کتێبی ڕەشە شەو و سەربازانی ون، بەرگی یەکەمی بیرەوەرییەکانی مامۆستا حەسەن شیوەسەڵی بڵاو بۆوە.

ئەو کتێبە پێکهاتووە لە: سەرەتایەک و سێ بەشی تایبەت بە مەئموورییەت و چالاکییەکان کە نووسەر لێرەدا بە ئاڵقە نێویان دەبات. بەشی چوارەم و کۆتایی کتێبەکە لە ژێر سەردێڕی ”ئاوڕێک بەرەو خۆم” کارەساتی ترۆری مامۆستا خۆی لە ١٦ی سەرماوەزی ١٣٦٦ی هەتاوی دایە. پاشکۆی وێنە و بەڵگەکان و فەرهەنگی نێوەکان دەبنە ڕازێنەرەوەی دوایین لاپەڕەکانی کتێبەکه.

نووسەر سەرەتای کتێبەکە بە کورتەیەک لەسەر هەڵکەوتیی جۆغڕافیایی و کورتە مێژوویەکی زۆڵم و زۆرییەکانی دەسەڵاتداران لە سەردەمی پاشایەتیی هەر لە بنەماڵەی قاجاڕەکانەوە بگرە تا سەردەمی پالەوی و ڕیژیمی کۆماری ئیسلامی دەست پێدەکات. ئەو بەرهەڵستیانەی کوردەکان لە بەرامبەر ئەو زوڵم و زۆرییانەدا کردوویانە و فێڵ و تەڵەکەی دەسەڵاتداران بۆ بەچۆکداهێنانی هەستی بەرگریی کورد گرتوویانەتە بەر دێنێتە بەر باس. لێرەدا نووسەر بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە لە پارێزگای ورمێ دا دوو نەتەوەی سەرەکی ”کورد” و ”ئازەری” دەژین، پێی وایە ناچارن بە لێکتێگەیشتن ڕێگایەک بۆ پێکەوە ژیان وەک دوو هاوسێ ببیننەوە و بەمجۆرە پیلانی نەیارانی پێکەوە ژیانی ئاشتیانەی نەتەوەکان پووچەڵ بکەنەوە.
لە ئاڵقەی یەکەمی کتێبەکەدا سەربردەی بنەماڵەیەکی کوردی بەزۆر کۆچ پێکراوی کورد بۆ باکووری ڕۆژهەڵاتی ئێران دەگێڕێتەوە.
یەکەم ئەڵقەی کتێبەکە لە ژێر سەردێڕی ”گەڕانەوە بەنێو وێرانییەکاندا”. لەو بەشەدا نووسەر بەرپرسایەتیی حیزبی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ئەستۆەیە، لە پێش ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی ڕا دەست پێدەکات. لە ساڵی ١٣٥٧ دا کاتێک مامۆستا لە شاری ورمێ سەرقاڵی بەڕێوەبردنی کارەکانی دەبێت لە لایان شەهید دوکتۆر قاسملوو وە داوای لێدەکرێت کە بگەڕێتەوە شاری ”مەهاباد”. لەوێ ڕادەسپێردڕیت کە هێزێکی کەمی پێسمەرگە پیکەوە بنێت. بە هاوکاریی چەند کەسی ناسراوی وەک مامۆستا ”خدر عەباسی” کە بە مەلا ”خدری سارتکێ” ناسراوە، چەند کەسێکی ئەندامی حیزب کۆ دەکاتەوە و بەرەو چەککردنی پازگاکانی ناوچەی ئالانی سەردەشت وەڕێ دەکەون. دوای دەست بەسەرداگرتنی گورهانی بێژوێ و پازگای دولکان لە ڕێگای پەیامێکی شەهید دوکتۆر قاسملوو وە ئاگادار دەکرێنەوە کە بگەڕێنەوە بۆ شاری مەهاباد. لەوێ ئاگادار دەبنەوە کە حیزب بەرنامەی گرتنی پادگانی مەهابادی هەیە و پێویستی بە پێشمەرگە بۆ پارێزگاریی لەوێ هەیە. پادگان بە هەوڵی ئەفسەران و دەرەجەداران و سەربازانی کورد دەستی بەسەردا دەگیرێ و مامۆستا دەبێتە بەرپرسی پاراستنی پادگانی.
دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران، سەرەڕای هەوڵی حیزب بۆ خۆپاراستن لە شەڕ، دوژمن لە نەورۆزی ١٣٥٨دا واتە لە یەکەم بەهاری ئازادی دا شاری ”سنە” لە خوێن وەردەدا. لە کۆتایی بەهاری ئەو ساڵەشدا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان شەڕ بە سەر خەڵکی ناوچە و پێشمەرگەدا دەسەپێنێ، کە دوای 11 ڕۆژ شەڕی قارەمانانەی پێشمەرگە و چەکدارانی عەشیرەتەکان دوژمن تێکدەشکێ و ناچار بە پاشەکشە دەکرێت. لەو شەڕەدا دوو برای دووانە، کە مامۆستا لێرەدا بە جوبیلە نێویان دێنی، بەیەکەوە شەهید دەبن و دوایین تۆرەمەی بنەماڵەیەکی ئازارچەشتووی کورد دەبڕێتەوە. نێوی کتێبەکەش هەر لەو ڕووداوە تاڵە وەرگیراوە. هەموو هەوڵەکانی مامۆستا و هاوڕێیانیشی بۆ گێڕانەوەی تەرمەکانیان بۆ لای گۆڕی دایک و بابیان بێ ئاکام دەبێت.
نووسەر لەو بەشەدا لە ڕووی دەفتەری بیرەوەرییەکانی ئەو جووتە برایەوە دەچێتە قوڵایی بێ بنی دونیای ئەدەبیی خۆیەوە و لە کانگای دۆڵەمەندی وشەی کوردیی ڕەسەنەوە جوانترین تابڵۆ هونەرییەکان بە وشە دەڕازێنێتەوە و ڕێ لەبەردەم هونەرمەندانی دەست ڕەنگین دەکاتەوە تا پڕماناترین تابڵۆکان لە چەوساوەیی و بێ مافیی کورد بکێشنەوە و بیخەنە بەر دیدی بیروڕای گشتیی دنیا. وێنەی ڕووبەرگی کتێبەکەش بە هەوڵی هونەرمەندی ناسراوی کورد مامۆستا ”ناسر قازی زادە” لە ڕووی وێنەیەکی نێو دفتەری بیرەوەرییەکانی ئەو جووتە برایە وەرگیراوە، کە بە داخەوە وێنەکە خۆی لە ئێستادا لەبەر دەست نەبووە.
مەمۆ و مەمۆی زۆر وە یەکچوو و هاونێو، وا دەکات مامۆستا و هاوڕێیانی بۆ چاکتر ناسینەوەیان یەکیان بە مەمۆ و ئەوی دیکەیان بە کاکە مەم بانگ بکەن. جووتە برای دووانە بەجێماوی بنەماڵەیەکی خۆشی نەدیوی تێکەڵەیەک لە کوردانی دوورخراوەی دەستی زۆردارانی حاکم لە ئێران بۆ ڕۆژهەڵاتی ئێران و بنەماڵەیەکی دانیشتووی دێرسیمی باکووری کوردستانن. بەهۆی دژایەتیی بنەماڵە لە گەڵ شووکردنی کچەکەیان بە ”ناجی” باوکی منداڵەکان، ئاوارەی لای شارۆچکەی ”گەوەڕ” لە باکووری کوردستان دەبن. ناجی لە پێناو دەستخستنی بڕێک کەلوپەل بۆ کاتی لەدایکبوونی منداڵەکەیان بەرەو ناوچەی ”تەرگەوەڕ” لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەڕێ دەکەوێت. لە ڕێگای گەڕانەوە لە ناوچەی تەرگەوەڕ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هۆی باوبۆرانەوە لە هاوڕێکانی هەڵدەبڕێ و ڕێگای لێ ون دەبێت. بەسەر بنکەیەکی قەرەقۆڵی تورکیەدا دەکەوێت و تەقەی لێ دەکەن و بریندار دەبێت. هەر چەند برینێکی سووک هەڵدەگرێ، بەڵام بە هۆی ناشارەزایی دوای ماوەیەک بەربەرەکانی لە گەڵ مەرگ دەمرێ و تەرمی خۆی و ئەسپەکەی ژێر بەفر دەکەون. تەرمی ناجی و لاشەی ئەسپەکەی دوای توانەوەی بەفری کوێستان لە لایان کویستانچییەکانەوە دەبیندرێنەوە. ناجی هەر چۆنێک گیانی دەرچووە، کە ڕوو بە قیبلە نەبووە، ئاواش ژێر خاک دەکرێت. خێزانی کە بە هۆی کاری بەردەوام و دەستکورتی تووشی نەخۆشی سیل دەبێت، وێڕای هاوسێیەکانی و منداڵەکانی بۆ سەردانی چۆتە ئەو کێوەی ناجی لێ نێژراوە. ئەویش لەوێ بارودۆخی لەشساغی تێک دەچێ و لەوێ کۆچی دوایی دەکات. لەسەر وەسیەتی خۆی لە پەنا گۆڕی ناجی بە خاکی دەسپێرن، بەڵام ئەمیان بەپێی داب و نەریتی ئایینی ئیسلام. ئەوە دەبێتە هۆی ئەوەی کە گۆڕی ئەو دوو کەسە بەپێچەوانەی یەکتر هەڵکەون.
