Hoppa till innehåll

بۆ دوبارە  نەبوونەوەی تاوانی کیمیابارانی ھەڵەبجە, داوا دەکەین عێراق ببێتە ئەندامی دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی

٣٧ ساڵ لەمەوپێش رژێمی  بەعس شاری ھەڵەبجەو دەوروبەری بە گازی کیمیاوی کیمیاباران کرد, لە ئەنجامی ئەم تاوانە زیاتر لە ٥٠٠٠ھاووڵاتی سڤیلی ئەم شارە بوونە قوربانی و نزیک دە ھەزاریش بریندار بوون, رۆژ لە دوای رۆژیش ژمارەکەی لە ھەڵکشاندایە بەھۆی مردنی بەردەوامی بریندارەکانەوە.

ئێمە لە یاداوەری ٣٧ ساڵەی تاوانی کیمیابارانکردنی شاری ھەڵەبجەدا, لە پێناو دوبارە نەبوونەوەی تاوانی لەم چەشنە لە وڵاتەکەمان, داواکارین عێراق ببێتە ئەندامی دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی .

ئەگەر ئەم داواکارییەی ئێمە کە ٢٠ ساڵە دوبارەی دەکەینەوە ئەگەر جێبەجێ بەکرابایە, ئێستا کەیسی تاوانەکانی سنجار و دوزو شارو شارۆچکەکانی دیکە بە سانایی دەگەیشتە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی و تاوانەکان بە جینۆساید لە سەر ئاستی جیھانی دەناسێننران, یاخود  ھەر رویان نادا, تاوانکارانیش لە سزا رزگاریان نابوو,

بۆیە لەم یادەدا داواکارین:

-بە زوترین کات عێراق پەیماننامەی رۆما واژۆ بکات و پەیوەست بێت بە دادگای تاوانی نێو دەوڵەتیەوە, پێویستە پەرلەمانتاری کوردستان لە بەغدا بە پشتیوانی ئازادیخوازان و دیموکراسیخوازان کاری جدی بکەن بۆ ئەم مەبەستە.

-دۆسیەی بە ئەندام بوونی عێراق لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی ببێتە یەکێک لە خاڵەکانی گفتوگۆی لایەنە کوردستانییەکان لە گەڵ بەغداو ھەر لایەنێکی دیکە.

-عێراق بە فەرمی داوای لێبوردن لە گەلی کورد بکات و سەرۆک کۆمار لە بڕی وڵاتی بکەری تاوان ئەم ئەرکە بگرێتە ئەستۆ.

-نابێت تاوانبارانی تاوانە مەزنەکان ”ئەنفال, ھەڵەبجە, بارزانی, فەیلی, ئێزیدی” لە سزا رزگاریان بێت و پێویستە قوربانیان قەرەبووی مادی و مەعنەوی بکرێنەوە.

-پێویستە دەوڵەتی عێراق قەرەبووی تاوانی جینۆساید و داگیرکاری کوردستان بداتەوە.

 تۆڕی ھاوپەیمانی رێکخراوە کوردستانییەکان لە پێناو دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی- KONCICC

١٦-٠٣-٢٠٢٥

***

لە  رێگای  بەڕێز قونسوڵی ئەڵمانیای  فیدراڵ  لە شاری ھەولێر

بەڕێز:  سەرۆک  کۆماری ئەڵمانیای فیدراڵ

بەڕێز:  سەرۆک  وەزیرانی ئەڵمانیای فیدراڵ

بەڕێز: سەرۆکی پەرلەمانی کۆماری ئەڵمانیا

بەڕێز: باڵوێزی ئەڵمانیا لە کۆماری عێراق

بەڕێز  کۆنسۆڵی ئەڵمانیا لە شاری ھەولێر

پاش سڵاو

بەھۆی ئەوەی  کۆمپانیاکانی کۆماری ئەڵمانیای فیدراڵ  ھاوشان لە گەڵ زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا و ئەمەریکا و یابان و ….  لە ھەشتاکانی سەدەی رابردوو رۆڵیان ھەبوو لە فرۆشتنی بەشی زۆری چەکی کیمیاوی بە رژێمی بەعسی روخاو, ئەویش ئەو چەکانەی  لە قەڵاچۆکردنی  ھاووڵاتیانی کوردستان بەکار ھێناو ئاکامەکەشی دەیان ھەزار ھاووڵاتی سڤیل بوونە قوربانی, نموونەیەکی دیاری تاوانەکانیش کیمیابارانکردنی شاری ھەڵەبجە بوو کە لە رێکەوتی ١٦-٣-١٩٨٨ لە لایەن رژێمی بەعسەوە, ھاوشان لەگەڵ شاری ھەڵەبجە ٢٥٠ جاری دی کوردستان  لە نێوان ساڵانی ١٩٨٧-١٩٨٨ بەو چەکانە کیمیاباران کرا, تا ئێستاش سەدان لەو قوربانیانە کە بە چەکەکانی ئەو وڵاتانە کیمیابارانکران بەدەم ئازارەوە دەتلێنەوە, ناوە ناوەش بە مردنی ھەر یەکێکیان ژمارەی تازە دەخەنە سەر ٥٠٠٠ قوربانییەکەی چەکی کیمیاوی شاری ھەڵەبجە, ھەزارانی ناوچەکانی دیکە, ھەر بەھۆی ئەو تاوانەشەوە شاری ھەڵەبجە چووە پەرتووکی گینزەوە  وەک  یەکەم شار لە مێژووی مرۆڤایەتی زۆرترین قوربانی سڤیلی دابێت بە چەکی کیمیاوی لە مێژووی مرۆڤایەتی.

