Hoppa till innehåll

چەند وڵامێک لە سەر بوختانەکانی خاتوو مەلەکە مستەفا سۆڵتانی

خاتوو مەلەک، لە بەرنامەی پەنجەمۆری روداو زۆر شتی ناڕاستی وتن  بۆچوونەکانی زۆر دژی حیزبی دێمۆکرات بوون و هەر بە فکری 40 ساڵ  لەمەوبەر قسە دەکا و

زۆرتر قسەکانی بۆ خۆش کردن و زیندوو کردنەوەی ئەم شەڕە ماڵوێرانکەرەیە کە بەداخەوە سەدان لاوی کورد شەهید کران.

ئەگەر کۆمەڵە و دێمۆکڕات لە یەک سەنگەر دابان و کۆمەڵە ئەم شەڕەی هەڵنەگیرساندبا، وەک لە ڤیدیۆکانی خوارێ دا قسەکانیان دانراون، وەزعی کوردی رۆژهەڵات جۆرێکی تر بوو.

لە شۆڕشی ژیناش دا دیتمان چۆن کاک عەوڵا پەنای بۆ سەڵتەنەت تەلەبان برد و زەربەیەکی قورسی لە کورد و کوردستان دا و یەکگرتوویی کوردی تێک دا.

لە نەورۆزی خاکی پۆشانیش دا هێرشی بەربڵاویان کردە سەر حیزبی دێمۆکڕات و چی پیان کرا کردیان.

باشتر نیە بیر لە یەکگرتوویی کورد بکەنەوە کە ئێستا لە هەمووکات زۆرتر کورد پێویستی پێیەتی.

بۆچوونی دۆستان کە بۆ سایتی هاتوون و یان لە لاپەڕەی شەخسی کەسان وەرگیراون.

جەمیل کولاهی: بۆ خاتوو مەلەکە مستەفا سۆڵتانی!

وتووێژەکەتم دی، وک دیمۆکراتێک کارم بە هێندێک چەواشەکاریی مێژووییەوە نیە کە کردت، چونکە خەڵک ئەوەندە گەمژە نیە کە باوەڕ بەو چەواشەکارییانە بکات، بەتایبەتی لە سەردەمی دنیای دیجیتاڵی و هۆشی دەسکرددا!

کاتێک سەیری سەرو سیماتم کرد ماندوو بوونێکی زۆری پێوە دیار بوو کە بە وتەی خۆت جگە لە لەدەسدانی چەندین ئەندامی بنەماڵەکەت و هەروەها هاوژینت، خۆکوژیی کچەکەت، ئەوە بۆ چەندین دەیەیە کە خەریکی خەباتی! خەبات بۆ یەکسانی ژن و پیاو، نەهێشتنی هەڵاواردنی رەگەزی و لە گۆڕنانی هێندێک کردەوەی ناشیرینی کۆمەڵگەی ئێمە دژی ژنان!

بەڵام لەم وتووێژەدا هەموو ماندووبوونی خۆتت زەربی سیفر کرد، نە بە بۆنەی ئەوە کە رەخنە لە حیزبی دیمۆکرات بگری یان هێندێ خاڵی مێژووی بە ئەنقەست چەواشە بکەی! نا، بە هەڵە تێ نەگەی! من ئەوەم بە بەرچاوتەنگی حیزبی یان نەبوونی زانیاری دروست لە سەر رووداوەکان داناوە کە دەتوانێ بۆ هەموو کەس بێتە پێش و هەر کەسێک دەتوانێ ئەو هەڵانە بکات!

خاڵێک کە لەم وتووێژەدا بۆ من سەرنجڕاکێش بوو کەڵکوەرگرتنی فێمێنیستێک، چالاکێکی دەیان ساڵەی مافی ژنان، خەباتکارێکی یەکسانیخواز لە جەستەی ژن بۆ لەکەدار کردنی ناوی حیزبی بەرانبەرە! واتە تۆمەتی نامووسی لە لایەنی بەرانبەر! شتێک کە بە تەواوی پێچەوانە فێمێنیزمە!چونکە یەکێک لە دروشمەکانتان ئەوەیە کە دەڵن “ژن نامووسی کەس نیە”

راستت دەوێ لەم وتووێژەدا، تۆم وەک ئەو ژنانەی پەنجا شەست ساڵ پێش ئێستای  کۆمەڵگە دواکەوتوەکان هاتە بەرچاو کە بۆ لەکەدار کردن و ناو زڕاندنی  بنەماڵەیەک تۆمەتی نامووسییان بۆ بنەماڵەکە هەڵدەبەست! بە داخەوە ئەو تۆمەت لێدانە لە کۆمەڵگەی ئێمەشدا هەبووە، ئێستاش کەم تا کورت هەیە، بۆ ئەوەی ناوی بنەماڵەیک خراپ بکەن بۆختانێک بۆ کچ و ژنی ئەو بنەماڵەیە ساز دەکەن، واتە لە جەستەی ژن بۆ نهێشتنی نەیار کەڵک وەردەگرن!

تۆ بەلای خۆتەوە دەیانساڵ خەبات بۆ ئەوە دەکەی کە ژن خاونی لەشی خۆی بێ، بەڵام لە پڕێکدا خۆت دیسان ئەو کولتورە سەقەتە بۆ نەهێشتنی لایەنی بەرانبەرت دەکەیتە چەکی دەستت! واتە لەشی ژن دەکەیتە گۆپاڵی دەست بۆ شەڕی ئیدئۆلۆژیک دژی لایەنی بەرانبەرت!

ئەگەر دەڵی حیزبی دیمۆکرات لە شەڕدا دەسدرێژی کردۆتە سەر کچی کۆمەڵە، دەبێ بیسەلمێنی، ئەگەرنا دەچیتە ریزی ئەو ژنە بۆختانچیانەوە کە بۆ لەکەدار کردنی بنەماڵەیەک تۆموتی نامووسییان بۆ کچ و کوڕی بێ تاوان ساز دەکرد! لەو شەڕەدا کە باست کرد ٢٨ کەسی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران کوژراون کە سێ کەسیان (نەسرین حەسەنخاڵی، مونیرە مۆدەڕسی و خەدیجە ئەحمەدی) ژن بوونە، بە پێی بەڵگەکانی حیزبی کۆمۆنیست تەرمی هیچکام لەو سێ کەسە نەکوتۆتە دەستی حیزبی دیمۆکرات!

دەبێ بیت و بیسەلمێنی کە کام یەک لە کچانە کە بە کوژراویش نەکەوتوونەتە دەستی حیزبی دیمۆکرات دەسدرێژیان کراوەتە سەر؟

تێبێنی:

ئەم کۆرتە نامەیەم بۆیە نووسی چوونکە فێمێنیستەکانیشمان لە فێمێنیستی نەتەوەکانی دیکە ناچن، بەداخەوە ئەوانیش لە جەستەی ژن کەڵک وەردەگرن و تۆمەت نامووسی ساز دەکەن!

****

سەید ئەحمەد حوسێنی:  ئەو خاتونە بەڕێزە لە بیر خۆی دەباتەوە لە پشتی قوڵقوڵەی ناوچەی گەورگی سەقز دە پێشمەرگەی حیزبی دیموکراتیان ئیعدام کرد و باسەکەش گەیشتە پلینۆمی کۆمەڵە و هەڵای لێ ساز بو. جاخۆ کاک ڕەزای کەعبی لە نێو بریندارەکانی گوردانی ورمێی کۆمەڵە دا یەکێک لە بریندارەکان بوە و ئێستە سکرتێری بەشێک لە کۆمەڵەیە بۆ ناچێ پرسیاری لێبکات ؟

***

سەید عەلی هاشمی : خانمی مەلەکە سوڵتانی خۆت باوەر بە قسەکانت دەکەی؟

بەڕێز مەلەک مستەفا سوڵتانی وەک چل ساڵ لەمەوبەر بیر دەکاتەوە، باسی چیرۆکێک دەکات فڕی بە ڕاستیەوە نیە.

لە ساڵی ١٣٦٢ی هەتاویدا پێشمەرگەیەکی حیزبی دێموکڕات لە لایەن فەرمەندەری هێز و جێگرەکەی چەککرا بوو، ئێمە بنکەی تەشکیلاتمان لە ئاوایی میشەدێ بوو، ئەو پێشمەرگە هاتە بنکەی تەشکیلات و وتی دەچمە ناو کۆمەڵە کە بنکەیەکیان لە ئاوایی پانەسەر بوو، زۆرن هەوڵدا فایدەی نەبوو.

دوای چەند مانگێک ئەو پێشمەرگەیە ”برایم” هاتەوە تەشکیلاتی ئێمە و داوای کرد کە تەشکیلات نامەیەک بۆ فەرمەندە هێز و جێگرەکەی ’سەید ڕەسووڵ سەید ئەحمەدەی و خدری مەحموودی نەبی” بنووسێ.

داوامان لێکرد هۆی هاتنەدەری لە ناو کۆمەڵە بۆمان ڕوون بکاتەوە، خانمی بەڕێز، ئەو پێشمەرگەیە وتی: هەموو کۆبوونەوەکانی کۆمەڵە، ئەوەی من بۆم هەبوو بەشدار بم لە کۆبوونەوەکاندا تەنیا باسی سەرەکیان ئەوە بوو، لە کوێ لە دێمۆکڕات بدەن، لە کوێ بۆسەیان بۆ دابنێنەوە، لە مزگەوتەکان دژی سەرمایەداری و بۆرژوازی لە سەر حیزب قسە بکەن، خەڵکیان لێ هانبدەن و بگرە زۆر شتی لەوە خەراپتر.

ئەو پێشمەرگەیە وتی: ئەوەی باسی نەدەکرا کۆماری ئیسلامی بوو، وتی: ڕۆژی لە کۆبوونەوەدا زۆر ناڕەحەت بووم و وتم ئەوانە تەنیا دژی حیزبی دێمۆکرات خەبات دەکەن، نەک جمهووری ئیسلامی، هەڵوێستم گرت، سواری سەرم بوون و چەکیان کردم، نەیانوێرا بمکوژن چونکە تەنیا گوردانێکیان لەوێ بوو، چەندین بنکەی حیزب لە هێزی پێشەوا و ئاوارە لەو ناوچە بوون.

خانمی بەڕێز ئەو چاوپێکەوتنەی جەنابت لە پەنجەمۆر دەگەڵ چل ساڵ لەوەپێش، هیچ فەرقی نەکردوە و بەڵکوو تۆوی دووبەرەکی لە دڵی کوردی ڕۆژهەڵات زیندوو دەکەیەوە و زامەکان دەکولێنیەوە و هەر وەک ئەوکات بیر دەکەیەوە.

سەید عەلی هاشمی ٢٠٢٥/٤/٣

***

عەزیز مورادپەرەست: نە خاتوونی بەرێز #سۆما_برادۆست نەبوو، بەڵکو پشتی گوندی  #کەچەڵەی مەرگەوەر بوو!

بەنەزەری من کارێکی زۆر خراپە لەم کاتەدا کە هەستی شوناس خوازی نەتەوەیی لە رۆژهەڵاتی کوردستان گەشتووتە لۆتکە و کۆڕان و کچانی رۆژهەڵات وێرای رێزگرتن لە رەنگ و بیر و بۆچوونە جیاوارەکانی یەکتر، بە یەکێتی و یەکرێزییەوە دەست لە ناو دەست و بە هەڵکردنی ئاگری نەورۆزی خاکیپۆشان و بە وتنەوەی سروودی شۆڕشگێری و گورانی شاد، گوڤەند و دیلان دەگێرن و هەموو بە یەکەوە هاوار دەکەن و دەڵێن:  #کینە_ئەم و هەموو بە یەکەوە دەڵێن #کوردن_ئەم، هەروەها لە سەر ئەم تێکۆشانە هاوبەشە ئامادەی هەموو تێچوویەکن، ئا لەم کاتەدا  کەسانێک ئینجا فەرق ناکات لە کۆمەڵە بن، یانیش لە دێموکرات لە بەرنامەیەکی ئاوادا بەبێ بەڵگە و بە قسەی ئەم و ئەو  بە دوای برینە پێچراوەکانی جەستەی زامداری ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بگەرێن و برینەکان بکەنەوە و دووبارە خوێیان تێبکەن، بەراستی مڕۆڤ نازانێت چ ناوێک لەو کەسانە بێت؟  ئاخر ئەم خانمە بەرێزە مادام شارەزایی ناوچەکانی باکووری رۆژهەڵاتی کوردستان نییە، کات و شوێنی شەرەکە نازانێت، چوونە ئاوها بە دڵنیاییەوە باسی بێ ئەخلاقی پێشمەرگەکانی حیزب دەکات لەگەڵ کچە بریندارەکانی کۆمەڵە؟ قسە بۆ باسکردن لەو پێوەندییەدا زۆرن و بەڵام جێگای پرسیارێکی دیکە ئەوەیە کە چوونە ئاوها بەبێ زانیاری بەشداری کردووە لە بەرنامەیەک کە ناوی پەنجە مۆرە؟ چوونکە پەنجە مۆر واتە ئەو ڕووداوانەی کە کەسەکە خۆی تێدا بووە و شاهدی ڕووداوەکان بووە و بە ئەمانەتەوە باس دەکات، نەک ئەوە بڵێت بیستوومە و قەناعەتیشی بەو بیستنە هێنابێت و بەڵام بەبێ بەڵگە و زانیاری بە کەیفی خۆی ئاوها قسە بکات.

ئەو شەرەی کە بەرێزیان باسی دەکەن لە رێکەوتی ۲۲/٨/۱۳٦٤ی هەتاوی لە پشتی گوندی کەچەڵە لە ناوچەی مەرگەوەر بووە نەک سۆما و برادۆست، ئەو کەسانەی شارەزای ناوچەکانی ئۆرمیەن، دەزانن فاسلەی نێوان گوندی کەچەڵە هەتا سۆما برادۆست چەندە و چەندین ناوچەی دیکە دەبێ ببری هەتا لە مەرگەوەرەوە بگەهییە سۆما برادۆست.

بە هەرحال، هیوادارم نەگەرێنەوە بۆ ڕۆژە تاڵەکان کە هیچ سوودێکی بۆ ئێمە لە رۆژهەڵاتی کوردستان تێدا نییە.

.

هیوادارم برینەکان خوێی تێنەکەینەوە و هەوڵی یەکرێزی زیاتر بدەین، چوونکە پێوەندی باشی حیزبی دێموکرات و کۆمەڵە لە بەرژەوەندی بەرەو پێشچوونی خەباتی نەتەوەکەمانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

بژی یەکێتی و یەکرێزی لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە گشتی.

تکایە ئەگەر هەر هاورێیەک بیهەوێت کۆمێنت لە سەر ئەم بابەتەم  بنووسێت، پێویستە لە ئەدەبیاتی شۆڕشگێرانی دێموکرات کەڵک وەرگرێت

***

دەڵێن پێشمەرگەکانی سەقز بە دەستوری سەدیق کەمانگر لەلایەن خالید عەلیپەناوە ئیعدام کران کەئەسیر بوون هەموو خەلکی ناوچە ئاگاداری ئەو جینایەتەی کومەڵەن.

***

کەریم حەبیبی: مەلەکە خانم تەنانەت نازانێ ئەم شەڕەی حیزب و کۆمەڵە هەر لە کام ناوچەش ڕوویداوە و ئاگاداریش نیە ئەگەر پێشمەرگەی حیزب ئاگاداری خۆیان نەبان کۆمەڵە چ جنایەتی دەخۆڵقاند؟ کەچی بۆختانی ئاوا بێ بەڵگەش بۆ پێشمەرگەی حیزب ساز دەکات! کەس ئینکار ناکات دیلی شەڕ بەداخەوە زۆرجار لە کاتی شەڕ کۆژراون لە هەموو هێزەکانی شەڕکەر لە هەموو جیهان هاتووتە پێش و لە نێو کوردیش بووە.

***

شۆڕش گوڵکار :  ئەمە قسەکانی مەلا شێخ عیزەدین

حیزبی دیموکرات لە تاریخیدا یەک رۆژ سادق و پاک نەبووە

حیزبی دیموکرات جاسوسی بەعس بوون

خودی دکتۆر قاسملووش جاسوسی بەعس بوو

حیزبی دیموکرات یەکیان بێ ئەخلاقە و یەکیان جاسوسە و ھتد

حیزبی دیموکرات خراپە تاریخەکەی خۆ نانووسرێت کەس ناوێرێ مێژووەکەی بنووسێت.

ئەم جنێو بێ رێزیانە روانگە و قسەی مەلا شێخ عزەدینە  سەبارەت بە حیزبی دیموکرات.

 کۆمەڵە لە سەرەتاوە تاکوو ئێستا ئەوە روانگە و بۆچوون و پەروەردەی بووە سەبارەت بە حیزبی دیموکرات.

پێویست بە چەواشە و درۆی ئەو ژنە ناکات دەیان بەڵگە و دێکۆمێنت هەیە کە کێ فیتنە و شەڕ و ئاژاوەی لە رۆژهەڵات ساز کرد.

ئەوە دەقی قسەکانی کا فوادەکەی کۆمەڵە لە کۆبوونەوەی لەگەڵ عەوڵا ئاغا و عومەری ئامۆزای لە بۆکان.

چەواشە و درۆکردن پیشەی چل ساڵەی کۆمەڵەیە و ئەو ژنە و هەموو ئەوانەی کۆمەڵە لەسەر دوژمنایەتی و فیتنە ئاژاوەگێڕی دژی کورد و حیزبی دیموکرات پەروەردەکراون

.

ئەو ژنە بەپێ چ  بەڵگە ودێکۆمێنتێک وەها ئیدیعایەک دەکات؟!

ئەوانە هێشتا پێان وایە دەیەی شێستە کە بە کەیفی خۆیان درۆ و چەواشە بکەن و بەردەوام بن لە سەر پۆپۆلیزم و خەڵک فریودان

***

یۆسف محەممەدی : بەڕێز مەلەکە مستەفا سوڵتانی باسی چیرۆکێک دەکات کە،ئیمکانی نەبوە لە گۆڕەپانی شەڕی داسەپاو دا:

گۆیا هەتکی حورمەتی ژنی بریندار!؟ کراوە !؟

ئەم تۆمەتەی ئەم خاتوونە بەڕێزە، بیرەوەرییەکی خستەوە بیرم، ئێمە ئاوارە بوونی لە ئێراق و لە پارێزگایەک دا دەژیان بە ناوی ئەلئەنبار، ڕومادی. نزدیک 175 کەس لە شارەوانی ئەو شارە وئیدارەیەک بە ناوی ئیدارەی ناوچەی کارمان دەکرد! هەموومان بە رانکی کوردی دەچووینە سەرکار!

هاورێیەکی نزیکم هەبوو بە ناوی حەبیب ئێراقی! لە راستی دا کوردی ڕۆژهەلات و جوانڕۆیی بوو! باوکی لە تەک تەیموور بەخیار هاتبوو بۆ ئێراق و لەوێ مابوونەوە.

ڕۆژێک لە ئیدارەی مەحەللی هاتەوە و گوتی،کاکە فڵانکەس، مودیری گاراجات گوتوویەتی، تانکرێکی ئاو کە، من شۆفێری بووم و گلەدرێک و 4 قڵابە بچن بۆ ترابچە و ڕێگای ماڵە شێخێکی عەرەب چاک بکەن!

شۆفێری گلەدرەکە، ناوی حەمماش بوو! نێوانمان خۆش بوو! ئاگاداری حەمماشی کردەوە و پێکەوە چووین و ئەم کەسانەش شۆفێر قڵابەکان بوون.

١.حەبیت عەلی پووڕ کوڕی شوکرە دێوانە،لە هۆزی وەڵەدبەگی.

٢جەوهەر عەلی پوووڕ برای کاک حەبیت.

٣.ئیسماعیل برای حاجی کەریم لە هۆزی بێویانی.

٤.مەجید قەڵخانی.

ئەم چوار کەسە دەبوو ماسەیان هێنابا بۆ جادەکە و حەمماش تەختی کردبا و منیش ئاوڕژێن و ئەحمەد ناوێکیش لە هۆزی ئەلیارکی قەلتەیەکی پێ بوو، دەبوو بە سەر جادەکە دا، ڕۆیشتبا و دواتر قیریان دەکرد!

لە چانسی ئێمە، چەند سەروازی عەرەب لە باشووری کوردستان کوژرا بوون! ساڵی 1987ی زایینی! و سەر بەو هۆزە بوون و ژنانەکانی عەرەب سینگیان دەگوتا و بە دەنگی بەرز دەگریان! حەمماش هاتوو و بە منی گوت،”من نیگەرانی تۆ و ئەو کوردانەم.”

گوتم،”بۆ؟

گوتی، ”نابینی ئەو هەموو ژنە دەگرین! ئەوانە برا و ئامۆزایان کوژراوە و ئێژن لە شمال کوشتوونیان و کوردەکان هەتکی حورمەتیان کردوون و ئەندامی لەشیان بڕیون.”

منیش گوتم، ”ئەوە درۆیەکی شاخدارە و کوردەکان شتی واناکەن.”!

لە کاتی نانی نیوەڕۆ دا، دەبوو بچینە ماڵی شێخ! شێخ لە کۆمەڵگای عەرەب دا، لە کوێخا گەورەترە! ئاغا و خان و دەربەگ و هتدی کورد. ئێمەش بە ڕانگی کوردییەوە چووین و نزدیکی دێوەخانی شێخ بووینەوە و خەڵکێک زۆر لە ماڵی شێخ بوون!

هەر کە چوونە ژوورەوە، شێخ هەستا و باقی عەرەبەکان دیتیان شێخ هەستا، هەموویان هەستان و شیخ گوتی، فضل کاکە، فەرموون کاکە وڕووی لە من کرد و گوتی وەرە و منیش چووم و راست لە تەنشت خۆی داینام و ڕووی لە من کرد و گوتی،”سوێندت دەدەم بەخوای گەورە، پرسیارت لێ دەکەم وڕاست جوابم بدەرەوە.”

منیش گوتم،”سوێند بەخوا راست وەڵامت دەدەمەوە.”

گوتی،”شەش کەس لەم عەشیرەی ئێمە لە شمال کوژراون! دەزانم شەڕە و لە شەڕیش دا، لە هەر دوک لا دەکوژرێن،وایە.؟”

گوتم،”بەڵێ وایە.”

گوتی پرسیار:

گوتم فەرموو.

گوتی،”باشە کوردەکان جوندییەکان دەکوژن، بۆ هەتکی حورمەتی جنازەکانیان دەکەن.”؟

منیش لە وەڵامی شێخ داگوتم، وەڵامی پرسیارەکەی جەنابتان بۆ من، خەتری بەدواوە دەبێت! بەڵام سوێندم خوارد و وەڵامت دەمەوە وەک خۆی.”

گوتی سوێندتت دەدەم بە الڵە،ڕاست وەلامم بدەرەوە ومەش ترسە.”

گوتی،”جەنابی شێخ سوێند بەخوای گەورە کوردەکان ئەوە ناکەن.”

گوتی چۆن؟.”

گوتم ئەوانە، ئازادیخواز و مرۆڤ دۆستن و پاشان کوا لە مەیدانی شەردا ئەوانە کاتیان هەیە، تا بێ حورمەتی بە جەنازەی شەهیدەکان بکەن.”؟

شیخ تماشایەکی کردم و گوتی،”سوێند بە خوای گەورە راست دەکەیت و هەستا و ئامێزێکی لێ گرتم و گوتی، سڵاو لە شەرەفی کوردە راستبێژ و ئازادیخوازەکان.

دواتر حەمماش گوتی،”باشە ئێوەی کورد، بۆ ناترس، تەنانەت لە گیانی خۆشتان.؟”

گوتم،”سوێندی داو منیش وەک خۆی راستگۆیانە وەلامم دایە.

بەڕێز مەلەکە خانم سوڵتانی، تکایە لە ئاخر و ئۆخری تەمەنتان دا، هەوڵ بدە دوو بەرەکی لە نێوان پێشمەرگە چەوساوەکانی کورد دا،کەم کەیتەوە و باقیەکەی بە جێ بێڵە بۆ مێژوو نووسانی بێ لایەن و لێکۆڵەران، تا لێکۆڵێنەوە لە هۆکاری شەرە داسەپاوەکە کە سەرەکی ترین هۆکار ئایدیۆلۆجی بوو، بکەن و مێژوو نووسانیش بینووسن، بۆ ئەوەی ئەو جۆرە شەڕانە دوبارە نەبنەوە!

****

کاووس عەزیزی: بۆ مەلەکە خانم!

 لەگەل ئەوەی ڕێزی تایبەتم هەیە بۆ بنەماڵەی مستەفا سوڵتانی کە نرخێکی زۆریانداوە لە پێناو بیروباوەڕیان ، بەڵام مەلەکە خانم  نەدەبا ئاوا بە موتلەقی بکەوێتە سەنگەرێک کە بەداخەوە ئەوندە پاک و بێگەرد نیە کە مەلەکە خانم پێیوایە.

دەمەوێ  لە چەند  خاڵدا کورتە وڵامێكم هەبێ بۆ خاتوو مەلەکە مستەفا سوڵتانی.

یەکەم: هەڵگیرسێنەری شەڕی کۆمەڵە لەگەڵ  حیزب ئەو لایەنە بوو کە خۆت فەرمووت زبانی زۆر زبری دژی حیزبی دێموکرات بەکار دەهێنا. خۆ بەڕێزت بە حوکمی ئەوەی لە ڕادیۆی کۆمەڵە بووی چاک ئاگاداری کە ڕۆژانە چی لە سەر حیزب نەدەگوترا؟

دووهەم: هەڵگیرسێنەری شەڕ ئەو کەس  و لایەنە بوو کە ٢ ساڵ پێش شەڕی کۆمەڵە  و حیزب ، لە کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندی دا دەڵێ: دەبێ شەهامەتی ئەوەمان هەبێ کە ئەندامی دەفتەری سیاسیی حدکا بگرین و ئیعدامی بکەین ، ئەنباری چەک و چۆڵیان موسادرە بکەین، بەرپرسەکانیان شناسایی بکەین .

سێهەم: هەڵگیرسێنەری شەڕ ئەوانە بوون کە لە دۆلی مالوومە بەرنامەیان داڕشت و چوون لە نەوسوود بە کەلک وەرگرتن لە نهێنیی هاوبەشی شەو بنکەیەکی حدکایان لە خەودا قەتل و عام کرد.

چوارەم:  مەلەکە خانم دەفەرمێ هەتا ئێستاش حدکا ئاگربەستی ڕانەگەیاندووە! دیارە مەلەکە خانم بەس ئەو شتانەی دیوە  و خوێندوویەتی  کە لە  لای کۆمەڵە دەرچووە ، دەنا دەبا زانیبای کە لە پلۆنۆمی کۆمیتەی ناوەندیی حدکا لە بەهاری ساڵی ١٩٩٠ ئاگر بەستی یەک لایەنە ڕاگەاندرا .

پێنجەم: بۆ ئاگاداریی مەلەکە خانم و  هاوبیرانی کۆن و نوێی، دوکتۆر قاسملوو نەک لە نەوارەکە دا بگرە  لە گەل ڕادیۆ و تەلەڤیزیۆنەکان بەردەوام گوتوویەتی: تەنیا حیزبی نەتەوەیی ئێمەین کەلە مەیدانی خەبات دا ماوین.

شەشەم: بۆ ئاگاداریی مەلەکە خانم ، کۆمەڵە لەگەرمەی ڕاوەستانی شەڕی ئێران و عێراق  لە هاوینی ١٩٨٨ دا بە بڕیاری فەرمی، خەباتی چەکداری و پێشمەرگانەی ڕاگرت و با وەبیرت بێنمەوە کە ڕادیۆی حیزب وتارێکی هەبوو : سوئێد نیوە ڕێتان بێ. چوونکی ئیدی بەرەو ئاش بەتاڵ دەچوون . بەڵام حدکا ڕۆژانە زەبری لە دوژمن دەوەشاند.

حەوتەم: ئەوانە شەڕیان هەڵگیرساند کە ١٠ پێشمەرگەی ئەسیری حیزبیان لە قوڵقوڵەی سەقز بە بریاری ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی کە لە سەر بێسیم فەرمووی: ئەسیرم بۆ چیە بیان نێرنە نەوت! واتە ئیعدامیان بکەن و کردیشیان.

 تکایە هاوڕێیانم خۆیان لە کۆمێنتی توند بپارێزن .

***