Hoppa till innehåll
Hem » کورد لە نێوان فەتوای ئایینی و خیانەتی سیاسییدا، ساڵە نەڵۆسی

کورد لە نێوان فەتوای ئایینی و خیانەتی سیاسییدا، ساڵە نەڵۆسی

کوشتنی کورد و داگیرکردنی کوردستان، زۆر جار لەژێر پەردەی فەتوای ئایینیدا ئەنجام دراوە. نوێترین نموونەش ئەو فەتوایانەن کە لە سووریای نوێدا دژی کورد دەدرێن؛ ئەو دەسەڵاتەی کە دەتوانرێت وەک ”داعشێکی نوێ” وەسف بکرێت و دوای گڵۆپی سەوزی ئەمریکا گەیشتە تەختی فەرمانڕەوایی.

هەڵوێستی ئەمریکا و چارەنووسی ڕۆژئاوا

تۆم باراک، نوێنەری ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا، ڕایگەیاندووە: ”قۆناغی گواستنەوەی دەسەڵات لە سووریا بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرع، گەورەترین دەرفەتی مێژوویی بۆ کورد ڕەخساندووە تاوەکو بە تەواوی لەنێو دەوڵەتێکی یەکگرتوودا تێکەڵ بێت.” هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە هاوبەشیی ئەمریکا لەگەڵ هەسەدە بۆ شەڕی داعش، بە شێوەیەکی سەرەکی ”بەسەرچووە”. ئەم لێدوانانە وەک چرایەکی سەوزی ئەمریکا دەبینرێن بۆ حکومەتی نوێی سووریا، و ئاماژەن بۆ ڕێککەوتنێک کە ئامانجی تێوەگلاندنی ڕۆژئاوای کوردستانە لە خوێن، هاوشێوەی پارچەکانی دیکەی کوردستان.

مێژوویەکی پڕ لە فەتوا و خوێن

ئێمە فەتوای ”خومەینی”مان لە یادە کە چۆن لە رۆژهەڵاتی کوردستان بووە هۆی ئەنجامدانی چەندین تاوان؛ هەزاران لاوی بێتاوان لەسێدارە دران و سەدان گوندی کوردستان وێران کران.

ئەمڕۆش، ئەم هەڵوێستەی ئەمریکا دەستی ئەردۆغانیشی لە پشتە. لەو کاتەوەی کوردی ڕۆژئاوا هاتوونەتە مەیدان، تورکیا بەردەوام هەڕەشەیان لێ دەکات و ئێستا بە هاوکاریی ئەمریکا و دەسەڵاتی نوێی سووریا، خەریکە دەگات بە ئامانجەکانی.
دۆخی پارچەکانی دیکە

باکووری کوردستان: دەبینین چۆن هەوڵی بێدەنگکردنی پەکەکە دەدرێت لە ڕێگەی پەیامەکانی ئۆجەلانەوە؛ هەرچەندە باس لە ئاشتی دەکرێت، بەڵام داهاتوویان زۆر ناڕوونە.

باشووری کوردستان: مێژوویەکی پڕ لە ئەنفال و کیمیابارانی هەیە و هێشتاش لەژێر هەڕەشەدایە.

 جێگەی داخی زۆرە، هەرچەندە زۆرینەی گەلی کورد موسڵمانن، بەڵام بەردەوام فەتوای ئایینییان دژ دەدرێت و نەتەوەکانی دەوروبەر بۆ دژایەتیکردنی کورد هان دەدرێن.

کورد و ئەزموونی مێژوویی؛ لە نێوان نیازپاکی و فێڵی دوژمناندا

ڕاستییەکی تاڵ کورد هەمیشە هەوڵی داوە لەگەڵ نەتەوە دراوسێکانیدا بە ئاشتی و دوور لە جەنگ بژی، بەڵام بەداخەوە زۆربەی ئەو نەتەوانە بەردەوام وەک ”ڕێوی فێڵباز” مامەڵەیان لەگەڵ کورد کردووە. مێژوو سەلماندوویەتی کە دوژمنانی کورد لە کاتی وتووێژدا خیانەتیان کردووە و ڕێبەرانی ئێمەیان کردووەتە ئامانج. بۆ نموونە:

  • د. قاسملوو: لەسەر میزی وتووێژ و بە ناوی ئاشتییەوە شەهید کرا.

  • پێشەوا قازی محەمەد: بۆ ئەوەی گەلەکەی نەکوژرێت، متمانەی بە بەڵێنی دوژمن کرد، بەڵام لە بەرامبەردا لەسێدارە درا.

مەترسییەکانی سەر ڕۆژئاوا ئەمڕۆش هەمان مەترسی لەسەر مەزڵووم عەبدی (فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات) هەیە. دوور نییە ئەویش وەک ڕێبەرانی پێشووی کورد شەهید بکرێت، یان وەک عەبدوڵڵا ئۆجەلان بخرێتە کونجی زیندانەوە. هەر بۆیە، کورد نابێت هەرگیز متمانەی ڕەها بە بەڵێنەکانی دوژمن بکات و نابێت لە ئاستی داگیرکەردا نەرمی بنوێنێت.

چارەنووسی ڕۆژئاوا و وانەکانی مێژوو لە ئێستادا تەواوی گەلی کورد پشتیوانی لە ڕۆژئاوای کوردستان دەکەن. ئەگەر مەزڵووم عەبدی و بەڕێوەبەریی خۆسەر نەکەونە داوی فێڵ و فریوی دوژمنانەوە، داهاتوویەکی ڕوونیان دەبێت. بەڵام ئەگەر بە ناوی ئاگربەستەوە کات بۆ دوژمن بگەڕێننەوە و پاشان هێرشیان بکرێتە سەر، ئەوا تووشی هەمان چارەنووسی ”کۆماری کوردستان” دەبنەوە.

ئەنجامگیری بەداخەوە، جگە لە خۆمان هیچ وڵاتێک پشتیوان و دۆستی ڕاستەقینەی کورد نییە. کاتی ئەوە هاتووە کە پەکەکە و هەسەدە چیدی باسی چەمکی ”برایەتی گەلان” نەکەن؛ چونکە لە واقیعدا ئەم چەمکە شتێکی بێمانایە و تەنیا بۆ خۆفریودان بەکار دێت. پێویستە کورد تەنیا پشت بە هێزی خۆی و یەکڕیزیی نەتەوەیی ببەستێت.

 ساڵە نەڵۆسی بەرپرسی سایتی پێشمەرگەکان

20260120

***

بابەتی پەیوەندی دار 

فەتوایەک لە ئەوقافی سووریاوە لە دژی کورد

رووداو دیجیتاڵ : وەزارەتی ئەوقافی سووریا نووسراوێکی بۆ گوتاربێژانی مزگەوتەکانی سووریا ناردووە تێیدا هێرشەکان بۆ سەر کورد و رۆژئاوای کوردستان بە ”فتوحات” ناودەبات و نووسراوەکە بە ئایەتی ٩ لە سورەتی ئەنفال لە قورئانی پیرۆز دەستپێدەکات .

ئەو نووسراوە واژۆی د.محەممەد ئەبو خەیر شوکری، وەزیری ئەوقافی سووریای کۆماری عەرەبیی سووریای لەسەرە و رۆژی 18-01-2026 دەرچووە. وەزیری ئەوقافی سووریا لەو نووسراوەدا داوا لە گوتاربێژانی مزگەوتەکان دەکات نوێژی ”قونووت” لە هەر پێنج نوێژە فەرزەکەدا بکەن، بۆ نزاکردن بۆ سەرکەوتنی سەربازانی سوپای عەرەبیی سووریا.

هەروەها وەزیری ئەوقاف داوا لە گوتاربێژانی مزگەوتەکانی سووریا دەکات ” تەکبیر لێبدەن بۆ خۆشی دەربڕین بە فتوحات و سەرکەوتنەکان” ی سوپای عەرەبیی سووریا لە هێرشەکانی دا دژی گەلی کورد لە رۆژئاوای کوردستان .

لە ساڵی ١٩٨٧ و ١٩٨٨ حکومەتی عێراق هەڵمەتێکی ئەنفالی لە هەشت قۆناخ دا لە باشووری کوردستان دەستپێکرد کە تێیدا ١٨٢ هەزار کورد گیران و زیندەبەچاڵ کران . کیمیا بارانی هەڵەبجەش کە بۆ هەموو دونیا ناسراوە .  

هەروەها ”فتوحات” بەپێی شەریعەت و لێکدانەوەی ئیسلام لە دژی کافران جێبەجێدەکرێت .

ئەم فەرمانەی وەزارەتی ئەوقاف لە کاتێکدایە کە لە 24 کاژێری رابردوودا سوپای عەرەبیی سووریا پێشڕەویی گەورەی لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی فورات، تەبقە، رەققە و دێرەزوور کرد. ئەم گۆڕانکارییانە دوای کشانەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) هاتن لە چوارچێوەی رێککەوتنێکی 14 بڕگەیی کە رۆژی یەکشەممە راگەیێندرا.

تائێستا لە هێرشەکانی سوپای عەرەبیی سووریادا ، تاوانی جەنگ و کۆمەڵکوژیی دژی خەڵکی سیڤیل تۆمارکراون هەروەک هێزەکانی سووریای دیموکرات رایگەیاند.

بارودۆخی مەیدانی بەرەو ئاڵۆزییەکی زیاتر رۆیشتووە؛ هەسەدە حکومەتی دیمەشق بە هێرشکردنە سەر زیندانەکانی داعش و ”تاوانی جەنگ” تۆمەتبار دەکات و دەڵێت، کۆنترۆڵی زیندانی شەدادییان لەدەستداوە. لە بەرامبەردا، حکومەتی دیمەشق ئەم پێشڕەوییانە بە ”گەڕانەوەی سەروەریی دەوڵەت” و ”تێکشکاندنی تیرۆر” دەبینێت و داوا لە دامەزراوە ئایینییەکان دەکات رۆڵی خۆیان لە پشتگیریکردنی ئەم قۆناخەدا بگێڕن. هاوکات لیندزی گراهام، سیناتۆری ئەمریکی هۆشدارییەکی تووندی داوەتە دیمەشق و داوای کردووە، ئەمریکا راستەوخۆ بەرگری لە زیندانەکانی داعش بکات تاوەکو کارەساتی گەورە روونەدات.

***
لە ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٥٨ی هەتاوی، خومەینی دژی كورد فتوای جیهادی دا

خومەینی دامەزرێنەری كۆماری ئیسلامی ئێران، كە چەند مانگێك بوو بەدەسەڵات گەیشتبوو، فتوای جیهادی لە دژی كورد دەركرد.

خومەینی كوردی بە كافر هەژمار كرد و رژاندنی خوێنی كوردی بە حەڵاڵ دانا، بۆیەش سوپای ئێران هێرشی كردە سەر كوردستان و خەڵكێكی زۆری بێتاوانی شەهید كرد.

ئەو فەرمانە کە دواتر بە ”فتوای جیهاد” ناوبانگی دەرکرد، کارەساتی خوێنباری زۆری لێکەوتەوە. پاش ئەو فەرمانەدا، ”سادق خەڵخاڵی” حاکمی شەرعی دادگاکانی شۆڕش هەزران لاوی کوردی ئیعدام کرد.

***

فتوای جیهادی خومەینی دژ بە خەڵکی کوردستان‌/ سمایل شەرەفی

چاونیوز: (گۆشەیەک لە جینایەتەکانی ڕێژیم لە ناوچەی هەوشار)

دوای ڕاگەیاندنی فتوای جیهادی خومەینی، ڕێبەری تازە بە دەسەڵات گەیشتووی شۆڕشی ئیسلامی لە ئیران دژ بە خەڵکی کوردستان لە ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٥٨ی هەتاویدا، یەکێک لەو ناوچانەی کوردستان کە وەک باقیی شوێنەکانی دیکەی کوردستان کەوتە بەر پەلاماری هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم، ناوچەی هەوشار بوو.