ئێمە ئەمڕۆ لە شاری ھەولێر کۆبوینەتەوە, وێڕای ئەوەی سوپاسی ئەڵمانیا دەکەین کە ھەڵوێستی باشیان ھەبووە لە مامەڵەکردنی مرۆڤدۆستانە لە گەڵ  پەنابەرانی ئێزیدی و  ناساندنی ئەو تاوانەی بەرامبەریان کراوە بە جینۆساید و  دادگاییکردنی تاوانبارانی داعشی تیرۆریست و ھاوکاری پێشمەرگە لە شەری دژ بە تیرۆریستان, وە ئەڵمانیا رۆڵی پێشەنگانەی ھەبووە لە بەرەو رووبوونەوەی مێژووی رابردووی خۆی لە ئاستی جیھانی, ھاوکات وەکو ساڵانی رابردوو چەند داواکاری سەرەتایی دوبارە دەخەینەوە بەردەست ئێوەی بەڕێز, کە بۆ چەندین ساڵە داوایان دەکەین,  بە داخەوە بۆ جارێکیش وەڵامتان نەداینەوە, داواکارییەکانیش ئەوەندە زۆرو گەورە نین ولاتێکی وەک ئەڵمانیا نەتوانێت جێبەجێیان بکات, ھیوادارین ئێوەی بەڕێز بە رۆڵی مرۆڤدۆستانەی خۆتان ھەڵبستن لە پشتیوانیکردن لەم داواکارییانەو نەفرەت لەو مێژووە ناشرینەی رابردوو بکەن کە بە چەکی کیمیاوی کۆمپانیاکانتان بەشداریتان کرد لە لە تاوانەکە وەک زۆر وڵاتی دیکە لە جیھان, دیارە  ئەڵمانیا  وڵاتێکی پێشەنگە لە رۆژئاواو  جیھان لە قەرەبووی قوربانیان و  داوای لێبوردنکردن ” ھۆلۆکۆست, نامیبیا, ئەرمینیا” داواکارییەکانمان بریتین لە:

–                    حکومەتی ئەڵمانیا بە فەرمی دان بە تاوانەکانی جینۆسایدی کورددا بنێت وەک جینۆساید, کە دادگای باڵای تاوانەکانی عێراقی دانی پێدا ناوە, ھاوکات تاوانی جینۆسایدی ئێزیدی و کریستانەکان و شەبەک کە ھێزی تیرۆریستی داعش ئەنجامی دا.

–                    حکومەتی ئەڵمانیا بەشداری بکات لە کەمکردنەوەی ئازاری بریندارانی چەکی کیمیاوی لە کوردستان بە چارەسەرکردنی بریندارەکان لە وڵاتی ئەڵمانیا.

–                    لە بری ئەوەی  رۆژانە ڤیزا دەدەن بە بارزرگانان و  دەوڵەمەندان و بەرپرسانی ئەم وڵاتە و کارئاسانیان بۆ دەکەن بۆ گەشتکردن, ڤیزا بدەن بە بریندارەکانمان بۆ چارەسەرکردنی پزیشکی لە وڵاتەکەتان, وە وەک قەرەبوییەک ژمارەیەک کورسی خوێندن بۆ منداڵانی برینداری کیمیاوی لە زانکۆکانتان تەرخان بکەن.

–                    پزیشک و دەرمان و  کەرەستەی پزیشکی بۆ نەخۆشخانەی چارەسەری برینداران دابین بکەن.

–                    وەک چۆن تاوانبارانی داعش ددگایی دەکات, ھەمان ھەنگاو بنێت بۆ بە دادگایی گەیاندنی تاوانبارانی تاوانی ئەنفال, ھەڵەبجە, جینۆسایدی بارزانییەکان, جینۆسایدی کریستان و شەبەک و کاکەیی و …. وە داداگاییکردنی ئەو کۆمپانیایانەی چەکی کیمیاویان فرۆشتووە بە رژێمی پێشووی عێراق, بۆ ئەم مەبەستە لە ئاستی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا ھەنگاو بنێت .

