"an independent online kurdish website

بۆ کێ دەنووسی، پرسیارێکی گرنگە.  گەر کتێب کاڵا بێ، خاوەن کاڵا دەبێ بزانێ کڕیار کێیە!  وەرزێر  پەتاتە و پیواز بۆ بازاڕ و کڕیار، بەرهەم دەهێنێ! کتێب پەتاتە و پیواز نییە، لێ بۆ کەسان بەرهەم دەهێندرێ، گەورە و بچووک، پیر ولاو، ژن و پیاگ، ئەم گرووپ و ئەو گرووپ، ئەم توێژ و ئەو توێژ!

نووسەری ڕۆمان وڵامی ئەم پرسیارە دەداتەوە کە بۆ کێ و کام گرووپی کۆمەڵگا دەنووسێ. وەشانخانە بە وردی خوێنەری کتێب و  نووسەرەکانیان لە بەرچاو دەگرن و زۆربەیان لە نووسەران داوا دەکەن کە چۆن بۆ خوێنەری جێگای مەبەست بنووسن. ئەوەش قانوونی بازاڕە و کاڵایە!

ئەمە نەک بازاڕی کتێب، بازاڕی سینەما، ڕادیۆ، تەلەڤیزیۆن و سەرجەم مێدیا و سۆسیال مێدیا دەگرێتەوە. ئەوەش بەو مانایە نییە، وڵامی ئەم پرسیارە نەدرێتەوە کە نووسەر خۆی  کێیە و بۆ کێ دەنووسی؟ ئایا هەر نووسەر، فەیلەسووف و زانستپێشە بۆ بازاڕ دەنووسن؟

هێندێک نووسەر بە مەبەست بۆ کەسان و توێژ و گرووپی جێگای نەزەری خۆیان، دەنووسن و لە ڕێگای کتێب و نووسینەکانیانەوە لە گەڵ ئەم توێژە گرێدەدرێن. هێندێک بە مەبەست بۆ گرووپێکی تایبەت نانووسن، بەڵام خوێنەری تایبەت بە خۆیان پەیدا دەکەن. ئەوەش زۆربەی ئەو نووسەرانە دەگرێتەوە کە لە بازنەیەکی تایبەت بە خۆیاندا دەخولێنەوە، چ وەک بابەت، چ وەک ژانر و چەشنی ئەدەبی.

ئەو نووسەرەی خۆی بە شیعر، چیرۆک، ڕۆمانەوە، خەریک دەکات و ئەویتر لە بواری وەک شانۆ، سینەما، فەلسەفە، هونەر، مێژوو، فەرهەنگ و زانست دەنووسێ، خوێنەری خۆی پەیدا دەکات.

بێرتۆلت بڕێشت دەیگوت: “نووسەر ناتوانن بەو خێرایییەی دەوڵەتەکان شەڕ ساز دەکەن، بنووسن. نووسەر دەبێ بیر بکاتەوە!”. لە سەردەمی ئێستا کە خوێندنەوەی کتێب بە گشتی ڕوو لە کەمی دەدات و منداڵ و لاو کەمتر ڕوو لە خوێندنەوە دەکەن و خۆیان لە بێژمار پلاتفۆڕمی ئینترنێتدا دەبیننەوە و زۆربەی کاتی شەو و ڕۆژیان لە بەر سمارتفۆن و تابلێت تێدەپەڕێ،  خێرا خێرا نووسین و ڕووکەشی تێڕوانین و بەشداربوون لە تێگەیشتنی گشتی، بۆتە نۆڕم. ئەوە دایک و باب و گەورەکانیش دەگرێتەوە، کە بەردەوام کاتیان بە پلاتفۆڕمەکانەوە دەرباز دەبێت و نیاز بۆ خوێندنەوە نابینن!

ئەمڕۆ ئەم پرسیارە گرنگتر دەبێتەوە کە نووسەر بۆ کێ دەنووسێ؟ ئایا نووسەر دەبێ خێرا خێرا بنووسێ و بڵاوی کاتەوە؟

گونتر گاو، ژۆڕنالیست لە گونتر گراسی شاعیر و ڕۆماننوسی پرسێ: ” بۆچی چەند ساڵە هیچت نەنووسیوە، ئایا خوێنەرەکانت لە دەست نادەی؟” گراس لە وڵامدا دەبێژێ” نووسینی دوا ڕۆمانی من چوار ساڵی خایاند!”

نووسین بەرهەمی بیرکردنەوە و بیرکردنەوە دژوارترین کاری مرۆڤە و کاتی گەرەکە، بە پێچەوانە فرۆشیار بە پێی ویستی بازاڕ  خێرا دەجولێنەوە.  وەشانخانە ئەو کاتە لە سەر نووسەر بۆ تەواوبوونی بەرهەمەکەی ڕادەوەستێ، کە بازاڕیان بۆ تێر بکات. ئەڵبەت ئەوە هەموو وەشانخانەیەک ناگرێتەوە و  هەیە کە خەمی گەورەیان بڵاوکردنەوەی زانیین و زانیاریی و بیروهزرە!

بە دەگمەن چیرۆکنووس، ڕۆماننووس، فەیلەسووف، نووسەری بابەتی سیاسی، ئابووریی، تەکنیک، زانست، هونەر و بواری تر، لە سۆسیال مێدیا بابەت بڵاو دەکەنەوە. سۆسیال مێدیا شوێنی خێرا خێرا خوێندنەوە و پەڕین لە سەر ئەم بابەت بۆ ئەو بابەت و ئەم لاپەڕ بۆ ئەو لاپەڕە، کە هەمووی لە چرکەساتدا تێدەپەڕێ. ئەم چرکەساتانە بیروهزری قووڵی لێناکەوێتەوە و دەرفەتی چوار ساڵە بۆ نووسینی ڕۆمان ناڕەخسێنێ. هەر بۆیە زۆربەی هەرە زۆری ئەو نووسەر و بیرمەندانەی دەنووسن، خۆیان لە سۆسیال مێدیا نابیننەوە، مەگەر ئەوەی سۆسیال مێدیا و مرۆڤی ناو سۆسیال مێدیا، ببێتە بابەتی نووسین و لێکۆڵینەوە!

بۆ کوردی بێ کیان، بێ مێدیا، بێ سیستەم  کە خۆی لە بازنەی کۆمەڵگای ئیسلام-دا دەبینێتەوە، کە کەمترین خوێنەری کتێب لە سەر گۆی زەویین، ئەم پرسیارە گرنگتر دەبێ کە نووسەری کورد بۆ کێ دەنووسێ و بۆ کێ دەبێ بنووسێ؟            بۆ خەڵک و نەتەوەیەک کە تاکەکانی لە ساڵدا سێ کتێب ناخوێننەوە؟ بۆ سیاسیی و خوێندکارانی زانستگای کە بەدەگمەن کتێبی دوور لە بواری وانەی زانستگا دەخوێننەوە؟ نووسەر دەبێ بۆ کێ بنووسێ؟

لە هەموو کوردستان هەر چوار پارچە، بە دەگمەن چاپی کتێب دەگاتە ٥٠٠٠ و تیراژی کتێب لە دەوری ١٠٠ بۆ ٥٠٠ و کەمتر لەوە دەخولێتەوە و ئێستا بە هۆی تەکنیکی خێرای چاپی کتێب، زۆر لە وەشانخانەکانی کورد، ڕێژەی چاپی کتێبیان هێناوەتە خوار٥٠ کتێب و گەر داواکار هەبوو ئەوجا کتێبەکە لە چاپ دەدرێتەوە.

٥٠٠٠ و ٥٠٠ و ٢٠٠ و ٥٠ کتێب بۆ نەتەوەیەکی سەرووی پەنجا ملیۆن، دەبێتە چی؟ بەر لە زۆربوونی سۆسیال مێدیا خوێنەری ماڵپەڕەکانی کورد لە هەفتەدا چەند دەهەزار بوو، ئەمڕۆ بە دەگمەن ماڵپەڕکان خوێنەریان هەیە.

نووسین و خوێندنەوە گرێدراوی حەز و ویستی کەسەکانە، ویست بۆ فێربوون، بۆ وەرگرتنی زانیاریی، بۆ تێگەیشتن لە  بوون و چێژ وەرگرتن لە ژیان. خوێندنەوە گرێدراویی ئاگابەخۆبوونی مرۆڤە، ئەو مرۆڤەی گەرەکی بێ لە بازنەی تەسک و ڕووکەشی تێگەیشتن، دەربازی قووڵایی تێگەیشتن لە دیاردەکان بێ.

ژیانی ڕووکەشی بەرهەمی ئۆتۆماتیسم و عادەت و دووبارەبوونەوەیە و  مرۆڤ بەرەو قووڵایی تێگەیشتن لە بوون و ژیان نابا.  مێدیا و سۆسیال مێدیای زانیاریی بەرتەسک بەخش، زۆرترین کاتی شەو و ڕۆژی مرۆڤ بە گشتی و مرۆڤی کورد بەتایبەت لە خۆ دەگرێ و ئەوەش، چۆنیەتی کۆمەڵگای کوردستان دەردەخات کە زۆرتر و زۆرتر بەرەو ڕووکەشیبوون دەکێشرێ.

مێدیا و سۆسیال مێدیای دەرەوەی کورد زۆرترین دەور و  کاریگەریی دەگێڕن بۆ ئەوەی مرۆڤی کورد لە بازنەی تێڕوانینی بەرتەسکدا بمێنێتەوە. نەتەوەیەک کە تاکەکانی دوور لە زانیاریی بۆ تێگەیشتن لە خۆی و سەردەم بمێنێتەوە،  گۆڕان لە ژیانیاندا پێک نایات!

 برایم فەڕشی

١٤/١١/٢٠٢٤

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی