ئەمڕۆ هاوکارێکم لەگەڵ یەکێک لەو ”ئینتگراسیۆنچی”یانە کەوتە گفتوگۆیەکی گەرمەوە.

ئەو دیالۆگە، وێڕای ئەوەی بۆ خۆی بوو بە بیرەوەرییەکی سەرنجڕاکێش، دوو بیرەوەریی کۆنی تریشی خستەوە یادم؛ سێ ڕووداو لە سێ سەردەمی جیاوازدا، کە هەموویان لە دەوری یەک پرسیاردا دەخولێنەوە: ئایا ئێمە بەڕاستی لە مانای ئەو چەمکانە تێدەگەین کە بانگەشەیان بۆ دەکەین، یان تەنیا دروشمەکانیان دووبارە
دەکەینەوە؟
بیرەوەریی یەکەم: کۆمۆنیستێک کە خودای نەبوو!
دوای شۆڕشی ١٩٧٩ی ئێران، وەک چۆن ئەمڕۆ ئینتگراسیۆنخوازی بووەتە مۆدەی هەندێک لە گەنجان، ئەو کاتەش کۆمۆنیستبوون لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا ببووە مۆد و باو.
لە خودای بەزیاد بێت، ژمارەی حیزب و ڕێکخراوەکان ــ بەتایبەتی ئەوانەی لەگەڵ خواستی نەتەوەیی کورددا تەبا نەدەبوون ــ ئەوەندە زۆر بوون کە هەندێک جار ڕێزبەندی و ناوی خۆیانیان لە بیر دەچووەوە!
منیش ئەو کاتە منداڵ بووم و زۆر لەو چەمکانە تێنەدەگەیشتم؛ تەنیا ئەوەندەم دەزانی کە دەبێت باجی خۆم لەو گەنجە بەناو کۆمۆنیستانەی ماڵەوە وەربگرم، کە هەر یەکەیان سەر بە ڕەوتێکی جیاواز و زۆرجار دژ بە یەکتری بوون. بەڵام دەبوو ئاگاداریش بم بڵاوکراوەکانیان لە کوێ حەشار دەدەن، تاکو نەکەونە دەستی باوکم یان مامم و نهێنییەکەیان ئاشکرا نەبێت!
ڕۆژێک، ناسیاوێکی باوکم کە لە شارێك هاتبووە ماڵمان، لەگەڵ باوکم دانیشتبوو و دەردەدڵی دەکرد:
ـ نازانم چی لەو کوڕەم بکەم! بەو هەموو زەحمەت و ئازارە ناردوومە بەر خوێندن، خەریکە دیپلۆم وەردەگرێت، بەڵام لە کۆتاییدا بووە بە کۆمۆنیست!
وەک ئەوەی لەو سەردەمەدا هیچ حیزب و ڕێکخراوێکی دیکە لە جیهاندا بوونی نەبێت، هەموو نیگەرانییەکەی لەسەر کۆمۆنیستبوونی کوڕەکەی کورت کردبووەوە!
باوکی کوڕەکە، بەو هیوایەی قەناعەتی پێ بهێنێت و بیگەڕێنێتەوە سەر ڕێگای ڕاست، پێی وتبوو:
ـ کوڕم، وەرە بۆم ڕوون بکەرەوە کۆمۆنیزم چییە، چی دەوێت و ئامانجتان چییە؟ با منیش قەناعەت بهێنم و بێمە سەر ڕێبازی ئێوە!
کوڕەکەش، بەوپەڕی متمانەبەخۆبوونەوە وەڵامی دابووەوە:
ـ باوکە، ”کۆمۆن” واتە ”ئەستەغفوڕوڵڵا” ، ”نیست”یش واتە ”نییە”؛ کەواتە کۆمۆنیزم واتە خودا نییە!
باوکەکەش بە سەرهەژاندن و بە دڵێکی پڕ لە داخەوە وتبووی:
ـ بەخوا، تەنیا تۆ نیت! ئەو پەتایە سەری زۆرێک لە لاوانی شێواندووە!
ئەو کات منداڵ بووم و لە مانای کۆمۆنیزم و ئایدیۆلۆژیا تێنەدەگەیشتم؛ بەڵام ئەوەندەم تێگەیشت کە هەندێک جار مرۆڤ بەوپەڕی دڵنیاییەوە شتێک ڕوون دەکاتەوە، لە کاتێکدا خۆی زیاتر لە هەر کەسێکی تر پێویستی بەوەیە مانای ئەو شتەی بۆ ڕوون بکرێتەوە.
بیرەوەریی دووەم: کۆنفڕانسێک کە تەنیا وتاربێژەکەی تێی دەگەیشت!
گێڕانەوەی دووەم دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای ساڵانی ١٩٩٠ لە شاری سوندسڤاڵی وڵاتی سوێد.
ئەگەر هەڵە نەبم، شەوێکی کوردی بوو؛ هاوڕێیەکم بە ناوی عەتا، کە خەڵکی ماردین بوو و پێشتر ئەندامی ڕێکخراوێکی چەپی مائۆیی توندڕەو بوو بە ناوی “کاوە”ً لە باکووری کوردستان، گێڕایەوە:
ڕێکخراوەکەیان لە ناوچەی ماردین کۆنفڕانسێکی بۆ ئەندامانی ڕێکخستبوو. بەشداربووانی کۆنفڕانسەکەش زۆربەیان کرێکار, جوتیار، شوان و خەڵکی ڕەنجدەر و هەژار بوون.
پیاوچاکێک، کە دەیانگوت ئەندامی سەرکردایەتیی ڕێکخراوەکەیە و لە زانکۆوە هاتووە، هەستایە سەرپێ و دەستی کرد بە پێشکەشکردنی وتارێکی درێژ، کە تژی بوو لە زاراوە و دەستەواژەی قورسی سیاسی.
ئەو قسەی دەکرد و بەشداربووانیش هەر یەکەیان بە جۆرێک کاتیان بەڕێ دەکرد: یەکێک خەریک بوو خەوی لێ بکەوێت، ئەوی دیکە بە جەستە لەوێ بوو و بە ڕۆح لە شوێنێکی دیکە، سێیەمیش بەردەوام سەیری دەوروبەری دەکرد؛ وەک ئەوەی بەدوای مانای ونبووی قسەکاندا بگەڕێت!
لە کۆتاییدا، پیاوە زانکۆخوێنەکە، کە وادیار بوو پێی وابوو بە وتارەکەی جیهان و دونیابینیی ئامادەبووانی گۆڕیوە، پرسی:
ـ هاوڕێیان، کەس پرسیارێک یان تێبینییەکی هەیە؟
پیرەمێردێکی جوتیار و ژیر هەستایە سەرپێ، ڕووی تێکرد و بە سادەیییەکی پڕ لە ماناوە پێی وت:
ـ کاکەی بەڕێز، زیاتر لە کاتژمێرێکە قسە دەکەیت. بڕوام پێ بکە، هیچکاممان تێنەگەیشتین باسی چیت کرد! تۆ باسی خۆر، مانگا، زمانە قەدەغەکراوەکەمان و… هەموو شتێکت کرد، بەڵام ئێمە نەمانزانی مەبەستت چی بوو!
کێشەکە لێرەدا ئەوە بوو کە وتاربێژەکە هەرچەندە زاراوەی سیاسی و فەلسەفیی زۆری دەزانی، بەڵام پیرەمێردەکە بە چەند ڕستەیەکی سادە ناوەرۆکی کێشەکەی خستە ڕوو: قسەکردن لەسەر شتێک، هەمیشە بە مانای تێگەیشتن لێی نییە؛ بە هەمان شێوە، زۆر گوتنیش بەڵگەی ڕوونیی بیرکردنەوە نییە.
بیرەوەریی سێیەم: ئینتگراسیۆن واتە ئینتگراسیۆن!
ئەمڕۆ هاوکارێکم لەگەڵ یەکێک لەو ”ئینتگراسیۆنچی”یانە کەوتە گفتوگۆیەکی گەرمەوە.
هاوکارەکەم لێی پرسی:
ـ کاکە، کەمێک ڕۆشنبیرمان بکە! تکایە بۆمان شی بکەرەوە، ئەوەی ئێوە پێی دەڵێن ”ئینتگراسیۆنی پێشکەوتوو”، بە وردی واتای چییە؟
کابرای ئینتگراسیۆنچی، دوای چەند چرکەیەک ڕامان و بەوپەڕی متمانەبەخۆبوونەوە فەرمووی:
ـ ئینتگراسیۆن واتە ئینتگراسیۆن!
هاوکارەکەم بە سەرسوڕمانەوە وتی:
ـ بەڕاستی؟! ئەمە چ لۆژیکێکی قووڵ و چ فەلسەفەیەکی نوێیە؟! واتە بۆ تێگەیشتن لە چەمکێک، تەنیا پێویستمان بەوەیە ناوی خۆی دووبارە بکەینەوە؟!
کابرا کە وادیار بوو بۆ وەڵامێکی دیکە تووشی تەنگانە ببوو، دەنگی بڕی؛ مۆبایلەکەی لە گیرفانی دەرهێنا و خۆی پێوە سەرقاڵ کرد، وەک ئەوەی تەنیا مۆبایلەکەی پێویستی بە ئینتگراسیۆن هەبێت، نەک بیرکردنەوەکەی!