-رێکخراوی کوردستان بێ جینۆساید-  kwg

-تۆڕی رێکخراوە کوردستانیییەکان لە پێناو دادگای تاوانی نێودەوڵەتی –  Koncicc

-تۆڕی ئایکان کوردستان ــ IKN

-رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کۆکوژ لە کوردستان ــ OAWMD

-رێکخراوی ھەڵمەتی دادپەروەری ــ OJC

-رێکخراوی جیھانی بێ چەکی کیمیاوی و بایەلۆجی-www

-ھەڵمەتی ژیان دژ بە ئیعدام لە کوردستان

-گۆڤاری تۆبزاوە

-رۆژنامەی نگرە سەلمان

– رێکخراوی مانەوە  بۆ پرسی شەھیدان و ئەنفالکراوان

-کوردۆساید ۆچ-چاک کوردستان

***

لە یادی ٣٧ ساڵەی تاوانی  کیمیابارانکردنی شاری  ھەڵەبجە لە سلێمانی

خوشکان  برایان …. ئامادەبووانی خۆشەویست

ھەموو لایەک بەخێر بێن

٣٧ ساڵ لەمەوبەر, رژێمی بەعسی فاشی, یەکێک لە گەورەترین تاوانەکانی مێژووی مرۆڤایەتی بەرامبەر بە خەڵکی شاری ھەڵەبجە ئەنجامدا, بە چەکی کیمیاوی شاری ھەڵەبجەی کیمیابارانکرد, ھەڵەبجە بووە شاری زۆرترین قوربانی ھاووڵاتی سڤیل لە مێژووی مرۆڤایەتیدا, ئێمە لەم یادە غەمناکە و لەم یاداوەرییە تاڵەدا, بۆ پشتیوانی لە قوربانیانی چەکی کیمیاوی کۆمەڵێک  داواکاری دەخەینە بەردەم رای گشتی و حکومی .

١-                  پێویستە حکومەتی عێراقی بە فەرمی داوای لێبوردن لە قوربانیانی چەکی کیمیاوی و خەڵکی ھەڵەبجە بە تایبەتی و ھەموو قوربانیانی جینۆساید بە گشتی لە کوردستان بکات.

٢-                  پێویستە حکومەتی عێراقی قەرەبووی زیان لێکەوتانی چەکی کیمیاوی و جینۆساید بکاتەوە.

٣-                  پێویستە پشتیوانییە داراییەکان لە قوربانیانی چەکی کیمیاوی زیاد بکرێت و لیستی موچەکانیان ئاشکرا بکرێت.

٤-                  پشتیوانی لە ھەموو ھەوڵێک دەکەین بۆ دادگاییکردنی ئەو کەس و کۆمپانیانەی چەکی کیمیاویان بە رژێمی پێشوو فرۆشتووە.

٥-                  پێویستە ھەنگاوی پەلە بنرێت بۆ دادگاییکردنی ھەموو ئەوانەی بەشداربوونە لە کیمیابارانکردنی ھاووڵاتیانی سڤیل لە کوردستان بە تایبەتی و تۆمەتبارانی جینۆسایدی خەڵکی کوردستان بە گشتی.

٦-                  پێویستە حکومەتی ھەرێمی کوردستان وەڵام بە داواکاری قوربانیانی خەڵکی شاری ھەڵەبجە و قوربانیانی چەکی کیمیاوی لە کوردستان بداتەوە لە چارەسەرکردنی برینداران, دابینکردنی دەرمان بە خۆڕایی, بەجێ گەیاندنی ئەرکە ئابوورییەکانی لە دابینکردنی خانوو بۆیان, گەڕاندنەوەی روفاتی ئەنفالکراوانیان و ناسینەوەیان, گەڕاندنەوەی منداڵە ونبووەکان و خێراکردنی رێکارە یاسایی و پشکنینەکانیان, زیادکردنی ھاوکاری بریندارانی چەکی کیمیاوی….. ھتد.

٧-                  پشتیوانی ھەر ھەڵوێست و داواکارییەکین کەسوکاری قوربانیانی شاری ھەڵەبجە داوای بکەن.

لە کۆتاییدا سەری رێزو نەوازش لەم یادە تاڵە بۆ قوربانیانیانی شاری ھەڵەبجە دادەنوێنین و یادو یادەورییان بەرز رادەگرین .

رێکخراوەکان

-رێکخراوی کوردستان بێ جینۆساید-  kwg

-تۆڕی رێکخراوە کوردستانیییەکان لە پێناو دادگای تاوانی نێودەوڵەتی –  Koncicc

-تۆڕی ئایکان کوردستان ــ IKN

-رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کۆکوژ لە کوردستان ــ OAWMD

-رێکخراوی ھەڵمەتی دادپەروەری ــ OJC

-رێکخراوی جیھانی بێ چەکی کیمیاوی و بایەلۆجی-www

-ھەڵمەتی ژیان دژ بە ئیعدام لە کوردستان

-گۆڤاری تۆبزاوە

-رۆژنامەی نگرە سەلمان

– رێکخراوی مانەوە  بۆ پرسی شەھیدان و ئەنفالکراوان

-کوردۆساید ۆچ-چاک کوردستان