ناوچەی هەوشار کە لە باکووری پارێزگای ورمێ هەڵکەوتوە و لە دوو شاری سایین‌قەڵا و تیکاب پێک هاتوە و نیزیک بە دووسەد ئاوایی سەر بەم دوو شارەی لەخۆی گرتوە، لە بوارەکانی سیاسی، ئابووری، کشتوکاڵ و فەرهەنگییەوە بە یەکێک لە ناوچە هەرە گرینگەکانی کوردستان دادەنرێ.

دوای ڕاگەیاندنی تێکۆشانی ئاشکرای حیزبی دێموکرات لە ١١ی ڕەشەممەی ١٣٥٧ی هەتاوی، تێکۆشەرانی حیزب لە ناوچەی هەوشار بە پشتیوانیی خەڵکی ناوچەکە دەستیان کرد بە خۆڕێکخستن و خزمەتکردن بە خەڵک. بەتایبەت بەشی ڕێکخراوی حیزب، هەر زوو بە دەرککردنی هەستیاربوونی ناوچەکە کە لە دوو نەتەوەی کورد و تورک پێک هاتوە، هەوڵی نزیکایەتیی زیاتریان لەگەڵ خەڵکی غەیرە کوردی ناوچەکە دەدا کە ئاکامەکەی بوو بەوەی زۆر لە خەڵکی شارەکانی تیکاب و سایین‌قەڵا نەتەنیا پێشوازییان لەم ڕەفتارەی بەرپرسانی حیزب کرد، بەڵکوو زۆر کەسیان ڕاستەوخۆ لە ڕیزەکانی حیزبدا وەک ئەندام و پێشمەرگە وەرگیران و پلەی بەرزی حیزبییان پێ‌درا.

کاربەدەستانی ڕێژیم کە چاوی دیتنی ئەم دۆخەیان نەبوو کەوتنە پیلانگێڕی و بە هاندانی کۆمەڵە کەسێکی ساویلکە و هەڵخەڵەتێندراو لە هەر دوو لای تورک و کورد، هەوڵی شێواندنی دۆخەکەیان ‌دا کە بە بەداخەوە تا ڕادەیەک تیایدا سەرکەوتن.

هێرشی هێزە بەکرێگیراوەکانی ڕێژیم بۆ سەر ناوچەی هەوشار لەگەڵ بەرەنگاریی قارەمانانەی پێشمەرگەکانی هێزی شەهیدانی هەوشار و خەڵکی ناوچەکە بەرەوڕوو بوو. نەیاران بە مەبەستی بەدناوکردنی هێزی پێشمەرگە و هاندانی گەلی تورک و بەرینکردنەوەی کەلێنەکان، بە شێوەی جۆراوجۆر خەریکی ناکۆکینانەوە بوون. ئەزیەت و ئازاری خەڵکی ناوچەکە لەژێر ناوی جۆراوجۆری کوردبوون و سوننی بووندا ڕۆژانە لە پەرەئەستاندندا بوو. بۆیە خەڵک بە لێشاو پەنایان دەبردە بەر پێشمەرگەکان و داوای هاوکاریی و پشتیوانییان لێ دەکردن. بۆیە لە کۆتاییدا بەرپرسانی سەرەوەی حیزب بڕیاری بەرەنگاری و پشتیوانیی پێشمەرگەکانیان بە خەڵکی ناوچەکە دا.

***

دوای دەرکردنی فتوای جیهادی خومەینی لە دژی کورد، یەکێک لەو ناوچانەی کە زۆرترین هێزی سەرکوتکەری لە شوێنە جۆراوجۆرەکانی ئێرانەوە بۆ نێردرا، ناوچەی هەوشار بوو. دوژمن لە هەموو لایەکەوە هێرشی هێنابوو. بۆ هاندانی گەلی تورک دژ بە خەڵکی کوردی ناوچەکە، شەوانە بە ناوی کورد و پێشمەرگەوە هێرش دەکرایە سەر ئاواییە تورک‌نشینەکانی ناوچەکە و خەڵکیان ئازار دەدا و ماڵیان لێ ئاور دەدان. هەر وەک چۆن لە شاری نەغەدە هەوڵی نانەوەی شەڕی تورک و کوردیان دەدا، لە هەوشاریش هەمان پیلان بەرێوە دەچوو. خەڵکی تورکی ناوچەکە هان دەدران کە هێرش بکەنە سەر گوندە کوردنشینەکان و تۆڵەی خۆیانیان لێ بکەنەوە! لە بەرانبەردا بەرپرسانی حیزبی لە ناوچەکە هاوکات لەگەڵ هەوڵدان بۆ پووچەڵکردنەوەی پیلانەکانی ڕێژیم، دەبوا وەک پێویست بە هانای خەڵکەوە بچن. بۆیە پێشمەرگەکان تەواوی هێزی خۆیان خستە گەڕ بۆ ئەوەی پشتیوانی لە خەڵک بکەن.

ڕێژیم کە توانای ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ هەڵمەتی پێشمەرگەکان نەبوو، لە پیلانێکی دیکەدا، کەوتنە گیانی خەڵکی بێ‌دیفاعی ناوچەکە و لە ماوەی دوو مانگی جۆزەردان و پووشپەڕی ١٣٥٩ی هەتاویدا بە هێرش کردنە سەر چەند ئاواییەکی ناوچەی هەوشار و ڕەشبگیری و ڕەشەکوژیی لە سەدان و دەیان کەس لە خەڵکی بێ‌تاوان، جینایەتی سامناکیان خوڵقاند.

لێرەدا جیا لە باسکردنی سووتاندنی ئاواییەکانی شێرەمەرد و حەسەنلۆلان و، کوشتنی چەندین کەسی بێتاوان لە ئاواییەکانی قزکوێپی، ئاغەجەری، قۆزڵوو، سانجوود، قزقاپان، گویاغاج، حەسەنئاوا و نەیکەنی، تەنیا بۆ دەرخستنی ماهییەتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە خوڵقاندنی جینایەتکردنی دەرحەق بە خەڵکی کوردستان و ناوچەی هەوشار، ئاماژە بە کوشتنی زیاتر لە ٢٠ کەسی بێ‌تاوان لە ئاواییەکانی ئەحمەدئاوای خوارێ و مایین‌بڵاغ دەکەین:

دوایین مانگی بەهاری ١٣٥٩ی هەتاوی، لە کاتێکدا کە خەڵکی ناوچەکە خەریکی کاری وەرزێری و مەڕداری لە مووچە و مەزراکانیان بوون، دەنگی تەقە و زرمەی چەکەکانی سپای پاسداران لە یەکێک لە کێوەکانی ئاوایی ئەحمەدئاوای خوارێ (هاچە و نەقارەخانە) خورپەی خستە دڵی خەڵکی ئەم ئاواییە. پیاوان بە مەبەستی پاراستنی ژن و منداڵەکانیان بە هەڵەداوان خۆیان گەیاندەوە نێو ئاوایی. هێزە سەرکوتکەرەکانی سپای پاسداران ڕژانە نێو ئاوایی و بە چاوی خۆیان دیتیان کە خەڵکی ئاوایی بە هەر وەسیلەیەک کە بەر دەستیان کەوتوە خۆیان بۆ مقاومەت و پاراستنی ماڵ و منداڵیان پڕچەک کردوە. لە لایەکی دیکەوە پێشمەرگەکانی هێزی شەهیدانی هەوشار بۆ پاراستنی خەڵک، قارەمانانە دەوری ئاواییان دا و داوایان لە هێزەکانی دوژمن کرد کە واز لە خەڵک بێنن و لە ئاوایی دەرکەون. لە ئاکامدا بە هۆی پێداگریی هێزەکانی ڕێژیم لەسەر چۆڵنەکردنی ناوچەکە لە هێزی پێشمەرگە، تێکەڵچوونێکی چەند سەعاتە لە نێوان هەر دوولا‌ هاتە ئاراوە کە لە کۆتاییدا هێزەکانی ڕێژیم پاشەکشەیان پێ کرا.