پرسیارێک لە چارەنووسی نەتەوە: لە تەنزەوە بۆ فیکر
ئەم سێ بیرەوەرییە لە سێ سەردەمی جیاوازدا، منیان گەیاندە یەک پرسیاری بنەڕەتی: ئایا تەنیا بە دووبارەکردنی ناوێک، بەرزکردنەوەی دروشمێکی سیاسی، یان بەکارهێنانی زاراوەیەکی ئاڵۆز، دەکرێت بڵێین لە قووڵایی چەمکێک تێگەیشتووین؟
بۆ من، وەک کەسێکی نەتەوەیی و سەربەخۆییخوازی کورد، پرسیارەکە تەنیا ئەوە نییە کە ئینتگراسیۆن واتە چی، بەڵکو پرسیاری بنەڕەتی تر ئەوەیە: ئینتگراسیۆن بۆ کێ، لە پێناو چیدا و بە چ نرخێک؟ کورد بۆچی دەبێت ئینتگراسیۆن بکات؟ لە چییەوە بۆ چی و بە چ مەرجێک؟ لە کۆتاییدا، ئەم پرۆسەیە خزمەتی بەرژەوەندیی کێ دەکات؛ بەرژەوەندیی کورد و مافە ڕەواکانی، یان بەرژەوەندیی ئەو سیستەمەی کە دەیەوێت کورد وەک تاکێکی بێناسنامە لە نێو خۆیدا هەڵبمژێت؟
ئایا ئینتگراسیۆن واتە بەشداریی ئازادانە و یەکسانانە لە کۆمەڵگەدا، هاوشان لەگەڵ پاراستنی زمان، ناسنامە و مافە نەتەوەییەکان؟ یان تەنیا ناوێکی سەرنجڕاکێشە بۆ ئەوەی کورد لە داواکارییە ڕەسەنەکانی خۆی بێبەری بکرێت و بە کەمتر لە مافەکانی ڕازی بێت؟
من هەرگیز دژ بە پەیوەندیی ئازادانەی مرۆڤەکان، بەشداریی یەکسان لە کۆمەڵگە و هاوژیانیی نێوان گەلان نیم. بەڵام کاتێک ئینتگراسیۆن دەبێتە جێگرەوەی مافخوازیی نەتەوەیی، و لەبری دیاریکردنی مافی چارەنووس، داوا لە کورد دەکرێت تەنیا خۆی لەگەڵ بارودۆخی سەپێندراودا بگونجێنێت، ئەوا بابەتەکە دەبێتە پرسێکی سیاسی و نەتەوەییی هەستیار.
ئەگەر ئینتگراسیۆن بە مانای وازهێنان لە زمان، ناسنامە و دۆزی ڕەوای نەتەوەیەک بێت، ئەوا چیتر پرسیارەکە لەسەر ئینتگراسیۆن نییە، بەڵکو لەسەر بوون، ئازادی و چارەنووسی نەتەوەیەکە. هیچ نەتەوەیەک نابێت بۆ ئەوەی لە کۆمەڵگەیەکدا جێگەی ببێتەوە، ناچار بکرێت دەستبەرداری ناسنامەکەی بێت. بەشداریی یەکسان کاتێک مانای ڕاستەقینەی هەیە کە مرۆڤ بتوانێت بە ناسنامەی نەتەوەییی خۆیەوە بەشدار بێت، نەک بەو مەرجەی ناسنامەکەی لە بەردەرگای بەشدارییەکەدا جێبهێڵێت.
لەبەر ئەوە، پێش ئەوەی بانگەشەی ”ئینتگراسیۆنی پێشکەوتوو” بکەین، با سەرەتا پێناسەی بکەین؛ با بزانین ئامانجەکەی چییە، سنوورەکانی لەکوێن و مافە نەتەوەییەکانی کورد لە کوێی ئەو بیرۆکەیەدا ڕادەوەستن. نەتەوەیەک پرسیار لە چارەنووسی خۆی نەکات، مەترسیی ئەوەی لەسەرە ڕۆژێک لە نێو ژیانی هاوبەشدا بتوێتەوە و مافەکانی لەدەست بدات. کورد پێویستی بە تێگەیشتنی قووڵ لە چەمکەکان هەیە، نەک کۆیلەبوون بۆ دروشمە باوەکان.
ئەگەر وەڵامی ئینتگراسیۆنخوازەکە تەنیا ئەوە بێت کە ئینتگراسیۆن واتە ئینتگراسیۆن”، ئەوامنیش پرسیارێکی سادەم هەیە: سەربەخۆییخوازیی کوردیش واتە سەربەخۆییخوازیی کورد؛ ئایا بەم پێناسە سەرپێییە کۆتایی بە پرسیاری ماف و چارەنووسی نەتەوە دێت؟ یان هێشتا پێویستمان بەوەیە لە ناخی خۆمان بپرسین: کورد بەڕاستی چی دەوێت؟
ڕەحیم نزهتزادە
۲۰/۱۰/۲۰۲۶