دوای دەرچوونی فەرمانی جیهاد، هێرشەکان بۆ سەر خەڵکی کوردستان درندانەتر دەبن و دوژمن کە لە بەرانبەر پێشمەرگەدا دەستەوستان دەبێت وەک تۆڵەستاندنەوە خەڵکی ”قاڕنێ” و ”قەڵاتان” قەڵاچۆ دەکات، کە دەبێتە هۆی ترس و خۆفێکی زۆر لە نێو خەڵکی کوردستان دا. خەڵک شار و گوندەکان چۆل دەکەن و پەنا بۆ شاخ و کێوەکان دەبەن. هێزە سیاسییەکانی کوردستان بە مەبەستی پێشگیری لە کوشتاری تێکڕاییی خەڵکی بێ دیفاع لە شارەکان کشاونەوە و دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران لەسەر سنووری نێوان باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دۆڵی پشکاوێ جێگیر بووە.
دوژمن پاشەکشەی تاکتیکی هێزە سیاسییەکانی کوردستان وەک سەرکەوتنی خۆی بەسەر بەڕواڵەت دژی شۆڕشدا وێنا دەکات و لێکدا لێکدا لە ڕادیۆ تارانەوە باسی سەرکەوتنە یەک لە دوای یەکەکانی هێزەکانیان دەکات. لە درێژەی هێرشەکانی هێزەکانیان بۆ گرتنەوەی ناوچە ئازادکراوەکان ڕۆژی ١٣٥٨/٦/١٨ی هەتاوی هێزێکی پۆشتە و پەرداخ لە ژێر فەرماندەیی ”مستەفا چەمڕان”، وەزیری بەرگریی دەوڵەتی کاتیی ”مێهدی بازرگان” دا بە نیازی دانانی مۆڵگە لە شارۆچکەی ”میراوێ” لە شاری ”سەردەشت” ڕا وەڕێ دەکەون. لە نێوان گوندەکانی ”واوان و گرژاڵ” لە شوێنێک بە نێوی ”قەڵاتێ هەمزەی” دەکەونە بەر پەلاماری پێشمەرگەکان بە فەرماندەیی مامۆستا شیوەسەڵی. ئەوە دەبێتە یەکەم بەرەنگاربوونەوەی چەکداریی هێزەکانی کۆماری ئێسلامی. دوژمن زەبرێکی زۆر قورس دەخوات و ناچار بە پاشەکشە بەرەو شاری سەردەشت دەبێت. لەو شەڕەدا کادرێکی بەوەجی ڕاگەیاندنی حیزب بە نێوی ”جەلال میراوەیی” بە دیل دەگیرێ و هەر ئەو شەوە ئێعدام دەکرێت. ڕووداوەکانی ئەو بەشە لە ساڵی ١٣٥٨ دا ڕوویان داوە.
