لە وتاری پێشوو دا ئاماژە کرا کە وڵاتان لە کاتی شەڕدا لەگەڵ یەکێک لە وڵاتانی دابەشکەری کوردستان، کوردیان دەکەوێتەوە بیر و بەرانبەر بە کورد هەست و سۆز دەردەبڕن و

لەسەر هاوکاریی بەرانبەر بە دوژمنی هاوبەش پێدادەگرن، بەڵام پشتیوانیی لە چارەسەریی سیاسی پرسی کورد وەک نەتەوە ناکەن!. کەوایە، بۆ ئێمەی کوردیش ڕەوایە، لەگەڵ ڕێزدانان بۆ دەربڕینی هەر هەست و سۆزێک بۆ کورد، شاگەشکە نەبین و وەک نەتەوەیەک کە لە درێژەی خەباتەکەی دا تووشی زۆر نەهامەتی هاتووە، بە پارێز و تێبینییەوە لێدوانەکان وەرگرین. هەڵوێست لە کاتی شەڕ دا و هەڵویستی دوای شەڕ، لەیەک جیاوازن!
ئەو جارە، دوو ڕووداو لەپێوەندیی لەگەڵ ئیسرایل پرسی هاوکاریی لەگەڵ کوردیان هێنایەوە گۆڕێ: ١. پلانی ئیسرایل بۆ حیزبەکانی ڕۆژهەڵات پلانەکە باش یان خراپ، سەری نەگرت! ٢. پەیامێکی وەزیری دەرەوەی ئیسرایل “گیدۆن سعار” بۆ کۆنفرانسی “پێوەندیی جوولەکەکان و کوردەکان” کە لە سپتامبری ٢٠٢٦ لە لەندەن بەڕێوەچوو. بەڵام پەیامی بەڕێز “گیدۆن سعار”، لەگەڵ ئەوەی شیاوی سوپاس و پێزانینە، چەند پرسیار دێنێتە گۆڕێ:
یەک:مەبەستی ناوبراو لە “کورد” چی و کێیە؟ ئاخۆ مەبەست پێکهێنانی کوردستانێکی سەربەخۆ بۆ هەموو نەتەوەی کوردە، مەبەست چارەسەرکرانی پرسی کورد لە هەر چوار وڵاتەکەیە، مەبەست بەدیاریکراویی کوردی ڕۆژهەڵاتە یان مەبەستی تەنیا پێوەندیی دۆستانەی یەهوودی و کورد لە دیاسپۆڕایە؟
ئەگەر باسەکە تەنیا لەسەر کوردی ڕۆژهەڵاتە، پرسی نەتەوە نافارسەکانی دیکە لە ئێران دا، لە کوێی پلان یان بیرۆکەی بەڕێز “گیدئون سعار” وەستاوە، لە ڕوانگەی بەڕێزیانەوە، چارەسەرکردنی پرسی کورد لە ئێران بەجیا و بەبێ پرسی نەتەوە بندەستەکانی دیکە، بە چ شێوەیەک لەگەڵ واقعییاتی وڵاتێکی فرەنەتەوە دا دەگونجێ؟
دوو: مەبەستی لە “ئیسرایل بارودۆخی دژواری مێژوویی و ئێستای کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست بەفەرمی دەناسێ” چیە؟
سێ: بەڕێز “وەیسی داغ” لێکۆڵەر لە ناوەندی موشەدایان بۆ موتالعاتی ڕۆژهەڵاتی ناوین و ئەفریقا لە زانکۆی تلاویڤ، لە “جەرووزالم پۆست” دا قسەی دڵی کورد دەکا و سەبارەت بە پەیامەکەی “گیدۆن سعار” بەدروستی دەڵێ: “ئەوەندە بەس نییە و دەبێ ئەو هەڵویستە بۆ متماناسازیی ببێت بە سیاسەتی دەوڵەت وکوردەکان وەک ئامراز و کارتی گوشار لە بەرانبەر تاران و ئانکارا سەیرنەکرێن”. ئاخۆ بەڕێز “سعار” ئەوە سیاسەتەی لەگەڵ سەرۆکوەزیران “بنیامین نەتانیاهوو” کە سیاسەتی دەوڵەت دیاریی دەکا،هێناوەتە گۆڕێ؟
ئەگەر ئەوەی “وەیسی داغ” ئاماژەی پێدەکا، وەڕاست گەڕێ، هەڵوێست و هەنگاوی “گیدئون سعار” بەدڵنیاییەوە دەتوانن پێوەندیی نێوان کورد – حیزبە کوردستانییەکان و ئیسرایل بەرێتە قۆناخێکی نوێ و مێژوویەوە.
چوار: پرسێکی دیکە کە وابزانم بۆ زۆربەی کوردی ڕۆژهەڵات گرینگە: لەکەس شاراوە نیە کە سەڵتەنەخوازی ئێرانی هارترین بەشی ناسیونالیزمی مەزنیخوازی فارسە کە بە ئاشکرا دوژمنایەتی ماف و ئازادیی کورد و نەتەوە نافارسەکانی دیکە دەکا و لەئێستاوە خستوونیەتە بەر هەڕەشە. پشتیوانیی سیاسی– دیپلوماتیک و تەبلیغاتی و ماڵیی بەئاشکرای ئیسرایل لەو تاقمە دژەدێموکراتیکە و هەوڵدان بۆ گەڕانەوەیان بۆ دەسەڵات، لەگەڵ دەربڕینی هەست و سۆز و هاوپێوەندیی بۆ کورد، چۆن دەگونجێ و ئەو ناتەباییە زەقە بەچی تەوزیح و پاساو دەدرێ؟
پێنج: پرسیارێکی یەکلاکەرەوە! ڕووداوەکانی ناوچە بەتایبەتی شەڕی ئەو دواییانە لەگەڵ ئێران، بەڕوونی دەریخست کە ئیسرایل ناتوانێ سەربەخۆ و بەبێ هاودەنگیی و هاوکاریی ئەمریکا لەسەر پرسە گرینگەکانی ناوچە بڕیار بدا. خودی ئیسرایلیەکان زۆرجاران دان بەو ڕاستییە دادەنێن، کە مەسەلەن بەبێ پشتیوانیی ئەمریکا ئیسرایل ناتوانێ بکەوێتە شەڕی ئێرانەوە! دوناڵد ترامپ بە “ئاکسیوس” دەڵێ: ئەگەر پشتیگیریی و هاتنەپێشی ئەمریکا نەبوایە، ئیسرایل تەواو لەنێو چووبوو! بەوحیسابە، ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سیاسەتی کەڵان بۆ ئیسرایل دیاریی دەکات.
پرسی کورد، نەک هەر بەهۆی زۆربوونی حەشیمەتی، بەڵکوو بەتایبەتی لەبەرئەوەی پێوەندیی بە چوار وڵاتی گرنگی ناوچەوە هەیە، بە یەک لە پرسە هەرە ئاڵۆز و گرینگەکانی ناوچە دەژمێردرێ. ئایا وەزیری دەرەوەی ئیسرایل سەبارەت بەو بیر و هەڵوێستەی خۆی لەگەڵ ئەمریکاییەکان ڕاوڕاوێژی کردووە؟!
ئەگەر سبەینێ ئەمریکا و ئێران ڕێککەوتن، ئیسرایل ناچار نابێ لەژێر فشاری ئەمریکا پرسەکە بە ئارشیڤ بسپێرێ؟! ئەو ئەمریکایەی لەسەر داوای تورکییە پلانی پێوەندیدار بە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی بە ئیسرایل پەکخستەوە، ناتوانێ ئەو پرسەش بە ئیسرایل هەڵبوەشێنێتەوە؟! بەگوێرەی هەواڵەکان، هەر ئێستا ئیسرایل نیگەرانی ڕێککەوتنی نهێنیی دوناڵد ترامپ لەگەڵ کۆماری ئیسلامییە و ترسەکەشی ڕەوایە!
چوار وڵاتانی دابەشکەری کوردستان، بەبێ ئەوەی چووکترین بڕوایان بە ماف و ئازدیی و دێموکراسی هەبێ و بایخێک بۆ مافی گەلان و یەک لەوان فەسلتینیەکان دابنێن، خۆیان کردووە بە خاوەنی پرسی فەلەستین و دەمڕاستی گەلی فەلەستین و بە هەمووشێوەیەک پشتیوانییان لێ دەکەن، تەنیا بەمەبەستی لاوازکردن و کێشەخوڵقاندن و لێدانی ئیسرایل.
ئیسرایل خاوەنی نفووز و گەورەترین لابی لەئاستی جیهانی دایە، لێببڕێ دەتوانێ یارمەتیی یەکلاکەرەوە بە بەڕۆژکردنی پرسی کورد لە ئاستی نێودەوڵەتی دا بدا، بەو مەرجە بتوانێ قەناعەت بە پێداویستیی بەڕێوەبردنی ئەو سیاسەتە بە ئەمریکا بێنێ و بیکات بە پشتیوان و هاوڕای خۆی. دیارە نەک هەر بۆ پەرچەکرداری هاوشێوە!
لەپێناو متمانەسازی و دامەزراندنی پێوەندیكی پتەو و سەقامگیری سیاسی دا، وڵامدانەوە بەو پرسیارانە بۆ کورد پێویستە. ئاشکرایە، ئیسرایلیش مافی خۆیەتی چاوەڕوانیی سیاسەتێکی لێبڕاوانە و ڕوونی لە کورد هەبێت!
ئیسرایل دەزانێ کە کورد چواردەوری بە نەیار گیراوە، خاوەنی دەوڵەتی خۆی نیە و هەتا لە ئامانج و نییەتی ئیسرایل دڵنیا نەبێ، ناتوانێ بەرانبەر بەو هەموو دوژمنانە بوەستێتەوە و پارێزگاریی لە خۆی بکات. کورد ئەمارات و قەتەر و … نیە و ڕیسکێکی گەورە دەکا. بەتایبەتی کە ئیسرایل سنوورێکی هاوبەشی لەگەڵ کوردستان نییە.
قسەیەکیش بۆ ئەو لایەنانە کە دەخوازن، بەهەرهۆیەک، پشتیوانی لە کورد بکەن!
کێشە هەر ئەوە نیە کە دەوڵەتێک پشتیوانیی لێبڕاوانە لە خەباتی کورد ناکا، کێشە ئەوەشە کە ئیسرایل یان هەر لایەنێکی دیکە کە بیهەوێ پشتیوانیی لە کورد بکا، نازانێ و بۆی ڕوون نیە ڕوو لە کێ و کام حیزب بکات و بەردەنگی کێیە؟ کۆبەندێکی یەکگرتووی سیاسیی و سەقامگیر کە دیار بێ نوێنەرایەتی کورد دەکا، بوونی نیە!
بۆیە، سەرەتا پێویستە حیزبە کوردستانییەکان لەنێو خۆیان دا، بەکرەدوە وەک “نەتەوە” سیاسەت و هەڵسووکەوت بەکەن، بیسەلمێنن ئەو ئیرادە و زەرفییەتەیان هەیە یەکتر وەخۆبگرن و بەیەکەوە بحاوێنەوە و وەک نەتەوە بەهێزی یەکگرتوو و گوتارێکی هاوبەشەوە بۆ ئامانجەکانیان تێبکۆشن، هەتا لەدەرەوە وەک نەتەوە ببیندرێن و تەعامولیان لەگەڵ بکرێ و مافی نەتەوەیەکیان بۆ بسەلمێندرێ و وڵاتێک ئامادە بێ بۆ کورد بەرەنگاری چوار وڵات بێتەوە! ئەوڕۆ بەداخەوە دەردەکەوێ کە حیزبەکان تەنانەت لە بەشێکی کوردستانیش دا، ستراتێژیی و ئامانجیان هاوبەش نیە!
کورد هەتا لەنێو خۆی دا ساغ نەبێتەوە، ناتوانێ چاوەڕوانیی پشتیوانیی لەم و لەو هەبێت و لە دەربڕینی هاوسۆز بەولاوە چی پێنابڕێ. پرسی پێوەندیی نیوان کورد و وڵاتان باس زۆر هەڵدەگرێ، تەنیا بەقسە هاسانە.
وڵاتانی عەرەبی سەرەتا بەهەموو شێوەیەک پشتی خەباتی فەلەستینیان گرتبوو و یارمەتییان دەدا، ئەوکاتە لە فەلەستینیەکان تەمابڕاو بوون و دەستیان لەو پشتیوانییە هەڵگرت کە شەڕ و دووبەرەکی کەوتە نێو بزووتنەوەی فەلەستینیەکان، ئامانجەکانیان کاڵ بوونەوە و گرووپە فەلەستینیەکان بەسەر ئەملا و ئەولا دا دابەش وبەرژەوەندیی تاک و گرووپ جێگەی بەرژەوەندییەکانی خەباتەکەیانی گرتەوە و بزووتنەوەکەیان شێوەی عەشیرەتی و خێڵەکی بەخۆیەوە گرت و حاکمییەتی حیزبی بەسەر کۆمەڵگایەکە دا زاڵ بوو. ئورووپایەکانیش زۆریان یارمەتی دەدان و ئەوانیش کە دیتیان هەوڵی گرووپە فەلەستینیەکان زیاتر بۆ پارەکۆکردنەوەیە نەک بۆ خەڵک و دێموکراتیزەکردنی وڵاتەکە و پێکهێنانی دامەزراوەگەلی دەوڵەتی، لە پشتیوانیکردنی ئاکتیڤ کشانەوە.
بەگشتی، بەوەڕا دەردەکەوێ کە لایەنێک سادقانە و لێبڕاوانە داکۆکی لە خەباتی کوردی ڕۆژهەڵات دەکا کە بەئاشکرا دوو لەو داخوازانەی خوارەوە بسەلمێنێ:
کورد وەک نەتەوە بەفەرمی بناسێ، دان بە فرەنەتەوەبوونی ئێران دابێنێ، هەوڵ بدا پرسی کورد بگاتە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، کۆنفرانسگەلی نێونەتەوەیی بۆ پرسی کورد پێکبێنێ، پشتی داخوازی دامەزراندنی ناوچەی دژەفڕین بگرێ، پشتیوانی بکات لە ماف و ئازادیی نەتەوە نافارسەکان بەشێوەی فدرالیزم یان ئوتونۆمی.
ئەگەر ڕۆژێک ولاتێک ویستی پشتیی کورد بگرێ، بەجێگەیاندنی بەشێک لەو داخوازانە دەتوانێ نیشانە جیدییەتی پشتیوانییەکە بێ و کورد دەتوانێ هیوای پێ ببەستێ.دەنا بە بپێزانینەوە گوێ بۆ دەربڕینی هەستوسۆز و هاوپێوەندی بگرێ و هەر ئەوەندە! کورد دەبێ بۆخۆی ساغ بێتەوە چی دەوێ و چۆنی دەوێ.
