"an independent online kurdish website
  • پێشەکی.  پێناسەیەک لە سەر یادی 2 ساڵەی شۆڕشی ژینا.

 

  • دوو ساڵ لە تێپەڕبوونی شۆڕشی ژینا و بێهەڵویستیی وڵاتان لە ئاست نەتەوەی کورد و کوردستان.
  • ژینا کێ بوو، چۆن شەهیدکرا و بۆچی شەهیدکرا؟
  • دەبێت نەتەوەی کورد و کوردستان چی بکات بۆ قۆناغی داهاتوو.
  • ڕاگواستنەوەی پارتە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
  • دروسکردنی ناکۆکی لە نێوان خەڵک و لایەنە سیاسییەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی نیشتیمان.
  • هەرێمی کوردستان و ناکۆکی و  لاوازی نێوخۆیی.
  • کار بۆ کۆنگرەی ڕاوئژی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بەشداری لایەنە سیاسییەکان.
  • سەردانی پزشکی بۆ ئێراق و هەرێمی کوردستان.

پێشەکی

مێژووەکان خێرا تێپەڕ دەبن، بەڵام بەدەستهێنانی مافەکان زۆر بە خاوی تێ دەپەڕێت. نەتەوەی کورد و کوردستان خاوەنی مێژوویەکی هەزاران ساڵەی پڕ لە کارەسات و ڕووداوە. بە گێڕانەوەی هەر کام لەو مێژووانە بە دەیان پەڕتووک و ڕۆمانی جۆراوجۆر لەخۆ دەگرێت. لێرەدا بە کورتی ئاماژە بە تێپەڕبوونی  دوو ساڵ بە سەر شۆڕشی ژینا ئەمینی دەکەین کە چۆن وا بەپەلە مێژووەکە تێپەڕی و دیسانەوە شایەتی کۆمەڵێک ئاستەنگی نۆیی سەر خەباتی ڕزگاریخوازیی کوردستانین، و هەروەها بێهەڵویستی بەناو چاودێرانی مافی مرۆڤ بووین. هەروەها تا ئێستاش شایەتی یەکنەبوونی ماڵی کوردین.

ژینا کێ بوو، چۆن شەهیدکرا و بۆچی شەهیدکرا؟

لە ڕێکەوتی ١٣سەپتەمبەری ٢٠٢٢ی زایینی، کەنیشکە کوردێکی تازەپێیگەیشتوو، دڵخۆش بە ژیانی لاویەتی و پێشکەوتن و خوێندن، بە ناوی “ژینا ئەمینی” کە دەیانەویست بە زۆر و بەبێ ویستی باوک و دایکی، ناوەکەی بکەن بە مەهسا. “ژینا”ی جوانەمەرگ بە مەبەستی سەردانی ماڵی پوری، واتە خۆشکی دایکی ، هەروەها خۆئامادەکردن بۆ دەستپێکردنەوەی زانکۆ و کڕینی پێداویستییەکانی پێش زانکۆ، لە گەڵ باوک و دایکی لە شاری سەقزی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە سەردانی شاری تارانی پایتەختی ئێرانیان کرد. بەڵام هەر لە ئێزگەی شەممەندەفەری پایتەختی ئەو وڵاتە دیکتاتۆرە، درایە بەر لێدانی دڕندانەی “باتۆم”ی دەستی پۆلیسە سەرکوتکەرەکانی ئێران، کە ناسناوی پۆلیسی پاراستنی ئاکار و ئەخلاقیان لێ نراوە. بەهۆی ئەو لێدانە دڕندانە و هۆڤانەیە، سەر و مێشکی ژینا لەتمەی کاریگەر لێ کەوت و دوای ٣ ڕۆژ مانەوە لەژێر چاوەدێریی چڕوپڕی پزشکانی نەخۆشخانەی تاران، مخابن دوای٥٠ کاتژمێر بە سەر کارەساتەکە، واتە لە ١٦سەپتەمبەری ٢٠٢٢ “ژینا”ی کوردستان جوانەمەرگ کراو گیانی بەخشی. مەرگی ژینا بوو بە هەڵگیرسانی بۆرکانی ژێر خوڵەمێش و بڵێسەی شۆڕشێکی گشتی، کە  لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەری هەڵدا و لە جیهانەوە شەوقی دایەوە.