چەند ڕۆژ دواتر ڕێژیم بە هێزێکی زۆروزەوەند لە زەمین و ئاسمانەوە هێرشی کردە سەر ئاواییەکانی “یارەزیز” و “چراغتەپە” و “ئەحمەدئاوا”. لە ئاکامی هێرشی هەوایی بۆ سەر ئاواییەکانی یارەزیز و چراغتەپە‌دا سێ ژن و پیاوێک کوژران و دواتر بە چڕی هێرش کرایە سەر ئاوایی ئەحمەدئاوا. لەو ماوەیەدا زۆربەی خەڵک جیا لە هێندێک کەسی پیر و پەککەوتە، توانیبوویان لە ئاوایی بێنە دەر. هێزەکانی ڕێژیم کە چووبوونە نێو ئاوایی، دەستیان لە ماڵی خەڵک نەپاراست و هەموو شتێکیان بە تاڵان برد و پاشان هەموو ئاواییان ئاور تێ‌بەردا و نزیک بە دە کەس لەوانەی بەهۆی پیری و پەککەوتەییەوە نەیانتوانیبوو خۆ دەرباز بکەن، لە لایەن قین لە دڵانی دژ بە کوردەوە بە دڕندانەترین شێوە کوژران. محەممەدئەمین شوعاعی، عەلی‌مرد گرامی، سەید سەعید محەممەدیان و حاجی سەیفوڵڵا وەیسی ناوی بەشێک لەو کەسانەن کە بە دەستی هێزەکانی ڕێژیم لە ئاوایی ئەحمەدئاوادا کوژران. هەروەها لەم نێوەدا تەنانەت ڕەحم بە منداڵێکی تەمەن ١١ ساڵە بە ناوی یەحیا قارەمانی نەکرا کە دوای گەڕانەوەی بۆ ئاوایی لە لایەن جەنایەتکارانی ڕێژیمەوە گیانی لێ ئەستێندرا.

***

ساڵێک دواتر و لە درێژەی ئەم جۆرە لە کوشتار و جەنایەتانەی هێزەکانی سپای پاسداران و ژاندارمی ڕێژیم لە ناوچەی هەوشار، ڕێکەوتی ١٢ی پووشپەڕی ١٣٦٠ی هەتاوی، ١١ کەس لە خەڵکی بێ‌تاوانی ئاوایی مایین‌بڵاغی سەر بە شاری تیکاب لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە تیرباران کران.

پشتیوانیی خەڵکی هەوشار لە حیزبی دێموکرات و هێزی پێشمەرگە بە تەواوەتی ڕێژیمی تووڕە کردبوو. بە دەیان جار لەلایەن بەکرێگیراوانی ڕێژیمەوە هەڕەشە لە خەڵک کرابوو کە نابێ هاوکاریی پێشمەرگەکان بکەن، بەڵام پێوەندیی خەڵک و پێشمەرگە زۆر لەوە قوڵتر بوو کە ڕێژیم بتوانێ هەروا بە ئاسانی لێکیان داببڕێ. بۆیە دوای هێرشی سەرتاسەریی ڕێژیم بۆ سەر کوردستان، خەڵک و پێشمەرگە بە پشتیوانیی یەکتر بەربەرەکانێیەکی قارەمانانەیان کرد و بە دەیان جار هێزەکانی ڕێژیمیان شکست پێ‌هێنا. بە تایبەت لە ساڵەکانی ٥٨ و ٥٩ دا ڕێژیم بە هەموو شێوازێک گەمارۆی خستبووە سەر ناوچەکە و تەنانەت ڕێی نەدەدا خواردەمەنی مەوادی غەزایی ڕوو لەم ناوچەیە بکا و بەردەوامیش فشاریان بۆ خەڵک دەهێنا کە هەموو جارێ پێشمەرگەکان بە پشتیوانیی خەڵک ڕێژیمیان تووشی شکست و پاشەکشە دەکرد.

