"an independent online kurdish website

ده‌شتی ئه‌و نازناوه‌ مه‌زنه‌یه‌ که‌ له‌ سه‌ره‌تای ژیانمه‌وه‌ له‌ گه‌لی دا گه‌وره‌ و ئاشنا بووم و لێی فێربووم که‌ هه‌ر کوردبم و هه‌رگیز له‌ بوونی کورد بوون و کوردایه‌تیم بۆ خزمه‌ت به‌ گه‌ل و نیشتمانی خۆم درێغی نه‌که‌م، ahmad_deshti

تا ئه‌وکاته‌ی که‌ گیانم ماوه‌ هه‌رگیز له‌ ڕێی پاکی کوردایه‌تی لانه‌ده‌م و هه‌میشه‌ کوردستانی خۆم له‌ هه‌موو شتێک لا خۆشه‌ویستر و گه‌وره‌تر بێت و تا هه‌م پێشمه‌رگه‌ی گه‌ل ونیشتمانی خۆم بم و گیانم له‌و ڕێگایه‌دا بکه‌م به‌ قوربانی کوردو کوردستان.

من هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای ژیانی مندالێمه‌وه‌ که‌ تازه‌ ده‌ستم به‌ سیپاره‌ خوێندن لای باوکمه‌وه‌ کرد، ئه‌م چه‌ند دێره‌ هۆزانه‌ی ده‌شتی باوکم له‌به‌ر کردن، له‌وان رۆژگارانه‌وه‌ که‌‌ تازه‌ فێری ئه‌لف و بێتکه‌ی کوردی ده‌بووم و خوێندنی مه‌لایه‌تیم له‌ حوجره‌ی  باوکمه‌وه‌ ده‌خوێند و باوکم فێری کردم که‌ بخوێنم و گه‌ل ونیشتمانی خۆم خۆش بوێت و هه‌میشه‌ هه‌ر کورد بم،ئه‌وان سه‌رده‌مانه‌ی که‌ ئه‌م شیعرانه‌م له‌ به‌ر کردن و لێیه‌وه‌ فێر بووم  که‌ ته‌نیا کورد بم و کوردستانی خۆم خۆش بوێت، ئه‌و شیعره‌ی ده‌شتی نه‌مر  ئه‌مه‌ بوو،که‌ ده‌ڵێت: 

خۆم كوردم وساقیم كورد مه‌سـتی مه‌یی كوردانم

بۆ مه‌جلسی   یه‌ك ڕه‌نگی گـۆیه‌نده‌یی   كوردانم

 

زووهه‌ستن وهه‌ولێده‌ن ڕۆژكۆشش وشه‌ولێده‌ن

مۆســیقه‌یی كوردستان  بۆ گه‌وره‌یی    كوردانم

 

ڕه‌شمالی ڕه‌شـی كوردان شیروچــه‌كی تێ دایه‌

بۆ به‌ستنی  شیر و چه‌ك   نه‌وڕه‌سته‌یی كوردانم

 

ئه‌ی  ئه‌هلی جه‌فا كارم  مه‌ڕژێنن  به‌  نائومیـدی

خوێنـاوی سته‌م دیدی   شه‌رمه‌نده‌یی   كـوردانم

 