کاردانەوەی لە ئاست ناوخۆییی کوردستان و ئێران

وەک بینیمان لە سەرانسەری شار و ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، وەک شۆڕشی نەتەوەیەکی بندەستی ڕزگارییخواز و ئازادیخواز، لە ئاست شەهیدکردنی کچە کوردێک لەلایەن پۆلیسی ئێرانی داگیرکەرەوە سەریهەڵدا. کارەساتی شەهیدکردنی ژینا بێجگە لە هەستانەوەی ورەی خەڵکی کوردستان لە بەرانبەر ئێران، هاوکات بوو بە هۆکاری شۆڕشێکی ئازادیخوازی لە ئاست سەرانسەری ئێران و کوردستان، هەروەها کوردانی تاڕوگەو و ئێرانییەکانی جیهانی هێنایە سەر شەقام و، شەقامەکانی جیهانی بە کوردستانی هەژاند و جیهانی ڕاچڵەکاند. لە زۆربەی شار و ناوچەکانی ئەو جۆغرافیایەی کە ئەمڕۆ پێی دەوترێت ئێران، شۆڕش و ڕاپەڕین دەستی پێ کرد. زیاد لە ٦٠٠ کەس شەهید کران، بە دەیان کەس لە مانگەکانی پاش دەسپێکی ئەو شۆڕشە بە تۆمەتی بەشداریی چالاکانەیان لەسێدرارە دراون. هێندێکیشیان تاکوو کاتی نووسینی ئەم وتارە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپاوە، چاوەڕێی جێبەجێکردنی ئەو سزا داسەپاوەن بەسەریاندا و لە هەر ساتێکی نادیاردا ئەگەری جێبەجێکردنی ئەو سزا ناڕەوایە لە ئارادیە، کە ڕێژیمی ئێران بەبێ ئاگاداری بنەماڵەکانیان جێبەجێی دەکات. هەروەها بە هەزاران کەس بریندار و کەمەندام کران، بە هەزارانی دیکەش ڕاپێچی بەندیخانەکان کران و بە هەزارانیش بەردەوام بە ناچاری بۆ ئەوەی نەکەونە بەندیخانەکانی ئێرانەوە، ڕێکەی هەندەرانیان گرتە بەر.

زۆر جاری بە مەبەستەوە هەوڵ دەدرا ناوەڕۆکی ئەو شۆڕشە کە کاراکتەرەکە و خەڵکەکەی کورد و کوردستانی بوون، بگۆڕن بە شۆڕشێکی گشتی پۆشینی لەچک و سەرپۆش و فێمێنیستی. واتە هیچ  مارکەو پێناسەیەکی مافویستیی نەتەوەییی کورد و کوردستانی پێوە نەهێڵن، لە کاتێکدا لە تەواوی شۆڕشەکانی پێشتر و ئێستای کوردستانیش مافەکانی ژنان و ئازادیی گشت کۆمەڵگە، بەشێکی سەرەکی بەرنامە و کارنامەی لایەنە سیاسییەکانە.

کاردانەوەی لە ئاست دەرەوەی وڵات، ئاکامەکەی و مانەوەی ڕێژیم.

لە زۆربەی پایتەختی وڵاتانی ئازادیخوازی جیهانیش بۆ پشتیوانی لە خەڵکی ڕاپەڕیوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەگشتی، خۆپێشاندان و ڕێپێوان و کاروباری دیپلۆماسی بە چڕوپڕی بەڕێوە چوو. لە مانگە سەرەتایییەکانی گەرمەی ئەو شۆڕشەدا پەیتا پەیتا هەواڵی سزادانی کەسان و دەزگاکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لەلایەن پەرلەمانی وڵاتان و یەکیەتیی ئورووپا و ئەمریکا بڵاو دەکرانەوە. بەو شێوە وا چاوەڕوان دەکرێت کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەتەواوەتی لە پەلوپۆ بخرێت و لەناکاو لە ئاست ناوخۆ و دەرەوە پتەپێت.

