چەند ڕۆژ دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی دەستبەسەرکران و ڕادەستکردنەوەی بێهزاد خەسرەوی، چالاکی سیاسیی کورد و دانیشتوی شاری سلێمانیە لە هەرێمی کوردستان لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی ئەم شارەوە بە ئێران، ئێستا لاپەڕەیەکی ئینستاگرامی بە ناوی ناوبراو دەستی بەکار کردووە و ڤیدیۆیەکی لە دانپێدانی زۆرەملێ ناوبراویان بڵاو کردووە.
بێهزاد خەسرەوی لەم گرتە ڤیدیۆوە کە تەنیا ئاسمان دەبیندرێت و شوێنی گرتنی ئەو ڤیدیۆوە نادیارە، بە جلوبەرگی ئەو کۆمپانیایە کە لە سلێمانیە تێدا ئیشی دەکرد ئامادە بووە و دەڵێت: «موڵەتی مانەوەم لە هەرێمی کوردستان نەبووە و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هیچ هاوکاریەکی لەگەڵ من نەکردووە؛ هەر بۆیە بۆ لای هێزەکانی ئاسایش ڕویشتووم و داوام لێیان کردووە کە من بۆ ئێران بنێرنەوە و ئەوانیش منیان تا سەر سنوور هاوردووە و خۆمیش بۆ ئێران گەڕامەتەوە و ئێستاش ئازادم.»
هەنگاو بە مەبەستی بەدواداچوونەوەی ئەم باسە لەگەڵ بنەماڵەی خەسرەوی پەیوەندیی گردووە و ئەوانیش سەرەڕای ڕەتکردنەوەی هەواڵی ئازادی بێهزاد خەسرەوی ڕایانگەیاند کە ناوبراو ئێستاش لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگیراوە و ئەم ناوەندە ئەمنییە لەژێر گوشاردا بێهزاد یان بە خوێندنەوەی نووسراوەیەک کە لە پێشدا ئامادە کرابوو و گرتنی گرتە ڤیدیۆیە ناچار کردووە.
شایانی باسە کە، لاپەڕەی ئینستاگرامییە کە بە ناوی بێهزاد خەسرەوی لە نیوەڕۆی ئەمڕۆ دەستی بەکار کردووە، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بەڕێوە دەبرێت، تا ئێستا نزیک لە ٨٠٠ فاڵۆوێری هەیە کە لە سەدا ٩٠ی فاڵۆوێری ساختەن و کەسانێکن بە ناسنامەی فارسی و لەم چەند ڕۆژەدا بەم تۆڕە کۆمەڵایەتییە پەیوەست بوون.
بێهزاد خەسرەوی چالاکی سیاسیی تەمەن ٣٥ ساڵ و خەڵکی سەقز، کە هاوکات ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە و ئەندامی فەرمی کۆمیسیاریای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکانە، دوو هەفتە پێش دوای بانگکرانی لەلایەن ئاسایشی سلێمانی دەستبەسەرکرا و بەبێ ئاگاداری بنەماڵەکەی شەممەی ڕابردوو بۆ ئێران نێردرایەوە و بە فەرمانگەی ئیتلاعاتی سنە ڕادەست کرابوو.
دوای میدیایی بوونی ئەم هەواڵە لەلایەن هەنگاو، فەرمانگەی ئاسایشی سلێمانیە بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەکی فەرمی ڕایگەیاند کە دوای دەستبەسەرکرانی بێهزاد خەسرەوی لە یەکێک لە شەقامەکانی سلێمانی ئاگادار کراینەوە کە ئەم کەسە سیاسی نییە و موڵەتی مانەوەی لە سلێمانی نییە و بە داواکاری خۆی ناوبراومان بۆ ئێران ناردووەتەوە.
ڕۆژی دواتر بەشی تەشکیلاتی ئاشکرای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیکی فەرمی ڕایگەیاند کە بێهزاد خەسرەوی لە ١٠ ساڵی ڕابردوو ئەندامی تەشکیلاتی ئەم حیزبە بووە و موڵەتی مانەوەیشی بووە. لە لایەکی دیکەوە کارتی بێهزاد خەسرەوی کە بە دەست هەنگاو گەیشتووە نیشانی ئەدات کە ناوبراو لانی کەم تا سێ مانگی دیکەش موڵەتی مانەوەی لە هەرێمی کوردستان بووە و دوای ئەوە دەبێت بۆ نوێکردنەوە و یەک ساڵەی ئیقامەکەی دەست بەکار بێت.
هەنگاو؛ یەکشەممە ١٨ی خەرمانانی ٢٧٢٤