ئه‌ی قــه‌ومی پڕ ئازارم ئـه‌ی میلله‌تی  بێــزارم

تاكه‌ی  له‌ ســه‌فا دابێ  دوژمن په‌یی   كوردانم

      هه‌رله‌  سه‌ره‌تانی ژیانمه‌وه‌ که‌ تازه‌ فێری وشه‌ی کوردی ده‌بووم،رۆژانه‌ ده‌چومه‌ کتێبخانه‌که‌ی باوکم که‌ له‌ ئاوایی گوندی داره‌به‌ن بووین، ئه‌و گونده‌ خنجیلانه‌و  جوانه‌ی کورده‌واری،‌ که‌ نه‌زیکه‌ی بیست کیلۆ مه‌ترێک له‌ شاری هه‌ولێری دیرینه‌وه‌ دووره‌.باوکم مه‌لای ئه‌و گونده‌ بوو، کتێبخانه‌یه‌کی ده‌وله‌مه‌ندی هه‌بوو، هه‌میشه‌ له‌ کتێبخانه‌که‌ی خۆیه‌وه‌ ‌ موتالای ده‌کردو په‌رتوکه‌کانی له‌ ده‌وری به‌ری خۆی کۆ ده‌کرده‌وه‌و زۆر حاشیه‌و شتی به‌ سودی له‌ سه‌ر کتێبه‌کان ده‌نوسی و جارو باره‌ش به‌ خامه‌ ڕه‌نگینه‌که‌یه‌وه‌ شیعری ده‌نوسین و له‌ که‌شکۆله‌که‌ی خۆیه‌وه‌ دا تۆماری ده‌کردن، رۆژێکیان که‌ به‌هار بوو، هێشتان ساردو سڕی زستان و شه‌خته‌به‌ندی حه‌وره‌که‌ی ئاوایی داره‌به‌ن و چلووره‌ی سه‌رسوانده‌کانی ناو ماڵان هه‌ر مابوو، داوام له‌ باوکم کرد باوه‌گیان روخسه‌تم ده‌ده‌ی که‌ بچمه‌ سه‌ر حه‌ور له‌ گه‌ل هه‌ڤالانم خشخشۆکانی له‌ سه‌ر  حه‌وری داپۆشراو به‌ شه‌خته‌وه‌ بکه‌م ، باوکم گوتێ هه‌وا سارده،‌ سه‌رمات ده‌بێت،وه‌ره‌ لام ڕونیشه‌ و کارم پێته‌ که‌ ئه‌م شیعره‌ له‌ به‌ر بکه‌یت چاکتره‌ که‌ به‌م سه‌رمایه‌ بچیته‌ خشخشۆکانێ وسه‌رات ببێت، منیش یه‌کسه‌ر چووم بۆ لای باوکم، که‌ له‌ حه‌وشه‌که‌ی ئه‌ولاوه‌ی ماله‌که‌مان له‌ حوجره‌ی کتێبخانه‌که‌ بوو،‌ باوکم به‌‌ ته‌نیایی له‌ حوجره‌که‌یه‌وه‌ هه‌میشه‌ به‌ ته‌نیانن موتالا ده‌کرد، که‌چووم رونیشتم  پێی گوتم ده‌بێ ئه‌م شیعره‌ به‌ ته‌واوی له‌ به‌ر بکه‌یت وبۆ دۆست و براده‌رانی خۆشت بیخوێنیه‌وه‌، منیش چه‌ند جارێک گوێم له‌ باوکم ڕاگرت و که‌ به‌خۆی  زۆر به‌ئارامی شیعره‌که‌ی بۆ ده‌خوێندمه‌وه‌، پاشان له‌ گه‌ل باوکم شیعره‌که‌م چه‌ند جار دوباره‌ ده‌کرده‌وه‌،وازم لێ نه‌هێنا تا به‌ ته‌واوی شیعره‌که‌م له‌ به‌ر کرد و فێری بووم، ئه‌وسا چه‌ند جارێک بۆ  باوکم دووباره‌ کرده‌وه‌و و خوێندمه‌وه،‌ ئه‌وکات دیسان  فه‌رمووی ئه‌م شیعره‌ بۆ هه‌ڤال و دۆستانت بخوێنه‌وه‌و له‌ بیریان نه‌که‌ی با بۆ هه‌میشه‌  له‌ به‌رت بمینێت. منیش ‌ گوێرایه‌لی په‌یڤه‌ بڵنده‌کانی ده‌شتی باوکم بووم و گه‌لێ جاران له‌ ناو فه‌قێیان و له‌ حوجره‌ و مه‌جلیسانیشدا ئه‌م هۆزانه‌م ده‌گوته‌وه‌، به‌ ئاوازێکی تایبه‌تی وه‌ک سرودی نه‌ته‌وه‌یی ده‌مخوێنده‌وه‌‌، وام لێ هاتبوو خووێکی زۆرم به‌م هۆزانه‌ی باوکمه‌وه‌ و گرتبوو له‌ گه‌ل هه‌ندی هۆزانی تر وه‌ک چه‌ غه‌وغایه‌ ئیمرۆ و ….. موژده‌ ئه‌ی دل و…… ئه‌ی سه‌روی حه‌یاتم و……  بۆ نوسره‌تی بارزان و… هه‌ندێکی تر له‌ هۆزانه‌کانی ده‌شتیم گه‌لێ به‌لاوه‌ خۆش بوون و هه‌مووم له‌ به‌ر کردبوون، به‌ تایبه‌ت هۆزانی ….خۆم کوردم و ساقیم کورد ….که‌ هه‌ر له‌ ئاسۆی ماناکانی ئه‌م هۆزانه‌‌وه‌ بوو،من فێری ئه‌وه‌بووم که‌ تا ده‌مرم هه‌رکوردبم و هه‌رگیز له‌ ڕێی خاک و نه‌ته‌وه‌که‌ی خۆمه‌وه‌  لانه‌ده‌م و قه‌ت خیانه‌ت له‌ گه‌ل و نیشتمانی خۆمه‌وه‌و نه‌که‌م و هه‌رده‌م خزمه‌تگوزاری گه‌ل و نیشتممان و دڵسۆز به‌ کوردستانی خۆم بم، هه‌ر بۆیه‌ش بوو که‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای شۆڕشی ئه‌یلولی مه‌زنه‌وه‌ بووم به‌ پێشمه‌رگه‌ی کوردستان و پیوه‌ندیم به‌ شۆڕشه‌وه‌ کرد و تا‌ ئه‌مرۆش  بۆ هه‌تایه‌ خزمه‌ت به‌ خاک ونه‌ته‌وه‌که‌ی خۆمه‌وه‌ ده‌که‌م و هه‌ر پێشمه‌رگه‌ی کوردستانم،هه‌موو هیوایه‌کم وه‌دی هاتنی مافه‌ ره‌واکانی گه‌لی کوردو بوونی ده‌وله‌تێکی سه‌ربه‌خۆیی کوردستانه‌،‌ هه‌رله‌وده‌مانه‌وه‌ه‌میشه‌یه‌که‌م‌کۆپله‌ی‌ئه‌م‌هۆزانه‌م‌ده‌گوته‌وهئێستاش هه‌ر ده‌یلێمه‌وه‌ وله‌به‌رم ماوه‌‌، تا ئه‌مرۆش ئه‌م  چه‌ند دێره‌ شیعره‌ی ده‌شتی نه‌مر هه‌رگیز له‌ یاد ناکه‌م که‌ ده‌لێت: 

خۆم كوردم وساقیم كورد مه‌سـتی مه‌یی كوردانم

بۆ مه‌جلسی   یه‌ك ڕه‌نگی گـۆیه‌نده‌یی   كوردانم

زووهه‌ستن وهه‌ولێده‌ن ڕۆژكۆشش وشه‌ولێده‌ن

  مۆســیقه‌یی كوردستان  بۆ گه‌وره‌یی  كوردانم 

ڕه‌شمالی ڕه‌شـی كوردان شیروچــه‌كی تێ دایه‌

بۆ به‌ستنی  شیر و چه‌ك   نه‌وڕه‌سته‌یی كوردانم

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی