کاک ئەحمەد دەشتی یەکێک لەو کەسانە بوو کە بابەتی سیاسی و هۆنراوەی بۆ سایتی پێشمەرگەکان دەنارد.

لە بابەتەکانیدا داوای یەکگرتوویی کورد و ئازادیی کوردستانی دەکرد و ئاواتی سەربەخۆیی کوردستان بوو، کە بەداخەوە ئاواتەکەی بەدی نەهات؛ هیوادارین کوڕ و کچ و نەوەکانی سەربەخۆیی کوردستان ببینن.
بەشێک لە ئاواتەکانی کاک ئەحمەد ئەوە بوو کە کوردستان بۆ هەتایە سەربەخۆ، ڕەها و ئازاد بێت؛ کوردیش وەک هەموو گەلانی جیهان دەوڵەتێکی خۆی هەبێت. لە جێگەی هەر بۆمبێک، گوڵێک بچێنرێت. ئێمەی کوردیش بە تەواوی ببین بە خاوەن قەوارەیەکی نەتەوەیی خۆمان و لەناو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا حیساب بۆ گەلی کورد و کوردستان بکرێت. ناوبانگی گەلی کورد بە سەرکەوتنەکانەوە دەربکەوێت و ئەو هەموو مقۆمقۆیەی دوژمنانی کوردستان، واتە داگیرکەرە دڕندەکان — کە وەک هەمیشە و ئێستاش لە ئارادایە — لەگەڵ دیکتاتۆرە تازەکان و شۆڤێنییە کانیفەکانی داگیرکەران بە تەواوی لەناو ببرێن، ئیتر کەس نەبێت لە ناوەوە و دەرەوەدا بە هەنگاوی دیکتاتۆرانە و دژایەتیکردنی کوردستانەوە بڵێت ئامین!
لە لایەن ماڵپەڕی پێشمەرگەکانەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری کاک ئەحمەد دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین. ڕوحی کاک ئەحمەد شاد بێت.
دەقی هەواڵ وەرگیراو لە روداو
ئەحمەد دەشتی، کەسایەتیی دیاری شاری هەولێر، تێکۆشەری دێرین و یەکێک لە دامەزرێنەرانی ئێزگەی دەنگی کوردستان، لە تەمەنی 86 ساڵیدا لە شاری بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا کۆچی دوایی کرد.
هێمن ئەحمەد دەشتی، کوڕی کۆچکردوو، بە رووداوی گوت، ”باوکم ماوەیەک بوو تووشی هەوکردنی گورچیلە ببوو و لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی بەرلین لەژێر چاودێریی پزیشکیدا بوو. جیا لەوەش، بەدەست نەخۆشیی دڵ و چەند نەخۆشییەکی دیکەی درێژخایەنەوە دەیناڵاند، تاوەکو سەرئەنجام ئەمڕۆ لە شاری بەرلین کۆچی دوایی کرد.”
سەبارەت بە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنیشی، هێمن دەشتی ئاماژەی بەوە کرد، لە چەند رۆژی داهاتوودا تەرمی باوکی لە ئەڵمانیاوە دەگەڕێندرێتەوە بۆ شاری هەولێر و لەوێ بە خاک دەسپێردرێت.
کورتەیەک لە ژیان و خەباتی ئەحمەد دەشتی:
– لەدایکبوون: ساڵی 1940 لە شاری هەولێر.
– خەبات و پێشمەرگایەتی: بەشداری لە شۆڕشی ئەیلوولدا کردووە و یەکێک بووە لە تێکۆشەرە دێرینەکان.
– کاروانی راگەیاندن: یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی ئێزگەی دەنگی کوردستان.
– رێزلێنان: لەبەرامبەر خەبات و قوربانیدانیدا، هەڵگری (میدالیای بارزانیی نەمر) بوو.
– ژیانی تاراوگە: نیشتەجێی شاری بەرلین بوو و وەک کەسایەتییەکی دیار و ناسراوی دیاسپۆرای کوردی لە ئەڵمانیا دەناسرا.
بەشێک لە بابەتەکانی نەمر ئەحمەد دەشتی
هیچ گرفتێک گرێ کۆرە نیە و نەکرێتەوە، ئەحمەد دەشتی
کوردستانی من ، ئەحمەد دەشتی
کورد بوون ، ئەحمەد دەشتی
کوردو کوردستان، ئەحمەد دەشتی