بێهەڵویستیی زلهێزان و وڵاتانی باڵادەست لە ئاست نەتەوەی کورد و کوردستان

لە مێژساڵە کە نەتەوەی کوردو کوردستان، وەک تاکە گەورە نەتەوەیەک بە قەوارە و بە مێژوو لە ناوچەکانی خۆرهەڵاتی ناڤین، لەمەڕ سیاسەتی دیکتاتۆرانەی حاکمانی ناوچەکە بە بندەستی ماوەتەوە و،  بووەتە قوربانیی بەرژەوەندیی زۆربەی زلهێزانی جیهان. ئەگەر کات و ساتانێشکیش خۆیان بە دۆستی نەتەوەی کورد نیشان دابێت، تەنیا لایەنی مرۆیییەکەی بووە، ئەویش لە ڕیگەی ڕێکخراوە خێرخوازەکانیان بۆ گەیاندنی لایەنی لۆجیستیکی، بەڵام هەرگیز لە لایەنی سیاسی و دیپلۆماسییەوە ئامادەیییەکی وایان پێشان نەداوە کە ڕێخۆشکەر بێت بۆ بەدەستهێنانی مافی ڕەوای نەتەوەی کورد و خەڵکی کوردستان، کە ڕزگاریان ببێت لەژێر چنگی داگیرکەران. لە کاتێکدا پشتیوانی لە زۆر نەتەوەی بچووکتر لە ئاست جیهاندا بۆ سەربەخۆیی کراوە.

لە پاش شەڕی دووهەمی جیهانییەوە تاکوو ئێستا، بە پشتیوانی و بەرژەوەندیی زلهێزان زیاد لە ١٠٠ نەتەوە و وڵاتانی ناوچەکانی ئوروپایی و ئاسیایی و ئەفریقایی، کە ژمارەی پێکهاتە و قەوارەی پانتاییی جوگرافیاشیان لە نەتەوەی کورد و خاکی کوردستان کەمتر بووە، بەڵام کیانی سەربەخۆی خۆیان بۆ گەڕاندوونەتەوە. بەشێک لەوان کۆمارەکانی ناو یەکیەتیی سۆڤیەتی پێشوو لە ساڵی ١٩٩١ بۆ سەرەوە، بەشێک لە نەتەوەکانی نێو جوگرافیای یوگسڵاڤیا و باشووری سوودانیش، لە ٢٠٠٠ بۆ سەرەوە کرانەوە بە وڵاتی سەربەخۆ و خاوەن بڕیاری خۆیان. لە کاتێکدا بە دانپێدانانی مێژوونووسانی جیهانی، نەتەوەی کورد نزیک بە ٢٨٠٠ ساڵ تەنیا بە مێژووی زیندووی حوکمداری و ژیانیان لە ناوچەکانی خۆرهەڵاتی ناڤین هەیە، وەک نموونەی مادەکان و مێزوپۆتامیا و دەوڵەتشارەکانی حوکمڕانیی *دوو ڕووباڕ* بەر لە مادەکانیش. واتە کورد نەتەوەیەکی کەمینەوە شاراوە و بێ مێژوو و ڕەچەڵەک نین. لە کاتێکدا لە زۆربەی خاڵ و مادەکانی ئامادەکراوی سەر کاغەز و شاشەکانی جاڕنامەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەو مافانە بە نەتەوەیەکی وەک کورد ڕێگەپێدراوە، بەڵام لەبەر مامەڵە و سەودای گاز و نەوت و ئاو بە کردەوە لێێ بێبەش کراوە. یان لە هەرکام لە وڵاتانی ئەمریکایی و ئورووپایی و ئوسترالیایی و بەشێک لە ئاسیا و خۆرهەڵاتی ناڤین، پرسیار بکەی لەسەر چۆنیەتیی دەسەڵات و حکوومەتی ئێرانی، لە وەڵامدا بەبێ هێچ بیرکردنەوەیەک پێمان دەڵێن کە ئێران ڕێژیمێکی دیکتاتۆر و مەترسیدارە، کەچی هیچ کات ئامادە نین پاڵپشتی لە نەتەوەی ئێمە بکەن تاکوو لەژێر چنگی ئەو ڕێژیژیمە داگیرکەرە دیکتاتۆرە ڕزگارمان بێت.

