بە ڕێکەوت چاوم بە ڤیدیۆیەک کەوت بەناوی رێگای عەبدی ، چاوپێکەوتنە لەگەڵ (مەزڵم عەبدی ) و باوکیدا د. (خەلیل عەبدی)
لەو گفتوگۆ کورتەدا، د. خەلیل بە تەمەنێکی سەروو هەشتا ساڵییەوە زۆر بەویقار و میهرەبانییەوە هێشتا لە نۆرینگەکەی چاوی بە نەخۆش دەکەوێ و پشکنینیان بۆ دەکات و چارەسەریان دەکات.. بەدەم کاریشەوە و لە ماڵەوە بەردەوام خەریکی خوێندنەوەیە و شيعر دەنووسێ..
پێموایە هەم بیسەر و هەمیش خوێنەر بە ئاسانی دەتوانێ راێەڵەکانی بیروباوەڕی رەسەنی کوردایەتی و ئاڕاستەی فیکری لای ناوبراو دیاری بکات.. قسە و پەیڤ و دەربڕینەکانی بە زمانێکی رەوان و شیرینی کوردی دەردەبڕێ و بە خێرایی دەچنە دڵەوە..
بەندە یەکەوراست دوای گوێبیست بوونی گفتوگۆکانی خەیاڵم بۆ خاڵێک چوو وا لێرەدا بە سەرپێی ئاماژەی پێ دەدەم و هەقە بێتە جێی بایەخ و زیاتر گرنگی بەم کەسایەتییە بدرێ.
مایەی دڵخۆشییە کەوا مەزلوم کۆبانی لە ئامێزی پیاوێکی وادا گۆشت و گەورە بووە، بۆیە کەموزۆر ڕێچکەی باوکی بە کاڵیش بێت پێوەی دیارە.
دیارە سیاسەت و بەرپرسیارێتی ڕێگەی مەزلوم نادا، هەموو شت لە دڵەوە بڵێ. کە سەرنجیشی لێ دەدەیت بۆن بە هەست و نەستییەوە دەکەیت کاتێک لەبەر هەر هۆکارێک بێت! کە دەیەوێ دیبلۆماسییانە خۆی لە دەربينی هەست و نەستی ناخی و وتنی هەقیقەت بە کامی دڵی بدزێتەوە، هەناسەیەک هەڵدەمژێ و ئیستێکی کورتی بۆ دەکات کەمێک لەسەرخۆ دەئاخڤێ ، کە راستەوخۆ تەواوی پێشهاتەکە بە روخسارییەوە دیارە.
جەنەڕاڵ مەزلوم کەسێکی سەربازی لێهاتوو و دڵسۆز و قارەمانە، ساڵانێکە بەرپرسیارێتییەکی گەورەی نەتەوەیی گرتۆتە ئەستۆی خۆی!..بەهیوام بەو شیر و بیروباوەڕەی باوکی کە پێی گۆشتکراوە، درێژە بە خەبات و تێکۆشان بدات و کاریگەرێتی حیزبی ناکوردستانی و بیرو ئایدۆلۆژیای دەرەکی لەسەری نەبێت و خۆیشی بۆئەوەی جیاواز بمێنێتەوە و سەروەریی گەورە تۆمار بکات و دەستکەوتی شایستە بەدەست بهێنێ، مێژوویەکی باشتر لە خزمەت و کوردایەتی کردن تۆمار بکات، رازی نەبێت بچێتە ژێر چەتری حیزبێکەوە و تەنیا سەنگەری کوردایەتی روانگە و جێگە و هەواری بێ. هەر کوردایەتیش دەروازەی جیهانبینی مرۆڤایەتی بێت.
لێرەدا مشتێ لە وشە و دەربڕینانەیەی لەو گفتوگۆ کورتەیە لەتەک د. خەلیل ئەنجام درا دەخەمە بەرچاو، کە لە خەرمانی بیری نەتەوەییەوە سواڵە و مەڵۆ کراون و زادەی سەرچاوەیەکی پاکی کوردایەتین.
[[ کورد پارچە کراوە
زمانی ستاندارتمان پێویستە بۆئەوەی لە یەکتر بگەین..
نایەکگرتوویی لە سەرکردەکاندایە، نەک لە میللەتدا ..
ئێمە لە تەنگانەداین
ئێستا رۆژگارێکە ئێمە بە دوای مافەوەین و بۆ من نابێ شیعری رۆمانسی بنووسم[[
ئەمەش نموونەیەکە لەو شیعرەی خوێندییەوە
ئازادی تاج و بەندە و زێڕین
تەنیا بندەست ئەو تاجە دەبینن
ژ بەر گەلی گەلی کورد نەها بندەستە
بە تەنیا نەزانن ئازادی بنرخێنن
کورد ئەگەر تاجا زێڕین دەخوازێ
بلەز ئازادی لە کۆبانییە پێک بهنێ
بەڵێ باری ئازادی زۆر گرانە
گەر نەکاری گەلی خۆ مەخاپێنە
سڵاو لە باوک و کوڕی ڕێبازی کوردایەتی….
هەڵۆ بەرزنجەیی ١٠/٣/٢٠٢٥