ئاڵقەی دووهەم؛ ”کوڵینی خوێن لە گەرووی خوێندا”. هاوینی ساڵی ١٣٥٩ پەلی شەهید ”مەحموود پیرە” بە فەرماندەیی مامۆستا شیوەسەڵی بۆ هاوڕێیەتیی هەیئەتێکی دەفتەری سیاسیی حیزب و گەیاندنی هێندێک چەک و چۆڵ بە هێزەکانی شەهید ”نحۆ” و هێزی ماکۆیێ ڕادەسپێردڕین. لەو مەئموورییەتەدا ئەوان تا لێواری چۆمی ”ئاراسێ” دەچن و سەردانی زۆربەی ”عەشیرەتە جەلالی”یەکان دەکەن و دواتر دەگەڕێنەوە بۆ لای پیشمەرگەکانی هێزی ماکۆیێ. لە کاتی مانەوەیان لە دەوروبەری بنکەی هێزی ماکۆیێ لە گوندی ”یارمق” ئاگاداری بەرنامەی هێرشی دوژمن بۆ سەر ئەو گوندە و گوندەکانی دەوروبەری دەبنەوە، کە زۆر ئازایانە بەگژ دوژمندا دەچنەوە. بەهۆی بەرگریی قارەمانانەی پێشمەرگەکان و خەڵکی ناوچەی دوژمن ناتوانێ خۆی بگەیەنێتە گوندەکانی یارمق و ”خرمن یری”، بەڵام لە ڕێگای هێرشی هەواییەوە زەرەر و زیانێکی زۆری گیانی و ماڵی بە خەڵکی ناوچەکە دەگەیەنی. دیمەنی هەرە دڵتەزێنی ئەو شەڕە شەهیدکرانی ”گلۆ”ی تەمەن نیزیک دە ساڵانەیە کە سەرەڕای برینداربوونی زۆر قورس تا دوا هەناسە لە بیری پاراستنی بووکەڵە پەڕۆیینەکەیدا بووە و دوا جاریش لە کاتی گیاندانی دا پەنجە چکۆڵەکانی بە بەژنی بوکەڵەکەیەوە ڕەق بوون. لەو بەشەدا خۆڕاگریی ”حاجی عەبدۆ” ی باوکی گلۆ کە ئامادەیە لە پێناوی کوردستاندا هەموو شتێکی خۆی فیدا بکات دەبێتە مایەی شانازی بۆ پێشمەرگەکان. گلۆ خوشکی چووکی فەرماندەری هێزی ماکۆیێ نەمر ”حەسەن حەسەن زادە” بووە کە دوای مردنی تەرمەکەی دەبەنەوە گوندەکەی خۆی، یارمق، بەڵام پاش چەند ڕۆژێک، بەشەو لە لایان ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی ماکۆ دەردەهێندرێتەوە و بۆ شوێنێکی نادیار ڕادەگوێزرێت.
ئاڵقەی سێهەمی ئەو کتێبە، ”مردن لە باوەشی مردن دا” باسی گەڕانەوەی ئەو تیمە لە باکووری ڕۆژهەڵاتەوە بەرەو ناوەندی کوردستان دەکات. دوای تەڕوتووشی زۆر و برسیایەتیی بەردەوام لە نێو دەیان مۆڵگەی دوژمن و دەشتێکی کاکی بە کاکی دا ترووسکەی ڕووناکی ماڵێکی وە تاقکەوتووی بە تەنیا ژنێکی بەساڵداچووی هەردووک پێ لە کارکەوتوو تێدا، دەبێتە فریادڕەسیان و لە برسیایەتی تاقەتپڕوکێن و تەڕبوون ڕزگاریان دەکات. دوای گەیشتنەوەیان بە شاری ”شنۆ”ی ئاوەدان و ئازادی ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگەدا، دوای حەسانەوەیەکی یەک دوو ڕۆژی بەرەو گوندی ”نەڵۆس” دەچن. بەرەبەیانی ڕۆژی دواتر، واتە ١٣٥٩/٨/٢٦ی هەتاوی گوندی سۆفیان دەکەوێتە بەر هێرشی درندانەی هێزەکانی سپای ”پاسدارانی نەغەدەی”. هیزەکانی رێژیم لە شەودا دەوری گوند دەگرن، هەر بۆیێ خەڵک توانای هیچ جۆرە بەرگرییەکیان نابێت. ئەو هێزانە زۆر دڕندانە بەشێك لە دانیشتووانی ئاوایی دوای شکاندنی ئەندامانی جەستەیان گوللەباران دەکەن و ماڵەکانیان تاڵان دەکەن.
مامۆستا و پێشمەرگەکانی هاوڕێی دوای وەڕێکەوتن لە گوندی چۆلبووی سۆفیانێ ڕا لە نێو باران و شەوێکی ئەنگوستەچاودا بە مەبەستی گەڕانەوە بەرەو ناوچەی سەردەشت، ڕێگای دەشتێ لاجانێ دەگرنە بەر و دوای ماندووبوونێکی زۆر و شەو لێ گۆڕان، لە پەنا تێلدڕووی پادگانی جەڵدیانێ، بە دەنگی یاساوڵەکانی پادگانی وەئاگا دێنەوە و تێدەگەن کە دەبێ بۆ دەربازبوون سەر لەنوێ هەموو دەشتەکەی بپێونەوە. لەوپەڕی هیلاکی دا بەسەر گوندی سەروکانی دا دەکەون و دوای نانخواردن بۆیان دەردەکەوێ کە بەیانی ئەو شەوە نۆرەی کۆمەڵکوژی سەروکانیێ دێت. پێشمەرگەکان ئامادەییی هاوکاری دەردەبڕن، بەڵام خەڵک پێیان دەڵێن کە ئێمە پێویستمان بە هاوکاری نییە و بۆخۆمان بەشی ئەوەندە چەکدارین بتوانین بەرگری لە خۆمان بکەین.
بە پێچەوانەی خەڵکی سەروکانی، خەڵکی ”کێلێ” و ”شنۆزەنگ” داوا لە پێشمەرگەکان دەکەن نەڕۆن و لە گەڵ ئەوان بەرپەرچی هێرشی دوژمن بدەنەوە. لەو بەشەدا ئەو تاقمە پێشمەرگە بە بەشداریی قارەمانانەیان لە شەڕی سەر سەروکانیێ دا توانییان پێش بە هێرشی دوژمن بەمەبەستی کۆمەڵکوژکردنی گوندەکانی کێلێ و شنۆزەنگ بگرن. ئەو شەڕە بە شەڕی کێلێ بەنێوبانگە.
نووسەر بۆخۆی و ئەو پێشمەرگانەی هاوڕێی لە نیزیکەوە دیمەنەکانی کۆمەڵکوژییەکانی سۆفیان و سەروکانییان دیوە و بریندار و خەڵکی شاهیدی کۆمەڵکوژییەکانیان دواندووە و لە دەفتەری بیرەوەرییەکانی خۆیاندا تۆماریان کردوون. لە گوندی سۆفیان وێنەی بەشێک لە قوربانییەکانیان هەڵگرتوون، بەڵام لە گوندی سەروکانی بەهۆی کەمتەرخەمیی بەئانقەستی بەرپرسی ئەو کاتی حیزب لە ناوچە، ”ڕەحمان کەریمی” نەک هیچ وێنەیەک لە قوربانییەکان هەڵنەگیراوە، بەڵکوو بە دەستوور و لە ژێر چاوەدەێریی ڕاستەوخۆی ئەو بەرپرسەدا قوربانییەکان بێ ناو و نیشان لە گۆڕی بەکۆمەڵدا نێژراون.
دەڵێن هێندێک شت بە هەڵکەوت ڕوو دەدات و شانس وا دەکات دوو شت هاوکات بن. مرۆڤ نازانێ بڵێ یارمق و سۆفیان و سەروکانی شانسیان هەبووە کە سەرەڕای جینایەتی دڕندانەی هێزەکانی ڕێژیم خاوەن پێنووسێکی وەک مامۆستایان بە لادا تێپەڕ بووە تا ئاوا بەوردی چۆنیەتیی خوڵقاندنی ئەو کارەساتانە لە لایان هێزەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بێنێتە سەر کاغەز یان لە شانس و ئێقباڵی مامۆستای بووە، تا دەیان ساڵ دوای ڕوودانی ئەو کارەساتانە هەروا بەو خەمەوە بتلێتەوە کە، بەتایبەت لە گوندی سۆفیانێ، نەیانتوانی هیچ شتێک بۆ پاراستنی ئەو خەڵکەی بکەن. یان خەمی گەورەی ئەوە بێت کە بەرپرسێکی حیزبی، ژێر بە ژێر لە پێوەندی لە گەڵ ڕێژیمدا، بەوپەڕی بێڕوحمییەوە قوربانیانی کارەساتی سەروکانی بێ ناو و نیشان و هەڵگرتنی تەنیا وێنەیەک لێیان لە گۆڕی بەکۆمەڵدا ژێر خاک بکرێن. ئەو بەرپرسە بەوپەڕی ڕووهەڵماڵاوییەوە ئەو کارەسات و قەتڵ و عامانەی تەنیا بە کاری هێندێک لە نەزم دەرچووی ناوچەیی بزانێ، نەک هەڵقوڵاو لە بیری تەسکی دەسەڵاتدارانی ئەسڵی ڕێژیم، لە سەرەوەی هەموویان خومەینی.
مامۆستا بۆ نووسینەوەی ئەو بیرەوەرییانە گوێبیستی کەسانی جێگای متمانە نەبووە و کەسیشی بۆ ئەزمووکردنی ڕاستیەکان ڕانەسپاردووە، بەڵکوو بۆخۆی بەنێو کارەسات و کۆمەڵکوژییەکاندا تێپەڕ بووە و شاهیدی ڕووداوەکان بووه یان دوای ڕووداوەکان لە یەکەم کەسەکان بووە چۆتە نێو مەیدانی کۆمەڵکوژییەکانەوە. تەنیا شتێک کە مامۆستا پشتی پێ بەستوون و بەوپەڕی وردیی و لێزانییەوە دایڕشتووە و وێنەیەکی زۆر ڕوون و ئاشکرای لەو جینایەتانە خستۆتە بەر چاو کە خوێنەر و بیسەر پەی بە هەموو وردەکارییەکان دەبات، پاشخانێکی لێوانلێو لە وشەی کوردی و پێنووسێکی پاراو بووە.
لە گوندی سۆفیانێ کیژێکی چاوکراوە و دڵسۆز کاتێک دڵنیا دەبێتەوە کە پێشمەرگەکان هاتوونە نێو دێی، زۆر ئازایانە دێتە دەر و زۆر ورد و لێزانانە بەشێکی ڕووداوەکانی کۆمەڵکوژییەکە بۆ مامۆستا و ئەوان دەگێڕێتەوە. لێزانی و وردبینی ئەو کچە لە گێڕانەوە دا دەبێتە هۆی ئەوەی کە پێشمەرگەکان هەموو قسەکانی لە دەفتەری بیرەوەرییەکانیان دا تۆمار بکەن و مامۆستاش بەوپەڕی ئەمانەتەوە لە باسی کۆمەڵکوژیی سۆفیانێ دا گونجاندوونی.
هەر چەند دوژمن بە پێی پیلانێکی ترۆریستی توانی پێنووس لە پەنجەکانی و سرووشتی جوانی کوردستان و تاڵی و ئازارەکانی گەلەکەی لە نیگای تیژبینی مامۆستا شیوەسەڵی بێبەش بکات، بەڵام نەیتوانی توانای وەسفی جوانییەکانی سرووشت و گێڕانەوەی کارەساتە بەئازارەکان لە مامۆستا بستێنێت.
هەرچەند مامۆستا زیاتر لە 38 ساڵە لە نێو ئازار و ژانی دوای برینداربوونەکەیدا دەژیت و ئەوەی ئێمە دەیبینین تەنیا لایەنە دیارەکانی ئەو ئازارانەیە و ئازارە دەروونییەکان تەنیا بۆخۆی لە سەرەوەی هەموو کەس و کەسانی زۆر نیزیکی بنەماڵە هەستی پێدەکەن و لە گەڵی دەژین، بەڵام مامۆستا وەک کاراکتەرێکی هەرە چالاکی مەیدانە هەرە گەرمەکانی شەڕی سێ مانگە، شەڕەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان، جادەی پیرانشار-سەردەشت، شەڕەکانی ناوچەی سەردەشت و زۆر شوینی دیکە بەشێک لە مێژووی پڕبایەخی خەباتی گەلەکەمانی لە نێو بیرەوەرییەکانی خۆیدا هەڵگرتووە، کە پێویستە یارمەتی بدرێت تا بڵاویان بکاتەوە و خەباتکاران و دڵسۆزانی گەلەکەمان لێی ئاگادار بن. لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بە هەوڵ و هیممەتی ئەندامانی بنەماڵەکەی، بە تایبەت خاتوو ”کولسومی” ی هاوژینی زۆرێک لەو بیرەوەرییانەی تۆمار کردوون، بەڵام زۆر باش دەبێت بە شێوەی نووسراویش چاپ و بڵاو بکرێنەوە. هیوادارم چاپی بەرگی یەکەمی بیرەوەرییەکانی ببێتە سەرەتایەک بەو ئاقارەدا.
ئەو کتێبە لە لایەن ”محەمەد بایزیدی” تایپ و پێداچوونەوەی بۆکراوە. ”کەماڵ گروێسی” هەڵەبڕی بۆ کردووە و لە لایەن وەشانخانە و کتێب فرۆشی ”کتێبی ئەرزان” لە ستۆکهۆڵم چاپ کراوە.