دەبێت نەتەوەی کورد و کوردستان چی بکات بۆ قۆناغی داهاتوو.

ئیتر سەلمێندراوە کە ئێمەی کورد نابێت هەرگیز بە خەیاڵ و پشتیوانیی دەرەکی، خەون بە سەربەخۆیی و ڕزگاریی خۆمانەوە ببینین. پێویستە بۆ خۆمان شێوەی خەباتمان کە دەیان ساڵ پێش لەژێر ناوی ئۆتۆنۆمی و فیدراڵی و پێکەوەژیانی ئاشتییانە بەڕێوە بردووە، بەڵام هیچ وەڵامێک و پشتیوانییەکی ناوخۆیی فارسی ئێرانی و دەرەکیشمان وەرنەگرتووە. کاتی لەمێژە هاتووە کە شێوەکەی بگۆڕین بۆ خەبات لە پێناو دەوڵەتی سەربەخۆییی یەکجاری.

هیچ بیر لەوە نەکەینەوە کە ئەم جۆرە خەباتە لە ئاست نێودەوڵەتیدا پشتیوانی لێ ناکرێت، بەڵام بە زیاد لە ٨٠ ساڵ خەبات بۆ ئۆتۆنۆمی و فیدراڵیش، کام وڵاتی دەرەکی پشتیوانیمانی کرد بۆ بە دەستهێنانی؟ یا کام لایەنی دەسەڵات و ئۆپۆزۆسیونی ئێرانی پەسەندی کردووە.

چیی دیکە نابێت خوێنی ڕۆڵەکانی نەتەوەی ئێمە لە پێناو گوایە ئاشتی و ئارامیی جوگرافیایەکی دەستکرد و دروستکراو بڕژێت و، نەتەوەی حاکم کەڵکی لێ وەرگرێت و بەردەوام لەسەر حوکمی ڕەگەزپەرەستی خۆی بمێنێتەوە.

پێویستە نەتەوەی ئێمە بۆ خۆمان خەبات بەدەستهێنانی سەربەخۆیی و وەدەرنانی داگیرکەر بکەین، بە ئەمری واقیعی و کرداری. ئیدی لەو کاتەدا هەر وڵاتێک بۆ خۆی بەرژەوەندی لەو سەربەخۆییەدا بینێتەوە دێتە پێشەوە. بێگومانیش ئەو بەرژەوەندییەی کە تاکوو ئێستا ئەو وڵاتانەی کردووەتە پاسەوانی مانەوەی وڵاتانی داگیرکەر، هەر نەوت و گازەکەیە کە بەشێکی هی خەڵکی کوردستانە و لەسەر خاکی کوردستانە، لەو کاتەشدا نەتەوەی خاوەن ماڵ دەتوانێت خاوەنداریەتی بکات و سەدوای نێودەوڵەتی پێوە بکات

مەترسی دەزگا ئەمنییەکان. لە ساڵیادی شۆڕشی ژینا.