لە ڕۆژێکی ١١ی یەکەم مانگی هاوینی ١٣٦٠‌دا بەرپرسی پاسگای ڕێژیم لە ئاوایی مایین‌بڵاغ داوا لە ١١ کەس لە خەڵکی دیاری ئەم ئاواییە دەکەن کە بۆ چارەسەری هێندێک گیروگرفت! سەردانی پاسگا بکەن. کاتێک کە ئەم ١١ کەسە دەگەنە پاسگا لە لایەن جەنایەتکارانی ڕێژیمەوە بە تاوانی هاوکاری لە گەڵ حیزبی دێموکرات و هێزی پێشمەرگە ئازار و ئەزیەت دەدرێن و دوای بێڕێزی‌یەکی زۆر نیوەشەوی هەمان شەو هەر ١١ کەسیان تیرباران دەکرێن و بەیانی داوا لە بنەماڵەکانیان دەکەن تەرمەکانیان وەربگرنەوە. هەرچەند دواتر بەشێک لە دامودەزگاکانی ڕێژیم دانیان بەم جینایەتە‌دا نا، بەڵام هیچ دادگایەکی عادڵانە بۆ بەدواداچوونی پێک نەهات.

ئەوانەی تیرباران کران بریتی‌بوون لە:

سەید حەکیم مووسەوی تەمەن ٧٥ ساڵ، حاجی سەعید عیبادی تەمەن ٧٥ ساڵ، حاجی عەبدوڵڵا میری تەمەن ٧٥ ساڵ، حەسەن و حوسێن زارعی کە برا بوون، محەممەد کەریم زارعی، عەبدولڕەحمان شاهی تەمەن ٦٣ ساڵ، حەبیبوڵڵا ڕەحیمی تەمەن ٦٠ ساڵ، ئیبراهیم مەولوودی تەمەن ٥٧ ساڵ، کەریم پەرتەو تەمەن ٦٠ ساڵ و محەممەد بابایی تەمەن ٥٥ ساڵ.

