زیاتر لە سەد ساڵە داگیرکەرانی کوردستان، پڕۆژەی «تواندنەوە»ی نەتەوەی کوردیان بە شێوەی سیستماتیک و پڕ ڕەهەند بەڕێوە بردووە.

لە قەدەغەکردنی زمان و کولتوورەوە بگرە تا گۆڕینی ناوی منداڵ، گوند، چیا، کانی و ڕووبار و هتد. بەوەشەوە نەوەستاون و بە کۆمەڵکوژی، کیمیایی باران، لەسێدارەدان و تیرۆر و سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەتی ناوەندگەرایان، هەرچەشنە مافێکی ڕەوای نەتەوەی کوردیان پێشێل کردووە. ئەم پڕۆژەیەی داگیرکەران، بەهۆی بەربەرەکانی، خەبات و قوربانیدانی ملیۆنان کورد، شکستی هێناوە و کورد هێشتا هەر کورد ماوە، زمانەکەشی زیندووە و بەشی زۆری خاکی نیشتمانەکەشی بە دەستەوە ماوە.
ئێستا هەمان پڕۆژەی داگیرکەران بە ناوی «ئەنتێگراسیۆن» (تێکەڵبوون) و گوتاری بێناوەرۆکی «کۆمەڵگەی دیموکراتیک»، «برایەتیی گەلان» و «خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیک»ـەوە لەلایەن عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری پەکەکەی هەڵوەشاوە لە ئیمراڵییەوە سەری هەڵداوەتەوە و بە ڕێگەی لق و پۆپەکان و میدیاکانی ئەو ڕێکخراوە هەڵوەشاوەیەوە دەرخواردی ڕای گشتیی کوردستانیان دەدرێ و بە هاوکاریی ئاشکرا و شاراوەی هەمان داگیرکەران، هەوڵ دەدەن پرۆژە و مۆدێلی ئەم گوتارە مەترسیدارە، لە ڕۆژاوای کوردستان، لە شەنگال، لە بەشەکانی دیکەی کوردستان بخەنە بواری جێبەجێکردنەوە.
داگیرکەرانی کوردستان بە پاساوی پاراستنی یەکپارچەییی خاکی وڵات -کە هەمان سیاسەتی دەسەڵاتی ناوەندگەرای دیکتاتۆریی سەدساڵەیانە (یەک نەتەوە، یەک زمان، یەک ئاڵا)- و بە نکۆڵیکردن لە مافە دیموکراتییەکانی گەلی کورد، بە هاوکاریی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، لە ڕێگەی پرۆژەی «تورکیای بێ تیرۆر- «کۆمەڵگەی دیموکراتیک» و تێکەڵبوونەوە (ئەنتێگراسیۆن)، کە لە ڕاستیدا نە دیموکراتییە و نە برایەتییە و نە ئاشتبوونەوە و دابینکردنی مافە نەتەوەییەکانی کوردە، بەڵکوو پیلانێکی هاوبەشی نوێیە کە لەژێر ناوی داتاشراوی جیاجیادا، بۆ سڕینەوە و بێبەشکردنی کورد لە مافی سەروەری و دیاریکردنی چارەنووسی خۆی، ئەنجام دەدرێت.
بە ئاوردانەوەیەکی کورتی مێژوویی لە هەرکام لەو وڵاتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە، دەتوانین باشتر مەبەستەکە ڕوون بکەینەوە.
لە تورکیا، کۆمەڵکوژیی زیلان (١٩٣٠):
هەزاران کورد (بەپێی سەرچاوەکان لە ١٥ بۆ ٣٠ هەزار) لە دۆڵی زیلان لەلایەن سوپای تورکەوە کوژران. دۆڵەکە پڕ بوو لە لاشە.
کۆمەڵکوژیی دێرسیم (١٩٣٧-١٩٣٨): کۆمەڵکوژییەکی پلاندانراو؛ سەرچاوە تورکییەکان خۆیان دواتر دان بە ١٣ هەزار کوژراودا دەنێن، سەرچاوەکانی تر تا ٤٠ هەزار دەڵێن. گوندەکان سووتێنران و کچان دەستگیر کران.
هەروەها لەسێدارەدان و تیرۆری دەیان ڕێبەر و ڕۆشنبیر، قەدەغەی زمان تا ساڵی ١٩٩١ لە تورکیا و دەیان نموونەی دیکە.
لە عێراق، لە ساڵی ١٩٨٠دا، ڕژێمی بەعسی عێراق بە بڕیاری ژمارە ٦٦٦، ڕەگەزنامەی عێراقیی سەدان هەزار کوردی فەیلیی هەڵوەشاندەوە، موڵک و ماڵیان زەوت کرد و بە زۆرەملێ بۆ ئێرانیان دەرکردن. هەروەها دەیان هەزار گەنجی فەیلی دەستگیر کران و بێسەروشوێن کران یان کوژران؛ ئەم تاوانانەش لە ساڵی ٢٠١٠دا لە لایەن دادگای باڵای تاوانەکانی عێراقەوە وەک جینۆساید و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی ناسێندران.
هەڵەبجە (١٩٨٨): گەورەترین هێرشی کیمیاییی حکوومەتی عێراق دژی خەڵکی مەدەنی لە مێژوودا؛ ٣٢٠٠ تا ٥٠٠٠ کورد لە یەک ڕۆژدا کوژران.
ئەنفال (١٩٨٨): بەپێی «هیومان ڕایتس وۆچ»،
٥٠ بۆ ١٠٠ هەزار کورد لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە کوژران و زیاتر لە ٤٠٠٠ گوند وێران کران. سەرچاوە کوردییەکان ژمارەی بەرزتر دەڵێن. ئەمە وەک جینۆساید لەلایەن دادگای عێراقەوە ناسراوە.
شەنگال (٢٠١٤): کە تێیدا هەزاران ژن و کچی کوردی ئێزدی لەلایەن گرووپی تیرۆریستیی داعشەوە، بەهۆی ئاینەکەیانەوە کۆمەڵکوژ و بێسەروشوێن کران.
لە ئێران: لە سەدەی ڕابردوودا، لەلایەن ڕەزا شا و محەممەدرەزا شای کوڕی و پاشان بە فەتوای «جیهاد»ی خومەینی دژی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەزاران خەڵکی مەدەنی کوژران، هەزاران ڕۆڵەی خەباتکار لەسێدارە دران و ڕێبەرانی دیاری بزووتنەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تیرۆر کران.
لە سووریا، لە ساڵی ١٩٦٢دا، حکوومەتی سووریا بە سەرژمێرییەکی تایبەت لە پارێزگای حەسەکە، ڕەگەزنامەی نزیکەی ١٢٠ هەزار کوردی هەڵوەشاندەوە و وەک «بێگانە» یان «بێناسنامە» تۆماری کردن، کە نەوەکانی دواتریشی لێ بێبەش کرد و مافە سەرەتاییەکانیانی لێ زەوت کردن. لە ساڵی ٢٠٠٤یشدا هێزەکانی ئاسایشی سووریا لە قامیشلۆ دەیان کوردیان کوشت. هەروەها لە شەڕی دژی داعشیشدا هێزە کوردییەکان (هەسەدە/یەپەگە) زیاتر لە ١١ هەزار شەهید و زیاتر لە ٢٠ هەزار برینداریان هەبوو.
لێرەدا دەبێ بپرسین: ئەگەر ئەو هەموو کارەساتانەی بەسەر کورد هاتوون بەهۆی کوردبوون و داوای مافی سەربەخۆیی بوون، ئەی ئەنتێگرەبوون «تێکەڵبوون» لەپێناو چییە و بۆچی هەر کەس و لایەنێک کە دژی ئەنتێگرەبوونی کورد لەناو تورک و فارس و عەرەبدا ڕادەوەستێ، لەلایەن هاوبەشانی پرۆژەکەوە بە تۆمەتی خیانەت، هەرەشەی سزادانیان لێ دەکرێت؟!
ئەگەر ئەم هەموو مالوێرانی و خوێنە لەپێناو سەروەری و ناسنامەی کورد ڕژاوە، ئەی «تێکەڵبوون» و «تواندنەوە» لەپێناو چ دەستکەوتێکدایە؟ ئاشتی لەسەر بنەمای نکۆڵیکردن لە ماف، ئاشتی نییە؛ بەڵکوو درێژەپێدانی هەمان سڕینەوەیە.
پرسیاری بنەڕەتی ئەوەیە: بەپێی چ پێوەرێکی یاسایی یان مێژوویی، ڕەوایە کورد لەنێو “ئەویتر”دا بتوێتەوە؟ لە ڕووی مێژووی ڕەچەڵەکی نەتەوەییەوە، یان ڕەسەنایەتیی خاوەنداریی خاک و نیشتمانەکەیان؟
بەپێی شوێنەوار و بەڵگەنامە مێژووییەکان، ناوچەی زاگرۆس و تۆرۆس لە هەزاران ساڵ پێش زایینەوە، لانکەی نیشتەجێبوونی گەلانی چیا (گوتییەکان، مادەکان و هتد) بووە. نەتەوەی کورد پەیوەستە بەم میراتە مێژووییەوە. توێژینەوە ژینەتیکییەکانیش پەیوەستیی قووڵی کورد بە دانیشتووانی کۆنی زاگرۆس دەسەلمێنن.
بەپێچەوانەوە:
عەرەبەکان لە سەدەی حەوتەمی زایینی بە داگیرکاریی ئیسلامی هاتن.
تورکە سەلجووقی و ئوغوزەکان لە سەدەی یازدە و دوازدەی زایینی بە شێوەیەکی بەرچاو هاتن و دواتر دەسەڵاتی سیاسییان گرت.
پێویستە داگیرکەران ئەو ڕاستییە بزانن کە کورد وەک نەتەوەیەکی مەزنی خاوەن شارستانییەت کە ڕەگی لە قووڵایی مێژووی هەزاران ساڵەدا چەقیوە، لەسەر خاکی ڕەسەنی باب و باپیرانی نە «کەمینە»یە و نە «میوان». نە ئێرانییە، نە تورکیاییە، نە عێراقی و نە سووریاییە کە تەمەنی دامەزرانی هەر هەموویان سەد ساڵ زیاتر تێپەڕ ناکات.
کورد کوردستانییە و بۆ سەروەریی نەتەوەیی و ڕزگاریی خاکی داگیرکراوی خەبات دەکات؛ مافی دیاریکردنی چارەنووس بۆ هەموو نەتەوەکان لە یاسای نێودەوڵەتیدا (پەیمانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێککەوتننامەکانی مافی مرۆڤ)دا، بوونی هەیە. بەڵام نەتەوە سەردەستەکان لە سەدەکانی ڕابردوودا هەر جارە بە پاساوێک: «پاراستنی ئوممەتی ئیسلام»، «پاراستنی یەکپارچەیی (ئیران، تورکیا، عێراق و سووریا)، ئێستاش بە ڕێگەی پرۆژەی تێکەڵبوونەوەی کۆمەڵگەی دیموکراتیکی برایەتیی گەلانی ئیمرالییەوە.»، سەروەریی کورد پێشێل دەکەن.
بە پشت بەستن بە پاشخانی دیرۆکیی نەتەوەی کورد و نیشتمانەکەی، بە ڕەوایی یاسا و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان، بەراورد لەگەڵ پرۆژەی ئەنتێگرە و تێکەڵبوون، دەبێ وڵامی ئەو پرسیارە بدۆزینەوە کە ئایا گەلێکی ڕەسەنی چیاکانی زاگرۆس و تۆرۆس بە پاشخانی هەزاران ساڵ مێژوو و شارستانییەت دەبێ تێکەڵی ئەوانی دوای خۆی بێت، یان ئەو نەتەوانەی دواتر هاتوون و هەوڵی سڕینەوەیان داون؟
پڕۆژەی «تێکەڵبوون»ـی ئیمراڵی و داگیرکەران، تەنها ناوێکی نوێیە بۆ درێژەدان بە هەمان سیاسەتی کۆنی ئینکار و تواندنەوە. ئەگەر پیلانەکانی تواندنەوەی سەد ساڵەی داگیرکەرانی کوردستان بەهۆی خۆڕاگری و قوربانیدانی گەلی کوردەوە شکستیان هێنابێت، درێژەپێدانی وەها سیاسەت و پیلانەکانی ڕابردوو لە داهاتوودا، کارەساتی گەورەتر دروست دەکات. باشترە داگیرکەرانی کوردستان دڵنیا بن، تا کورد نەبێتە خاوەن دەوڵەت و سەروەریی نەتەوەیی خۆی، ڕۆژهەڵاتی ناوین ئاشتی و سەقامگیری بەخۆیەوە نابینێت و بەرپرسایەتی هەرچەشنە لێکەوتەیەکی درێژەکێشانی سیاسەتی نکۆڵیکردن و نەسەلماندنی مافی دیاریکردنی چارەنووسی کورد لە داهاتوودا دەکەوێتە ئەستۆی هەرکام لەو وڵاتانەی کوردستانیان داگیر کردووە.
ڕێگە چارەی دروست چییە؟
داننان بە سەروەریی نەتەوەی کورد و نیشتمانەکەی لەلایەن هەرکام لە وڵاتانی داگیرکەر بەپێی یاساکانی پەسندکراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، تاکو هەرکام لە نەتەوەکانی کورد، تورک، فارس و عەرەب لەسەر بنەمای هاوسەنگی، یەکسانی و مافی دیاریکردنی چارەنووس، بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و ئاشتیانە پێکەوە بژین.
ئەگەر نا، مێژوومان، قوربانی و خوێنی شەهیدانمان، ئیرادەی پۆڵایینی گەلی کورد و تێکۆشەرانی دۆزی سەربەخۆیی کوردستان کە سەدان ساڵە لەبەرانبەر سیاسەتی تواندنەوەی داگیرکەران و شوێنکەوتەکانیانەوە نەچەماون، وەڵامی ئەو پرسیارە دەدەنەوە کە کێ دەبێ لە کێدا بتوێتەوە؟