لە چەند ڕۆژ و مانگی شؤڕشی ژینا لە خۆرهەڵاتی کوردستان، بەشی زۆری شەقام و شوێنە گشتییەکانی شارو ناوچەکانی کوردستان، نە ڕۆژ دەکەوتنە دەستی خەڵک. ئەمەش بە تەواوی ترس و خۆفی خستوونە نێو دڵی ڕێژیم. هەر بۆیە هێزێکی زۆری سەرکووپی هەم ناخۆیی و هەم لە میلیشیا دەرەکییەکانی ئیراق و لوبنانی هێنایە سەر خەڵکی ڕاپەڕێوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە بێبەزیانە دەستیان لە شەهیدکردن و بریندارکردنی خەڵک نەدەپاراست. بگرە دواتریش بە درۆن و مووشەک ( هاژەکی) درێژ مەودا بنکەو بارەگا و ئۆردووگا سیڤیلەکانی پارتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی، نیشتەجێ لە باشووری کوردستان بۆمبارانکرد.

ڕاگواستنەوەی پارتە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

ڕێژیمی داگیرکەری ئێرانی، باش لەوە تێگەیشتووە شۆڕشگێرانی ناچاری دوور لە نیشتیمان، وەک ڕەگ و خۆێن گرێدراون بە جەماوەرەکەیانەوە لە ناوخۆی نیشتیمان، هەر بۆیە بە هاژەک و درۆنباران وازی نەهێناوە. بگرە بە ڕێکەوتنی ئەمنی لە گەڵ دەسەڵاتی بەغدا بڕیاری ڕاگوازتنی شوێنی نیشتەجێبوونیان لە ناوچەکانی باشووری کوردستان داوە. ئەو ڕێژیمە مێشك ئاڵۆزە، لە باتی دۆزینەی ڕێگەی چارەی  لانیکەمی مامناوەندی بۆ پرسی کورد، بیری لە ڕێگەی نەزانانەی دیکە کردووەتەوە. وا دەزانێت بە ڕاگوازتنەوەی بنکەو  ئۆردووگاکان، هزرە نیشتیمانییەکان لە بەین دەدات. نازانێت بەو کردارە  ناڕەوایەی بیری نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی نیشتیمان، پەرەسەندنی زیاتری بە شوێن خۆیدا دێنێت. خۆیان باش دەزانن کە لانیکەم لەو ٤٦ ساڵە شوومەی سەردەمی دەسەڵاتی ئەوان، لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بە دەیانجار بنکەو بارەگایان گوازراوەتەوە، یا بەر بۆمبارانی ئەوان کەوتووە، بەڵام بۆ چرکەساتێکیش خەباتی نەتەوەیی ڕا نەوەستاوە.

ئەم جۆرە ڕێکەوتننامەیەی بەغداو تاران بۆ ڕێگری لە خەباتی نەتەوەیی کوردستان، یەکەمجار نەبووە، هەم هەمانشێوە لە ساڵی ١٩٧٥ بە مەبەستی داماڵینی خەباتی چەکداری باشووری نێشتیمان بە دژی پارتی دیمۆکراتی کوردستان ڕێکەوتنامەیەکی لە مەی ئێستا گەورەتر، لە ژێر ناوی رێکەوتننامەی جەزائیر واژۆکرا. حکوومەتێ ئەوکاتی ئێراق، لە بەرامبەر ڕاگرتنی شۆڕشی باشووری نیشتیمان چەندین تەپ و دەریای خۆی بە حکوومەتی شاهەنشایی ئیران بەخشی. بەڵام هەر چەند مانگێکی تێنەپەڕاند کە دیسانەوە ڕێکخستنەکانی پ د ک کەوتنەوە جووڵە و شۆڕشەکە دیسانەوە چڕۆی کردووە، پارتەکەش ئێستا خاوەنی کیان و دەسەڵاتە هەر لەو بەشەی کوردستان.

بە دڵنیاییەوە ئەم دۆخەی ئێستاش بۆ ڕۆژهەڵات درێژخایەن نابێت، و لەوانەی سەرکەوتنی گەورەشی بە شوێندا بێت.

دروسکردنی ناکۆکی لە نێوان خەڵک و لایەنە سیاسییەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی نیشتیمان.

