"an independent online kurdish website

رووداو دیجیتاڵ:  ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەڵێت، یەکێتی بەهزاد خوسرەویی رادەستی ئێران کردووە و ئەوان وەکو ئەنجوومەنی ئاسایش ئاگاداری ئەو کارە نین.

ئەمڕۆ یەکشەممە 8ی ئەیلوولی 2024 ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی سەبارەت بە دۆسیەی بەهزاد خوسرەوی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، “یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەهزاد خوسرەوی، ئەندامی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانی بەناوی ئاسایشی سلێمانی و بە فەرمانی سەرۆکی یەکێتی رادەستی کۆماری ئیسلامیی ئێران کردووە و ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئاگاداری ئەو کارە نییە.”

لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئەوە خراوەتەڕوو، “ماوەیەکە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دامودەزگا حکومییەکانی سلێمانی بە بڕیاری حیزب بەڕێوە دەبات، دەزگا فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان بەرپرسیار نین لە هەڵسوکەت و رەفتارە نایاساییەکانی سەرۆکی یەکێتی و دامودەزگاکانیان.”

ئەمەش لە کاتێکدایە، دوێنێ، دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، کە هێزەکانی ئاسایشی سنووری سلێمانییە، لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، “دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو هاووڵاتی بەهزاد خوسرەوی، بەهۆی نەبوونی مۆڵەتی مانەوە و نیشتەجێبوون لەلایەن ئاسایشی سلێمانی لەناو شاری سلێمانی دەستگیر کرا، لە ئەنجامی لێکۆڵینەوە دەرکەوت کە مۆڵەتی مانەوە و نیشتەجێبوونی هەرێمی کوردستانی نییە و (ئەو بابەتە) پەیوەندیی بە کاری سیاسییەوە نییە.”

بەهزاد خوسرەوی ساڵی 1987 لە سەقز لەدایکبووە و لە 2014وە نیشتەجێی شاری سلێمانی بوو، فۆرمی پەنابەرێتیی کۆمیسیاریی نەتەوە یەکگرتووەکانی هەبوو.

بەپێی رێکخراوی هەنگاو بۆ مافی مرۆڤ، بەهزاد نیڤشکان بووە، “دوای ئەشکەنجەدان” رادەستی ناوەندە ئەمنییەکانی ئێران کراوەتەوە.

هێزە ئەمنییەکانی سنە رۆژی یەکشەممە 01-09-2024 پەیوەندییان بە برای بێهزاد خوسرەوی کردووە کە نیشتەجێی شاری سەقزە و هەواڵی گەڕاندنەوەی براکەیان پێداوە و پێیان گوتووە، لە سنە راگیراوە و دەدرێتە دادگە.

سەرچاوە: روداو

بابەتی پەیوەندی دار

حیزبی دێمۆكڕات لەبارەی گرتن و ڕادەستکردنی بێهزاد خوسرەوی راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە

بۆ خوشک و برایانی رۆژهەڵات، داوای لێبوردنتان لێ دەکەم. من بێبەریم لەوەی دژی ئێوە دەکرێت، ئاسۆس هەردی

بنەماڵەی بێهزاد خەسرەوی: کوورەکەمان ئازاد نەکراوە و لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سنە ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ کراوە

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی