئەدەبی کلاسیکی کوردیی لە سەدەی شازدە تا نۆزدە و لە پاڵ (مەلای جەزیریی/١٥٧٩-١٦٤٠) و (نالیی ١٧٩٧-١٨٧٧) یان داناوە! بیانووشیان ئەوە بووە، کە بابە تاهیر وەکو تاقەسوار و قووچەکێکی ئەدەبیی دوور و دابراو هاتووەتە پێشچاو. بۆ ماوەی (٣٠٠- ٢٠٠ساڵ) لە شاعیر و زانا و ئەدیبانی کورد، نە لە پێش و نە لەدوای ئەو، کەسی بە دەورەوە دیار نەبووە تاوەکو درێژە بەو ڕەوت و ڕێباز و قوتابخانە ئەدەبییە بدات. هۆکاری دیار و بەرچاویش دەگەڕێننەوە بۆ نەبوونی زانیاریی پێویست و کەمیی سەرچاوە لەو بارەیەوە.
لەئێستادا بە هۆی پێشکەوتنی ژیان و زانست و شارستانییەت لە لایەکەوە، هۆشیاربوونەوە و دەستبەخۆڕاگەیشتنی نەتەوەی کوردیش لە لایەکی دیکە، هەروەها بەردەستبوونی بەڵگە و دیکۆمێنت و زانست و زانیاریی- گەلێکی فرەیش لە بواری مێژوو و زمان و ئەدەبیات و کولتووری کۆنی کوردیی، ڕێگای ئەوەمان بۆ خۆشبووە تاوەکو مێژووی ئەدەبیاتی نەتەوەییمان لەسەر بنچینەیەکی زانستیی ڕاست و گونجاو و واقیعیی بنووسینەوە. ئەمەیش بە هۆی پەیڕەوییکردن لە پرۆگرام و تیۆر و مێتۆدۆلۆژییەکی تایبەت بە مێژوونووسیی ئەدەبیاتی نەتەوەیی کورد دەبێت، جیاواز لە پرۆگرام و بەرنامەی مێژوونووسیی ئەدەبیاتی نەتەوەکانی دیکە.”
لە درێژەی پێشەکییەکەدا هاتووە: ئەم کتێبە بەشێکە لە پڕۆژەیەکی هاوبەش بە پشکداریی کۆمەڵێک توێژەر و پسپۆری بواری ئەدەبیاتناسیی کوردیی بۆ نووسینەوە و تۆمارکردنی مێژووی ئەدەبی کوردیی لەژێر ڕۆشنایی ئەم بیر و بەرنامە و لێکدانەوەیەی پێشەوە تایبەتکراوە بە بەشی یەکەم لە قۆناغی ئەدەبی کۆنی کوردیی کە بریتییە لە (قۆتابخانەی ئەدەبی پەهلەویی). بەشەکانی دواتری ئەم پڕۆژەیە تەرخان دەکرێت بۆ قۆناغ و قوتابخانەکانی دیکەی مێژووی ئەدەبی کوردییمان ..
بەشی دووەمی تایبەت دەبێت بە ”قوتابخانەی ئەدەبی گۆران”، بەشی سێیەمی تایبەت دەبێت بە ”قوتابخانەی ئەدەبی کرمانجیی”، بەشی چوارەم و کۆتاییش تایبەت دەبێت بە ”قوتابخانەی ئەدەبی بابانیی”.
*
وێڕای دەستخۆشی، ماندوونەبوونی و پیرۆزباییم لە هێژا پڕۆفیسۆر د.عوسمان دەشتی و بەشدارانی دیکەی ئەم پڕۆژەیە بە بۆنەی ئامادەکردن و چاپی بەرگی یەکەمی”مێژووی ئەدەبی کوردیی، قۆناغ و قوتابخانەکانی”، هیوادارم لە چەند ساڵی داهاتوودا شایەدی بەرهەمهاتن و بڵاوبوونەوەی بەرگەکانی تری ئەم مێژووە بین.
دەمینیتەوە ئەوە کە بڵێم منیش بە خۆشییەوە، بە وەرگێڕانی بەشی سێهەم، بابا تاهیر هەمەدانی، پیری شاعیرانی کورد، لە نووسینی دکتۆر ئارمان حوسینیی ئابباریکی؛ پشکێکی بچووکم لە ئامادەکردنی ئەم بەرهەمە بە نرخەدا هەبووە.

**