یەکێکی دیکە لە مەبەستەکانی گوازتنەوەی  بنکەو بارەگا و ئۆردووگاکانی لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و، بنەماڵە سیڤیلەکانیان، لە شوێنێکەوە بۆ شوێنی دیکە، مەبەستیانە لەو کارەدا لە لایەن هێندێک لایەنی باشووری نیشتیمان وەک جێبەجێکاری بڕیارەکانی بەغداو ئێران ئەرکدار بکەن. بۆ ئەم مەبەستەش دەیانەوێت شەڕێکی دەروونی لە نێوان خەڵک و لایەن سیاسییەکانی هەردوو بەشی داگیرکراوی نیشتیمان دروست بکەن. کە بە داخەوە لە چەند حەتووی پێشوودا دیتمان کە لایەنێک زۆر بە پەلە دەستیدایە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی بەغداو ئێران و، هەر سێ لایەنی کۆمەڵەیان لە شوێنەکانیان گوازتەوە بۆ ئۆردووگای زۆرە ملی. ئەوەش دەنگدانەوەیەکی زۆری میدیایی و، گلێی  کۆمەڵایەتی نێوخۆیی کوردستانی بە شوێندا هات. هەر بەوەش کۆتایی نەهات کە ٢ لاوی ڕۆژهەڵاتی نیشتیمان نیشتەجێ لە باشووری کوردستان، ڕادەستی هێزە سەرکووپکەرەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران درایەوە. کاربەدەستانی ئێرانیش بەردەوام  ئەو کەسانە لە میدیاکانیانەوە پێشان دەدەن و ئاژاوە دەخەنە نێو ماڵی کوردەوە.

هەرێمی کوردستان و ناکۆکی و  لاوازی نێوخۆیی.

هیچ شاراوە نییە کە هەرێمی باشووری نیشتیمان کە لە ساڵی ١٩٩١ تا ئێستا بە قۆناغی جوارجۆر نیمچە سەربەخۆییان لە دەسەڵات و ئیدارەکردنی ئەو خاکەدا هەبوو. لە نێوان ١٩١١ تا ٢٠٠٣ لە قۆناخی شەڕی ناوخۆیی و ئاستەنگی ئابووری ئیدارەکەیان بە ڕێوە دەبرد.  لە ٢٠٠٣ بۆ سەرەوەش بە گۆڕانکاریی نۆێتر و ئاوەدانی زیاتر ئەو قۆناغەش تێپەڕکرا. کە بە هاتنە کایەی شەڕی داعش و ئاستەنگی فرۆشتنی نەتەوەیی و نێوخۆیی و ئابووری ئازاد. کۆسپەکان بۆ سەر ئیدارەی هەرێم زیادیکرد. دواتر بە ناو دادگای فیدراڵی چەندین ئاستەنگی درووستکراو لە ژێر ناوی یاسادی فیدراڵی  زیادکرا، ئەو بەشەی باشووری نیشتیمان بەرگەی ئەو هەموو ناخۆشیانەی گرت. بەڵام نەخۆشییەک کە زۆر زۆر کووشەندەیەو، ڕۆژانە لە پەیکەری نیشتیمانی دەپووکێنێتەوە ناکۆییە ناوخۆییەکانە. ئەوەش بووەتە هۆکاری ئەوەی کە لەو کێشە ناوخۆییانە دەسەڵاتی تاران وبەغدا بە ویستی خۆیان کەڵکی لێوەردەگرن.

کار بۆ کۆنگرەی ڕاوئژی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بەشداری لایەنە سیاسییەکان.

وەک هەموو لایەکمان ئاگادارین کە دۆخی کاروباری سیاسی پارت وڕێکخراوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی نیشتەجێ لە باشووری نیشتیمان کەوتووەتە بوارێکی ەژوارەوە. لە ژێر فشار و ڕێکەوتنامەی هەردوو حکوومەتی ئێران و ئێراق،  ئاستەنگی و کۆسپێکی  زۆر خراوەتە سەر گشت لایەنە سیاسییەکان، بۆ ڕێگری لە خەباتی سیاسی لە سەر خاک و سنوورە دەستدروووستەکان . کەوابێت بۆ دەربازبوون لەم دۆخە نا لەبارە و بۆ دۆزینەوەی ڕێگە چارەیەکی گوونجاوی سیاسی و نەتەوەیی. پێویستمان بە گرێدانی کۆنگرەیەکی فراوانی ڕاوێژییە، لە پایتەختی یەکێک لە وڵاتانی خاوەن ئەزموون و دیاری نێودەوڵەتی، بۆ لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی نیشتیمانی و کەسانی شارەزای بواری سیاسەتی نێودەوڵەتی. لە ژێر ناوی  ( کۆنگرەی ڕاوئژی ڕۆژهەڵاتی کوردستان). کە لەو کۆنگرەدا بتوانرێت لێژنەی دێپڵؤماسی هاوبەش درووستبکرێت، کە لە ئاست کاروباریی نێوخۆی کوردستانی و نێودەوڵەتی پێکەوە بە (یەکبڕیاری) کاری لە سەر بکرێت. بە دڵنیایەوە ئەو کارە هاوبەشە هەم لە ئاست ناوخۆی وڵات و هەم لە ئاست وڵات و ڕێکخراوەکانی بێیانی و نێودەوڵەتیەکان، بە باشی پێشوازی لێدەکرێت و گۆیمان بۆ ڕادەگیرێت.

من وەک خزمەتکارێکی ڕزگاری نیشتیمانی نەتەوەکەم، ئامادەم یەکێک بم لەو کەسانەی کە: کار بۆ ڕێکخستن وئامادەکاری بنەغەی ئەو کۆنگرەیە بە ئەستۆ بگرم.

سەردانی پزشکی بۆ ئێراق و هەرێمی کوردستان.

مەبەستی سەرەکی سەردانی سەرۆککۆماری تازەی ئێران مەسعوود پزشکیان بۆ ئێراق و هەرێمی کوردستان، هەر هەمان پڕۆژەیە کە ئیبراهیم رەئیسی بەرنامەڕیزی بۆ کردبوو کە سەردانی ئێراق بکات، بۆ هێندیک خاڵی سەرەکی ئابووری و ئەمنی. کاتێک ئەو کوژرا درێژە بە پڕۆژەکەی لە لایەن پزشکییانەوە درا، هیچ شارەوە نییە کە کۆماری ئیسلامی ئێران لە بواری ئابووریی و دێپڵؤماسیەوە بە تەواوی تەپیوە. لە هاتنە سەرکاری پزشکیانەوە پێچەوانەی چاوەڕوانییەکان، بەڵام  نرخی سەد دۆلار، لە پێنج ملێون تمەنەوە، زیادی کرد بۆ ٦ ملوێن. بۆ خۆیان باش دەزانن کە ئێراق تەنیا وڵاتێکە کە ئێران بتوانێت سەرمایەگووزاری تێدا بکات و، لەو ڕێگەشەوە بتوانێت دولارە هاتووەکانی ناو ئێرراق بگوازێنەوە بۆ نێو بانک و بازاڕەکانی ئێران. وڵاتانی دیکەی هاوئاوازی وەک سوریا و لوبنان لە ئێران خراپترن لە بواری ئابوورییەوە، کەوابێت تەنیا ئێراقی بە دەستەوە ماوە.

ئەمەش وا پێشان دەدرێت کە ئیران لە ئاست نێودەوڵەتیدا دەرگای گەشە سەردنی ئابووری بە سەردا داخراوە. ئەو ڕێژیمانەی کە دەکەونە ئەو بوارەوە بەرەو کۆتایی تەمەنیان ئامادە دەکرێن. ئەگەر دێپڵۆماسی ژیرانی هاوبەش پێکبهێنرێت دەتوانرێت کاریگەری لە سەر وڵاتانی دژە ئێران هەبێت.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی