"an independent online kurdish website

لە ژیانی خۆمدا سێ جار ئاوارەی رۆژهەڵاتی کوردستان بووم. جاری یەکەم شەستەکانی سەدەی رابردوو بوو، ئەو کاتە زۆر منداڵ بووم و شتێکی ئەوتۆم لە بیر نەماوە.

 جاری دووەم ساڵی ٧٤-٧٥ بوو، پاش شکستی شۆڕشی ئەیلول بە ئاوارەیی لە شنۆ و نەغەدە گیرساینەوە. سێهەم جار دوای ئەنفال بوو، ئەو کاتەی رژێمی بەعس بە چەکی کیمیایی و سوپا زەبەلاحەکەی ناوچە ئازادکراوەکانی داگیرکردو ناچاری کردین جارێکی تر پەنا بۆ رۆژهەڵات بەرین.

لە هەموو شکست و قەیرانەکانی باشووردا هەمیشە رۆژهەڵات پشت و پەنامان بووە. لە برسێتیدا نانیان بۆ دابین کردووین، لە شەڕەکاندا تیماری بریندارەکانیان کردووین، لە کارەسات و نەهامەتییەکانماندا باوەشی گەرمیان بۆ کردووینەتەوەو دەرگای ماڵەکانیان بۆ ئاوارەو دەربەدەرەکانمان خستۆتە سەر پشت.

پاش راپەڕین و ئازادبوونی هەرێمی کوردستان، بە هیوا بووین ئەگەر باشوور نەیشبێتە بنکەیەک بۆ ئازادیی بەشەکانی تری کوردستان، لانیکەم پەناگەیەکی ئارام بێت بۆ ئەو هاونیشتمانییەی لە رۆژهەڵات وبەشەکانی تری کوردستانەوە پەنا بۆ هەرێم دێنن. بەڵام بەداخەوە، هەرێمی کوردستان بوو بە شوێنێک بۆ تیرۆرکردنیان، جا بە درۆن و سیخوڕی تورکی بێت یا سیخوڕو مووشەکی ئێرانی. تەنانەت گەیشتینە رۆژێک هێزە سیاسییەکانی رۆژهەڵات لە بنکەو بارەگاکانیان هەڵکەندرێن و لە کەمپێکی دوورەدەست، کە زۆرتر لە زیندان دەچێت، توند بکرێن.

لەم شەرمەزارییەدا من وەکو هاوڵاتییەکی باشوور تەنها ئەوەم لە دەست دێ کە بەو خوشک و برا ئازیزانەم بڵێم:

داوای لێبوردنتان لێ دەکەم. من بێبەریم لەوەی دژی ئێوە دەکرێت.

تایبەت بۆ ئاوێنە

***

ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە سەبارەت بە گواستنەوەی ئۆردوگای کۆمەڵە لە هەرێمی کوردستان

جەماوەری تێکۆشەری کوردستان!

دوای تێپەڕبونی نزیکەی دو ساڵ بەسەر واژۆی ڕێککەوتنە ئەمنییە شەرمەزارانەکەی دەوڵەتەکانی ئێران و عێراق، سەرەنجام پڕۆسەی بەکردەوە دەرهاتنی قۆناغێکی دیکە لە بڕگە شاراوەکانی ئەو ڕێککەوتننامەیە چوە بواری جێبەجێکردنەوە. لەم قۆناغەدا ژمارەیەک لە کەس و بنەماڵەکانی، کۆمەڵە نیشتەجێی زڕگوێزی گەورە، وەک دەستپێکی پرۆسەکە، گواسترانەوە بۆ سورداش، شوێنێک لە 40 کیلۆمەتری زڕگوێزو نزیک شاری دوکان لە هەرێمی کوردستان. ئەم کەسانە بڕیارە لەو شوێنە نوێیە نیشتەجێ بن، تا خانو و ئیمکاناتی پێویست بۆ نیشتەجێبونی بنەماڵەو کەسەکانی تریش ئامادە بکرێت. ئەم ڕوداوە لە ڕێگەی ماسمیدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی هەرێمی کوردستانەوە ڕەنگدانەوەو دەنگدانەوەیەکی زۆری بوەو بۆتە هۆی نیگەرانی لەناو خەڵکی کوردستانی ئێران و بەتایبەتی بنەماڵەی هاوڕێیانمان لە ناوخۆی وڵاتدا. بەمەبەستی ڕونکردنەوەی وردەکارییەکانی ئەم ڕوداوە، سەرنجی خەڵکی تێکۆشەری کوردستان بۆ ئەم خاڵانەی خوارەوە ڕادەکێشین:

یەکەم: ئێمە لە ماوەی 30 ساڵی ڕابردودا زۆر جار و لە هەر دەرفەتێکدا، جەختمان لەوە کردوەتەوە کە بە هۆکارگەلێکی ڕونی سیاسی و کۆمەڵایەتی، ئەولەویەتمان نەک خەباتی چەکداریی، بەڵکو بریتییە بوە لە پەرەپێدان بە خەباتی سیاسی و مەدەنیی لە کوردستانی ئێران. ئەم سیاسەتە لە هەڵسەنگاندنی ئێمە بۆ بارودۆخی کۆمەڵایەتی ئێران و کوردستانەوە سەرچاوە دەگرێت. مانگرتنی گشتی هاوینی ساڵی 1384ی هەتاوی لە ناڕەزایەتی بە کوشتنی جینایەتکارانەی “شوانە سەید قادری” لە شاری مهاباد، بە تایبەت لەو ڕوە کە ئەم مانگرتنە تەنیا لەسەر بانگهێشتی کۆمەڵە (ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران) بەڕێوەچو، لە تاقیکردنەوەیەکی کۆمەڵایەتیدا ئەو دڵنیاییەی بە ئێمە بەخشی کە ڕێگای دروستمان هەڵبژاردوە.

دوەم: بەداخەوە شوێنی جێگیربونی تەشکیلاتی ئاشکرای ئێمە لە هەرێمی کوردستان بەردەوام ناوچەیەکی نائەمن بوە. تێرۆریزمی کۆماری ئیسلامی لەم ناوچەیە زۆر چالاک بوەو بە سەدان ئەندام و لایەنگرانی حیزبە سیاسییە ئۆپۆزسیۆنە کوردییەکانی جێگیر لە کوردستانی عێراق و لەوانە ژمارەیەک لە هاوڕێیانی ئێمە، بونەتە قوربانیی دەستی ئەو تیرۆریزمە، گیانیان لەدەست داوە و یان بریندار بون. ئەگەر زۆر نەگەڕێنەوە بۆ ڕابردو، هەر لەم قۆناغەدا شاهیدی سەرهەڵدانی گروپە ئیسلامییە توندڕەوەکانی کوردیی وەک جوندولئیسلام، ئەنسارولئیسلام، داعش و هتد بوین، کە هەموان دەزانن بە تایبەتی بە خوێنی کۆمۆنیستەکان تینون. لەو ڕوەوە کە ئەم نائەمنییە هێشتاش بەردەوامە، ئێمە تا ئەم ساتەش مافی بەرگریکردن لەخۆمان بە ڕەوا دەزانین. جگە لەوەش هەبونی چەک لە هەرێمی کوردستان و لە عێراق بەگشتی لە چوارچێوەی پەیڕەوێکی دیاریکراودا قبوڵکراوە. لە پرسی چەککردن یان چەک داماڵین کە لەم ڕۆژانەدا زۆر باسی دەکرێت، ئێمە بڕێکی تاڕادەیەک زۆر لە چەکی قورس و نیوە قورسمان کە ساڵانێکی زۆر بو هەڵمانگرتبو، وەک ئەمانەت، سپاردومانە بە یەکێتی نیشتمانی کوردستان.

سێیەم: بڕگەکانی ڕێککەوتنی ئەمنیی نێوان دەوڵەتەکانی ئێران و عێراق، هەتا ئێستاش ئاشکرا نەکراوە. تەنها وتەبێژانی ئەو دو دەوڵەتە لە هەندێک بۆنەی جۆراوجۆردا، بە کورتی ئاماژەیەکیان بە ناوەڕۆکەکەی کردوە، کە بەشێک لەو ئاماژانەش لە چوارچێوەی پڕوپاگەندە و شەڕی دەرونی و هیتر…دا خۆی دەبینێتەوە. بەڵام وا پێدەچێت کە لانیکەم پرسی گواستنەوەی ئۆردوگاکانی ئۆپۆزسیۆن بۆ شوێنی دوەم بەشێک بوبێت لەم ڕێککەوتنە. لە میانەی ئەو گفتوگۆ تێروتەسەلانەی کە لەماوەی یەک دو ساڵی ڕابردودا لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بومانە، هەوڵماندا کە بەو قەناعەتەیان بگەیەنین کە هیچ هۆکارێک بۆ گواستنەوەی ئەو ئۆردوگایانە بونی نییە و جەختمان لەوە کردەوە کە ئێمە بەپێی سیاسەت و بۆچۆنی خۆمان نەک لە سەر زەختی هیچ لایەنێک؛ بەڵکو خۆبەخشانە سیمایەکی مەدەنیمان بەم ئوردوگایە بەخشیوە؛ ئێڕە شوێنی نیشتەجێبونی خەڵکی سڤیل و جێگەیەکە بۆ بەڕێوەبردنی چالاکیی سیاسی و فەرهەنگی و مەدەنی. ئەم وتوێژانە دوای دو ساڵ بە ئاکام نەگەیشتن. لە دانیشتنێکی ئەم دواییانەی نوێنەرانی ئێمەو ئەو دو لایەنەی دیکەی کە بەناوی کۆمەڵەوە چالاکی دەکەن لەگەڵ وەفدێکی حکومەتی عێراق لە شاری سلێمانی، تەنیا نەرمییەکی بەرچاوی کە لەخۆیان نیشانیان دا ئەوە بو کە هاوڕێیانی ئێمە دەتوانن وەک هاوڵاتی لە شارەکانی هەرێمی کوردستان نیشتەجێ بن، بەم شێوەیە گفتوگۆکان بە بنبەست گەیشتن. دوابەدوای ئەوە دیالۆگ و گفتوگۆکانمان بە مەبەستی گەیشتن بە چارەسەرێکی مامناوەند لەگەڵ نوێنەرانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان درێژە پێدا. لەم دوا قۆناغی وتوێژانەدا جەختمان لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەم ڕادەیە لە پێداگریی کۆماری ئیسلامی لەسەر گواستنەوەی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان، هیچ پەیوەندییەکی بەو مەترسی ئەمنییەوە نییە  كە گۆیا لە هەرێمی کوردستانەوە لە ڕێگەی ئێمەوە بەرەوڕوی کۆماری ئیسلامی دەبێتەوە، بەڵکو بەشێکە لە شەڕێکی دەرونی کە لە دژی خەڵکی کوردستانی ئێران و بۆ شکاندنی شکۆی هەرچی زیاتری حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەردو دیوی سنور وەڕێیخستوە. ڕێژیمی ئێران دەیەوێت ئەو پێوەندییە سۆزداری و هاوپشتییە مێژویی و خەباتکارانەی نێوان ئەم دو بەشەی یەک نەتەوە، تێکبدات. بێگومان دوکەڵی ئەم سیاسەتە دەچێتە چاوی یەکێتی نیشتمانی کوردستانیشەوە. ئێمە جەختمان لەوە کردەوە کە لەبەر بەرژەوەندییە درێژخایەنەکانی خۆشتان بوبێت، نابێ ببنە ئامرازی جێبەجێکردنی ئەم سیاسەتە. بەداخەوە ئەم وتوێژانەش سەرەنجام بە بنبەست گەیشتن وسەرەڕای خۆڕاگریی دو ساڵەمان، بڕیاری گواستنەوەی ئۆردوگاکانی زڕگوێز، بانە گۆرە و زڕگوێزەڵە درا. بڕیار درا کە ئەم پڕۆسەیە قۆناغ بە قۆناغ بەڕێوە بچێت، قۆناغەکانی داهاتو پێوەندی دەبێت بە ئاستی ئامادەکارییەکانی شوێنی نوێ بۆ نیشتەجێبونی باقی دانیشتوانی ئەو ئۆردوگایانە.

چوارەم: سەرەڕای ئەم ڕوداوەی ئەم دواییە، ئێمە پێمانوایە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت، لەمەودواش، هەندێک هێڵی سور بۆ داواکاری و گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی و نوێنەرەکەی، واتە دەوڵەتی عێراق دابنێت. ئێمە دەزانین کە دەوڵەتەکانی ئێران، عێراق و تورکیا، لە ڕێگەی سەپاندنی ئەم گوشارانەوە، بەدوای ئامانجێکی هاوبەشەوەن و لە هەماهەنگییەکی کردەییدا لەگەڵ یەکتر کاردەکەن، ئەوان خەباتی خەڵکی کوردستان لەپێناو بەدەستهێنانی مافی چارەی خۆنوسین، بە مەترسی بۆ سەر ئێستا و داهاتوی سیاسی خۆیان دەزانن و لە پێکهاتنی هەر چەشنە هاوپشتییەکی نەتەوەیی و خەباتکارانەی کە تەنانەت ئامانجی جیابونەوەشی لەپشت نەبێت، گەلێک نیگەرانن. ئەوان شاهیدی ئەوە بون کە چۆن لە قۆناغە جیاوازەکاندا ئەم خەڵکە، هاوبەشی خەم و شادی یەکتر بون و لە پێناو ئەو هاوپشتییەدا گیانبازییان کردوە. بە تێگەیشتن لەم ڕاستییە، دەتوانن بەبێ ئەوەی هیچ پێویستی بە دنەدان و دوژمنایەتییەکی پێشوەختە بێت، لە هەمانکاتدا کە پەیوەندییە سیاسی و بازرگانییەکانی خۆیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا دەپارێزن، سنورێکیش بۆ دەستێوەردانی ئەم ڕژیمە لە کاروباری ناوخۆیاندا دابنێن، کە بێ گومان ڕەچاوکردنی سیاسەتێکی لەو شێوەیە بەهێزتریان دەکات.

پێنجەم: واقیعییەت ئەوەیە کە ڕەگ و ڕیشەی ئێمە و تەنانەت زۆرێک لە ڕەوتەکانی دیکەش لە کۆمەڵگای کوردستانی ئێراندایە. جێگیربونی تەشکیلاتی ئاشکرای ئێمە لە شوێنێک بە ناوی زڕگوێز، تەنیا هێمایەکە. ئەو حیزب و لایەنانەی کە ئەمڕۆژانە لەلایەن بەرپرسانی هەرێمی کوردستانەوە بێ مێهرییان لەگەڵ دەکرێت، هەر ئەوانەن کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردودا، لەڕێگەی بانگەوازەکانیانەوە گەلێک چالاکی و ئاکسیۆنی جەماوەریی بەرینیان ڕێکخستوە. لە چەند مانگی سەرەتای شۆڕشی ژینادا، چەند جار ملیۆنان کەس لەسەر بانگەوازی بەکۆمەڵی ئەو حیزبانە، مانگرتنی سیاسی گشتییان بەڕێوەبردوە، هەر ئەم نفوز و کاریگەرییە کۆمەڵایەتییەیە کە کۆماری ئیسلامیی بەم ڕادەیە توشی ترس و خۆف کردوە و دڵخۆشە بەوەی کە گوایە دەتوانێت بە گواستنەوەی ئێمە لە خاڵێکەوە بۆ مەودای ٤٠ کیلۆمەتر ئەولاتر، ورە و ئیرادەی تێکۆشەرانی ئێمە بۆ درێژەدان بەو ڕێبازە پڕ لەشانازییەی کە گرتویانەتە بەر، لاواز بکات، خەبات و هەڵسوڕانی کۆمەڵە لە هەر جوگرافیایەکدا، بە پشت بەستن بە جەماوەری تێکۆشەری کوردستان و ڕەچاوکردنی سیاسەتی بەرپرسیارانە و گونجاو، هاوهەنگاو لەگەڵ  بەرەوپێشچونی خەباتی مافخوازانەی خەڵکی ئێران و کوردستان، بەردەوام دەبێت.

شەشەم: لە سەروبەندی دوهەمین ساڵیادی شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی“داین، شۆڕشێکی کە لە کوردستانی شۆڕشگێڕ و لە زێدی “ژینا ئەمینی“، واتە شاری سەقزەوە دەستیپێکرد. هەر لە ئێستاوە کۆمەڵێک ڕێوشوێن و ئامادەکاریی بۆ بەرز ڕاگرتنی ئەم یادە لە ناوخۆی وڵات و بەتایبەتی لە کوردستان گیراوەتەبەر. کۆماری ئیسلامی بەمەبەستی پێکهێنانی هەستی بێهیوایی و لاوازکردنی ئیرادەی هاوبەشی خەڵکی کوردستان لە دوبارە پیشاندانی یەکڕیزی و یەکگرتویی خەباتکارانەی خۆیان لە ساڵیادی شۆڕشی “ژینا“دا، ئاگایانە و ئامانجدار، گواستنەوەی بەشێک لە هێزەکانی کۆمەڵە و ئەو دو لایەنە سیاسییەی دیکەی خستە بەرنامەی کاری خۆی و لە رێگەی یەکێتی نیشتمانییەوە بەکردەوەی دەرهێنا. وەڵامی سیاسیی، خەباتکارانە و شیاوی بزوتنەوەی “ژینا” و هەروەها ڕوبەڕوبونەوە لەگەڵ مەبەست و ئامانجەکانی کۆماری ئیسلامی لە مەسەلەی گۆڕینی شوێنی نیشتەجێبونی حیزبە سیاسییەکان، بەردەوام بونی هەرچی شکۆدارتری ئەم شۆڕشە لە فۆرم و شێوازی جۆراوجۆر و یەکگرتوانە لە ناوخۆی وڵات و بەتایبەت لە کوردستان و هەروەها خۆپیشاندان و ڕێپێوانی بەربڵاو و هەماهەنگ لە دەرەوەی وڵاتە. گومان لەوەدا نییە کە ئەم ڕۆژانەش، بە یەکڕیزی، هاوپشتی و خەبات و خۆڕاگریی یەکگرتوانەی خەڵکی شۆڕشگێڕی کوردستان و هەروەها بە هاوکاری حیزب و لایەنە سیاسییەکان، تێپەڕ دەبێت و دوا ڕۆژەکانی تەمەنی کۆماری ئیسلامیش نزیکتر دەبێتەوە.

کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە

(ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران)

٦ی سێپتامبری ٢٠٢٤

ڕاگەیاندنی كۆمیتەی ناوەندیی كۆمەڵە سەبارەت بە ڕاگوێزرانی بارەگاكانی لەناوخۆی هەرێمی كوردستان

خەڵکی تێکۆشەری کوردستان!

 هەروەک ئاگادارن لە دڕێژەی هێرش و گوشاری دوو ساڵەی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات و بە تایبەتی کۆمەڵە، حکومەتی بەغدا و کاربەدەستانی ئیدارەی سلێمانی لە هەرێم بڕیاریان داوە بارەگاکانی کۆمەڵە لە زڕگوێزەوە بۆ سورداش ڕابگوازرێت و لە ئێستاوە سەرەتای ئەو راگواستنە دەستی پێکردووە. ئێمە وێرای مەحکووم کردنی ئەو بڕیارە نادۆستانە و بێ پاساوە کە لەژێر فشاری ئێراندا دراوە، لەو پێوەندەدا بەپێویستی دەزانین هەڵوێستی کۆمەڵە لەو خاڵانەی خوارەوەدا بخەینە ڕوو.

