بەپێی بەدواداچوونمان لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو، تیمێكی وەزارەتی بەرگری عێراق بۆ گەڕان و پشكنین بۆ دۆزینەوەی ونبووانی وڵاتی كوەیت، بە بەكارهێنانی ئامێری قورس شۆفەل و حەفارە بە شێوەی دوور لە زانستی هەڵدانەوەی گۆڕی بە کۆمەڵ
كار لە نزیك جێگای گۆڕە بەكۆمەڵەكانی پارێزگای موسەننا (المثنی) تەل شێخیە لە سنووری نوگرەسەلمان دەكەن، بەگوێرەی زانیارییەكان ئەو شوێنە لە چەندین جێگە(موقع) بە دەیان گۆڕی بەكۆمەڵی لێیە و تاكو ئێستا چەندین گۆڕی بەکۆمەڵی قوربانیانی کوردی لێ هەڵدراوەتەوە. لەوانەش ئەو گۆڕەی ڕووفاتی 172 ئەنفالكراوی تێدا بوو، کە ماوەی زیاتر لە 5 ساڵی پێچوو تاکو گەڕێنرانەوە بۆ مۆنۆمێنتی ئەنفالکراوان لە چەمچەماڵ.
بە گوێرەی ئەو چەند وێنەیەی بڵاوكراوەتەوە، بەشێوەیەكی زۆر خراپ و نادروست و دوور لە بەها مرۆییەكان مامەڵە لەگەڵ ئەو گۆڕە دەكەن، بەجۆرێک كەلە سەری مرۆڤ لەبن كێلەی حەفارە بە شکاوی بەدیار دەكەوێت، ئەمانە رووفاتی هەر كەسێک بن، وێنایەكی قێزەونە و مامەڵەی نا بەرپرسانەیە لەگەڵ ڕووفاتی قوربانیانی دەست ڕژێمە فاشیستەكەی بەعس. پێویستە مامەڵەیەكی بە كەرامەتەوە لەگەڵ ڕووفاتەکانیان بكرێت. بۆیە ئێمە وەكو رێكخراوەكان و نووسەران و چالاكوانانی بواری جینوساید و کەسوکاری ئەنفالکراوان لە كوردستان داواكارین لە:
یەكەم/ سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران هەوڵەكانی بخاتە گەڕ بۆ پاراستنی ئەو گۆرٍە بەكۆمەڵانە و گۆڕەكانی تریش كە شوێنەكانیان دیاری كراوە، بەتایبەتی ئەوانەی تەل شێخیە لە نوگرەسەلمان تا ئەو كاتەی هەڵدەدرێنەوە و ڕووفاتی ئازیزیان دەگەرێندرێتەوە كوردستان. پشتیوانی دەزگای شەهیدان و تیمی نیشتمانی گۆڕە بەكۆمەڵەكان بكات بۆ خێرا كردنی پرۆسەی هەڵدانەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكان.
دووەم / لە وەزارەتی بەرگری عێراق كارەكانی لەو شێوەیەی کە گوایە بۆ هەڵکەندنی چاڵێک بۆ تەقاندنەوەی چەک و تەقەمەنی پاشماوەی شەڕ بووە لە سنووری تەل شێخییە ڕابگرێت، پرسی گەڕان و پشكنین بە لایەنی پەیوەندیدار بسپێرێت كە فەرمانگەی گۆڕە بەكۆمەڵەكانی سەر بە دەزگای شەهیدانی عێراقە، كە تایبەتمەندە بەم پرسە. لە كاتی كاركردن بۆ گەڕان بەدوای ونبووانی جەنگی كوەیت یان جەنگی ( عێراق ـ كویت) كە لە ڕێگای لیژنەی سێقۆڵی دەكرێت، ئەگەر ڕووفاتی هەر جینۆسایدکراو یان ئەنفالكراوێکیان بەرچاو كەوت، بە پەلە لایەنی پەیوەندیداری لێ ئاگادار بكەنەوە.
سێیەم/ لە دەزگای شەهیدانی عێراقی فیدرال، كار بكات بۆ خیراتر كردنی هەڵدانەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكانی تری تەل شێخیە، و تیمەكانی فەرمانگەی گۆڕە بەكۆمەڵەكان بخاتەگەر بۆئەوەی بەزوترین كات ئەو گۆڕانە هەڵبدرێنەوە. دەزگای شەهیدان داوا لە وەزارەتی بەرگری عێراق بكات پرسی گەڕان و پشكنین بەبێ تیمی تایبەتی گۆڕە بەكۆمەڵەكان ئەنجام نەدات.
چوارەم/ وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان بەزووترین كات بێتە سەر خەت و لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار بەدواداچوون و رێکاری پێویست بگرێتەبەر و ڕێگری لە هەموو هەوڵ و کارێکی نایاسایی و نائاسایی دوور لە بەهای مرۆڤایەتی لە چۆنیەتی هەڵدانەوەی گۆڕەبەکۆمەڵەکان بکات و ئەو كارە ڕابگرێت كە ئێستا دەكرێت، ناڕەزایی خۆی بۆ ئەم پرسە دەرببرێت.
هەروەها پەیوەندییەكانی وەزارەت لەگەڵ فەرمانگەی گۆڕە بەكۆمەڵەكان سەر بە دەزگای شەهیدانی عێراق كە لە ئێستادا سستی بەخۆیەوە دەبینێت، كارا بكاتەوە بۆئەوەی ئەندامانی وەزارەتەكە ڕۆڵیان هەبێت لەگەڵ تیمی نیشتمانیی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و ICMP سەنتەری نێودەوڵەتی بێسەروشوێنکراوان.
پێویست و زەرورە ئەندامییەتی وەزارەت لە لێژنەی سێقوڵی گەڕان و پشكنین بۆ ونبووانی (جەنگی عێراق ـ ئیران و جەنگی كوەیت) كە لێژنەی خاچی سووری نێودەوڵەتی سەرپەرشیتی دەكات و هەر سێ وڵات لە ڕێگای وەزارەتی تایبەتمەند ئەندامەتییان هەیە كارا بكاتەوە و لە تاكو لە نزیكەوە ئاگاداری چاودێری گەڕان و پشكنین بێت.
پێنجەم / هەڵدانەوەی گۆڕە بە كۆمەڵەكان، قوربانییەكان لە هەر نەتەوە و ئاینێک بن. پێویستە بەشێوەیەك بێت كەرامەتی مرۆڤ پارێزراو بێت و لەگەڵ پرنسیپە نێودەوڵەتییەكاندا هاوتا بێت و بە بەشداری كەناڵەكانی ڕاگەیاندن و پسپۆڕانی بیانی بەڕێوە بچێت, بەم شێوەیەی ئێستا تەواو ڕەتكراوەیە.
شەشەم/هەموو گۆڕە بە کۆمەڵەکان، بەتایبەتیش ئەو گۆڕانەی بەپێی ڕاپۆرتی بەشی گۆڕی بەکۆمەڵی CPA ئەمریکی و RCLO دیاریکراون کە لە 100 جێگە لە 301 گۆڕی بە کۆمەڵ کە پێشتر نیشانە و هێمایان لە سەر نەخشە بۆ دیاری کرابوو، بە مانگی دەستکرد وێنەی گیراوە، بەڵام عێراق باس لە داتای جۆراجۆر دەکات بۆیە پێویستە ڕووپێوێکی سەرتاسەری لە عێراق بکرێت بۆ دۆزینەوە و دەستنیشانکردنی گۆڕە بەکۆمەڵەکان، بەتایبەت ئەو ناوچانەی کە گومانی هەبوونی گۆڕی بەکۆمەڵیان لێدەکرێت. یان لەم بارەوە گومان نەهێڵێتەوە.
حەوتەم/ لە پرۆسەی وەرگرتنی سامپڵی خوێن بۆ کەسوکاری قوربانیانی هەموو کەیسەکانی جینۆسایدی فەیلی و بارزانی و هەڵەبجە و ئەنفال و ئێزیدی، پەلە بکرێت. هەروەها هەموو ئەو ڕووفاتانەی كە تا ئێستا هێنراونەتەوە و بڕیار بووە پشکنینی DNA یان بۆ بکرێت. بەتایبەتی بە زووترین کات ئەنجامی پشکنینی ڕووفاتی ١٧٢ ئەنفالکراواکەی چەمچەماڵ ئاشکرا بکرێت، لەگەڵ سامپڵی خوێنی کەسوکاریان بەراورد بکرێت تاوەکو ئەو متمانەیە دروست بێت، کە کارەکانیان ڕاست و دروست و زانستین و لە داهاتووش بە بێ وەرگرتنی سامپڵ لە هەر ڕووفاتێک و دڵنیا نەبوونەوەی لە ناسینەوەی لەلایەن کەسوکاریان ڕادەستی هیچ لایەنێک نەکرێت و پێویستە لێژنەی تایبەتمەند دابنرێت و نوێنەری کەسوکاری قوربانیانی جینۆسایدی تێدا بێ و لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار سەرپەرشتی و چاودێری وەرگرتن و هێنانەوە و ناشتنیان بکات.
هەشتەم / پێویستە یاسای كاروبار و پاراستنی گۆڕە بەکۆمەڵەکان ژمارە 5ی ساڵی 2006 هەموار کراوی ژمارە 13 ساڵی 2015 جارێکیتر هەموار بکرێتەوە ومافی گەلی کوردستان تیدا پارێزراو بێت کە خاوەنی زۆرترین قوربانی ناو گۆرەبەکۆمەڵەکانە لە عێراق.
ناوەكان:
1 رێكخراوی داكۆكی لە مافی قوربانیانی كۆرەبەكۆمەڵەكان
2 فوئاد عوسمان / رۆژنامەنووس و چالاكوان
3رێكخراوی كوردستان بێ جینۆساید
4تۆڕی رێكخراوە كوردستانییەكان بۆ دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی
5 ناوەندی داكۆكی پشدەر بۆ قوربانیان و جینۆسایدكراوان
6محەمەد زرنگ چالاكوانی بواری جینۆساید
7 هەڵمەتی دادپەروەری
8 جەبار ئەحمەد توێژەر لە بواری جینۆساید
9رێكخراوی مانەوە بۆ پرسی شەهیدان و ئەنفالكراوان
10 رۆژنامەی نگرەسەلمان
11گۆڤاری تۆبزاوە
12 هێمن حەسیب نووسەر و چالاكوانی بواری جینۆساید
13 عەلی بەندی چالاكوان و نووسەری بواری جینۆساید
14پاریزەر ئەیاد ئیسماعیل كاكەیی پاریزەر له دۆسیەی ئەنفال و دۆسیەی بارزانیان لە دادگای باڵای تاوانی عێراق
15 تۆڕی ئایكان كوردستان
16 سەلاح كەركوكی چالاكوانی جینۆساید سوئید
17 عەباس هەمزه خدر، دادوەری پێشوو لە دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق
18 رێكخراوی قەدەغەكردنی چەكی كۆكوژ لە كوردستان
19 عەدالەت عومەر توێژەر لە بواری جینۆساید
20 هەدار زوبێر بارزانی پارێزەری کەیسی ئەنفال و جینۆسایدی بارزانیەکان و پەرلەمانتاری خولی چوارەمی عێراقی
21 نازدار ئەسعەد محمود چالاكوانی بواری ئەنفال
22 مەلا شاخی نووسەر لە بواری جینۆساید
23 رێكخراوی جیهان بێ چەكی كیمیاوی و بایەلۆجی
24 محەمەد حەمە ساڵەح وەرگێڕ و توێژەری بواری جینۆساید
25 عادیل مەلا ساڵەح بەڕێوەبەری پەیوەندییەكان و راگەیاندنی وەزارەتی شەهیدان
26 هەڵمەتی ژیان نا بۆ ئیعدام لە كوردستان
27 گەردە مامە حەمە چالاكوان و بنەماڵەی قوربانی
28 حازم بلەیی نووسەر و چالاكوانی جینۆساید
29 زەمان عەبدە نووسەرو چالاكوانی بواری ئەنفال
30رێكخراوی ئەنفالەكانی كوردستان
31دلێر كەریم نووسەر و چالاكوان لە بواری ئەنفال
32 ئیبراهیم هەورامانی نووسەر و رۆژنامەنووس
33لەتیف فاتیح فەرەج لێكۆڵەر لە بواری جینۆساید
34 ڕۆژان شەهید حەمەڕەش ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان
35 هاوڕێ ئەحمەد مەجید چالاكوانی بواری جینۆساید, كەسوكاری ئەنفال
36 رێكخراوی چاودێری كوردۆساید كوردستان
37د. شۆڕش حاجی لێکۆڵەر لە بواری ئەنفال و جێنۆساید
38ئەنوەر عومەر سەعید یاسایی و شارەزا لە پرۆسەی هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان
39قاسم کازم چالاکوانی بواری جینۆساید و کەسوکاری جینۆسایدکراوان
40سەوسەن محەممەد میرخان، کەسوکاری ئەنفال و سەرۆکی لێژنەی کاروباری شەهیدان، جینۆساید و زیندانیانی سیاسی لەپەرلەمانی کوردستان خولی پێنجەم
41 شوان جەلال، کەسوکاری ئەنفال و ڕۆژنامەنووس
42 تاڤگە حمەصالح احمد بەڕێوبەری کاروباری شەهیدان وئەنفالکراوانی کۆیە و ئەندامی ڕێکخراوی کۆژان بۆ پرسی ئەنفال
43 دیاکۆ مورادی ڕۆژنامەوان و چالاکی مافی مرۆڤ نۆروێژ
44 ڕێکخراوی چیرۆکەکانی ئەنفال
45 کۆمەڵەی داکۆکی لە پرسی ئەنفال
46 هاوڕێ پێشڕەو پێشمەرگەی دێرین و کەسوکاری ئەنفال
47 عەلی مەحمود محەمەد چالاكوان لە بواری جینۆساید