لە رۆژی جیهانی دژ بە ئیعدام 10-10-2024 لە هەردوو شاری كەركوك و هەولێر , رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ و دژ بە جینۆساید دوو گردبوونەوە و كۆنگرەی رۆژنامەنووسیان ئەنجامدا,
بە بەشداری كەناڵەكانی راگەیاندن, داوایان كرد لە عێراق و كوردستان حوكمی ئیعدام نەمێنی, سەرۆكی عێراق و هەرێمی كوردستان واژۆ لەسەر هیچ بڕیارَكی ئیعدام نەكەن , هاوكات داوا كرا كەرامەتی زیندانی پارێزراو بێت , ئەشكەنجە , هەڕەشەی لەسەر نەمێنێت.
نا بۆ ئیعدام, بەڵێ بۆ مافی ژیان
گەلی كورد قوربانی پلە یەكی ئیعدام و كوشتنی دەرەوەی دادگا و ئەشكەنجە بووە لە مێژوودا, كەم نین ئەوانەی لە رابردوو وە ئێستا تەنها بەهۆی كوردیوونەوە ئیعدامكراون, یاخود لە پرۆسەكانی جینۆساید مافی ژیانیان بە كۆمەڵ لێسەنراوەتەوە و ئیعدامی بە كۆمەڵكراون, بۆیە هەڵگرتنی ئەم بڕیارە وەحشیانەیە ئەركێكی مرۆڤانەو وەڵامدانەوەیەكیشە بۆ تاوانەكانی رابردوو و نەفرەتە لێی, با كوردستان بكرێتە هەرێمی مافی ژیان. لە كۆنگرەی ستۆكهۆڵمی رێكەوتی 11-12-1977دا لەسەر ئاستی جیهان یەكەم هەنگاو نرا بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری لە سێدارەدان كە لە راگەیاندنی ستۆكهۆڵمدا بەرجەستەكراوە, دوای 47 ساڵ لە ئێستادا لەسەر ئاستی جیهان تەنها 55وڵات بڕیاری ئیعدام جێبەجێ دەكات كە مخابن عێراق یەكێكە لە پێشەنگەكانی, لە ناویاندا 112 وڵات بە هەموو شێوەیەك ئیعدامیان قەدەغە كردووە لە حوكمدان و جێبەجێكردندا. رێكەوتی 10-10ی هەموو ساڵێك رۆژی قەدەغەكردنی ئیعدامە لە جیهان, لەم ساڵ 2024 رێكخراوەكانی دژ بە ئیعدام وەك ساڵانی پێشوو زیاتر لە 1000 چالاكی جۆراوجۆر لە زۆرتر لە 70 وڵات ئەنجام دەدەن بۆ فشارخستنە سەر ئەو 55 وڵاتەی تا ئێستا بەردەوامن لە سەپاندنی بڕیارو جێبەجێكردنی ئیعدام لە جیهاندا.
ساڵی 2023 لە جیهاندا 1153 حالەتی ئیعدام جێبەجێكراوە, كە 31% زیاتر بووە لە ساڵی 2022, ئەوانەش لە 16 وڵات جێبەجێكراون, وە 2428 حوكمی ئیعدامیش لە 52 وڵات دەرچووە.
خۆشبەختانە هەرێمی كوردستان ماوەیەكی زۆرە بڕیاری جێبەجێكردنی ئیعدامی راگرتووە, ئەمەش هەنگاوێكی باش و پۆزەتیفە, لەم رۆژەدا داخوازین لە كوردستان ئیعدام بە یەكجاری هەڵبوەشێتەوەو بچێتە ریزی ئەو وڵاتە مۆدێرنانەی جیهانەوە كە بڕیاریان داوە مافی ژیان لە مرۆڤەكان نەسێننەوە. لێرەوە داوا لە سەرۆك كۆماری عێراق بەڕێز دكتۆر لەتیف رەشید و بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكەین واژۆ لەسەر هیچ بڕیارێكی ئیعدام نەكەن.
هەروەها لەم رۆژەدا داواكارین زیندانی نهێنی لە كوردستان نەمێنێت و هەموو زیندانییەك لە ماوەی 24 كاتژمێردا هۆكاری مانەوەی ئاشكرا بكرێت, زیندانی سیاسی قەدەغەی یەكجاری بكرێت, ئەشكەنجە بە هەموو شێوەكانی قەدەغە بكرێت, دەستی سیاسییەكان لە دادگاكان نەهێڵرێت, داواكاری گشتی بەهێز بكرێت, پۆلیس ئەركی دەستگیركردنی تۆمەتبار بگرێتە ئەستۆ, كەرامەتی زیندانی پارێزراو بێت, دەست بۆ شمەكە تایبەتمەندەكانی وەك مۆبایل و كۆمپیوتەرو شمەكی بەر باخەڵ نەبردرێت كە پەیوەندییان بە دۆسیەكەیەوە نەبێت, ئەركی پشكنینی ئەوانەش تەنها بە دادوەری تایبەتمەند پسپێردرێت و تۆمەتباران بە تایبەتیش تۆمەتباری تاوانە گەورەكان وەك تاوانی جینۆساید و تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی لە سزا رزگاریان نەبێت.
نا بۆ ئیعدام, نا بۆ ئەشكەنجە, بەڵێ بۆ مافی ژیان, بەڵێ بۆ پاراستنی كەرامەتی مرۆڤەكان
رێكخراوی كوردستان بێ جینۆساید
تۆڕی KONCICC
هەڵمەتی دادپەروەری
هەڵمەتی ژیان نا بۆ ئیعدام لە كوردستان
10-10-2024