***

کامڕان مەتین: ئەگەر کەس هێشتا گومانی هەیه ئەم هێرشه داعش ئاسایه بۆ سەر ڕۆژئاوا بە پشتیوانی و ئاگاداری ئەمریکا نەبووه فەرموون ئەوەش دەقی چەند بەش له قسەکانی ئەمڕۆی تۆم باڕاک [وەرگێران به ژیری دەستکرد. پێی دا نەچوومەتەوە]:
… لە مێژوودا، ئامادەبوونی سوپای ئەمریکا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا سەرەتا بە شێوەیەکی سەرەکی لە هاوبەشێتی شەڕی دژە داعش دامەزرابوو. هێزە دیموکراتییەکانی سوریا (SDF)، کە بە سەرکردایەتی کوردەکان بوون، وەک کاریگەرترین هاوبەشی سەربازی لەسەر زەوی سەرکەوتن بەسەر «خەلیفەتی خاکی» داعشدا تا ساڵی 2019 سەلماند. هەزاران شەڕڤان و ئەندامانی خێزانی داعش لە زیندان و کەمپەکان وەک ئەل‌هۆل و ئەل‌شەدادیان گیرا. لەو کاتەدا، هیچ دەوڵەتێکی ناوەندی کارای سوریا بوونی نەبوو بۆ هاوبەشبوون—ڕژێمی ئەسەد لاواز بوو، ناکۆک بوو، و بەهۆی هاوبەشییەکانی لەگەڵ ئێران و ڕووسیا، هاوبەشێکی گونجاو بۆ دژە داعش نەبوو.
ئەمڕۆ، دۆخەکە بە شێوەیەکی بنەڕەتی گۆڕاوە. سوریا ئێستا حکومەتێکی ناوەندی هەیە کە پێناسرایە و بووە ئەندامی هاوپەیمانی جیهانی بۆ شکاندنی داعش (وەک 90هەم ئەندام لە کۆتایی ساڵی 2025)، کە نیشانەی گۆڕانێکە بۆ لای ڕۆژئاوا و هاوکاری لەگەڵ ئەمریکا لە بوارە دژە تیرۆریزمەکان. ئەمە هۆکاری هاوبەشی ئەمریکا–SDF دەگۆڕێت: ئامانجی سەرەتایی SDF وەک هێزی سەرەکی دژە داعش لەسەر زەوی، بە زۆری تەواوبووە، چونکە ئێستا دیمەشق هەم ئامادەیە و هەم توانای وەرگرتنەوەی ئەرکەکانی ئاسایش هەیە، لەوانەش کۆنترۆڵی زیندان و کەمپەکانی داعش.
پێشکەوتنە نوێیەکان نیشان دەدەن کە ئەمریکا بە شێوەیەکی چالاک ئەم گواستنەوەیە ئاسان دەکات، نەک ئەوەی ڕۆڵێکی جیاواز بۆ SDF درێژ بکاتەوە:
• ئێمە بە فراوانی لەگەڵ حکومەتی سوریا و سەرکردایەتی SDF قسەمان کردووە بۆ دڵنیابوون لە ڕێکەوتنێکی تێکەڵبوون، کە لە 18ی کانوونی دووەم واژۆ کرا، و دانانی ڕێگایەکی ڕوون بۆ جێبەجێکردنی کات‌دار و ئاشتیانە.
• ڕێکەوتنەکە شەڕڤانانی SDF تێکەڵ دەکات بە سوپای نیشتمانی (وەک تاک، کە یەکێکە لە هۆکارە هەرە ناکۆکەکان)، ژێرخانە سەرەکییەکان دەسپێرێت (خانەکانی نەوت، بەنداوان، سنوورەکان)، و کۆنترۆڵی زیندان و کەمپەکانی داعش دەدات بە دیمەشق.
• ئەمریکا هیچ هۆزیارێکی بۆ ئامادەبوونی سەربازی درێژخایەن نییە؛ سەرەکییەتی دەدات بە شکاندنی پاشماوەکانی داعش، پشتیوانی لە ئاشتی و ڕێکخستنەوە، و پێشبردنی یەکگرتوویی نیشتمانی، بەبێ پشتیوانی لە جیابەجیاخوازی یان فێدرالیزم.
ئەمە پەنجەرەیەکی هەڵبژاردە بۆ کوردەکان دروست دەکات: تێکەڵبوون لە دەوڵەتی نوێی سوریا دەکرێت مافە تەواوەکانی هاوڵاتیبوون بدات (لەوانەش بۆ ئەوانەی پێشتر بێ‌ڕەگەز بوون)، پێناسەکردنیان وەک بەشێکی گرنگ لە سوریا، پاراستنی دەستووری بۆ زمانی و کەلتووری کوردی (وەک فێرکردن بە کوردی و پێناسەکردنی نەورۆز وەک پێشەکی نیشتمانی)، و بەشداریکردن لە بەڕێوەبردن—زیاتر لە ئەو خۆسەربەخشییە نیوەییەی کە SDF لە ناو هەژماری شەڕی ناوخۆدا هەیبوو.
هەرچۆنێک بێت، مەترسییەکان هێشتا ماون (وەک ئاگری‌وەستاندنە نازنەکان، تێکچوونەکان، نیگەرانی لە توندڕەوان، یان ئارەزووی هەندێک لایەن بۆ هەڵکۆڵینەوەی کێشەکانی ڕابردوو)، بەڵام ئەمریکا هەوڵ دەدات بۆ دابینکردنی گارانتی بۆ مافەکانی کورد و هاوکاری دژە داعش. هەڵبژاردەی دیکە—جیاکردنەوەی درێژخایەن—دەکرێت نائاسایی یان گەڕانەوەی داعش هانبدات. ئەم تێکەڵبوونە، بە پشتگیری دیپلۆماسیای ئەمریکا، بەهێزترین هەلی تا ئێستا بۆ کوردەکانە بۆ دڵنیابوون لە ماف و ئاسایشی درێژخایەن لە ناو دەوڵەتێکی سوریای پێناسراودا.
لە سوریا، ئەمریکا گرینگی دەدات بە:
1) دڵنیابوون لە ئاسایشی زیندانەکان کە زیندانییەکانی داعش لێیان هەڵگیراون و ئێستا لەلایەن SDF پارێزراون؛
2) ئاسانکردنی گفتوگۆ لە نێوان SDF و حکومەتی سوریا بۆ ئەوەی تێکەڵبوونی ئاشتیانەی SDF و تێخستنە ناو سیستەمی سیاسی و هاوڵاتیبوونی تەواوی گەلی کوردی سوریا جێبەجێ بکرێت.
#ڕۆژئاوا #کوردستان