١_ کۆمەڵە بە درێژایی بوونی بارەگاکانی لە هەرێمی کوردستان،یارمەتیدەری خەباتی خەڵک و حیزبە سیاسیەکان و بزوتنەوەی کوردستان لە باشوور بووە و هەرگیز لە دەورەی زەبروزەنگی رژیمی بەعسیشدا نەچوەتە ژێر باری پیلان و گوشارەكانی ئەو رژیمە. لەبیرمان نەچێتەوە کە کۆمەڵە ڕێک لەبەر هاوکاریی یەکێتی نیشتمانی و تێکۆشەرانی دیكەی کوردستانی عێراق چەندین جار کەوتە بەر بۆمباران و کیمیابارانی بەعس و دەیان شەهیدی لەو پێناوەدا داوە. کارنامەی نیشتمانپەروەریی کۆمەڵە لەو بارەیەوە شەفاف و بێ هیچ پەڵەیەکی رەشە. بە هۆكاری لەمجۆرەشە كە لە ناو جەماوەر، تێکۆشەران، ڕوناکبیران و هێزە سیاسیەکان پێگەیەکی بەهێزی بۆخۆی دەستەبەر کردووە.

٢_ لە شۆڕشی ژن،ژیان،ئازادی(ژینا) بەملاوە و لە دوو ساڵی ڕابردوودا هێرشی موشەک و درۆن، تیرۆر و ئیعدامی کۆماری ئیسلامی بەدژی کۆمەڵە بەردەوام درێژەی هەبووە، بەڵام نەک هەر پێگەی کۆمەڵەی لەنێو خەڵکی کوردستاندا لاواز نەکردوە، بەڵکوو بەردەوام خۆشەویستی و نفوزی جەماوەریی کۆمەڵە لە هەڵکشاندا بووە. گومانی تێدا نییە کە جێگۆڕکێی ئۆردوگا لەم شوێن بۆ ئەو شوێنیش هیچ کاریگەرییەکی لەسەر خەباتی بەربڵاو و فرەلایەنی کۆمەڵە دانانێت و لە تەوژم و مەودای خەباتی کۆمەڵە دژ بە کۆماری ئیسلامی نەك هەر کەم ناکاتەوە و ئەو جارەش کۆماری ئیسلامی سەری وەبەرد دەکەوێ و تەنیا قین و نەفرەتی زۆرتری خەڵکی کوردستان ڕووبەڕوی خۆی دەکاتەوە و بڕیاردەر و داڕێژەر و بكەری ئەو پیلانەی تێدا ڕیسواتر دەبێ. بەربەرەکانێی دوو ساڵی ڕابردوو نیشانی داوە کە هێز و پێگەی سەرەکی ئێمە لە ناوخۆ و لە خەباتی بێ پسانەوەی کوردستانی ڕۆژهەڵاتە.

٣- ئێمە داوا لە هەموو تێکۆشەرانی ریزەکانی کۆمەڵە، هەموو رێکخستنەکانی نێوخۆ، هەموو پێشمەرگە و ئەندامان، هەموو دۆستان ودڵسۆزان و بەگشتی هەموو خەڵکی تێکۆشەری کوردستان دەکەین کە بە ورەیەکی بەرزتر لە هەمیشەوە درێژە بە خەباتی شۆڕشگێڕانەی خۆیان بدەن و بە پشتگیریی و هاوکاریی زیاتر لە کۆمەڵەی خۆیان، وڵامی پڕۆپاگەندەی درۆیینی رژیمی کۆماری ئیسلامی بدەنەوە.

كۆمیتەی ناوەندیی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران،

١٧ی خەرمانانی ١٤٠٣ی هەتاویی

ڕێكەوتی ٧ی سێپتامبری ٢٠٢٤ زاینیی

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی