Hoppa till innehåll
Hem » لۆمەی خەڵکی ڕۆژ‌هەڵاتی کوردستان مەکەن!، قادروریا

لۆمەی خەڵکی ڕۆژ‌هەڵاتی کوردستان مەکەن!، قادروریا

برادەرێکی خۆشەویستم لەهەرێمی کوردستان کە خۆی مامۆستای زانکۆ و هەر لەو کاتەدا یەک لە چالاکە مەدەنییە مرۆڤدۆست، نەتەوەیی و بەهەڵوێستەکانی هەرێمی کوردستانە،


چەند خولەک دیالۆگێکی نێوان خۆی و بنەماڵەکەی بۆ ناردووم. بە گوێرەی قسەکانیان، خانمەکەی و کوڕ و کچە گەنجەکەی ئەم مامۆستایە ڕەخنەیان لە بێ هەڵوێستیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئاست ڕۆژاوای کوردستان هەیە. مامۆستای برادەرم هەوڵ دەدات کە دۆخی تایبەتی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان کە بووە بە هۆی نەبوونی هەڵوێست و چالاکیی خەڵکەکەی بۆ ڕوون بکاتەوە، بەڵام دیارە مامۆستا بۆ خۆشی زانیاریی زۆری لەسەر بارودۆخی ئێستا و ئەم چەند حەوتووەی ڕابردووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران نییە. ناچار بووم بۆ ئەو بنەماڵە بەڕێزە چەند شت ڕوون بکەمەوە. بەم هۆیەوە کە لەوانەیە لە هەرێمی کوردستان، زۆر کەس و بنەماڵەی دیکەش هەر بەم جۆرەی بنەماڵەی مامۆستای برادەرم لەسەر خەڵک ڕۆژهەڵاتی کوردستان بیر بکەنەوە، بە پێویستی دەزانم لێرەوە هێندێک ڕاستی باس بکەم. جا ئەو کات دەردەکەوێ کە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نەک هەر شیاوی لۆمە نین، مافی گلەییشیان هەیە:

١-خەڵکی هەرێمی کوردستان ئەگەرنەشزانن لە حەوتووەکانی ڕابردوودا لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، چ کارەساتێکی گەورە و بێ وێنە ڕووی داوە، جێگای گلەیی نین؛ چونکە ڕاگەیەنەکانیان، ئاراستەکەرانی سۆشیال میدیایان، حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانیان و تەنانەت ڕێکخراوە مەدەنییەکانیشیان، بە ئەنقەست خۆیان لە باسکردنی ڕووداوەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بێدەنگ کردووە. ئەم خۆ بێدەنگکردنە بە ڕێکەوت و لە خۆڕا نییە، من لەنێو هۆکارەکانی ئەم بایکۆت و بێدەنگییە -لەبەر هێندێک تێبینی- تەنیا ئاماژە بە یەکێکیان دەکەم ئەویش ترس لە ڕێژیمی ئێرانە. گرنگیدانی ئەمجارەی هێندێک لایەن و راگەیەنەکانیان بە ڕووداوەکانی ڕۆژاوای کوردستانیش، هەتا ڕادەیەک دەگەڕێتەوە بۆ شاردنەوەی بێ هەڵوێستیان لە ئاست سەرکوتی خوێناویی ئەم دوایانەی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

٢-شتێکی سروشتییە کە ڕووداوەکانی ئەو بەشانەی کوردستان کە دراوسێی یەکترن، کاریگەریان لەسەر یەک زیاترە. ڕۆژاوا و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دراوسێ نین، بەم حاڵەش خەڵکی ڕۆژهەڵات هیچ کات لە ئاست ڕووداوەکانی سێ پارچەکەی دیکەی کوردستان بێ هەڵوێست نەبوون. خۆپێشاندانی خوێناوییان بە ناڕەزایەتی لە ڕفێندرانی ئوجەلان، هاتنە سەرشەقام و کۆبوونەوە جەماوەرییە گەورەکانیان لە کاتی ڕاگەیاندنی فیدڕاڵی لە عێراق و بەڕێوەچوونی ڕێفراندۆم، قەڵاچۆی خەڵکی شەنگال، گەمارۆدرانی کۆبانی و چەندین بۆنەی دیکە بەڵگەی دروستیی ئەم قسەیەن. ئەوەشتان لە بیر بێت، هاتنە سەرشەقام و چالاکی نواندن لە هەرێمی کوردستان بۆ پشتیوانی لە نەتەوەی کورد لە بەشەکانی دیکە، لەگەڵ ئەوەی جێگای ڕێزە و لە پێوەندی لەگەڵ ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا ئەوەندە زۆر و بەرچاویش نەبووە، شتێکی ڕیگە پێدراوە. بەڵام لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەر کۆبوونەوەیەکی لەو چەشنە تێچووی هەیە، چونکە دەزگای سەرکوتی ڕێژیمەکە ڕێگای پێ نادا و دواتر ڕێکخەرانی ئەم جۆرە چالاکییانە تووشی گرتن و بەندیخانە دەبن.

٣- بە هۆی نەبوونی ئەنترنێت لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ماوەی سێ حەوتووی ڕابردوودا، هەروەها بە هۆی بایکۆت دانانی ڕاگەیەنەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، خەڵکی باشووری کوردستان ئاگادار نین کە دوو حەوتوو لەمەوبەر(لە ١٨ و بە تایبەتی ١٩ی بەفرانبار، ٩ی ژانویەی ٢٠٢٦) لە زیاتر لە سەد شاری ئێران کە خەڵکی ناڕازی بە دروشمی ”مردن بۆ دیکتاتۆر” هاتبوونە سەر شەقامەکان، بێ وێنەترین کۆمەڵکوژی و کارەساتی مێژوو ڕووی داوە. لە ماوەی شەو و ڕۆژێکدا، ڕێژیمێک بە هۆی هێزە سەرکوتکەرەکانی و بەهێنانی چەند هەزار بەکرێگیراوی خۆی (سەر بە حەشدی شەعبی و ”فاطمیون”)، دەیان هەزار مرۆڤ لە خەڵکی وڵاتەکەی کە بە دەستی بەتاڵ هاتبوون دوای ئازادییان دەکرد، کۆمەڵکوژ کرد. بە سەدان هەزار کەسیان بریندار و نەقوستان کردووە. تەنانەت بەزەییان بە بریندارەکانیشدا نەهاتووە و چوون لە نەخۆشخانەکان دەریان هێنان و کوشتوویانن.
لەبەر بێ ئەنترنێتیی خەڵکی ڕۆژهەڵات و ئەم بایکۆتەی ڕاگەیەنەکانی هەرێم، ئەو ڤیدیۆ و وێنانەشتان کە بەرە بەرە لە ئێرانەوە هاتوونەدەر نەدیتووە کە دەیسەلمێنن لە دەیان شاری ئێران، تەرمی کوژراوەکانیان لە کیسەی تایبەت و لە کۆگای چەند سەد کەسیدا، لەسەر یەکتر کەڵەکە کردوون. دایک و بابە جەڕگبڕاو و پشت شکاوەکان لەنێو ئەو تەرمانەدا بۆ لاشەی بێ‌گیانی کچ و کوڕی مێرمنداڵ و لاوەکانی خۆیان دەگەڕێن و…

٤-بێ گومان ئاگاداری ئەم ڕاستییەش نین کە خەڵکی ناڕازیی دوو پارێزگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان(کرماشان و ئیلام) لەم جۆرە کۆمەڵکوژکردنە بێبەش نەبوون. ئاگادار نین کە لە شارەکانی مەلەکشاهی، ئابدانان، ئیلام، شاری کرماشان و…هتد خەڵک خەڵتانی خوێن کراون و سەدان کەس گیانیان لەدەست داوە. هێشتا نەتان زانیوە کە ژمارەیەکی زۆر لە لاوانی ڕۆژهەڵات لە خۆپێشاندانەکانی ئێراندا گیانیان لێ ئەستێندراوە. هەتا ئێستا تەرمی دەیان کەسییان بۆ شارەکانی کوردستان هاتوونەوە. نەتانزانیوە کە لە دوو حەوتوو لەمەوبەرەوە لە کاتژمێر شەش و حەوتی ئێوارەوە لە شارەکانی کوردستان، حکوومەتی نیزامی (منع تجول) هەیە، ڕۆژانەش هێزە سەرکوتکەرەکان بە سواری تۆیۆتای دۆشکە لەسەر، بەنێو شەقامەکاندا دەخولێنەوە بۆ ئەوەی هەر کەس نیازی ناڕەزایەتیدەربڕینی هەبێت، بیدەنە بەر گوڵلە. لە دوو سێ حەوتووی رابردوودا، ئەگەر نەڵێم هەزاران، سەدان کەس لە شارەکانی کوردستان گیراون و کەمترین زانیاری لەسەر چارەنووسیان بڵاو بووەتەوە. ئەوەش بە جێگای خۆی کە ئەم خەڵکە لەم هەلومەرجە تایبەتەدا لە باری ژیان و گوزەرانی ئابوورییشەوە، بارو دۆخیان چەند قاتی پێشوو سەخت و دڵتەزێن بووە.

بە کورتی، هاوپێوەندیی نەتەوەیی و کوردستانی و پشتیوانیکردنی خەڵکی بەشەکانی کوردستان لە یەکتر هەموو کات شتێکی پێویست و ئەرکێکی پیرۆز و جێگای دەستخۆشی و پێزانینە. لەم بارەیەشەوە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی چالاکانی سیاسی و مەدەنیی ئەوان، هەموو کات لە پێشەوەی خەڵکی بەشەکانی دیکەی کوردستان بوون؛ هەروەک ئێستا لە دەرەوەی وڵات، کوردانی ڕۆژهەڵات چالاکانە و لەڕیزی پێشەوەی کۆڕ و کۆبوونەوەکانی پشتیوانی لە ڕۆژاوای کوردستاندا بەشدارن. بەڵام گلەیی کردن لە خەڵکی نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە سەرنجدان بە بارودۆخی ئێستایاندا و لۆمەکردنیان، نەک هەر لەجێی خۆیدا نییە، بەڵکوو ناڕەوا و نیشانەی بێ خەبەری و تێنەگەیشتن لە بارودۆخی ئەوانە.

لەجیاتی لۆمەکردنی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لۆمەی ئەو ڕاگەیەن و حیزب و ڕێکخراوانەی بەشەکانی دیکەی کوردستان بکەن کە خۆیان لە ئاستی دۆخی کارەساتباری ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، بێدەنگ و بێ هەڵویست کردووە.

قادروریا ٢٠٢٦/١/٢٤